په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٠\٢٠١١

سکرین چیرۆک*:

سەفەری گۆڕستان.

بوڕهان جۆڵا   

دیمەنی یەکەم:

 
شەو - لەرێگا
لەسەرەخۆ هەنگاو دەنێت، سەیری هەورازە تاریکەکەی بەردەمی دەکات، کەمێک ترسی لێدەنیشێت! دەست دەخاتە سەر گیرفانی کراسەکەی کەڕێک لەسەر دڵی دایە، بەرلەوەی بەچاکی ئەو چەند پارە وردەیە بگرێت هەست بەلێدانی نیمچە نائاسایی دڵی دەکات، سەیرێکی بەرزاییەکەی کردەوە، ئاوڕی بۆ هەردوو لاو دواوەش دایەوە، دواتر بەدەم دەستلێدانی پارە وردەکەوە کەڕۆژانەی کارەکەی بوو خۆی سەرقاڵی هەنگاوەکانی کردو لەدڵی خۆیدا ئەدوا.
- خوایە ئەو بەرزاییە تەواو نەبێت.
لەپڕ قاچی لەبەردێک هەڵدەکەوێت و دەکەوێتە سەر ئەرزەکە، یەکسەر دەستی خستە سەر گیرفانی.
- پارەکەم پێماوە.
هەڵسایەوە سەرپێ، کەمێک خۆی داتەکاندو خۆڵ و تەپ و تۆزەکەی لەخۆی کردەوە، سەیرێکی بەرزاییەکەی کردو....
- (لەو تاریکییە دەترسێت) خوایە گیان....!! بگەمە لای دایکم........


********

دیمەنی دووەم:


شەو -  لەنزیک ماڵەوە
یەعقوب لەتاریکییەکەوە لەدوورەوە بەرەو ماڵەکەی خۆیان دێت، دایکیشی لەبەردەرگا بەفانۆسێکەوە بەرەو رووی دەچێت و هاواری بۆ دەکات.
- یەعقوب گیان گەیشتی؟
- دایکە!
- بەقوربانت بم یەعقوب گیان، لەبەر پاسەوانە بێناموسەکان نەوێرام بەمشەوە زۆر بێمە پێشەوە.
- دایکە گیان.... بەخوا هەرکە لەشار دەرچووم بەخێرایی ئەو نیوسەعاتە رێیە دەبڕم و دەگەمە ماڵەوە.
- وەرە بەقوربانت بم.
لەنێو حەوشەکەی خۆیاندا دایکی دەستی کردۆتە ملی یەعقوب و بەیەکەوە بەرەو ژوورەوە دەچن، لەپڕ بایەکی بەهێز چەند چیلکەو چەواڵێکی سەربانە نزمەکە دەکات بەسەرو دەم وچاویاندا، هەردووکیان سەرو چاوی خۆیان دەگرن و دەگەنە نێو ژوورەوە، دایکی یەعقوب فانۆسەکە دادەنێت.
- بەقوربان.... ئەوا پایز هات، رۆژ کورتەو سەرماو بارانیش بەڕێوەیە، بەوەستاکەت بڵێ لەمەودوا سەعاتێک زووتر ئیزنت بدات.
- (سەیرێکی نەنکی دەکات کەلە ژێر جێگەکەدایە) دایکە، نەنکم خەوتووە؟


********

دیمەنی سێیەم:


شەو -  لەرێگا
یەعقوب بەدەم رێگاوە هاتەوە هۆش خۆی! لەبەرزایی رێگاکەوە وەستاوە، گۆڕستان و گومەزە سەوزەکەی لێوەدیارە، دڵەکوتێکەی دەستی پێکرد! بەواقوڕمانەوە سەیری گۆڕستانەکە دەکات، لەسەرەخۆ زوومی گۆشەنیگای یەعقوب بەرەو گومەزە سەوزەکە دەفڕێت، بەرچاوی ڵێل دەبێت و دەچێتە خەیاڵەوە.


********

دیمەنی چوارەم:


رۆژ - لەماڵەوە
دایکی و نەنکی لەماڵی خۆیاندا خەریکی خۆ ئامادەکردنن، نەنکی خەریکی بەستنی سەرولەچکەکەیەتی و دایکیشی کەمێک خواردن ئامادە دەکات، یەعقوب-یش لەسوچێکدا بەکەساسییەوە دانیشتووە.
- (بەدەم جوڵەوە) دایکە سەیری یەعقوب بکە.
- (بەدەم بەستنی لەچکەکەیەوە سەیری دەکات) بەقوربانی بم، عەلی باوکیشی هەروا لەگۆڕستان دەترسا.
- نەنە زارێ، دەبا نەڕۆین.
- بەقوربان، ئەمڕۆ هەینییە، رۆژێکی موبارەکە، زیارەتی شێخ دەکەین و دەگەڕێینەوە.


********

دیمەنی پێنجەم:


رۆژ - لەناو گۆڕستان
هەرسێکیان لەناو گۆڕستانەکەدا بەرەو گومەزە سەوزەکە دەڕۆن، یەعقوب لەپشتی دایکی دەڕوات، جارجار لادەکاتەوە سەیرێکی دەرگای مەرقەدەکە دەکات! چاو دادەخات و دەچێتەوە پشتی دایکی، ئەوانیش بەدەم خوێندنی بسم الله شتیترەوە ئاگایان لەیەعقوب نییە، بەردوامن لەرۆیشتن، یەعقوب-یش چەندجارێک لەدوای دایکییەوە سەیری ئەو دەرگا ترسناکە دەکات و چاو دادەخاتەوە، هەموویان دەگەنە بەردەرگای مەرقەدەکە، نەنکی ئاورێک دەداتەوە.
- مریەم دەستی یەعقوب بگرە، بەبسم الله وەرنە ژوورەوە.


********

دیمەنی شەشەم:


رۆژ - لەناو مەرقەد
هەرسێکیان لەدیوی ژوورەوەن، یەعقوب دەستی دایکی گرتووەو سەیری ئەوهەموو پەڕۆ سەوزە دەکات، چەند مۆمێکیش داگیرساوە، بەدەستەکەیتری چاوەکانی دەگرێت.
- مریەم، یەعقوب مناڵێکی زۆرترسنۆکە، بەخوا هەربۆیە ئەوەندەش لەڕولاوازە، بەقوربانت بم، وەرە باوەشم.
یەعقوب رادەکات بۆ باوەشی نەنکی، ئەویش لەباوەشی دەگرێ و لەبەرخۆیەوە ئایەت و شتی پیرۆز دەخوێنێت، جارجارەش دەست دەهێنی بە پەڕۆ سەوزەکان و ئەیهێنێتەوە بەسەرو قژی یەعقوب-دا.
- شیخ موبارەک ئەم مناڵە بپارێزیت و ترسی لەدڵ دەربکە (سەیرێکی یەعقوب دەکات)، یەعقوب گیان مەترسە، ئەمە پیاوچاکە، روحەکەی وەکو نور بەئاسمانەوەیە.


********

دیمەنی حەوتەم:


رۆژ - لەناو گۆڕستان
کەش و هەوا زۆر تەڕو تووشییە، یەعقوب لەناو گۆڕستانەکە وەستاوەو سەیری ئەملاولا دەکات، چەند پیاوو ئافرەت دەبینێت، هەموویان وەکو خۆی جلی کۆنەو بەبێتاقەتی لەناو گۆڕستانەکە دەسوڕێنەوەو نازانێ ئەوانە هەموویان مردوون، هەر بەبێ ویستی خۆی ئاوڕێک دەداتەوە باوکی دەبینێ کەرەنگی پێستی سپی هەڵگەڕاوە.
- (رادەکات بۆ لای) باوکە گیان.....
- (بەچیچکانەوە دادەنیشێ وتوند لەباوەشی دەگرێت) یەعقوب گیان.... (زیاتر لەباوەشی دەگرێت) یەعقوب گیان، ئەمڕۆ هەینییە....
- (بەحەپەساوییەوە سەیری باوکی دەکات و قسەکەی پێدەبڕێت) باوکە!!!! خۆ دایکم وتی.... باوکت لەئەنفالەکە تیا چووە!!!!
کامێرا لەسەر دەم و چاو و شان و ملی یەعقوب دەسوڕێتەوە بۆ پشتەوە، زوومەکەی دەچێتە سەر دەم و چاوی عەلی، یاقوب-یش لەدواوە پشتی سەری دەردەکەوێ، وردە وردە دەم و چاوی باوکی ڵێلڕ دەبێت.


********

دیمەنی هەشتەم:


رۆژ - لەناو ئەرزێکی لماویدا
سکرین بێدەنگە، عەلی لەگەلڕ چەند ئافرەت و پیاو و منالڕ لەناو چاڵێکی لماویدا کەوتوون، چەند سەربازێکی عیراق-یش لەدەرەوەی چاڵەکە تەقەیان لێدەکەن، لەپشتی ئەوانیشەوە چەند شۆڤڵێک دەبینرێن.


********

دیمەنی نۆیەم:


رۆژ - لەناو گۆڕستان
زوومی کامێرا لەسەر دەم و چاوی عەلی روون دەبێتەوە.
- کوڕی خۆم.... لەمەودوا، هەموو رۆژێکی هەینی دێم بۆ سەردانی تۆ.
- تۆ لەکوێی؟
- لە عەرعەر.
- عەرعەر یانی چی؟


********

دیمەنی دەیەم:


رۆژ - لەناو گۆڕستان
کەش و هەوا زۆر تەڕو تووشییە، کۆمەڵێک خەڵک بەرەو گۆڕستان دێن، مریەم و نەنە زارێ-ش بەرەولای ئەمان دێن، عەلی کەبەدانیشتنەوە یاقوب-ی لەباوش گرتووە، هەڵدەستێتەوە، دەستی دەگرێ و بەرەو گۆڕێک دەڕۆن.
مریەم و نەنە زارێ بەسووکە گریانێکەوە دێن لەسەر ئەو گۆڕە دادەنیشن، زوومی کامێرا بەسەر دەم و چاوی هەردووکیانەوەیە، وردە وردە کامێرا ئاوت دەبێت و بەلای دەستە راستدا دەسوڕێتەوە، بەئاستەم قاچە بچکۆلەکانی یەعقوب دەردەکەون.
یەعقوب و عەلی باوکی بەتەنیشت یەکەوە دانیشتوون، رووەو سکرین دەردەکەون، پشتیان ناوە بەکێلەکەوەو قاچیان لێڕاکێشاوە، مریەم و نەنە زارێ-ش لەدەستە چەی ئاسۆی ئەواندا لەسەر گۆڕەکە دانیشتوون.
- (بەچرپە و پێکەنینەوە) باوکە.... ئێستا بانگیان دەکەم.... (بەهاوارکردنەوە) دایکەکەکەکەکە.... (کەمێک بێدەنگ دەبێت)، نەنە زارێ ێ ێ ێ ێ....(بێدەنگ دەبێت).
- (بەکەساسیی و لەسەرەخۆ دەگری) یەعقوب گیان.... گوێیان لەدەنگی ئێمە نییە.
- (کڵۆز دەچێتە سەر دەم و چاوی یەعقوب، بەبێ دەنگی و بەحەپەساوییەوە سەیری باوکی دەکات و وردە وردە بەرچاوی ڵێلڕ دەبێت).


********

دیمەنی یانزەم:


شەو - لەرێگا
لەبەرزاییەکەوە وردە وردە دێتە خوارەوە، چاویشی بڕیوەتە گۆڕستانەکە، لەپڕ چەند پیاوێکی چەکدار لەتاریکییەکەوە دەردەکەون و هاوار لەیەعقوب دەکەن، میلی چەکەکانیان دەخەنە سەرپێ.
- بوەستە.... نەجوڵێیت!!!!
یەعقوب دەوەستێ و ئاوڕ بۆ شوێنی دەنگەکە دەداتەوە بەڵام بەهۆی تاریکییەکەوە هیچ نابینێت، زۆر دەترسێت، دواتر سەیری گۆڕستانەکە دەکات، بەسەر قوبە سەوزەکەوە بریسکەیەک دەبینی، وەکو سەرخۆشی لێدێت و دەکەوێتە سەر ئەرزەکە، دەست دەبات بۆ سەرسنگی، دەنگی وردەی ناو گیرفانی دەبیسترێت کەبەپەنجە بچکۆلەکانی یاری پێدەکات، بەڵام دڵی لەلێدان کەوتووە!
- مناڵە، پارەی زۆری پێنییە.
- دەیناسم.... مریەم-ی دایکی زۆر جوانە.
یەعقوب لەو تاریکییە لەولاوە وەستاوە، سەیری تەرمەکەی خۆی دەکات! کەوتووەو دەستی لەسەر گیرفانی داناوە، چەند پیاوێکی چەکدار دەبینێ بەسەر تەرمەکەی کۆمەڵەیان بەستووە.


********

دیمەنی دوانزەم:


رۆژ - لەناو گۆڕستانەکەدا
- (کڵۆز هەر لەسەر دەم و چاوی یاقوب-ـە، بەبێ دەنگی و بەحەپەساوییەوە سەیری باوکی دەکات).
- کوڕم ئێمە مردووین.
وردە وردە کامێرا لەسەر دەم و چاوی دوور دەکەوێتەوە تاکو هەردووکیان دەکەونە ناوەڕاستی سکرین، یەعقوب سەیری دەست و دەم وچاوی باوکی دەکات، دواتر سەیری دەست و قاچی خۆی دەکات، زوومی کامێراکەش بەردەوامە لەدوورکەوتنەوە تاکو یەعقوب و عەلی و گۆڕەکەو مریەم و نەنە زارێ بچووک دەبنەوەو دەکەونە ناوەڕاستی سکرین.
تایتڵى کۆتایى
____________________________________
* ئەمە شێوە داڕشتنێکی تایبەتی خۆمەو بە (سکرین چیرۆک) ناومناوە.

 

سلێمانى 2011
burhan60jola@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک