په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٣\٢٠٢٢

سەبارەت بە فیلمی ''کوردانی ئێزدەی'' و خەڵاتی ''تەها کەریمی'' و فیلمی ''ئەزموون''.

 

مەنسوور جیھانی

بە نمایشی "کوردانی ئیزەدی" دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ئەستەنبووڵ" دەستیپێکرد.


بە نمایشی فیلمی سینەمایی "کوردانی ئیزەدی" لە دەرھێنانی "ئاماسی مارتیرۆسیان" بەرھەمی ساڵی ١٩٣٣ لە یەکێتی سۆڤییەت، دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ئەستەنبووڵ" دەستی پێکرد.

دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ئەستەنبووڵ" بە پشتیوانی "کۆمیتەی سینەمایی میزۆپۆتامیا" و بە بەرپرسیاریی ھاوبەشی "تانەر تان" و "ئادار تاش" ، بە نمایشی فیلمی سینەمایی "کوردانی ئیزەدی" لە دەرھێنانی "ئاماسی مارتیرۆسیان" بەرھەمی ساڵی ١٩٣٣ لە یەکێتی سۆڤییەت، بە نمایشی ٣٠ بەرھەم لە سینەماکارانی کورد و بە تەرکیز لەسەر سینەمای کوردیی، دوێنێ پێنجشەمە ٢٤ی مارچی ٢٠٢٢ لە شاری ئەستۆنبووڵ لە تورکیا کرایەوە و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە ڕاگەیاندنی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەستەنبووڵدا ھاتووە: گرینگی و مانای ھونەر؛ بە تایبەت ھونەری سینەما و ھونەرەکانی شێوەکاریی لە ڕۆژگاری ئێمەدا بە باشی ناسراوە. خەڵکانی جیھان، زیاتر لە سەد ساڵە کە ناو و شوناسی خۆیان لە ڕێگای سینەماوە لە جیھاندا پێکھێناوە، بەڵام کوردەکان و کۆمەڵگای وەکوو کوردەکان ڕووبەڕووی بەربەستی زۆر بوونەتەوە و بەرەوپێشنەچوونی سینەمای کوردیی بۆتە بەربەستێک بۆ بەرەوپێشنەچوونی خەڵکی کورد و ئەم باروودۆخە ھێشتاش بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی ھەیە و ئەمە لەگەڵ کەلتوور و ھونەردا دژایەتی ھەیە. سینەمای کوردی لە سیاسەتەکانی دۆخ و چۆنییەتی ھاوشێوەبوون بگرە تا دەرفەتە ماددی و مەعنەوەییەکان؛ بەردەوام ڕووبەڕووی گرفت و بەربەست بۆتەوە. ئەم باروودۆخە دڵتەزێنە، ھێشتاش بە لێککەوتن و بەربەرست درێژەی ھەیە. ئێمە وەکوو کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ئەم فێستیڤاڵە، ئاگاداریی ئەم باروودۆخە ھەین و ھەر بەم پێیە، دمانەوێت دووھەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ئەستەنبووڵ" بەڕێوەبەرین. خەڵکی کورد لە ھەر لایەنێک و بە کەلتوور و ھونەریی خۆیان لە خەباتێکی نەتەوایەتیدان. ھیوامان ئەوەیە کە ئێمەش، چرای ڕێگای ئەم کارە گرینگ و ھەستیارە بین.

لە درێژەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا ھاتووە: ھەر بەم پێیە؛ لە ساڵی ٢٠١٩ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەستەنبووڵمان بۆ یەکەمین جار بە پشتیوانی "کۆمیتەی سینەمایی میزۆپۆتامیا" و بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبرد. پێش لە بەڕێوەچوونی یەکەمین خولی فێستیڤاڵ، بۆمان دەرکەوت کە سینەماکارانی کورد لە تورکیا ناتوانن بە ئاسانی فیلمەکانی خۆیان لە ھۆڵەکانی سینەمادا نمایش بکەین. تەنانەت ئەگەر فیلمەکانیشیان نمایش بکرێت، بە ناچار سانسۆڕ دەکرێت. ئێستاش بە شێوەی ڕاشکاوانە، ناتوانین بڵێین کە فیلمە کوردییەکان ڕەنگی ھۆڵی سینەما بەخۆیانەوە دەبینن و لەڕاستیدا میکانیزمەکانی سانسۆڕ و ھەروەھا قەدەغەکردن بۆ ئاوان لە قۆناغی جۆراوجۆردا بوونی ھەیە و ئەم بابەت و گرفتە، ھێشتاش درێژەی ھەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ھەمووی ئەوانە دەمانەوێت سانسۆڕ، بەربەستەکان و ئەو سنوورانەی کە دێنە سەر ڕێگای سینەمای کوردیی لادەین و تا ئەو کاتەی کە بتوانین لێی ڕزگار بین، درێژە بە ڕێگای خۆمان دەدەین. بێجگە لەوانە، ئێمە دەمانەوێت ئەم فێستیڤاڵە، شوێنێک بێت بۆ سینەماکارانی کورد تاکوو بتوانن فیلمەکانیان تیایدا نمایش بکەن و بەرھەمەکانیان پێشکەش بە بینەران، ھۆگرانی سینەما و لایەنگرانی خۆیان بکەن. ھەر چەندە ئەوە یەکەمین مەبەستی ئێمەیە، بەڵام دەمانەوێت کوردەکان لە سینەمای جیھان، نوێنەری باش و شایستەی خۆیان ھەبێت و لە نێوان سینەمای کوردی و سینەمای جیھاندا پەیوەندییەکانی باش و تۆکمە و گونجاو پێکبێنین.

لە درێژەی ئەم دەقەدا ھاتووە: دوای ساڵی ٢٠١٩ و بە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە باروودۆخی لەمەجبووری لە سەرتاسەری جیھاندا پێکھێنا، ئێمە نەمانتوانی فێستیڤاڵەکەی خۆمان بە شێوەی ئامادەبوون بەڕێوەبەرین. ئەمڕۆکە بە بەرزڕاگرتنی جەژنی فێستیڤاڵی ساڵی ٢٠١٩، دەمانەوێت دووھەمین خولی فێستیڤاڵ، لە ڕۆژانی ٢٤ تا ٢٩ی مارچی ٢٠٢٢ بەڕێوەبەرین. نزیکەی پێنج مانگ لە دەست بە کاریی ئەم ڕووداوە تێدەپەڕێت. لە ھەڵبژاردنی فیلمەکان وەکوو کۆمیتەی فێستیڤاڵ، ھەندێک پێوەرمان دیاریی کرد، ئەویش ئەوە بوو ئەو فیلمانەی کە لە چوارچێوەی بایخە مرۆڤایەتییەکان، سروشت و دیمۆکڕاتیک وێنەگیرابن، بە گشتیی ھەڵبژێردران. ھەڵبەت ھەموو ئەو بەرھەمانەی کە بۆ ئێمە ڕەوانە کرابوون، گرینگایەتی تایبەت بە خۆیان ھەبوو و سوپاسی ھەموو ئەو دەرھێنەرانە دەکەین کە فیلمەکانی خۆیان بۆ ئێوە ڕەوانە کرد.

لە کۆتایی ڕاگەیاندنی چاپەمەنییەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دووھەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەستەنبووڵدا ھاتووە: ٣٠ بەرھەم لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەڵگە فیلم و کورتە فیلم لە دووھەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ئەستەنبووڵ" نمایش دەکرێن. ئەم بەرھەمە ھونەریانە لە سەرتاسەری کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیھان کە کوردەکان تیایدا نیشتەجێین و ژیان بەسەر دەبەن، بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵ ڕەوانە کراون و زۆربەی ئەوان بە ئامادەبوونی دەرھێنەرەکانیان لە فێستیڤاڵ نمایش دەکرێن. ھەروەھا فیلمی سینەمایی "کوردانی ئیزەدی" کە لە لایەن "ئاماسی مارتیرۆسیان" لە ساڵی ١٩٣٣ لە ئەرمەنیستانی یەکێتی سۆڤییەت وێنەگیراوە و تا ئێستا لە تورکیا و کوردستان نمایش نەکراوە، فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکەی ئێمە دەبێت. بە نمایشی ئەم فیلمە، دەمانەوێت چاوخشاندنێکمان ھەبێت بە ئەزموونی کوردەکان لە مێژووی سینەمادا و ڕوانینێکمان ھەبێت بە مێژووی نەنووسراویی ئەواندا. لە شەویی کردنەوەشدا، کۆنسێڕتی مۆسیقاش پێشکەش دەکرێت. کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە سینەمای کورد یەکێکی دیکە لە بەرنامەکانی ئەم ڕووداوە ھونەرییە دەبێت کە تیایدا سینەماکارانی کورد سەبارەت بە سینەمای کورد و گرفتەکانی خۆیان پێکەوە ئاخاوتن دەکەن و بیرووبۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو، تاکوو لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا گرفتەکانیان باس بکەن و ئایدیاکانی خۆیان گەشەپێبدەن. ئێمە وەکوو کۆمیتەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ئەستەنبووڵ" لە ڕۆژانی ٢٤ تا ٢٩ی مارچی ٢٠٢٢ چاوەڕوانی ھەموو سینەماکاران و ھەڤاڵانی سینەما و ھەروەھا خەڵکی خۆشەویستین.

بۆ زانیاریی پتر:
https://drive.google.com/file/d/1agxgO4IhkvE19UPgPkd-DbgGS5rKWa_V/view 

 

 

 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

خەڵاتی "تەها کەریمی" لە یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی "کورت و کرمانجی" پێشکەش کرا.


بە یاد و پێشکەش کردنی خەڵاتی سینەماکاری کورد ڕەوانشاد "تەها کەریمی" و خەڵاتی دەرهێنەری کورد شەهید "خەلیل داخ" یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "کورت و کرمانجی" بەڕێوەچوو.

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی یەک خولەکی کورتە فیلمی "کورت و کرمانجی" بە بەرپرسیاریی "فێرات کێڤێر" وێنەگری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، "ئاڕدین دێرین" دیکۆمێنتساز و ڕۆژنامەوانی کوردیی باکووری کوردستان و "فەرهات بایسال" بەرپرسی ماڵپەڕی "سینەمای کورد"ی دانیشتووی وڵاتی بەلژیکا، بە یاد و پێشکەش کردنی خەڵاتی سینەماکاری کورد ڕەوانشاد "تەها کەریمی" و خەڵاتی شەهید "خەلیل داخ" دەرهێنەری کورد و بە تەرکیز لەسەر تایبەتمەندیی و تواناکانی زمانی کوردی و بە هەوڵی ماڵپەڕی "سینەمای کورد" بە ناونیشانی https://www.sinemayakurdi.net و "تور فیلم" و هەروەها بە هاوکاری یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورووپا بۆ ماوەی مانگێک بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.

هۆگران و بینەرانی سینەما، دوای بینینی ١٦ بەرهەمی ئامادەبوو لە بەشی کۆتایی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی یەک خولەکی کورتە فیلمی "کورت و کرمانجی"، بە ڕێژەی ٨٦٤١ دەنگیاندا کە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی دەنگدان، فیلمە براوەکان دەستنیشان کران و بەم شێوەیە خەڵات بەسەریاندا دابەشکرا:

خەڵاتی یەکەم:
ـ خەڵاتی یەکەم بە ناونیشانی خەڵاتی سینەمای "ئاموودە" بە بڕی پارەی ٥٠٠ یۆرۆ بە کورتە فیلمی "ئێستا بەبێ ترس" لە دەرهێنانی "ریزوان دیهارۆ" بە بەدەستهێنانی ٢٠١٧ دەنگ بەخشرا.

خەڵاتی دووهەم:
ـ خەڵاتی دووهەم بە ناونیشانی خەڵاتی ڕەوانشاد "تەها کەریمی" سینەماکاری بانەیی بە بڕی پارەی ٥٠٠ یۆرۆ بە کورتە فیلمی "ق.و.خ" لە دەرهێنانی "نووروڵڵا ئاکجان" بە بەدەستهێنانی ١٩٤٩ دەنگ پێشکەش کرا.

خەڵاتی سێیەم:
ـ خەڵاتی سێیەم بە ناونیشانی خەڵاتی شەهید "خەلیل داخ" دەرهێنەری کورد بە بڕی پارەی ٥٠٠ یۆرۆ بە کورتە فیلمی "زەینی منداڵی" لە دەرهێنانی "فیرات یاووز" بە بەدەستهێنانی ١٧١٤ دەنگ بەخشرا.

خەڵاتی کوردستان:
ـ خەڵاتی تایبەتی "کوردستان" بە کورتە فیلمی "لە ماڵێ" لە دەرهێنانی "خەلیل ئاکگوڵ" بە بەدەستهێنانی ١٣٥٨ دەنگ پێشکەش کرا.

