٢٩\٤\٢٠١٢ سەدر.. پیاوە ترسناکەکە، لە مالیکی باشتر نییە.
ئێستاکەش ئەوەی من تێبینی دەکەم میدیاکانی کوردستان بەتایبەتی میدیای پارتی و یەکێتی بایەخێکی یەکجار زۆر بە هاتنی موقتەدا سەدری توندڕەو دەدەن کە من پێموایە سەدر یەکێکە لەو پیاوە ئیسلامییە توندڕەوانەی عێراق کە نە لە ئێستاکەو نە لە دوایدا لە زیان بەولاوە هیچ سوودی بۆ کۆمەڵگەی کوردستانی نییە، چونکە ئەو تەقەبولی هەناسەی کرانەوەو دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی ئایینی ناکات و ئێمەش لە کوردستان شەڕی چەسپاندنی ئەمانە دەکەین بە دەسەڵات و رۆژنامەنووس و خەڵکی جیاوازجیاوازی کۆمەڵگە.
بۆیە من بە هیچ شێوەیەک دلخۆش نیم بەهاتنی ئەو پیاوە ترسناکە بۆ کوردستان، چونکە کورد پێویستی بە پاڵپشتی کەسایەتییەکی توندڕەوی وەک سەدر نییە بۆ ئەوەی پشتگیری قەزیەی کورد بکا، بە پێچەوانەوە دۆزی کورد رێکخستنەوە و ئاشتکردنەوەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی دەوێ و ئەمەش باشترین پشتگیری کردنی کوردە لەلایەن خۆیەوە.
سەدر ئەو پیاوەی تۆمەتبارە بە هاندانی خەڵکی بۆ کوشتنی ئەو گەنجە قوڕبەسەرانەی کە بە (ئیمۆ) ناسراون و نا عەدالەتییەکانی ژیانی وای لێکردوون کەمێک بە روخسارێکی جیاوازەوە لە مرۆڤە درۆزنەکانی ترەوە دەرکەون، ئەمەش ئەو کارەساتەیە کە کورد هاوبەیمانی لەگەڵ سەدر ببەسترێ بەمەش گۆڕینەوەی خراپە بە خراپەیەکی تر، چونکە سەدر بۆ کورد و گەلانی عێراق لە مالیکی باشتر نابێ.
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|