په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٨\٢٠١٨

سەبارەت بە سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران.

 

مەنسوور جیھانی

 

کامبۆزیا پەرتەوی: دەبێ دەرھێنەرە بەئەزموونەکان بێنە ناو بواری سینەمای منداڵەوە.

کامبۆزیا پەرتەوی" دەرھێنەری فیلمی سینەمایی "کامیۆن" گوتی: دەرھێنانی سینەمای منداڵ لەبەر ھۆکاری ھەبوونی بەردەنگی تایبەت، یەکجار سەخت و دژوارە و دەبێ دەرھێنەرە بەئەزموونەکان و ناسراوی ئێران بێنە ناو ئەم بوارەوە. ‌

"کامبۆزیا پەرتەوی" دەرھێنەری فیلمی سینەمایی "کامیۆن" بە وەبیرھێنانەوەی گرینگیی سەرنجدان بە سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ، رایگەیاند: سینەمای منداڵ لە ھەر بارودۆخێکدا پێویستیی بە پاڵپشتیی ھەیە و گرینگترین پاڵپشتی و پشتگیری لەو سینەمایە لە راستیدا نمایش کردنی فیلمەکانە. ئێستا تەنیا ناوێک لە سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ بەجێ ماوەتەوە، ھەڵبەت تەلەڤیزیۆن بەردەوام بە پەخش و بڵاوکردنەوەی کارتۆنەکان کە تا رادەیەک سەرنجڕاکێشن، منداڵانی بە ھونەری نمایشی فیلم ھەر بە ھۆگری راگرتووە، بەڵام سینەما لەم چەشنە ھونەرییەدا بە تەواوەتی فەرامۆش کراوە.

نووسەری سیناریۆی فیلمی سینەمایی "من تەرانە ١٥ ساڵم تەمەنە"، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەو سەردەمەی کە فیلمەکانی منداڵ پاڵپشتیان لێدەکرا و ئیمکانی نمایش کردنی فیلمەکانی ھەبوو؛ بەرھەم گەلێکی یەکجار باش و بەکوالیتە و کاریگەری دانەر دروست کرا؛ بەم پێیە ئێستاکەش بۆ گەڕانەوەی بڕەودان بە سینەمای منداڵ ھیچ چارەیەکمان بێجگە لە پاڵپشتی کردن لە نمایش کردنی فیلمەکان نیە.

پەرتەوی گوتی: ئێستا سینەماکاران تەنیا بە ھیوای فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیڕان، بەرھەم گەلێکی نەوەک زۆر بەھێز و کاریگەری دانەر ئامادە دەکەن کە لە کۆتاییدا لە دوای چەند نمایش کردن لە فێستیڤاڵی فیلمی منداڵ، وەکوو بەرھەمەکانی دیکەی ئەم ساڵانەی دوایی دەچێتە ناو ئارشیڤ.

ئەو سینەماکارە یەکێک لە خەسارە جیدییەکانی سینەمای منداڵ و مێرمنداڵی بە کاری فیلم چێکردن بۆ فێستیڤاڵەکان ناو برد و روونیکردەوە: ماوەی چەند ساڵێکە کە بۆ لەسەر پێ مانەوەی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان، لە ماوەی یەک مانگدا بە شێوەیەکی خێرا و بەپەلە چەندین فیلمی سینەمایی بۆ ئەم فێستیڤاڵە دێتە بەرھەم.

براوەی خەڵاتی "ورچی زێوین" لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەرلین لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، یەکێک لە تایبەتمەندییە ھەرە سەرەکییەکانی فیلمی منداڵی رەنگاوڕەنگ بوونی بەرھەمەکان زانی و شیکردەوە: ئەو رەخنانەی کە دەتوانرێ بە فیلمەکانی منداڵ و مێرمنداڵ ھەبێت، نەبوونی سەرنجڕاکێشی و ئامرازی رەنگ لە بەرھەمەکان دایە.

ئەو سینەماکارە ھەروەھا گوتی: ھەندێک لە سینەماکاران، سینەمای منداڵ بە ئاسانترین رێگا بۆ ھاتنە ناو سینەما دەزانن و بە دەرھێنانی یەک فیلمی منداڵ ھەست دەکەن، ئێستا ئیدی بوونەتە سینەماکار، ئەمە لە حاڵێک دایە کە سینەمای منداڵ لەبەر ھۆکاری ھەبوونی بەردەنگی تایبەت، یەکجار سەخت و دژوارە و دەبێ دەرھێنەرەکانی بەئەزموون و ناسراوی ئێران بێنە ناو ئەم بوارەوە. ‌

"کامبۆزیا پەرتەوی" لە کۆتایی ئەم دیمانەیەدا وەبیری ھێنایەوە: فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، لانی کەم ھەر لەم ئاستەدا کە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ساڵی یەک جار لەم چەشنە گرینگە سینەماییە یاد بکەینەوە؛ رووداوێکی باش و گرینگە. ‌

سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بە دەبیری و بەرپرسایەتی "عەلیڕەزا رەزاداد" لە رۆژانی ٨ تا ١٤ی مانگی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٣٠ی ئاب تا ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٨ی زایینی لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا لە شاری مێژوویی ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.
 

 

سینەمای "پووران درەخشەندە"‌ لەسەر پرسەکانی منداڵان وردبوونەوەیەکی تایبەتی ھەیە.


 

"پووران درەخشەندە" خانمە دەرھێنەری ناسراوی سینەمای کوردستان بە لەبەر چاو گرتنی ھۆگری و کەڵکەڵەی خۆی، بە وردبوونەوە لەسەر پرسەکانی تایبەتی منداڵان و مێرمنداڵان، ھەوڵ دەدات دەلاقەیەکی نوێ بۆ نزیک بوونەوە بەوان پەیدا بکات.

"پووران درەخشەندە" لە زومرەی یەکەمین ئافرەتانی سینەماکاری سینەمای دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ناوزەد کراوە کە کەڵکەلەکانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیی ئەو لە بیر و ھزری ھونەری و سینەماییەکەی پڕرەنگترە و لە چێکردنی بەڵگەفیلمەوە ھاتۆتە نێو بواری ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی.

درەخشەندە کە ١١ فیلمی بڵیندی سینەمایی درامی و چەندین کورتە فیلم و بەڵگەفیلمی لە کارنامەی ھونەریی خۆیدا ھەیە، زیاتر لە ھەر شتێک لەبەر ئەو ھۆگری و کەڵکەڵەیەی کە بە پرس و بابەتەکانی منداڵان و مێرمنداڵان و چین و توێژە لاوازەکان و کەمئەندامانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کۆمەڵگادا ھەیە، جێگای سەرنجە و زۆربەی رێکخراوەکان و دامودەزگاکانی پەیوەندیداریش لەبەر چالاکییەکانی رێزیان لەو گرتووە. کێشە و گیر و گرفتەکانی ‌بنەماڵەکان و گەنج و لاوان بەشێکی دیکە لەو ئارێشە و ناکۆکیانەیە کە درەخشەندە وەکوو مەبەست و ناوەرۆکی سەرەکیی فیلمەکانی لەوانە کەڵک وەردەگرێت. تەڵاق و جیابوونەوە، گیرۆدەبوون بە مادە ھۆشبەرەکان، بێکاری و نەخۆشی ئایدز، بەشێک لە کێشە و گیر و گرفتەکانی کۆمەڵگای ئێران بووە و ھەیە کە "پووران درەخشەندە" بە باشی ئەوانەی ناسیوە و کردوویەتی بە چیرۆک و فیلمی سینەمایی.

"پووران درەخشەندە" دەرھێنەر، سیناریۆنووس و بەرھەمھێنەری تەلەڤیزیۆن و سینەما، ساڵی ١٩٥١ی زایینی لە شاری کرماشان ھاتە دونیا. ئەو دەرچووی بەشی سینەما لە لقی دەرھێنان لە قوتابخانەی باڵای تەلەویزیۆن و سینەما لە ساڵی ١٩٧٥ و خاوەنی لەوحەی شانازیی پلە یەکی ھونەری ھاوسەنگی بڕوانامەی دکتۆڕا لە وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێرانە.

درەخشەندە دەرھێنانی بەڵگەفیلمەکانی وەکوو؛ "پیشە دەستییەکانی ئێران"، "موسیقای ناوچەکانی ئێران"، "تاعوون" (لە ساڵی ١٩٧٥ سەبارەت بە نەخۆشیی تاعوونی ساڵی ١٩٤٩ی زایینی لە کوردستان)، "چوارشەمەی کۆتایی" (لە ساڵی ١٩٧٦ سەبارەت بە چوارشەمە سووری)، "کانییەکانی ئاوی کانزایی رێگای ھەراز" (لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی)، "تەوژم، بەڕماڵ، راخەری نوێژ" (لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی)، "چەرخەکان دەسووڕێن" (لە ساڵەکانی ١٩٦٠ و ١٩٦١ی زایینی سەبارەت بە بابەتەکانی ھەڵاوسانی ئابووری و داخرانی کارگەکان بە تایبەت ئێران ناسیۆناڵ)، "کۆڵانی بستراو"، "بڵووغ" و "شەوکەران" (لە ساڵەکانی ١٩٧٠ تا ١٩٧٢ی زایینی سەبارەت بە دیاردەی گیرۆدەبوون بە مادە ھۆشبەرەکان لە ئافرەتان، پیاوان و منداڵان لە ئێران و پرسی قاچاخ کردنی مادە سڕەکەرەکان و رێگاکانی بەرگریی کردن لێی)، "بەبری دۆڵی ئەوین"، "کانییەکانی دۆڵی سەنگستان"، "شەوبۆ لە رۆژئاوا تا رۆژئاوا"، "رەسووڵ ھێرکووڵی بچکۆلە"، "ملوانکەیەک لە قاسیدەک بۆ خۆشک" و "٦ بووک بۆ ئامینە"ی لە ئەستۆدا بووە.

درەخشەندە چالاکیی سینەمایی خۆی وەکوو یەکەمین سینەماکاری ئافرەت لە دوای شۆڕشی ئێران بە فیلمی سینەمایی "پەیوەندی" لە ساڵی ١٩٨٥ی زایینی دەست پێکرد و پاشان "باڵندەی چکۆلەی بەختەوەری" (لە ساڵی ١٩٨٧ی زایینی)، "تێپەڕین لە تەپوتۆز" (لە ساڵی ١٩٨٧ی زایینی)، "کاتی لە دەست چوو" (لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینی)، "ئەوینی بێ سنوور" (لە ساڵی ١٩٩٧ی زایینی)، "مۆمێک لە بادا" (لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینی)، "خەونی خووساو" (لە ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی)، "منداڵانی ئەبەدی" (لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی)، "بیست" (لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی وەکوو بەرھەمھێنەر)، "فیلمی تەلەویزیۆنی پیشەییەکان" (لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی)، "ئەو خەونانەی کە درێژەیان ھەیە" (لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی)، "فیلمی تەلەڤیزیۆنی گوڵبەھار" (لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی وەکوو بەرھەمھێنەر)، "بێدەنگ! ... کچەکان ھاوار ناکەن" (لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی) و "لەژێرمیچی دووکەڵاویدا" (لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینی) لە کارنامەی سینەمایی خۆیدا تۆمار کردووە.

"پووران درەخشەندە" ئەندامی ئەنجومەنەکانی سینەماکارانی ئافرەتی ئەمەریکا، دەرھێنەرە سەربەخۆکانی ئەمەریکا و ھەروەھا ناوەندی نێونەتەوەیی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی یونێسکۆیە. ‌

ئەو لە ماوەی ساڵانی کار و چالاکیی خۆیدا چەندین شانازی زۆری بە دەستھێناوە لەوانە؛ خەڵاتی "پەپوولەی زێڕین"ی باشترین دەرھێنانی فیلمی بڵێند لە بیست و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان، خەڵاتی "مەشغەڵی زێڕین" لە دووھەمین فێستیڤاڵی فیلمی نابەرپرسیارەکان لە کۆریای باشوور بۆ فیلمی "باڵندەی چکۆلەی بەختەوەری"، "دیپلۆمای شانازی" لە سێھەمین فێستیڤاڵی فیلمی "ئافرەتان"ی ئەرژەنتین بۆ فیلمەکانی "باڵندەی چکۆلەی بەختەوەری" و "کاتی لە دەست چوو"، "لەوحەی زێڕینی باشترین فیلم و دیپلۆمای شانازی" باشترین دەرھێنان لە شەشەمین فێستیڤاڵی فیلمی فەجر بۆ فیلمی "باڵندەی چکۆلەی بەختەوەری" لە ساڵی ١٩٨٧ی زایینی و تەندیسی باشترین فیلم لە روانگەی بینەران بۆ "بێدەنگ! ... کچەکان ھاوار ناکەن" لە سی و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر.

درەخشەندە لە دەگمەن سینەماکارانی ئافرەتە کە لە دەیەی ١٩٨٠ی زایینی ھاتە ئەم بوارە و رەنگدانەوەی پرس و بابەتەکانی منداڵان و مێرمنداڵان تایبەت بە تێڕوانینی تێکەڵاو بە ھەست رەنگە بتوانرێ خاڵێکی دیار و بەرچاوی داھێنانی ھاوبەشی فیلمەکانی بزانرێت. زیاتر لە ھەر شتێک کەڵکەڵەی پرس و بابەتەکانی منداڵان و مێرمنداڵان لە لایەنە جۆراوجۆرەکانەوە و لە ریزی خاڵی داھێنەرانەی ھاوبەشی بەرھەمەکانی ئەو دێتە ئەژماردن. ئەو لە زومرەی ئەو دەگمەن دەرھێنەرانەیە کە لەگەڵ ھەبوونی ھەموو پشت گوێ خستنەکان و سەرنج نەدان و بەربەستەکان بۆ ژانری منداڵ و مێرمنداڵ؛ ھێشتا ھەر لەم بوارەدا چالاکی دەکات.

درەخشەندە بە وردبوونەوە لەسەر پرس و بابەتەکانی تایبەتی منداڵان و مێرمنداڵان ھەوڵ دەدات، دەلاقەیەکی نوێ بۆ نزیک بوونەوە بەم چینە خەسار پێگەیشتووەی کۆمەڵگا پەیدا بکات کە بە ھەڵبژاردنەکانی ئەم سینەماکارە، بۆ خۆیان بە چەشنێک تایبەتتریش دەبن. ئەو لە ئەژمارێکی بەرچاوی بەرھەمەکانیدا باسی کەند و کۆسپەکان و گیر و گرفتەکانی ئەو منداڵان و مێرمنداڵانە دەکات کە لە ئێش و ئازاری زەین و مێشک و جەستەیان رەنج دەبەن.

سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بە دەبیری و بەرپرسایەتی "عەلیڕەزا رەزاداد" لە رۆژانی ٨ تا ١٤ی مانگی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٣٠ی ئاب تا ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٨ی زایینی لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا لە شاری مێژوویی ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.


بەشەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران دیاری کرا.

 


مەنووچێھر جیھانی ـ لە چوارچێوەی یاسا و رێساکانی بانگەوازی سی و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بە مەبەستی بەرزکردنەوەی بەرھەم گەلی سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فێستیڤاڵە دیاری کرا.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی گشتیی سی و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، بە پێی رێککەوتننامەی رێکخراوەی کاروباری سینەمایی و بوارەکانی بیسراو و بینراوی ئێران، شارەوانیی ئیسفەھان و دامەزراوەی سینەمایی فاڕابی، سی و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ھاوینی ئەمساڵ لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا بە پێی بارودۆخ و یاسا و رێساکانی دیاریکراو لە شاری مێژوویی ئیسفەھان بەڕێوەدەچێت.

ھەروەھا بەرھەم گەلێک دەکەوێتە بەر سەرنج و ریزبەندی یەکەمی ھەڵبژاردنی فێستیڤاڵ کە کرداری باش بڕەو پێ دەدەن و نکۆڵی لە کردەوەگەلی نەشیاو بە پێی فێرکارییەکانی بیر و باوەڕ، ئیمان و باوەڕ بە خودا، پەیوەندیی بنەماڵە، رێزگرتن لە مرۆڤ و ھاوتوێژ، باوەڕ بە خۆبوون، وەرگرتنی بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و پارێزگاریی کردن لە سەرمایە شاراوەکانی نێو سروشت و بابەتەکانی ھاوشێوە کە پێداویستیی گەشەی کەسایەتی منداڵان و مێرمنداڵان بێت.

لە دەقی کامڵی بانگەوازی سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ئامانجەکانی فێستیڤاڵ بەم شێوەیە دیاری کراوە: ١ ـ ناساندنی باشترین بەرھەمەکانی سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ لە بواری نەتەوەیی و نێونەتەوەیی لە رێزگرتن لە خولقێنەر و بەرھەمھێنەری فیلم و ئاسەوارەکان ٢ ـ رەخساندنی بواری ئامادەبوونی چالاکانی سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ و پەیوەندیی کاریگەری ئەوان لەگەڵ بەردەنگی بەرھەمەکان ٣ ـ گەشە کردن و بڕەوپێدانی بەرھەمھێنان و نمایش کردنی بەرھەمەکانی سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ لە رێگای رەخساندنی بوار بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و ھزر و ھاوکاریی لە نێوان کارگێڕانی سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ، خاوەنڕایان و بەردەنگەکان ٤ ـ بەرزکردنەوە و گەشە کردنی فەرھەنگ، زانست و چێژی ھونەریی منداڵان و مێرمنداڵان لە رێگای بەرھەم گەلی سینەمایی بینرا و بیسراو.