لە وتاری کۆتایی بەرپرسانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی یەک خولەکی کورتە فیلمی کورت و کرمانجیدا هاتووە: ئێمە بە بینەران و فیلمسازانی بەشداربوو لەم فێستیڤاڵە دەڵێین کە ماڵەکانتان لەو کاتەوە گەشەی کرد و پڕ لە ڕۆشنبیری بوو کە کورتە فیلمە کوردییەکانتان بۆ ماوەی مانگێک لە سەرتاسەری ئەم جیهانەوە بینی. زۆر سپاسی ئەو فیلمسازانە دەکەین کە ئەم بەرهەمە کورتە پڕمانا و کاریگەریان سازکردووە. ئێمە ڕێز لە پشتیوانی و لایەنگری ئێوە دەکەین و لە لایەن ماڵپەڕی "سینەمای کورد" https://www.sinemayakurdi.net و "تور فیلم" بە خۆشەویستانمان لە وڵاتانی جۆراوجۆر ئەو مزگێنییە دەدەین کە تاکوو فێستیڤاڵی داهاتوو تامەجرۆیانە چاوەڕوانی ئێوە دەبین.

بۆ زانیاریی پتر:
https://www.sinemayakurdi.net
 

 

 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

"ئەزموون" خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنس"ی بەلژیکای بەدەستھێنا.


فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" خەڵاتی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنس" لە وڵاتی بەلژیکای بەدەستھێنا.

فیلمی سینەمایی "ئەزموون"چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرھەمی ھاوبەشی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" و "مەمەد ئەکتاش"، ڕۆژی ١١ی مارچی ٢٠٢٢ لە بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنس" لە شاری مۆنس لە وڵاتی بەلژیکا نمایشکرا و لە لایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەماییەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییەوە خەڵاتی تایبەتی پێبەخشرا.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنس"ساڵی ١٩٨٤ لە لایەن "ئێلیۆ دی ڕۆپۆ" لە وڵاتی بەلژیکا دامەزراوە و بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە کە لە ڕێگای پلانێکی تۆکمەی نێودەوڵەتیی، توێژینەوە لەسەر بابەتی "عەشق" دەکات و ئەو فیلمانە لە خۆدەگرێت کە کوالیتەی ئاست بەرزیان ھەیە و چێژیی سینەما بە جوانی بە بینەر دەبەخشن.

ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە مێژوویەکی کۆن و شوناسێکی تایبەتی ھەیە و نزیکەی ٤٠ ساڵە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەدرەوشێتەوە. ھەموو ساڵێک نزیکەی ٤ ھەزار میوان لە سەرتاسەری جیھانەوە سەردانی شاری مۆنس دەکەن کە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە بە پێتەختی کەلتووری دەستنیشانکرا.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنس" بریتی بوون لە: "مایکێل ڕادفۆڕد" سەرۆکی لێژنەی دادوەران؛ دەرھێنەر، بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی بەریتانیا، "لۆسی دیبای" ئەکتەر لە وڵاتی بەلژیکا، "میتۆ گۆنت" ئاوازدانەر لە وڵاتی فەڕەنسا، "ئۆرلین رێسوینگ" ئەکتەر لە وڵاتی فەڕەنسا، "برۆنیتس جۆدۆرۆفسکی" ئەکتەر لە وڵاتانی فەڕەنسا و مەکزیک، خاتوو "رێنێ بۆلیۆ" بەرھەمھێنەر لە وڵاتی کەنەدا و ھەروەھا خاتوو "سوفیە دۆئێز" ئەکتەر لە وڵاتی فەڕەنسا.

سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنس" بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جیھان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی سینەمای ئەورووپا"، بەشی "پێشبڕکێی "خەڵاتی بینەران"، بەشی "پێشبڕکێی "کورتە فیلمی بەلژیکا"، لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی ٤٠٠ زەربە"، بەشی "یەکەمین نمایشی بەلژیکا"، بەشی "فیلمە بڵێندە سینەماییەکان"، بەشی "عاشقانی فیلم"، بەشی "مێژووی سینەما"، بەشی "سینەمای بەلژیکا"، بەشی "کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکان"، بەشی "سێمینارە سینەماییەکان"، بەشی پسپۆڕانەی "ڤۆرکشۆپی فێرکاری" و ... لە ڕۆژانی ١١ تا ١٩ی ماڕچی ٢٠٢٢ لە شاری مۆنس لە وڵاتی بەلژیکا بەڕێوەچوو.

"ئەزموون" بەرھەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەڕلین و کۆمپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمھاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی "ئاڕت ھوود" لە جیھاندا بڵاودەبێتەوە.

فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سانتا باڕباڕا" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی ئەم ڕووداوە کۆن و گرینگەی سینەمای ئەمەریکا بە ناونیشانی "جێفڕی سی. بارباکۆ" بەدەستبێنێت.

بۆ زانیاریی پتر:
https://www.festival-de-mons.be/en/accueil-english
https://www.facebook.com/FestivalInternationalduFilmdeMons 

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە فه‌یسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346
  


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی "ئەزموون"


 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک