٥\٢\٢٠٢٢
سەبارەت بە
دەسەڵاتی حیزب و دەسەڵاتەکانی دەوڵەت.

ئەرسەلان مەحمود
دەوڵەتی
دەڵەمەیی!!
پێدەچێ دوا بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عیراق، تایبەت بە
هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و پرۆسەکەی،
ململانێی پێكهێنەرە پارلمانیەكەی ئەم وڵاتە هەم سەبارەت بەسەرۆک و دوای
ئەوەش هەم دەربارەی حکومەت و جۆرەکەی، بگۆڕێ و بباتە قۆناغێكی نوێ و
ناچار بەگرتنەبەری ڕێوشوێنیتر لەپێكهێنانی كوتلەی پارلمانی بكات.
ئەمە قۆناغێکدایە، ئەم وڵاتە بەزۆر بەیەكەوە لكێنراوە، چەند مانگێکە
سەد ساڵەی تەمەنی بەدەوڵەتبوونی تێپەڕاندووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی یەكە
بەبنەما نیشتمانییە خۆویستیەكەی، بەهۆی عەقڵیەتی دەرماگیری حوكم و
عاقیبەتی حكومەتە ناوەندگەرە یەكلەدوای یەكەكانی، بەهۆی خولانەوەی یەکە
پێکهێنەرە عیراقییەکان لەبازنەی داخراوی مەزهەبگەراو نەرێتپارێزیدا،
بەهۆی هەژموونی هەرێمایەتی و تێنەپەڕاندنی دیفاكتۆ ئەمریكییەكەی،
سەرەڕای ئەنجامدانی پێنج خولی هەڵبژاردن و پێكهێنانی كابینە نوێیەكانی
حكومەتەكەی، هێشتا لەدەوڵەتێك دەچێ دەڵەمەو تازە دامەزراوی ناكام!!
لەکاتێکدایە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، دوای پەنجا ڕۆژ
لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە توانی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕابگەیەنێ و
بڵاوبكاتەوە، كەچی هاتنە پێش و ڕۆژەڤەوەی خشتە دەستورییەكەی پێكهێنانی
حكومەتیش خەریكە بەو دەردە دەچێت، ئەویش ئەوەتا بەهۆی ناكۆكی و نا
دڵنیایی پێكهاتە دانووستانكارەكان، دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتەكە نزیك
دەكاتەوە لەسەد ڕۆژ،ێک زیاتر، ئایا ئەم خواستێکە عیراقی، بۆ ئەوەیە
وڵاتەکە لەچێوەی دەوڵەتێکی بنەماگرتووی نیشتمانی بونیاد بنرێتەوە، یان
هەوڵی بەم و بەو کردنی!!
ئیدی کاتییەتی، بەپێچەوانەوە تا پێكهاتە جیاوازە عورفی و مەزهەبی و
سیاسیە عیراقییەكەو یەكە پێكهێنەرە جڤاكییەكەی ئەم وڵاتە، لەبری
بونیادنانی دەوڵەت و خزمەتكردن بەناسنامەی دەوڵەت، خەریك بەلادان و
بادانە عورفی و مەزهەبی و هەرێمی و دەولیەكە بن، دەوڵەت بەدەڵەمەیی
دەمێنێتەوەو بەڕێوەبردنی وڵات نابەرابەر دەچەرخێ، یانی خەونی ئەو
عیراقەی بەخۆیەوە دەبینێت وەك دەوڵەتێك دامەزراوەیی و لەسەر پێیەكانی
خۆی وەستاو، هەزار هەڵبژاردنیش ناتوانێ لەخەم ڕەخساوی بکات.
کەواتا ئێستا جگە لەهەموو ئەم کێشەو ئاریشانە، گرنگترین پرسیارێك
ئەوەیە: ئامانجە گەورەكەی گروپە شیعی و سووننی و كوردییەكە لەپێكهێنانی
حكومەتی نوێ چییە؟ تائیفی، مەزهەبی، حیزبی، هەرێمایەتی و دەولی یان
نیشتمانییە، ئایا شیعەو سووننەو كوردەكان لەبەری لەیەكتردا دەتوانن
لەخۆیاندا ڕێكبكەون، یان لەناو یەكتردا وەك هەمیشە كێشەو ئاریشەو
تەنگژە سیاسیەكە قاڵ و قوڵتر دەكەنەوەو درێژە بەنانەوەی فیتنەیی
مەزهەبی و ئەگەری هەڵگرساندنی ئاشووب ئەدەن؟
وڵامەكە ئاسانەو هەر عیراقییەك دەیزانێت بەڵام پتر بەهۆی هەبوونی ئەو
كەمپانەی لەعیراقدا بەرژەوەندییان هەیەو شەڕ دەكەن، بەڵام چونكە
ئامانجی زۆرینەی هەرە زۆری ئەم هێزو پێكهاتە جیاوازە مەزهەبی و سیاسیە
تەنها بەناسنامە عیراقیانە لەبنەمادا هێنانە ئاراوەی فەرهەنگی نوێ و
جیهانسازی عیراقی نییە، ڕەنگە ئەم وڵامانەمان دڵخوازانە دەست نەكەوێت،
هەتا ئەم عەقڵیەتەیش لەم وڵاتەدا زاڵبێت، عیراق نابێت بەهی هەمووان.
ئیمامی تەسبیحان!!
لە دونیای خۆرئاواییدا، کاتێک سەرۆکی دەوڵەت، خولە یاساییەکانی خۆیان
لەسەرکردایەتی و سەرۆکایەتی و بەڕێوەبردندا تەواو دەکەن، کورسییەکە بە
کار و دەسەڵاتەکانیانەوە سادە و ئاسایی چۆڵ دەکەن.
کەچی لەم خۆرهەڵاتەدا، یاساکان چەند جارێک نەک هەر لە پێناو مانەوەی
سەرۆکدا هەموار دەکرێن، تەنانەت دوا جار جگە لەوەی پەنا دەبرێتە بەر
گۆڕینی سیستمەکە، هەموو خەڵکی وڵاتەکەیش خەریک و سەرقاڵ دەکرێن،
بێگومان بە دروشم و ناوی جیاوازەوە وەک نەتەوەیی و نیشتمانی، کڕۆکیش لە
راستییدا، ڕەخساندنەوەی هەلی مانەوە یان دۆزینەوەی شوێن و ئیشە بۆ
سەرۆک لە فۆڕمێکی تردا!!
سەرۆک لە رۆژهەڵاتدا، نابێ بێ ئیش و بێشوێن و بێت، بێشوێن و بێ
ئیشبوونی سەرۆک لە هاوکێشە و گۆڕەپانەکەدا، بۆی هەیە کارەسات و کەتنی
گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی بە دوای خۆیدا بهێنێ، ئاخر خۆ
هەر خودی بێ ئیشی و بێشوێنی، مرۆڤ دەکا بە زۆر شت، بە نموونە لەوانە
برنج خۆر، جا چجای ئەوەی مرۆڤەکە کەسایەتییەکی ئاسایی نەبێ و سەرۆک
بێ!!
سەرۆک لێرە لەم خۆرهەڵاتەدا، بە تەنها هەر سەرۆکێک نییە یاسایی و
ئاسایی، ئەو هەمەکارەیە، لە یەک کاتدا، سەرۆکی خێزان و خێڵ و حیزب و
دەوڵەت، تەنانەت ''مەڕجەعی تەریقەت و مەزهەب''یشە، نهێنیی بێ سەری ئەم
دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسیانە، بێ شوێن بوونیانە!!
سەرۆک پێناکەنێ، نوکتە ناکا، چونکە دەزانێ ئەوەی لە ژێر دەستیدا
دەگوزەرێ، خۆی نوکتەیە و هی گریانە، لە دوای کەسەوە نایەت، لە پێش هەر
کەسەوەیە، لەپشت هیچ پێشنوێژ خوێنێکیشەوە نوێژ ناکا، خۆی ئیمامی
تەسبیحەکانە، سەرۆک باوکە، بەڵام باوکێک نا بە یاسا و بە دی ئێن ئەی،
بە عورف!!
سەرۆک هەر خۆی گرفت و گۆبەندەکان دەنێتەوە، تا هەر خۆیشی دوا بڕیار لە
چۆنییەتی چارەسەر و بژاردەکان بدا، لە سادەترین وێناکردندا سەرۆک شوانە
و مێگەلەکەی کۆمەڵگەیە، بای بەرژەوەندییە خودییەکانی لە کوێوە بێ، بەو
جۆرە شەن و کەوو ئاڕاستە دەکا.
رێگەکە ئەوەندە پاک و پان
نییە.
ئامانجە هەرە گەورە و شاراوەکەی سەدر لە حکومەتی زۆرینە، گەڕاندنەوەی
حوکمی مەرکەزی و دەسەڵاتی ناوەندگەراییە، هەر ئەوەی زۆرینەی هەرە زۆری
حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق و سەددام حوسەین بەتایبەتی، جێبەجێ
و ئەزمونیانکرد، جیاوازییەک ئەگەر هەبێ و ڕوبدات، تەنها شێوە ستەمکاریی
و دەمووچاوە ستەمکەرەکە دەبێت.
لەوەها دۆخێکدا، ئەوەی سەدبارە دەبێتەوە قوربانی، گەلانی عیراق و تەنها
ئەو پێکهاتە جیاوازە حیزبی و بەرەییە سیاسیانە نابن لەم کاتەدا
کەوتوونەتە دەرەوەی هاوپەیمانی سەدر، بەر لە هەمووان ئەوانەن لەو
چێوەیەدان، ئەوەی بەرهەم و خێرو بێرو سودە گەورەکە دەبا، داعش و
دەوڵەتە هەرێمایەتی و دەولییە هەمەکارەکانی ناوچەکە و پشتەوەی سەدرن.
عەقڵییەتی ناوەندگەر، (مەرکەزی) لە سەرکردایەتی و بەڕێوەبردندا، تایبەت
لەوڵاتانێکدا تەژیبێ لەکێشەو بێشەی کۆمەڵایەتی و مەزهەبی و نەتەوەیی،
وڵاتانێک بەدیاریکراوی و بەکردەوە نەبووبێتنە خاوەن پارێز بەندی
دامەزراوەیی و دیموکراسییەت تیایاندا نەبوو بێت بەفەرهەنگ، هەر چییەک
بکەوێتە دەرەوەی خۆی، لە پەراوێزدا دەیبینێت، چونکە وەها عەقڵیەتێک
هێزی خۆی لە خودی ناوەندی (مەرکەزی - سەنتەری)دا دەبینێتەوە!!
بەم هەناسە چاوەڕوانکراوەی سەدر بێت، عیراق لەبری دەوڵەت و حکومەتێکی
هاوسەنگی نیشتمانیی رەنگدەرەوەی پێکهاتە عیراقییەکان، پێدەنێتە قۆناغی
مەترسیدار لەقاڵ و قوڵبوونەوەی کێشەو بێشە زۆرو زەوەندە هەمەکییە
کۆمەڵایەتی، ئابووری، مەزهەبی و ناکۆکییە سیاسیەکان.
خەیاڵەکەی سەدر، چونکە فاشییانە و سەرۆیی هەرزەکارانەی سیاسیەیە،
پاشگەز بوونەوەی ئەستەمە و دەزانێ ئاسان نییە جارێکی تر ئەم دەرفەت و
دەرە ئەنجامەی بێتەوە ڕێ، ئەگەرچی خودی ئەو رێگەیەش هەروا پاک و پان
نییە سادە و ئاسایی بگاتە سەر، لەدوای هەڵبژاردنەوە ئەوەی رووئەدا،
پەیامێکە لە ئاگر و موشەک، کار وا بڕوا هەر بەوەندە ناوەستێت، رەنگە
کارتی تریش بخرێنەگەڕ!!
پشتیوانی سەدر، پشتیوانیکردنە لە زیندووکردنەوەو هێنانەوە ئارای حکومەت
و دەوڵەتێکی ناوەندگەرا، یانی گەڕانەوەی سەدام لەژێر چەفییەی رەشدا،
واتا پشتیوانیکردنە لە ستەمکاری و قووڵکردنەوەی کێشەکان، بوژانەوەی
دۆخێکە ترسناک، زەرەرمەرندی سەرەکییش کورد و هەرێمەکەی دەبن تیایدا.
تانە و تاپۆی رەش. ئەم بنمیچە، سەرابێک
دەرچوو، قەشەنگ!!
لەم شوێن و ژینگە خۆر تیایدا هەڵاتووەو هاو تاریكستانەدا نەبێ،
نادۆزیتەوە ئەوەی پێیدەوترێ حیزب و سەركردەو سەرۆكی حیزب، لەیەككاتدا
خۆی بەناوەند یان چەقی هەمە كارەو دوا بڕیاردەری سەر یەكە پێكهێنەرە
جڤاكی و دامەزراوەییەكان بزانێت، سەرانسەری ئەم دونیایە تەیبكەی،
نابینیت حیزب و سەركردەو سەرۆکی حیزب لەیەك جێدا، خۆی بەسەرۆکی دەوڵەت
و سەرۆکی کۆمەڵگەو هەر چشتێكی تر ببینێ و بزانێ، نا نەخێر لە چ جۆرە
بوونیادێكی دەوڵەتی و مرۆییدا، هەرگیز بەرجەستەکاری دوا پەیام و دوا
راِسپاردە و دوا گریمانەو یەكلاكەرەوەی گرێكوێرەو پێشهاتەكان، بێگومان
لەژێر هەر جۆرە دروشم و شتێكدا بێت وەک نیشتمانی، نەتەوەیی، یان چەمكە
بكوژەكانی وەك چاكە و بەرژەوەندی گشتی، حیزب و سەركردە و سەرۆكی حیزبێك
نییە تاک ڕەهەندگەرا و یەكلاكار بێت.
هەر حیزب و كارەكتەرێكی سیاسی، لە ناوەوەیدا شێلگیر و دەسەڵاتگەرو
هەژموونخواز بوو، باوەڕت پێی نەبێت، هەبوویەكی دەمارگیرە، یەكەو
دامەزراوەی دەمارگیریش هەرچییەك بكەوێتە دەرەوەی بەرژەوەندی و دونیا
بینییە سنوردارەكەی خۆی، نەك هەر ڕەتیدەكاتەوە دژیش دەپرینگێتەوە، بۆ
ئەم مەبەستە هەمیشەش لەبیانویەك زیاتری هەیەو شك دەبات، یانی نەك هەر
لە هەنگاو و ئاڕاستەكەیدا، بەرئەنجام و سەرئەنجامەكەی خێر نییە، ترسناك
و بكوژیشە، بكوژی جەستەو هزری تاك، بكوژی كاری بەیەکەوەیی و تەواوكاری
هاوەبەش، كاریگەری و لێكەوتەی نەناسینەوەی ئەم جۆرە شێوازە خۆ بەسەلار
خوازە پاسیڤە، بەڵێكردنی كوێرانەو پشتیوانی كردنی بێچەندو چۆنی،
كۆمەڵگە بەتەواوی هەبووەكانییەوە، شەتك بەخۆی ئەداو ڕاپێچ بەجۆرە
مەرگێکی دەكات حەتمی!!
كورد، لەم پێگە جوگرافییە تاریكستانیە خۆر تێدا هەڵاتووەدا، بەدرێژایی
بەمێژووە سیاسیەكەی، گیرۆدەو دەرگیری دەست ئەم جۆرە لەحیزب و ئەم شێوە
لەعەقڵیەت فاشیست و پۆپۆلیست گەراییەیە تایبەت لەڕێبەرایەتی كردندا،
لەوەش خراپتر هەمیشە خۆی لەبەرگ و گوتاری نیشتمان و نەتەوەییدا
مەڵاسداوەو دەشارێتەوە، لەژێرەوەیش خەریك بەشتانی ترە!!
ئەمە لەكاتێكدا بەئەزموون دەركەوتووە و ساغبووەتەوە و تا هاتووە ڕوتتر
بووەتەوە لە بەها و روونتر دەردەكەوێ لەنواندندا، كەچی لەبری
هەڵگەڕانەوەو گەڕانەوەی خەڵك لەئەم و بەرەو خۆی و بەرپێگرتن بەوەها
هەژموونگەراییەكی ستەمكارانە، هێشتا هەن بێپەرواو دەمارگیرانە، هێشتا
لەهەر كات زیاتر پشتیوانی بكەن و دواجاریش کاتێ بابەت و باس دێتە سەر
قوربانی، لەپێشەوەی هەر قوربانی بووێکی ڕاستەقینە خۆ وەك قوربانی و
مەزڵوم و ستەملێكراو بەیان دەكەن!!
ئەرێ ئایە ئەوانەش قوربانی و دەچنە ڕیزی قوربانی بووەکانەوە، کاتێ
خۆویستانە خۆیان دەخەنەوە بەر تیغ و قامچی جەللادو بكوژەكانیان؟!
لەدیدی مندا بێگومان نەخێر، چونکە قوربانی ئەم جۆرە مرۆڤ و
بوونەوەرانەن بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە ڕۆڵێكیان هەبوبێ لەبوونە قوربانی،
ئەوانەن بەهەر هۆكارو لەپێناو هیچ شتێكدا نەبوون و نابنە پشت و پەناو
هۆكاری مانەوەی ستەمكاری.
ئیتر وەختیەتی ورد بەخۆماندا بچینەوەو دروست لەم حەقیقەتە تێبگەین،
ئەوەی ئەم جۆرە لەحیزب و سەركردەو سەرۆكە تاك ڕەهەنگەراو ئەنارشیستانە
دەهێنێتە جوڵەو سەر هەست، ئەوەی ئاڕاستەشیان دەكات، چجۆرە ئایدیاو
ئایدیۆلۆژییەتێك نییە بەبنەماو تیۆرو تێزو پێزك، لەڕاستیدا مەجازو
میزاجی زۆر تایبەتە، لەهەناسەو هەستگەلێكەوە دێ دەروننەخۆش و پاسیڤ،
خەونبینینێكە بەخەونی نەزۆكەوەو بەس.
یەك ڕیزی بەلایەوە لەدوای خۆیەوە ڕیز بوونی تۆیە، یەكگوتاری
لەزیهنیەتیدا لەدوایەوە كاوێژو جوینەوەی گوتارەكانیەتی، نیشتمان
لەگیرفانیدا تاپۆی ڕەشە لەبەرگە كەتافییەكەیدا، نەتەوە لەدوای
خۆیەوەیەتی و لەغیابی ئەودا هەبوونی نییە، بونیادنانەوەی کۆمەڵگەو
دروستكردنی جڤاكی نوێ، نەتەوەو نیشتمانسازی لادانە لە عورف و بادانی
بەها نەرێتییە هاوردە بووەكانە، سەرگەرمی خۆی و جێگیر كردنی پێگەی
نەوەكانی خۆیەتی!!
بێگومان ئەویش هەر لەدوای خۆیەوە، هیچ شتێك لەپێش خۆیەوە نابینێت،
هەرچی هەیەو بڕیارە هەبێ، دەبێ لەدوای خۆیەوە بێت، سەرکەوتن
لەئەندێشەیدا سەركەوتنی پڕۆگرام و پڕۆژە و پاكێجێك نییە هاوبەش و
هاوپشك، هەژمونكردن و پارێزگاری كردنە لەوەی بەدەستیهێناوە، جەنگە
لەپێناو مانەوەیدا، شەڕە بەئامانجی سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر ئەوانی
تردا !!
ئەم ڕەهایەتی و ڕەهابوونەی لە نائامادەیی ئایدیا و ئایدیۆلۆژییەتێكی بە
بنەما و تیۆرییدا دەبینێت، باوەڕی بەوە نییە هیچ جۆرە تێزێك قەیدوبەند
و ئەركدار و ئاڕاستەی بكات، باوەڕی بە دەقێك نییە و بواری ئەوە نادات
شتانێكی لەو چەشنە هەبن سبەی ھەڵەی سیاسی یان هزریی و
رێبازیی تێدا
بدۆزنەوە و لێبگرن، خۆی بەفریادڕەس دەزانێ و حیزب لە باوەڕیدا ئامرازی
باڵادەستیی و هەژموونخوازی خۆیەتی نەك خزمەت و خەڵك، ئەم بنمیچە
سەرابێک دەرچوو، قەشەنگ!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|