| 
			١٤\٨\٢٠١٢ 
			سەبارەت بە 
			دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووس (کارزان کەریم). 
			  
			
  پاش 
			نووسینی چەند بابەتێک لەلایەن ڕۆژنامەنووس (کارزان کەریم) دەربارەی 
			فڕۆکەخانەی ھەولێر، بەبێ ئاگاداری پێش وەخت و بەبێ ئاگادارکردنی 
			سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە دەستگیر 
			دەکرێت بەشێوەیەک کە پاش گەڕان و بە دواداچوونی زۆری کەس وکارەکەی 
			دەزانرێت کە لە ئاسایش بەندکراوە. دواتر ڕۆژنامەنووسی ناوبراو پەڕاوی 
			لێکۆلینەوەی بۆ دەکرێتەوە و تۆمەتبار دەکرێت بە پێی مادەی (١) لەیاسای 
			ژمارە ٢١ ساڵی ٢٠٠٣ لەکاتێکدا کە ناوبراو ڕۆژنامەنووسە و ئەگەر 
			ھەرسەرپێچی و یاسا شکێنییەکیش لە کارەکەیدا ھەبێت دەبێت بەپێی یاسای 
			ڕۆژنامەنووسی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە تایبەتە بە ڕۆژنامەنووسان 
			(الخاص یقید العام) . 
			بۆیە ئێمە لە سەنتەری بەرگری یاسایی لە ڕۆژنامەنووسان پێمان وایە کە 
			دەستگیرکردنی ناوبراو بەو شێوەیەو ڕاگرتنی بۆ ئەو ماوە زۆرە و دادگایی 
			کردنی بەپێی مادەی ئاماژە پێدراو پێشێلکارییەکی یاسایی گەورەیە دەرھەق 
			بە (کارزان). وە زەنگێکی مەترسیداریشە بۆ سەر ھەموان کەنووسین و 
			قسەکردن لەسەر ھەر کێشەیەک بمانکاتە تێکدەری ئاسایشی وڵات و تیرۆریست 
			یا ھەر شتێکی تر کە دەسەڵات بیەوێت.
 
			ئێمە وێڕای بە دوادا چوونمان بۆ کێشەکەو دابین کردنی پارێزەری خۆبەخش 
			بۆ کەیسەکە،داواکارین لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت 
			دەسەڵاتی دادوەری و لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان کە ھەرچی 
			زوترە بەدەم ئەم کەیسەوە بێن وھاوکاربن بۆ سەروەری یاسا و ئازادی 
			ڕۆژنامەنووسی و ڕادەربڕین.
 
 سەنتەری بەرگری یاسایی بۆ رۆژنامەنوسان و راگەیاندنکاران لە ھەرێمی 
			کوردستان، کە لەلایەن (سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ 
			DHRD بە تەنسیق لەگەل سەنتەری میترۆ بۆ 
			داکۆکی کردن لە رۆژنامەنووسان METRO)  
			و بە ھاوکاری رێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی 
			IMS ، ئەنجام دەدرێت، یەکێکە لەو ھەوڵانەی کە دەدرێت بۆ 
			داکۆکی کردن لە ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی را دەربڕین ، ئەویش بە 
			پێدانی راوێژی یاسایی و نوێنەرایەتی کردنی یاسایی لە بنکەکانی پۆلیس  
			و لە بەردەم دادگاکان و لە قۆناغەکانی لێکۆلینەوەو داگایی کردندا ئەمەش 
			لە ڕێی دابینکردنی پارێزەر بۆ رۆژنامەنووسان  و راگەیاندنکاران و 
			ھۆیەکانی ڕاگەیاندن بآ بەرامبەر ، ھاوکات تەرخانکردنی ھێلێکی گەرم کە 
			رۆژنامەنووسان دەتوانن بە درێژایی (٢٤) کاتژمێر پەیوەندی پێوە بکەن، لە 
			ئاسیاوە بە (٣٣٤٤لە کۆرەک و ھێڵەکانی دیکەی مۆبایل و تەلەفونەوە بە 
			٠٧٧٠٩٢٠٩٩٩٩.
 
 
			  
			سەنتەری بەرگری یاسایی لە 
			رۆژنامەنووسان 
			  
			  
			  
			  |