‌ھەروەھا بەشە سەرەکییەکانی سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بریتین لە؛ کێبڕکێی سینەمای نێونەتەوەیی، فیلمە سینەماییەکان و کورتە فیلمەکانی چیرۆکی و درامی، فیلمە سینەماییەکان و کورتە فیلمەکانی ئەنیمەیشێن و کارتۆنی.

خەڵاتەکانی کێبڕکێی سینەمای نێونەتەوەیی ئەم فێستیڤاڵە بریتین لە؛ کێبڕکیی فیلمە سینەماییەکان و کورتە فیلمەکانی چیرۆکی و درامی، باشترین فیلمی سینەمایی، باشترین دەرھێنانی فیلمی سینەمایی، باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوانان، باشترین کورتە فیلم کە بە دەرھێنەرەکەی دەبەخشرێت.

ھەروەھا خەڵاتەکانی کێبڕکێی فیلمە سینەماییەکان و کورتە فیلمەکانی ئەنیمەیشێن و کارتۆنی بریتین لە؛ باشترین فیلمی سینەمایی، باشترین دەرھێنانی فیلمی سینەمایی، باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی، باشترین کورتە فیلم کە بە دەرھێنەرەکەی دەبەخشرێت.

لەم خولەی فێستیڤاڵەکەدا لێژنەیەکی ناوبژیوانی نێونەتەوەیی کە پێکھاتووە لە ناوبژیوانێکی ئێرانی و دوو ناوبژیوانی بیانی کە لە لایەن رێکخراوەی سیفژ (رێکخراوەی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵ و مێرمنداڵ) خەڵاتی سەرەکیی ئەم رێکخراوە جیھانییە لە ژێر ناونیشانی "خەڵاتی سیفژ" بە باشترین فیلمی بڵێندی فێستیڤاڵ پێشکەش دەکەن. ئەم خەڵاتە بە تێبینی دەستەی دادوەران بە دەرھێنەر یان بەرھەمھێنەری فیلمەکە پێشکەش دەکرێت. ئەم لێژنەیە ھەروەھا یەک دیپلۆمای شانازی بە یەک کورتە فیلم یا فیلمی ئەنیمەیشێن و کارتۆنی پێشکەش دەکات. ‌


لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا بەشی کێبڕکێی سینەمای ئێران بریتیە لە؛ فیلمە سینەماییەکان و کورتە فیلمەکانی چیرۆکی و درامی، فیلمەکانی ئەنیمەیشێن و کارتۆنی (سینەمایی و کورتە فیلم)، فیلمە بڵێندە سینەماییەکان.

خەڵاتەکانی کێبڕکێی سینەمای ئێران لەم خولەی فێستیڤاڵەکەدا بریتین لە؛ کێبڕکیی فیلمە سینەماییەکان و کورتە فیلمەکانی چیرۆکی و درامی، باشترین فیلمی سینەمایی منداڵ، باشترین فیلمی سینەمایی مێرمنداڵ، باشترین دەرھێنانی فیلمی سینەمایی، باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی، باشترین ئەکتەری فیلمی سینەمایی، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی و درامی کە بە دەرھێنەرەکەی دەبەخشرێت.

ھەروەھا بەشی کێبڕکێی فیلمەکانی ئەنیمەیشێن و کارتۆنی (سینەمایی و کورتە فیلم) بریتین لە؛ باشترین فیلمی سینەمایی، باشترین دەرھێنانی فیلمی سینەمایی، باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی، باشترین کورتە فیلمی کە بە دەرھێنەرەکەی دەبەخشرێت.

بەشی کێبڕکێی بەرھەم گەلی فیلمی بڵیندی چیرۆکی و درامی سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بریتین لە؛ باشترین فیلم، باشترین دەرھێنەر، باشترین سیناریۆی فیلم.

سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بە دەبیری و بەرپرسایەتی "عەلیڕەزا رەزاداد" لە رۆژانی ٨ تا ١٤ی مانگی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٣٠ی ئاب تا ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٨ی زایینی لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا لە شاری مێژوویی ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک