٢٣\٩\٢٠٢٤
سێبەری واتا.

ئەرسەلان مەحمود
٠.
مانگ، چاوی شەو
تاریکی دەکا بە زیو:
ژیان نهێنی شاراوەیە.
١.
گوڵ دەپشکوێ
بۆن، زمانی بێدەنگی:
جوانی قسە ناکا.
٢.
باران دەبارێ
زەوی تینوو هەڵیدەلووشێ:
تێرایی وەهمە.
٣.
کات، رووباری شل
بێدەنگ مێژوو دەنووسێ:
یاد، کەناری نییە.
٤.
شەپۆل سەرکێشە
لە کەناردا دەشکێ:
ئازادی سنوورە.
٥.
ئەستێرە دەکوژێ
تاریکی رووناک دەکا:
مەرگ ژیان دەبەخشێ.
٦.
پەپوولە، نیگار
لەسەر پەڕەی کاتدا:
ئازادی کورتەباڵە.
٧.
بەفر دەتوێتەوە
خۆر راستی دەردەخات:
گۆڕان هەمیشەییە.
٨.
خۆر هەڵدێ
شەو پەردەی لادەدا:
هیوا لەدایک دەبێ.
٩.
مرۆڤ، سێبەرێک
لە نێوان خەون و راستی:
حەقیقەت ئاوێنەیە.
١٠.
گەڵا دەوەرێ
درەخت بێدەنگ دەگری:
کات بەردەوامە.
١١.
مێژوو دەنووسرێ
ئێستا دەبێتە رابردوو:
داهاتوو رێگایە.
١٢.
پەنجەرە کراوە
شنەبا پەردە دەلەرێنێ:
جیهان هەناسە دەدا.
١٣.
دەنگی مۆسیقا
لە بێدەنگیدا دەژەنرێ:
روح گوێ دەگرێ.
١٤.
دڵۆپی شەونم
لە گەڵادا دەدرەوشێتەوە:
سروشت خۆی دەبینێ.
١٥.
پردی کەوانەیی
ئاسمان و زەوی دەگەیەنێ:
خەیاڵ دەفڕێ.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|