په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٠\٢٠١١

سکرین چیرۆک*:

سەفەری ئێوارەیەک.

 

بوڕهان جۆڵا

دەرگای هۆڵ دادەخرێت و ناوهۆڵ تاریک دەبێت.


دیمەنی یەکەم:


شەو -  لەبنکەی پۆلیس
- ناوت؟
- مریەم.
- ناوی چواری؟
- مریەم حەمەد قادر مەولود.
- من گوێم لێتەو بەخێرایی بدوێ.
- کەلەماڵەوە هاتمە دەرەوە، زۆر بەخێرایی چووم بۆ تێرمیناڵەکە، ئەوەندە لەماڵەکەمان دوورنییە، شارۆچکەکەشمان هێندە گەورەنییە.
- (کەمێک توڕەیی) خێرا خێرا.
- (بەسەرسوڕمانەوە سەیری دەکا) منیش سەرکەوتمە ناوپاسەکە.... بینیم تەنها یەک پیاو دانیشتووە، لەماوەی چاوەڕوانیم بۆ پڕبوون لەخەڵک و کەوتنەڕێ بەرەوشار، شۆفێرەکە زۆر بێزاری کردم.
- (بەتوڕەییەوە) وتم بەخێرایی بدوێ.
- (کەمێک گرژ دەبێت) تۆ بۆ ئەوەندە توڕەیت؟ هەرلەپێش سەرکەوتنم بۆ پاسەکە، شۆفێرەکە لەپشتی سوکانەکەوە بەشێوەیەکی زۆر نەدیوبدییانە سەیریدەکردم، کە لەناو پاسەکەش دانیشتم یەکسەر ئاوێنەکەی ژوورەوەی رێکخست لەگەڵ من و گۆشەی چاوەکانی خۆی، پیاوەکەیتریش زۆر لەشۆفێرەکە بێشەرمتربوو، سەری بەرزدەکردەوە بەسەر عەباکەمەوە سەیری ناو سنگمی دەکرد........
- (بەتوڕەبوون وهاوارەوە) بۆ دواجار ئاگادارت دەکەمەوە زووتر بچۆرە ناوبەسەرهاتەکە.
- (دەقیژێنێ) ئەگەر بەم شێوەیە تووڕە ببیت، ئامادەنیم هیچت بۆباسبکەم.
- (بەتوڕەبوون وهاوارەوە) دەبێ هەر ئەمشەو فایلی تۆ پڕبکەمەوە.
- (بەگریانەوە) جەنابی ئەفسەر، رازی نابم ئەوەندە بقیژێنیت بەسەرمدا، خۆم خەریکە کاسەی سەرم دەتەقێت.
ئەفسەری لێکۆڵینەوە کەمێک سەرو دەموچاوی هەڵدەگڵۆفێ و سەیرێکی بەردەمی خۆی دەکات، دواتر سەرهەڵدەبڕێت، بۆ پۆلیسەکەی تەنیشتی لەسەرەخۆ قسەدەکات.
- بنووسە، ئێستا شەوە.... نزیکەی پێش سێ کاتژمێر تۆ لەشارۆچکەکەی خۆتان هاتیتە دەرەوە، دەتزانی ئێوارەیەکی درەنگەو تۆش تەنها ئافرەتێکی، ئەی نەترسای کە لەگەڵ ئەو دوو پیاوە کەوتیتە رێ، لەکاتێکا زۆر بەبێشەرمانە سەیریان دەکردی.


* * * * * * * *

دیمەنی دووەم:


ئێوارە -  لەناوپاس
پیاوی ناوپاسەکە سەیری دەموچاو و سەرسنگی مریەم دەکات و قسە بۆ شۆفێرەکە دەکات.
- کات درەنگە، باوەڕیشناکەم کەسیتر بێت.
شۆفێرەکە لەئاوێنەکەوە بەزەردە خەنەوە سەیرێکی مریەم دەکات و  وردەوردە بەرەو دەرەوەی تێرمیناڵەکە دەڕوات، لەگەڵ سوڕانەوەدا پیاوی ناوپاسەکە خۆی لەمریەم نزیک دەکاتەوەو نزیکتر سەیری ناوسنگی دەکات، مریەمیش بەلەچک و عەباکەی، خۆی دادەپۆشێ و نیگایەک دەکات بۆ ئاوێنەی شۆفێرەکە.
شۆفێرەکە بەزەردە خەنەیەکەوە لەئاوێنەکەوە سەیری مریەم دەکات، دانە رەش و پیسەکانی دەردەکەون کە کەمێک بە سمێڵە چڵکنەکەی داپۆشراوە، هەر لەئاوێنەکەوە سەیرێکی پیاوی ناو پاسەکە دەکات.
- تێرمیناڵەکە چۆڵە وادیارە نەفەریتر نایەت.
کەمێک لەجامەکەوە سەیری ئەملاولا دەکات، دواتر لەئاوێنەکەوە سەیرێکی مریەم دەکات.
- بەخێرایی لێدەخووڕم، لەکاتژمێرێک کەمترمان پێدەچێت.


* * * * * * * *

دیمەنی سێیەم:


شەو -  لەبنکەی پۆلیس
- مریەم/ منیش پێمخۆشبوو چونکە زۆرم پەلەبوو بگەمە ناوشار، دراوسێکەمان پێیوتم مێردەکەت گیراوە.
- ئەفسەری لێکۆڵینەوە/ لەسەرچی گیراوە؟


* * * * * * * *

دیمەنی چوارەم:


ئێوارە -  لەشارۆچەکەدا
مریەم بەماکسییەکەوە لەحەوشی ماڵەوە خەریکی ئیشکردنە، پیاوێکی دراوسێیان زەمیلەیەکی پڕلە کەلوپەلی بەدەستەوەیە، لەدەرگای حەوشەوە سەیری مریەم دەکات.
مریەم/ (سەرهەڵدەبڕێت و سەیری دەکات) کاک حەمید بەخێر بێیت.
حەمید/ سڵامەت بیت.... مریەم.... بوێرم پێتیبڵێم؟
مریەم/ (پەشۆکاوە) ئەیەڕۆ چی بووە؟
حەمید/ هیچ نییە.... لەناوشار رەشۆی برام بینی،  وتی یونس گیراوە.
- ئەیەڕۆ!! لەسەرچی گیراوە؟


* * * * * * * *

دیمەنی پێنجەم:


شەو -  لەبنکەی پۆلیسدا
ئەفسەری لێکۆڵینەوە سەیری چەند فایلێک و کاغەزێک دەکات کە لەبەردەستیدایە، لەبەرخۆیەوە وردەوردە ئەدوێ، دواتر لەپڕ سەرهەڵدەبڕێت هەروەک ناوی یونس- ی لەناو کاغەزەکاندا دۆزیبێتەوە.
- یونس کێ؟
- ناوی چوارییەکەی، یونس عەلی عومەر حسێن.
- ئەوە یەکێکە لەبکوژانی پۆلیس.
مریەم ئەحەپەسێت، چاوەکانی دەکرێتەوەو بەشێوەیەک سەیری ئەفسەری لێکۆڵینەوە دەکات کەبێئومێدی لەروخساریدا بەدیدەکرێت.
- لای ئێمە بەندکراوە.... دیارە تۆو مێردەکەت شارەزایی چاکتان هەیە لەکوشتندا.
مریەم وەکو پاڕانەوە هەردوو دەستی بۆ ئەفسەری لێکۆڵینەوە درێژدەکات، زۆر لەسەرەخۆ بەگریانەوە نوزەیەکی لێوەدێت.
- ئێمە کەس ناکوژین.
- (بە توڕەییەوە) تۆش.... شۆفێرو نەفەری ناو پاسەکەت کوشتووە.
مریەم کەبەپێوە وەستاوە.... بەگریانەوە دەکەوێتە سەرئەرزەکەو کڵۆزی کامێرا دەچێتە سەر دەموچاوی، لەبەرخۆیەوە خەیاڵ دەکاتەوەو لەژێرلێوەوە قسەدەکات،،،،،،،،،،،،،)
- ئێمە کەس ناکوژین.... ئێمە کەس ناکوژین.... ئێمە کەس ناکوژین....
لەگەڵ موزیکی وێنەییدا
کاک بەڕێز، لەژوورەکەیتر کەدەرگاکەی کەوتۆتە ناو ئەم ژووری ئەفسەری لێکۆڵینەوەیە، لەگەڵ ئەفسەرێک و پۆلیسێک کەفایلێکی بەدەستەوەیە دێنە دەرەوە، ئەفسەری لێکۆڵینەوەو پۆلیسی نووسەر لەم ژوورەدا هەڵدەستنە سەرپێ.
- خواحافیزت بێت کاک بەڕێز، خوات لەگەڵ.
- زۆرسوپاس قوربان، خواحافیز.
کامێرا لەسەر ئەرز  وێنەی ئەم دیمەنە دەگرێت، مریەم لەلای راستی سکرین لەبەردەم مێزی ئەفسەری لێکۆڵینەوە بەگەورەیی لەسەر ئەرزەکە بەحەپەساوییەوە دەردەکەوێ کەئەفسەرەکە دەچێتەوە ژوورەکەی خۆی، پۆلیسەکەش فایلەکە دەداتە دەست ئەفسەری لێکۆڵینەوەو بەدوای ئەفسەرەکەدا دەچێتەوە ژوورەوە، ئەفسەری لێکۆڵینەوەش فایلەکەی لێوەردەگرێ و سەیری دەکات، کڵۆز دەچێتە سەردەموچاوی مریەم.


* * * * * * * *

دیمەنی شەشەم:


ئێوارە -  لەناو پاس لەرێگەدا
دونیا بەرەو تاریکی و پاسەکەش بەسەر رێگا نیمچە شاخاوییەکەدا دەڕوات، شۆفێرەکە لەئاوێنەکەوە سەیری مریەم دەکات، نەفەرەکەش زۆر لێی نزیک بووەتەوەو چاوی بڕیوەتە نێوسنگی، لەپڕ بۆی هەڵدەستێتەوەو پەلاماری دەدات، مریەمیش دەقیژێنێ و هاواردەکات.


* * * * * * * *

دیمەنی حەوتەم:


شەو -  لەبنکەی پۆلیس
- ناوی چواریت؟
پۆلیسی نووسەریش ئامادەیە بۆ نووسین.
- یونس عەلی عومەر حسێن، (بەپێوە لەبەردەمی ئەفسەری لێکۆڵینەوە وەستاوە، بەسەر سوڕمانەوە سەیری مریەم دەکات).
- تەمەن و پیشەت؟
- چل ساڵم....حەماڵم.
کلۆز دەچێتە سەر دەموچاوی مریم کەلەبەردەمی مێزی ئەفسەری لێکۆڵینەوە لەسەر ئەرزەکە دانیشتووە، دەنگی ئەفسەرو یونس بەردەوامە............
- تۆ یەک لۆی پڕ لەکەلوپەلی قاچاغت لێگیراوە.
- قوربان........بەخوا من لۆریم نییە.


* * * * * * * *

دیمەنی هەشتەم:


ئێوارە -  لەقەراخ رێگەدا
دەنگی ئەفسەرو یونس بەردەوامە، پاسەکە لەتەنیشت رێگاکە  وەستاوە........لەودیو رێگاکەوە، جارێک شۆفێرەکە پەلاماری مریەم دەدات، جارێکیش پیاوەکە، بەردەوامدەبن لەوکارەو دەنگی ئەفسەرو یونس- یش رۆڵی موزیکی وێنەیی دەبینێت.
- ئەم ئێوارەیە، تۆ دوو پۆلیسی میریت کوشتووەو باری قاچاغیشت هێناوە بۆناوشار.
- جەناب، خۆ پۆلیسەکان........
- بێدەنگبە سەگباب، تۆ قاچاغچی و پیاوکوژیشیت.
- بەخوا گەورەم من پیاوکوژنیم، خۆ پۆلیسەکان، تفەنگ بەدەستەکانیان بینی.
- کەرباب........ جەنابی کاک بەڕێز  وتی لۆری و چەکەکەو بارە قاچاغەکەش هی یونسە.


* * * * * * * *

دیمەنی نۆیەم:


شەو -  لەبنکەی پۆلیس
وردەوردە کامێرا ئاوت دەبێت.... تاکو دیمەنەکە بەتەواوی دەکەوێتە ناوەڕاستی سکرین.... ئەفسەر لەپشتی مێزەکەی خۆی بەتەنیشت پۆلیسی نووسەر دانیشتووە، یونس بەپێوە لەبەردەمیان  وەستاوەو پشتی لەکامێرایە، مریەم- یش لەبەردەمی مێزەکەوە لەسەر ئەرزەکە بەکەساسیەوە دانیشتووە.
- ئێوە هەردووکتان تاوانبارن، بەپێی مادەی سزادانی کوشتن، دڵنیام پەتی سێدارە چاوەڕێتان دەکات.
لەلاتەنیشتەوە کڵۆز دەچێتە سەردەموچاوی یونس کەحەپەساوە،  وردەوردە سکرین لێڵدەبێت.
تایتڵی کۆتایی
بەشێوەی تێکەڵاو (MIX) لەنێوان هەردوو دیمەنی کوشتندا
- یونس و چەند حەماڵێک بەسەر لۆریەکەوە کارتۆن قورس و پڕلەکەلوپەل دادەگرن،  وردەوردە کامێرا ئاوت دەبێت، کاک بەڕێزو پاسەوانەکانی لەولاترەوە لەنزیک چەند ماڵێک وەستاون.
- شۆفێری پاسەکەو پیاوەکە، هەریەکەو دەستێکی مریەم- ی گرتووەو بۆلای خۆی رایدەکێشێت، مریەم- یش پڕ بەئاسمان دەگری و هاواردەکات.
- چەند ئوتومبیلێکی پۆلیس دەردەکەون، حەماڵەکان بەردەوامن لەکارەکەیان، کاک بەڕێز سەیری هاتنی پۆلیسەکان دەکات! یەکسەر دەست لەپشتی دوو پاسەوان دەدات، ئەوانیش سەیریدەکەن و لێیتێدەگەن و سەری بۆدەلەقێنن، چەکەکانین دەخەنە سەرپێ و کاک بەڕێز دەڕوات بۆ نێو دەرگای ماڵێک، رەنگە ماڵی خۆیان بێت.
- شۆفێری پاسەکەو پیاوەکە بەیەکەوە دەستی مریەم بەردەدەن و هەریەکەو دەمانچەکەی خۆی دەردەهێنێت، مریەم- یش لەنێوانیان دادەنیشێ و دەستدەگرێ بەسەرو گوێی خۆیەوە، ئەوانیش هەردووکیان تەقە لەیەکتردەکەن.
- پاسەوانەکانی کاک بەڕێز دەستدەکەن بەتەقەکردن لەپۆلیسەکان.
-  یونس و حەماڵەکانیتر لەناو لۆرییەکە گرمۆڵەبوون و دەستیانگرتووە بەسەروگوێچکەی خۆیان، تەقەش بەردەوامە.
-  شۆفێری پاسەکەو پیاوەکە، بەپێوە برینداردەبن.
-  بەشێوەی سلۆو، کلۆز لەسەر کۆمەڵەی پۆلیسەکانە، دوو پۆلیس گوللەیان بەردەکەوێت و دەکەونە سەرئەرز، ئەوانیتریش بەحەپەساوییەوە رووەو پاسەوان و لۆرییەکە دەڕوانن.
- بەشێوەی سلۆو شۆفێری پاسەکەو پیاوەکە بەبرینداری دەکەونە سەرئەرز، مریەم- یش کە لەنێوان هەردووکیان دانیشتبوو، بەپێچەوانەی ئەوان  وردەوردە هەڵدەستێتەوە.


رووناکی ناو هۆڵ دادەگیرسێت و دەرگاکەش دەکرێتەوە.
____________________________________
* ئەمە شێوە داڕشتنێکی تایبەتی خۆمەو بە (سکرین چیرۆک) ناومناوە.
 

 2011 -  سلێمانى
burhan60jola@yahoo.com

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک