په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٨\٢٠١٦

  سێبەری هیچ شتێ.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

١
لە ماڵەوە نیم
لە قاوەخانەیەک بێ رەنگی دەکوتم
پایزی تەمەن دەکێشم
لە ماڵەوە نیم
وەک با لە شەقامەکاندا فیکە لێدەدەم
بە قژی خاو ھەڵدەشاخێم
لە ماڵەوە نیم
بە کۆڵاناندا جریوە دەفرۆشم
ھەر لە خۆوە لقێکی مردن دەمگرێ
دەچمەوە بەر قوتابخانەی سەرەتایی
لەسەر تەناف وەک جلوبەرگ بە دەمدا دێم
خەونان بە منداڵییەوە دەبینم
لەبەر خۆر وشک دەبمەوە
لە ماڵەوە نیم
لە سەرەتایی ھەفتە
پێش ھەناسەی رۆژەکان دەکەوم
تاریکی روناک دەکەمەوە
بە ئاگر دەڵێم لەبەر پۆلیسان دوکەڵ نەکا
وەک چیا سەری زستان بەرز دەنەخشێنم
وێنەیەک لەگەڵ ھیچ دەگرم
لە ماڵەوە نیم
لە ژێر سەرین کتێبێکم جێھێشتووە
نزیک لە ھەڵاتن
بە چەندین زمان دەدوێ
پڕ لە خۆم
لە ماڵەوە نێم
سێبەری بێھودەیی دەخوێنمەوە
دوکەڵ دەکەم.
٥
\٥\٢٠١٦


٢
بە گۆرانی سروشت دەجولێنێ
بە گۆرانی دەڵێ رۆژباش
بە گۆرانی دەچێتەوە
یەکێک دەڵێ
دڵ دەلەرزێ کە بیر لە تۆ دەکەمەوە
کات تێپەڕی گۆرانیەکان بۆ کێ دەڵێی
دنیام تاریکە چاو چاو نابینێ
دڵ تاریکە
ماڵی یادەوەری رۆناک
دڵ دەلەرزێ کە بیر لە ھیچ دەکەمەوە
ھەر لەخۆوە شەڵاڵی بەربوونەوە بووم
ھەر لەخۆوە شەڵاڵی نائومێدی بووم
ھەر لەخۆوە وەکو گەڵا لە ژیان کەوتم
ھیچ کاتم بۆ نەمایەوە
بە ناچاری لە تاریکی بەھەشتی یادەوەریدا
خۆم ھەڵدەخەم
تاریکی لە تەمەن دەگرم
کات تێپەڕی گۆرانیەکان بۆ کێ دەڵێی
تەمەنم رەش دەچێتەوە
وەکو بەفر
دڵم دەڕوا
خۆم بە ژیان ھەڵدەواسم.
١٠
\٥\٢٠١٦


٣

مانگ لە ئاسمان راوەستاوە
دڵ لە سینەمدا دەلەرزێ
مانگ ئاوا بوو من ھیچم بۆ ئاوا نەبوو
خەو لە دەرگای چاوم نادا
مانگ لە ئاسمان یاری دەکا
دڵم بۆ ژیان وەکو ئاو دەپاڕێتەوە
مێروولەیەک بە ئاسمانی چاوی مندا ھەڵدەفڕێ
وەک با وەڕس
وەک ئەوەی خود کوژی بکا
رەش دەچێتەوە تەمەنم
مانگ لە ئاسمان راوەستاوە
بەڵام بۆ دڵم ناڕەخسێ
تەنھا ئەو شتانە بڵێم کە دەمەوێ
دڵم لە ئاسمان دەلەرزێ
دڵم لە زەوی شەق دەبا.
١١
\٥\٢٠١٦


٤
جیھان وەک خۆی بۆ مرۆڤ دێ
من وەک "حەسەن زیرەک" ھیچم بۆ نایە
شەو بۆ مرۆڤ پێدەکەنێ
تاریکی بۆ من
خەو لە چاوم دیار نییە
ئازار دەمبا
جیھان وەک خۆی پێدەکەنێ
بەرد لە من دەگرێ
ھەتاوم سڕ بووە
لە دەرەوە بەفر دەبارێ
دنیا سپی
من رەشدەچمەوە
رۆژەکانم دەژمارد
وەرزەکان تێپەڕین
ھیچ کاتم بە دەستەوە نەبوو
بەشی خۆشی بدەم
جیھانی وەک خۆی دەھاتەوە بەر ماڵان
من وەک خۆم ھەڵناستمەوە
کەم کەم دەکەوم
خێرا خێرا دڵم چاو دەگێڕێ
ئازار دەمبا.


١٧\٦\٢٠١٦
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک