٢٠\١١\٢٠١٣
سێ ئەکتەری فیلمی
''پشیلە ئێرانییەکان''ی بەھمەن قوبادی لە نیۆیۆرک کوژران.
مەنسوور جیهانی
لە
ڕووداوێکی دڵتەزێندا سێ ئەکتەری فیلمی سینەمایی "کەس ئاگای لە پشیلە
ئێرانییەکان نییە" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی لە شاری
نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا کوژران.
چەند شەو پێش ئێستا لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا لە ناوچەی باشووری
ویلیامزبێرگی بڕوکلین لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا سێ ئەکتەری
فیلمی سینەمایی "کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە" Nobody knows
about Persian cats… لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن
قوبادی بە ناوەکانی برایانی کورد ئاڕش فەرازمەند و سرووش فەرازمەند و
ھەروەھا موزیکزانی لاوی ئێرانی عەلی ئەسکەندەریان لە لایەن ھەڤاڵێکی
ئێرانی گرووپی موزیکی "سەگە زەردەکان" Yellow Dog`s بە ناوی عەلی
ئەکبەر رەفیعی (فریکیز) بە چەکی کالیبری ٣٠٨ کوژران.
ئەو کەسانەی کوژراون ھەموویان ئەندامی گرووپی موزیکی بەناوبانگی "سەگە
زەردەکان" بوون کە پێش ساڵی ٢٠١٠ بە شێوەی ژیرزەوینی لە وڵاتی ئێران
چالاکی موزیکی ڕاکیان دەکرد و لە ساڵی ٢٠٠٨ لە فیلمی سینەمایی "کەس
ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە" لە دەرھێنانی سینەماکاری بەئەزموونی
کورد بەھمەن قوبادی ڕۆڵیان بینی کە دوای بەشداری لەم فیلمە و نمایش
کردنی لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی فیلم لە ئاستی دنیادا بەناوبانگ بوون
و چوون بۆ وڵاتی ئەمەریکا تاکوو لەوێی درێژە بە ھونەری موزیک بدەن.
عەلی ئەکبەر رەفیعی ماوەیەک بوو کە لەسەر کێشەی ئابووری لەگەڵ
ئەندامانی گرووپی موزیکی راکی "سەگە زەردەکان" لەم گرووپە دەرکرابوو،
چونکە بێ مۆڵەتی ئەوان ھەندێک لە ئامێرەکانی ئەم گرووپەی فرۆشتبوو. ئەو
بە کڕینی چەکی کالیبری ٣٠٨ چەند شەو پێش ئێستا دەچێتە یەکێک لە ماڵە
چوار قاتەکانی ناوچەی باشووری ویلیامزبێرگی بڕوکلین لە شاری نیۆیۆرک لە
وڵاتی ئەمەریکا کە ئەندامانی گرووپی موزیکی "سەگە زەردەکان" تیایدا
دەژیان و برایانی کرماشانی ئەم گرووپە بە ناوەکانی ئاڕش فەرازمەند و
سرووش فەرازمەند لە یەکێک لە نھۆمەکانی ئەو بینایەدا و ھەروەھا عەلی
ئەسکەندەریان لە نھۆمێکی دیکەی ماڵەکەدا دەکووژێت و ئەندامێکی دیکەی
ئەم گرووپە بە ناوی سیاوەش کەرەمپوور بریندار دەکات و پاشان دەچێتە سەر
سەربانی ماڵەکە و لەوێی بە گولەیەک خۆشی دەکووژێت و کۆتایی بە ژیانی
دێنێت.
پاش ئەو ڕووداوە، پۆلیسی شاری نیۆیۆرک سەردانی شوێنەکەیان کرد و تەرمی
کوژراوەکانیان دیتەوە و دۆسییەی ئەم جینایەتە لە لایەن پۆلیسەوە
بەدواداچوونی بۆدەکرێت و تا ئێستا لە زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی
وڵاتی ئەمەریکا و سەرتاسەری دنیا دەنگ و سەدایەکی زۆری داوەتەوە.
بەھمەن قوبادی دوای بیستنی ئەم ھەواڵە، سێ ڕۆژ پێش ئێستا لە شاری
ھەولێری پێتەختی ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی
ئەمەریکا بەڕێکەوت تاکوو لە ڕێوڕەسمی پرسە و ماتەمینی ئەکتەرەکانی
فیلمی "کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە" پێنجەمین بەرھەمی خۆی
بەشداری بکات.
"پشیلە ئێرانییەکان" ناوەرۆکەکەی سەبارەت بە موزیکی ژێرزەوینی لاوانی
موزیکزانی ئێرانییە کە ھاوینی ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری تاران وێنەگیراوە و
بەھاری ساڵی ٢٠٠٩ لە یەکەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا بە ئامادەبوونی
بەھمەن قوبادی و ھەندێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە لە بەشی جۆرێک
روانینی شەست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان لە وڵاتی
فەڕەنسا نمایشکرا و توانی دوو خەڵاتی سەرەکی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی
سینەمای جیھان، لەوانە: خەڵاتی تایبەت و ھەروەھا خەڵاتی فڕانسوا شاڵە
بەدەستبێنێت و لە درێژەدا لە چەندین فیستیڤاڵی دیکە لە ئاستی دنیادا
نمایشکرا، لەوانە:
ـ لە بەشی باشترین فیلمەکانی فیستیڤاڵەکانی دیکەی جیھان بە ناونیشانی "ئەلماسەکانی
زاپاڵتگی" Zabaltegi Pearls لە ٥٧مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی
سەن سێباستیەن لە وڵاتی ئیسپانیا.
ـ لە بەشی فیلمە بیانییەکاندا لە لایەن چاودێرانی مافی مرۆڤ لە میانەی
نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "لوبنان" لە وڵاتی لوبنان.
ـ لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تۆرینۆ" Torino لە
وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە بەرنامەیەکدا رێزی تایبەت لە بەھمەن
قوبادی گیرا.
ـ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ناوچەی ئازاد" لە شاری بێلگراد لە
سێربستان.
ـ لە بەشی پانۆڕامای ٢١مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "لایف" Liffe لە شاری
لیۆبلینا لە وڵاتی ئێسلۆڤانیا.
ـ لە ٤٧مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "پرتەقاڵی زێڕین"ی
ئانتالیا لە شاری ئانتالیا لە تورکیا.
ـ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "مافی مرۆڤ" لە شاری تونچیلی لە
وڵاتی تورکیا.
ـ لە بەرنامەی رێزلێنانی تایبەت لە بەھمەن قوبادی، لە لایەن رێکخراوەی
"ئەرشیفی فیلمی ھاروارد" Harward Film Archive لە زانکۆی ھارڤارد لە
شاری بۆستۆنی پێتەختی ویلایەتی ماساچۆسێتی وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
ـ لە ٣٩مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی رۆتێردام لە وڵاتی
ھۆڵەندا.
ـ لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "رۆژھەڵاتی ئێستا" لە
شاری فلۆرانس لە وڵاتی ئیتاڵیا.
ـ لە ٢٧مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "مەیامەی" لە ئەمەریکا
نمایشکرا و توانی خەڵاتی بینەرانی ئەم فیستیڤاڵە بۆ باشترین فیلم
بەدەستبێنێت.
ـ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمە سەربەخۆکانی ئەستەنبووڵ لە وڵاتی
تورکیا.
ـ لە ٢٥مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "میدنیات سان" MIDNIGHT
SUN لە شاری ھێلسینکی لە وڵاتی فینلەندا نمایشکرا و رێوڕەسمی رێزلێنان
بۆ بەھمەن قوبادی سازکرا.
ـ لە بەشی روانگەی نێونەتەوەیی فیستیڤاڵی فیلمی مێلبۆرن لە وڵاتی
ئوستوڕاڵیا.
ـ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی Movies That Matter لە شاری لاھەی
ھۆڵەندا نمایشکرا و خەڵاتی MovieSquad All Rights و ھەروەھا خەڵاتی
تەمەنێک چالاکیی سینەمایی بە ناونیشانی
Lifetime Achievement پێشکەش بە بەھمەن قوبادی کرا.
ـ لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی ١٦مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی
"رەبەت" Rabat لە وڵاتی مەراکیش نمایشکرا و خەڵاتی گەورە و تایبەتی ئەم
فیستیڤاڵەی بەدەستھێنا.
ـ لە بەشی پێشبڕکێی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی "فیلمەکس"ی
تۆکیۆ لە وڵاتی ژاپۆن نمایشکرا و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی
ناوبژیوان پێشکەش بە بەھمەن قوبادی کرا.
ـ لە سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "شەوەکانی تالین" لە
وڵاتی ئەستۆنیا نمایشکرا و توانی سێ خەڵاتی سەرەکی ئەم فیستیڤاڵە،
لەوانە: خەڵاتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان بۆ باشترین وێنەگرتن لە
لایەن وێنەگری کورد توورەج ئەسڵانی، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی
ناوبژیوانی FICC و ھەروەھا خەڵاتی لێژنەی ناوبژیوانی NetPac
بەدەستبێنێت.
ـ لە بیستەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی فیلم و تەلەفیزیۆنی زانستگای "یوو سی
ئێل ئەی" USLA کالیفۆرنیا.
ـ لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵندە سینەماییەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات نمایشکرا و دوو خەڵاتی
مرواری رەشی باشترین فیلم و باشترین ئەکتەری پیاوی بەدەستھێنا.
ئەم فیلمە ھەروەھا لە لایەن کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی فەڕەنسی "وایلد
باینچ" لە ئاستی جیھاندا نمایشکرا و لە لایەن چاپەمەنییەکانی
ئەمەریکییەوە پێشوازیی لێکرا و لە سەد رۆژنامە و گۆڤاری ئەمەریکی
ڕەخنەی جۆراوجۆر و پۆزێتێڤیان لەسەر نووسی، لەوانە: گۆڤاری "فیلم
کامێنت"، "ھالیڤوود رێپۆرتەر"، رۆژنامەی "واشنگتۆن پۆست"، "رادیۆی
میللی ئەمەریکا"، گۆڤارەکانی "نایلێن"، "ئێسپین" و "نیۆیۆرک کول".
فیلمی سینەمایی "پشیلە ئێرانییەکان" ساڵی ٢٠١٠ لە ناو ١٠ فیلمی
سینەمایی بەرچاوی سینەمای دنیا لە رۆژنامەی پڕبایخی واشنگتۆن پۆست
ئەمەریکی دەستنیشانکراو لە وتارێکدا بە ناوی "باشترین فیلمەکانی ساڵی
٢٠١٠ جیھان" لە رۆژی ١٨ی دیسێمبەری ٢٠١٠ی واشنگتۆن پۆستی ئەمەریکیدا کە
لە لایەن "ئانا ھۆرنادەی" Ann Hornaday ڕەخنەگری ئەو رۆژنامەیەوە
بڵاوکراوە، سەبارەت بەم فیلمەی بەھمەن قوبادی نووسیوەییەتی: فیلمی
سینەمایی "کەس لە پشیلە ئێرانییەکان خەبەری نییە" لە دەرھێنانی بەھمەن
قوبادی، روانینی نوێ و ھەرمانی لە ژیانی ئەمڕۆ لە تاران، قەیرانەکانی
کۆمەڵگای ئێران و دیمەنەکانی موزیکی ژێرزەوینی ئەم وڵاتە بە بینەری خۆی
پێشکەش دەکات.
ئەم فیلمە ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٠ بە کۆکردنەوەی سەتا ٩٥ خاڵ، پلەی
پێنجەمی ماڵپەڕی ناوداری سینەمایی "رۆتین تۆمەیتۆ"ی Rotten Tomato
بەدەستھێنا.
رخنەگری ناوداری سینەما "جۆرج پرێنتیک" George Prentice لە ماڵپەڕی
سینەمایی "بۆیس ویکلی"دا Boise Weekly فیلمی سینەمایی "کەس لە پشیلە
ئێرانییەکان خەبەری نییە"ی لەگەڵ فیلمی سینەمایی "شازادەی ئێرانی" لە
دەرھێنانی مایک نیۆئێل بەراورد کرد.
ھەروەھا رەخنەگری سینەما "ساندی مەدێلبێرگر" Sandy Madelberger لە
ماڵپەڕی سینەمایی "نیۆیۆرک فیلم" Film New York فیلمی "کەس لە پشیلە
ئێرانییەکان خەبەری نییە"ی بە بەرھەمێکی ھونەریی زیندوو وەسفکرد کە
چاوپۆشی لێناکرێت.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|