١٥\٣\٢٠١٠
سه‌فه‌رێک بۆ
هه‌ڵه‌بجه،
هیدایه‌ت مه‌لاعه‌لی
ئه‌مشه‌و یان من ده‌ڕۆمه گه‌روی شار یان هه‌موو شار دێنه ژووره بچکۆلانه‌که‌م ، یان من ئه‌بمه میوانی ناوه‌ختی گوێ ئاگردان ، یان پێنج هه‌زار گه‌ڵا ده‌بنه سابات و که‌پری دابڕان . ئه‌مشه‌و هه‌ڵه‌بجه نایه‌ڵێت من بخه‌وم ، من ئه‌مه‌وێت سه‌ری کاسی خۆم بگرم و بۆ چه‌ند ساتێک وه‌نه‌وه‌وز بده‌م ، به‌ڵام قاقای پێکه‌نینی مناڵه هارو جل شڕه‌کانی گه‌ڕه‌ک ڕێم پێناده‌ن ، من ئه‌مه‌وێت چاوه‌کانم دابخه‌م و گه‌شتێک به ته‌نهایدا بکه‌م ، به‌ڵام شمشاڵه‌که‌ی ( مینه‌ی لولک ژه‌ن و سه‌نتوره‌که‌ی ئاراسی شێخ جه‌مال ) لێم ناگه‌ڕێن . ئه‌مشه‌و ئه‌مه‌وێت شار ته‌ی که‌م ، کون و قوژبنی بگه‌ڕێم ، ئه‌مشه‌و ئه‌مه‌وێت به په‌نجه‌کانی ( هیوای حیلمی ) ته‌مه‌ن بۆ جارێکی‌تر بنووسمه‌وه ، ئه‌مه‌وێت جوانی شار وه‌ک پرچه زه‌رد و ئاڵۆزکاوه‌کانی ( به‌ناز و به‌سۆز ) بهۆنمه‌وه.
ئه‌مشه‌و ئه‌مه‌وێت ته‌قه له‌ده‌رگای هه‌موو ماڵه‌کان بده‌م ، ئه‌مشه‌و ئه‌مه‌وێت ئاره‌قه‌ی ماندووبوون و تۆزی غه‌ریبی خه‌ڵکی شار بسڕم ، ئه‌مشه‌و ئه‌مه‌وێت کۆرپه‌یه‌ک له ( عومه‌ری خاوه‌ر ) بگرم بۆ ئه‌وه‌ی زۆر هیلاک نه‌بێت ، چونکه سه‌فه‌ره‌که‌ی یه‌کجارییه ، ئه‌مشه‌و گالیسکه‌ی خه‌یاڵم زۆر خێرایه ، ئه‌مشه‌و بیره‌وه‌ریه‌کانی شارم زۆر له‌لایه . من ئه‌مه‌وێت سه‌فه‌ر بکه‌م بۆ دڵی شار ، من ئه‌مه‌وێت ئه‌ملاولای شنروێ و باڵانبۆ ماچ بکه‌م ، باوه‌ش به‌خه‌ڵکی هیلاکی شارێکی ڕه‌نگ په‌ڕیودا بکه‌م ، په‌ساپۆرتی ئه‌م سه‌فه‌ره یادگاری و خۆشه‌ویستی خه‌ڵکه ، هه‌نگاوه کورت و خێراکانم بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه . من بۆیه سه‌فه‌ر ئه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بێمه‌وه لاتان، لێتان ناشارمه‌وه بیرتان ئه‌که‌م ، بیری هه‌مووتان ئه‌که‌م ، بیری مامۆستای خوێندنگا ، بیری دوکانداره‌کانی گه‌ڕه‌ک ، بیری توڕه‌بوونه‌که‌ی باپیرم و پاروه شیرینه‌کانی ده‌ست دایکم ، بیری ساحه خوار و خێچه‌کانی گۆڵ گۆڵێن ، بیری ڕۆشتن بۆ سینه‌ما به دزییه‌وه ، بیری داگرتنی جۆلانه‌که‌ی ماڵی ( سه‌ر‌به‌ناز )، بیرتان ئه‌که‌م بیری ( وه‌ستا عه‌ولی خه‌یات و حاجی لایه‌قی دوکاندار ) بیرتان ئه‌که‌م بیری ( پیرۆزی شه‌وڕن و پوه‌ره زه‌یتون و ناهی خان ) .
ئه‌مشه‌و حه‌ز ده‌که‌م ببمه دڵۆپێکی باران یاخود شنه‌بایه‌کی ده‌م ئێواران ، ئه‌مشه‌و حه‌ز ئه‌که‌م لای هه‌مووتانبم ، یان هه‌مووتان هه‌ر وه‌ک برژانگ له‌سه‌ر سه‌کۆی چاوه‌کانم له‌نگه‌ر بگرن ، من حه‌ز ئه‌که‌م ئه‌مشه‌و له‌جیاتی ( شێخ وه‌لی ) ئاوپرژێنی گوڵه‌کانی ناو دڵی هه‌مووتان بکه‌م . ئه‌مشه‌و ساقی دادم نادات ، کوڵی گریان و شه‌سته‌ی فرمێسکم وشک ناکات ، من په‌له‌مه و پێوویستی زۆرم به سه‌فه‌ره ، من ڕێگام دووره‌و باوه‌شی گه‌رمی ( کانی عاشقان ) چاوه‌ڕێمه.
من ئه‌مه‌وێت ئه‌مشه‌و ، به‌ڵێ ئه‌مشه‌و هه‌موو شته‌کان بچنه‌وه جێگای خۆیان ، من ئه‌مه‌وێت هه‌ڵه‌بجه ئاوه‌دان بێت ، کار ئاوه‌ڵاو ژیان بۆ هه‌مووان ئازاد بێ، ( کانی عاشقان ) پڕ له عاشق و ( کانی قوڵکه ) پڕ له‌تریقه‌ی پێکه‌نین بێت ، من ئه‌مه‌وێت ( تیپی هیوا و تیپی کاوه ) یاری بکه‌ن ، من ئه‌مه‌وێت ( عه‌بدوڵای حه‌مه‌لاو و ڕێبواری نوری ) شانۆ بۆ خه‌ڵک پێشکه‌ش بکه‌ن ، من ئه‌مه‌وێت ( هوشیاری حه‌مه فه‌ره‌ج ) ( کاڵێ بار مه‌که ) بڵێ و ( سه‌لاحه ڕه‌شیش ) ( ئه‌م زامه ساڕ‌ێژ نابێت هه‌تا سه‌رمایه مابێت ) بدات به گوێی ده‌سه‌ڵاتا ، من ئه‌مه‌وێت ( ساڵح هه‌ژار ) شیعر بڵێ و ( عوسمان که‌یمنه‌ی ) چه‌مه گیان .
بڕواناکه‌م ئه‌مشه‌و بگه‌مه جێ ، بڕواناکه‌م ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌وێت بیکه‌م بۆم بکرێ ، من ئه‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی مناڵیم یاری بکه‌م ، دواتر له‌ژێر په‌رژینه‌که‌ی باخی میردا بۆ چه‌ند ساتێک پشووبده‌م ، من ئه‌مه‌وێت کارتی مه‌کته‌ب ببمه‌وه بۆ باوکم و ئه‌ویش له‌باوه‌شم بگرێ ، من ئه‌مه‌وێت له گه‌ڵ ( سه‌رهه‌نگ و به‌رزان و ئیقباڵ ) پیاسه‌یه‌کی ڕه‌نگ هه‌ناری گه‌ڕه‌کی ( سه‌را ) بکه‌م ، من ئه‌مه‌وێت تێربم له‌بۆنی خواردنه‌کانی وه‌ستا ( ئیمام ) چاوه‌کانم پڕبن له دوکه‌ڵی که‌بابه‌که‌ی ( حه‌مه میرزا ) ، من حه‌ز ئه‌که‌م ( حه‌مه‌ی سافه ) شوتیه‌ک بشکێنێت و ته‌نها قاژێک بدات به من ، من حه‌ز ئه‌که‌م ( عه‌لی غه‌فور ) چایه‌کی یاقوتیم بۆ تێکا ،من حه‌ز ئه‌که‌م ( حاجی مه‌حمو ) به تویوتاکه‌ی بمبات بۆ خه‌سته‌خانه‌و ( سه‌ی جه‌میل ) ده‌رزیم لێبدات ، ( پوره عه‌ینا ) ترشیاته‌که‌ی پێ بگات و بۆ ئه‌خیر جار دۆلکه‌یه‌کم بۆ پڕبکا .
بیرتان ئه‌که‌م هۆ خه‌ڵکی شار ، بیری بۆن و به‌رامه‌تان ، بیری ئینسانه‌ت و هاورێیه‌تیتان ، بیرتان ئه‌که‌م ( عه‌لی مامه سه‌عه ، مامۆستا له‌تیف ، شاهۆ گیان )، بیرتان ئه‌که‌م هاوڕێکانی ساته‌وه‌ختی زۆر ته‌نگانیم ( سمه‌ی گۆڵچی ، سمه‌ی جه‌میل ، فه‌لاح گیان ) ، بیرت ئه‌که‌م قه‌یسه‌ری ( حامی به‌گ ) (گۆمه‌که‌ی ) پشت ماڵی خۆمان ، ماڵی پاشا ، گوڵان ، بامۆک ، چاوگ و باوه‌کۆچه‌کی ڕه‌نگین ، بیرتان ئه‌که‌م کوڕه قسه خۆشه‌کانی شار ، کچه عاشق و شه‌رمنه‌کانی گه‌ڕه‌ک ، پیاوانی به‌رده‌م مزگه‌وت و سێبه‌ری ژێر داره میهره‌بانه‌کان ، بیرتان ئه‌که‌م ژنانی هه‌موو دایکی شار (دایه توبا ، دایه فاتم ، دایه ئامین ، دایه نه‌جیبه).
بیرتان ئه‌که‌م هۆ خه‌ڵکی شار پڕ به ویژدان بیرتان ئه‌که‌م .
hidayat_malaali@yahoo.com
|