په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٨\٢٠١٥

سەبارەت بە فیلمەکان و سینەمای بەھمەن قوبادی

سێ پەرتووک لە تورکیا بڵاوکرایەوە.

 

مەنسوور جیهانی


سێ پەرتووک سەبارەت بە فیلمەکان و سینەمای "بەھمەن قوبادی" بە زمانی تورکی لە وڵاتی تورکیا چاپ و بڵاوکرایەوە و خرایە بەردیدی خوێنەران.


پەرتووکی یەکەم بە ناوی "کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن" بە تەواوی سەبارەت بە فیلمی سینەمایی "کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و ناوەرۆکی ئەم فیلمە کوردییەیە و لە ١٦٠ لاپەڕەدا بڵاوکراوەتەوە و خراوەتە بەردیدی خوێنەرانی پەرتووک لە تورکیا.


"عومەر فارووق یێکدیش" بەشێکی ئەم پەرتووکەی لە زمانی فارسییەوە بۆ تورکی و ھەروەھا "ھێژا بەگدوو" بەشێکی ئەم پەرتووکەی لە ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی تورکی وەرگێڕاوە.


پەرتووکی دووھەم بە ناوی "سینەمای کوردیی" لە نووسینی "موژدە ئەرسلان" ئاماژە بە سینەمای کوردیی دەکات و بەشێکی سەرەکیی ئەم پەرتووکە سەبارەت بە تەواوی فیلمەکانی "بەھمەن قوبادی"یە کە تاکوو ئێستا سازیکردوون و رووبەرگی ئەم پەرتووکە بە دوو وێنەی فیلمی سینەمایی "کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن" ڕازاوەتەوە.


لەم پەرتووکەدا بۆ یەکەم جار، وتووێژی "بەھمەن قوبادی" لەگەڵ سینەماکاری ناوداری ئیتاڵی "بێناردۆ بێرتۆلۆچی" بڵاوکراوەتەوە. لەم پەرتووکەدا بە تێرووتەسەلی ئاماژە بە سینەمای کوردیی دەکرێت و ئەوەی کە سینەمای کوردیی بە فیلمی سینەمایی "کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان" لە دەرھێنانی "بەھمەن قوبادی" دەست پێدەکات. ھەروەھا ئەوەی کە شەپۆلی سینەمای کوردیی لە کوردستانی ئێران بە فیلمەکانی ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە سەریی ھەڵداوە.


ئەم پەرتووکە لە ٣٣٧ لاپەڕەدا لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی "ئاگۆرا کیتاپلیگی" چاپ و بڵاوکراوەتەوە و لە لایەن ماڵپەڕی ناوداری "ئامازۆن" ڕێکلامی بۆ دەکرێت.


پەرتووکی سێیەم بە ناوی "پەردەی ڕەش و سپی" لە نووسینی دکتۆر "حوسێن کووز" مامۆستای زانکۆی ئاتاتۆرک لە تورکیا زیاتر و بە تەواوی سەبارەت بە فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" پێنجەمین بەرھەمی ئەم سینەماکارە کوردەیە.


ئەم پەرتووکە لە ٣٣٧ لاپەڕەدا لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی "سینەما ئایرینتی" چاپ و بڵاوکراوەتەوە و خراوەتە بەردیدی خوێنەرانی پەرتووک لە وڵاتی تورکیا.

بۆ زانیاریی پتر:

http://www.milliyet.com.tr/iran-sinemasina-derinlemesine-bir-bakis-erzurum-yerelhaber-162659
http://www.amazon.com/Kurt-Sinemasi-Yurtsuzluk-Sinir-Olum/dp/6051030409 
https://www.ayrintiyayinlari.com.tr/kitap/kara-perde/725
http://www.avestakitap.com/urun_199_Avesta_KAPLUMBA%C3%90ALAR%20DA%20U%C3%87AR--%28Kus%C3%AElekani%C5%9F%20Ditwanin%20Bifirin%29.html

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک