په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١١\٢٠١١

سکرین چیرۆک*:

سەفەری شه‌ودز.

بوڕهان جۆڵا    

شوێن/ باخ لەدەرەوەى گوند
وەرز/ بەهار
کات/ مانگەشەوێکى درەنگ


تایتڵى سەرەتا
بەهارێکى پڕسەوزایى، ئاسمانێکى پڕئەستێرە، مانگەشەوێکى فێنکو شێدار. هەنگاوەکانى دەردەکەون، چەند چرکەیەک بەسەر سەوزایى و خوناوى نێو رەزوباخەکەدا رێدەکات، باڵاى دەردەکەوێ تەمەنى پەنجا ساڵ زیاترە، دەستێ جلى کوردى شڕکەڵەى لەبەردایەو جامانەیەکى بۆرکەلەى بەسەرەوەیە، لێوى سەرەوەى بەسمێڵێکى ماشوبرنجى داپۆشراوە، برسیەتى و ماندوێتى و کەمدەرامەتى بەسیمایەوە دیارە.


ئەم پیاوە شڕۆڵەیە بەبێدەنگى دەگاتە بەردەمى کەپرى نێو باخەکە وا لەسەر بەرزایى بەرامبەر بەگوند لەدار دروستکراوە، دەچێتە نێو کەپرەکەو لەنێو چیلکەکانەوە بەشێوەیەک سەیرى چراکانى ناوگوندەکە دەکات هەروەک خۆى بۆ کارێک مەڵاسدابێت، روانیەنەکانى بۆ گوندەکە هەڵگرى نیازێکە، دواتر هەرلەنێو کەپرەکە بەدەم سەیرکردنى گوندەکەوە چەند پریاسکەیەک لەدارەڕاى کەپرەکە دادەگرآو سەیریان دەکات، هەندێکیان دەخاتەوە شوێنى خۆى و لەهەندێکیشیان چەند شتێکى دەردەهێنێ و دەیخاتە گیرفانى.


لەسەر ئەرزەکە دادەنیشێ چەند کەلوپەلێک هەڵدەداتەوەو کەمێک دەستدەکوتێ پارچەیەک نانى رەق دەدۆزێتەوە، لەگەڵ کرماندنى نانەکە بەنێو چیلکەو چەواڵەکانى کەپرەکە سەیرى درەوشانەوەى چراکانى ناودێ دەکات، وەڕینى سەگەکانیش بەکزى دەبیسترێت، کەمێک بەسەیرکردنەوە دەمێنێتەوەو نانەکە تەواودەکات دواتر دێتە دەرەوە.


شوێن/ لەباخەکەوە بەرەو گوند.
ئەم پیاوە برسییە لەدواوە دەرکەوێ لەسەرەخۆ بەرەوگوندەکە دەڕوات، چاوەکانى گرتۆتە سەرجەم چراى ماڵەکانى نێودێ، تانزیک دەبێتەوە دەنگى سەگەکان زیاد دەکەن چراکانیش گەشتر، لەنزیک گوند چەند سەگێک بەرەو رووى دێن! بەردەوامدەبێت لەرۆیشتن گوێیان پێنادات هەروەک بیانناسێت وایە، ئەوانیش هەنگاو دواى هەنگاو دوورتردەکەونەوە، ئەویش بەرلەوەى کەس بیبینێت خۆى دەگەیەنێتە شوێنێکى تاریکى ناوگوندەکە.


ئەم پیاوە سەرەڕۆیە دواى پشوێکى کەم لەپەناگەیەکى تاریکدا بەنێو کۆڵانەکاندا رێدەکات، لەدیوارى ماڵێک نزیک دەبێتەوە، سەر بەرزدەکاتەوە بۆحەوشەکە، لەچەند کەلوپەلێکى بێنرخ زیاتر هیچ نابینێت بەجێیان دێڵێت، بەرۆیشتنەوە گوێى لەدەنگەدەنگ دەبێت! بەئاگادارییەوە دەڕوانێت دوو پاسەوانى چەکدار لەبەردەرگاى ماڵێک وەستاون! هەروەکو ئەویان بەدیکردبێت بەپرتاو دەگەڕێتەوە دواوەو هەستیان بۆ رادەگرێت و دەکەوێتە ورتەورت.


- دوێنێ شەویش هەر وابوون، کەس لێیان تێناگات. (لەدڵى خۆیدا).
ئەم پیاوە تاریکە بەلایەکیتر لەماڵەکە نزیک دەبێتەوەو خۆى هەڵدەداتە سەردیوارەکە، بەم مانگەشەوە لەنێو حەوشەکە دوو مەنجەڵ دەبینێت چەند پشکۆیەکیش لەژێریان دەدرەوشێتەوە، لەوآ چەندین قاپ و کەوچکى پیسبووى دواى خواردن دراون بەسەریەکدا، چەند جێگەیەکى دانیشتن لوولکراون و چەند دانەیەکیش لەوێ کەوتوون، لەسەر دیوارە بەرزەکەوە رووەو خوارەوە دەڕوانێ، سەیرێکیترى مەنجەڵەکان دەکات چەندجارێک تف قوتدەداتەوە.


- دوێنێش هەر شەوداوەتیان هەبوو! (لەدڵى خۆیدا).
دواى تێڕامانێکى چڕ بۆ مەنجەڵەکان و بەمەبەستى چوونە ناوحەوشەکە زیاتر خۆى دەخاتە سەردیوارەکە! چەند پارچە خشتێک لەژێر قاچى دەکەونە خوارێ! بێدەنگى دەپۆشێ! کەمێک هەست رادەگرێت! بەئاستەم سێبەرى پاسەوانەکان دەبینێ لەدەرەوە بەرەو حەوشەکە دێن، بەپرتاو خۆى هەڵدەداتە نێوکۆڵان.


ئەم پیاوە وازناهێنێ، بەنێو کۆڵانەکانى دێ رێدەکات خۆى هەڵدەداتە سەردیوارى ماڵێکیتر چەند سەر مەڕێک دەبینێ چەندین شڕکەوپڕکەش لەولاوە کەوتوون، کەمێک بەچڕى سەیردەکات دواتر دادەبەزێتەوە بۆکۆڵان، بەڕۆیشتنەوە سەیرێکى ئاسمانە پڕئەستێرەکە دەکات کەئاماژەیە بۆ درەنگى شەو، لەپڕ دەنگێک دەبیستآ! دواى ئەوە تارمایى دووپیاوى دەست بەچەک دەبینێت، ئەویش رادەکات لەپەناگەیەکى تاریک خۆى دەشارێتەوەو گوێیان بۆ هەڵدەخات!


- وابزانم لێرەوە رۆیشت.
- لەخۆتەوە قسە مەکە، کەسمان نەبینیوە.
- ئەى کە گەڕاینەوە چى بە کاک تەڕەماش بڵێین؟
- هیچ.


ئەم پیاوە ترسنۆکە کەمێک دەلەرزێ! دواى دوورکەوتنەوەى تارماییەکان هەستەکانى قوڵتردەکاتەوە، بەئەسپایى رووەو دەرەوەى گوند هەنگاودەنێ، بەدەم رۆیشتنێکى خێرا بەرلەوەى ناوگوندەکە جێبێڵێت لەوسەرى دێ رووناکییەکى گەورە دەبینێ!


-رەنگە چێشتێکى زۆریان لێنابێت. (لەدڵى خۆیدا).
بەرەو رووناکییەکە روو وەردەگێڕێت، بەپەنا دیوارەکاندا بەخشپەیى وردەوردە دەگاتە ئەوێ، لەمدیو دیوارە نزمەکەوە دەڕوانێتە نێو حەوشەکە، ژنێکى رەشپۆش خەریکى گەشانەوەى ئاگرى ژێر مەنجەڵێکى رەشە، دوو مناڵیش بەدیاریەوە وەستاون و دەگرین، ئاگرەکەش کەمێک رووناکى بەخشیوەتە نێو حەوشەکە.


- مەگرین بەقوربان، وەرن بابچینە ژوورەوە کەمێکیتر دەکوڵێت.
ژنە رەشپۆشەکە دەستى مناڵەکان دەگرآو دەچنە ژوورەوە، ئەویش لەمدیو زۆر بەخەستى چاودەبڕێتە پریشکى ئاوە بەقوڵپ هاتووەکەى نێو مەنجەڵە سەر دانەپۆشراوەکە، کەمێک هەست رادەگرێت سەیرى ئەملاولا دەکات کەس نابینێت تەنها لەپەنجەرەى ئەو ژوورەدا رووناکییەکى کز بەدیدەکات، دواتر زۆر بەئاسانى خۆى هەڵدەداتە سەردیوارە نزمەکەو دەچێتە نێو حەوشەکە.


ئەم پیاوە لاسارە وردەوردە لەمەنجەڵ و ئاگرەکە نزیک دەبێتەوە، چەند قاپ و کەوچکى پاک لەبەردەمى چەند دۆشەکەڵەیەکى بچووک ریزکراون، مەنجەڵێکى بچووکتر لەمەنجەڵە گەرمەکە لەولاوە لەسەرلا کەوتووە، بەهۆى گەرمى و رووناکى ئاگرەکەوە زۆر لەسەرەخۆ سەیرى نێو مەنجەڵى سەرئاگرەکە دەکات! یەکسەر بەهۆى کاردانەوەى شتە کوڵاوەکەى نێو مەنجەڵەکە حەپەساوییەکى زۆر لەسەر روخسارى ئەم پیاوە داماوە بەدیدەکرێت! نازنێ چیبکات! هەرئەوەندە رووەو شوێنێکى تاریکى حەوشەکە رادەکات لەوێوە بەسەرسوڕمانەوە دەڕوانێتە مەنجەڵ و ئاگرەکە.


ئەم پیاوە حەپەساوە دواى چەند ساتێک لەبیرکردنەوەو تێڕامان دەپچڕێت! لەپەنجەرە نیمچە روناکەکەوە گوێبیستى نوزەیەک دەبێت کە لەنوزەى مناڵێکى دایکوباوک مردوو دەچێت! سەربەرزدەکاتەوە چاو دەبڕێتە پەنجەرەکە، زۆر لەسەرەخۆ پێ هەڵدەبڕێ نزیک دەبێتەوە، لەژێر پەنجەرەکە بەئەسپایى سەریرى ناوژوورەکە دەکات! چرایەکى بچکۆلە داگیرساوە، دوو مناڵ لەسەر جێگەیەکى چڵکن دانیشتوون بەکزى دەگرین، لەوکاتەدا دووانیتریش خەبەریان دەبێتەوە ئەوانیش بەشدارى گریانە بەکۆمەڵەکە دەکەن، ژنە رەشپۆشەکە بەگریانەوە هەرچواریان لەباوەش دەگرآو کەمێک بەمشێوەیە دەمێننەوە، مناڵێکیان لەهەموویان بچووکترە چەندجارێک گریانەکانى قوتدەداتەوە دواجار تێکەڵاوى نەرمەکۆکەیەک دەبێت، ژنە رەشپۆشەکە جامێک ئاودەکا بەدەمى تاکو لەوکۆکەیە رزگارى بێت، بەڵام دواى قوتدانى ئاوەکە یەکسەر دەڕشێتەوە.


- دەزانم ناوسکت بەتاڵە بەقوربان. (بەپەژارەوە قسەدەکات).
ژنە رەشپۆشەکە مناڵەکە پاک دەکاتەوە، دواتر هەرچواریان یەک لەدواى یەکتر بەگریانى ژێرلێو سەردەنێنەوە، ئەویش بەهەنسکەوە دایاندەپۆشێت، دواتر خۆى و بێ ئومێدییەکەى سەرسیماى باوەشدەکەن بەئەژنۆکانى و هەربەتەنیشت وردیلەکان فرمێسک هەڵدەڕژن.


ئەم بینەرە دواى بینینى ئەم دیمەنە دڵتەزێنە! لەدەرەوە لەشوێنى خۆى روو وەردەگێڕآو لەژێر پەنجەرەکە هەروەک سڕبووبێت وردەوردە دادەنیشێت، بەسەرسوڕمانەوە دەڕوانێتە مەنجەڵ و ئاگرەکە، بەچەشنێک روانینەکانى چڕدەکاتەوە هەروەک بچێتە نێو پشکۆکان وایە، بەپرتاو هەڵدەستێتەوە دارێکى گڕگرتوو لەژێر مەنجەڵەکە رادەکێشآ، بەوێنەى مەشخەڵ بەرزى دەکاتەوەو بەسەر دیوارە نزمەکەدا رووەو دەرەوەى گوند رادەکات.


شوێن/ گەڕانەوە بەرەو باخ.
ئەم پاڵەوانەى ئەمشەو لەدەرەوەى گوند دەردەکەوێت زۆر بەخێرایى رادەکات، چەند سەگێک دوایدەکەون، بەڵام ئەو بەدەمى نوقاوو چاوى کراوەى ئەبڵەقبوو زۆر بەخێرایى رادەکات، ئەوانیش دواى تاوێک دەگەڕێنەوە، بەراکردنە خێراکەى زیاتر ئاگرەکە دەگەشێتەوە، جارجارە گەرمییەکە لەخۆى دووردەخاتەوە زۆربەى کاتیش بەنیازى گەیشتن بەئاواتێک بەوێنەى مەشخەڵ بەرزى دەکاتەوە، بەمشێوەیە سات لەدواى سات ماوەى نێوان گوندو باخەکە دەبڕێت، بەهەناسەبڕکآ دەگاتەوە جێ و بەتەنیشت کەپرەکە هەڵوێستەیەک دەکات! دارە گڕگرتووە گەشاوەکەى بەرزڕاگرتووە روو وەردەگێڕێت لەدوورەوە سەیرى گوندەکە دەکات، چەند هەناسەیەکى قووڵ هەڵدەمژێت و دارە بەگڕەکە فڕێدەداتە سەرکەپرەکەو هەر بەڕاکردن بۆى دەردەچێت.


شوێن/ هاتنەوە بەرەو گوند.
ئەم پیاوە ماندووە بەهەمان ڕاکردن بەرەو گوندەکە دێتەوە، دووبارە سەگەکان بەرەو رووى دەچن، ئەویش بەئومێدى کارێکى سەرکەوتوو هیچ گوێیان پێنادات بەردەوام دەبێت لەڕاکردن، ئەوانیش بەوەڕین چەندین هەنگاوى خێرا تاکو ناوگوند دواى دەکەون دواتر وازى لێدێنن، ئەویش بەرلەوەى کەس بیبینێت خۆى دەگەیەنێتە شوێنێکى تاریک لەنزیک ماڵە بەپاسەوانەکە بەچیچکانەوە دادەنیشآ و پشت دەداتە دیوارێک، یەک لەدواى یەک پشوو بەهەناسە ماندووەکەى دەدات، لەدوورەوە کەپرە گڕگرتووەکەى لێدیارە، بۆ ماوەیەکى کەم بەمشێوەیە دەمێنێتەوەو خەریکە لەنێو خەیاڵەکانیدا وندەبێت.


ئەم پیاوە خەواڵووە لەناکاو لەگەڵ هاتوهاوارو ژاوەژاوى خەڵکى ناوگوند رادەچڵەکێت، وردەوردە دەنگەکانیان زیاد دەبن و لەبەردەمى ماڵە بەپاسەوانەکە کۆدەبنەوە، پاسەوانەکان و خەڵکى ئەم ماڵەش لەبەردەرگا کۆمەڵە دەبەستن و تێکەڵاوى خەڵکى ناودێ دەبن، دوو مقۆمقۆیان تێدەکەوێت، دوو ئافرەتى پۆشتە دیارە کەیبانووى ئەو ماڵەن لەپشتى پاسەوانەکان لەنێو دەرگاى حەوشەکە دەوەستن و سەیرى ناو خەڵکەکە دەکەن، ئەویش لەو تاریکییەوە تێیان دەڕوانێ و چەندین جار گوێى لەوشەى (کەپرەکە سوتا، کەپرەکە سوتا، بابچین بیکوژێنینەوە) دەبێت، دواى چەندساتێک پیاوێکى پۆشتەو دەست بەچەک لەنێو خەڵکەکە بەرەو کەپرە گڕگرتووەکە دەردەپەڕێت و ئەوانیتریش تێکڕا بەدوایەوە، سەگەکانیش بەوەڕین دوایان دەکەون.


ئەم پیاوە تەنیایە لەدواوە دەڕوانێتە راکردنى خەڵکەکە، سات لەدواى سات ناودێ چۆڵدەبێت، بێدەنگى، واقوڕمان، هەناسەڕاگرتن، چڕکردنەوەى سەیرکردنەکان، دواى دڵنیابوون لەچۆڵبوونى دەوروبەر هەڵدەستێتەوە لەسەرەخۆ لەدەرگاى ماڵە بەپاسەوانەکە دەچێتە نێو حەوشەکە، هیچ پشکۆیەک لەژێر مەنجەڵەکان نابینرێت، سەیرى ناومەنجەڵى یەکەم دەکات یەکسەر بەرەو ئەوەى دووەم دەچێت، پەنجە بەرەو لێوارى مەنجەڵەکە دەبات و دڵنیا دەبێت لەساردبوونەوەى، بەهەردوو دەست مەنجەڵەکە هەڵدەگرێ دێتەدەرەوە بەنێو کۆڵانەکاندا بەخێرایى دەڕوات، دەگاتە بەردەمى ماڵى ژنە رەشپۆشەکە سەیرێکى چواردەورى خۆى دەکات و دەچێتە نێو حەوشەکە، ئاگرى ژێر مەنجەڵەکە کزبووە تەنها پشکۆکانى ماون، مەنجەڵە دزراوەکە هەڵدەرژێتە نێو مەنجەڵە ساردو بچووکەکەو بەتەنیشت مەنجەڵە گەرمەکە دەیخاتە سەر ئاگر، بەبێدەنگى بەدیار ئاگرەکەوە دەوەستآ، سەیرى مەنجەڵە دزراوەکە دەکات چەند پلەگۆشتێکى تیاماوە، سەیرێکى مەنجەڵە گەرمەکەى پێشوو دەکات! هەست رادەکرێت لەدەرەوەى گوند گوێى لەدەنگى خەڵکە گەڕاوەکەى نێو باخ دەبێت، بۆ دواجار سەیرێکى پەنجەرە نیمچە رووناکەکە دەکات و پەلامارى مەنجەڵە دزراوەکە دەدات بەهەمان راکردنى پێشوو رووەو دەرەوەى گوند دەردەپەڕێت.


شوێن/ گەڕانەوە بەرەو باخ.
ئەم پیاوە بەهێزە لەدەرەوە دەردەکەوێت بەمەنجەڵەکەى دەستى زۆر بەخێرایى رادەکات، هەنگاوبەهەنگاو گوندەکە جێدێڵێت، هەربەڕاکردنەوە لەدوورەوە سەیرى خەڵکەکە دەکات بەرەو گوندەکە دەگەڕێنەوەو سەگەکانیش بەوەڕین بەدوایانەوەن، دواى ماندوبوونێکى زۆر دەگاتەوە نێو باخەکەو بەچاوێکى پڕ لەگریان مەنجەڵەکەى دەستى دەخاتە سەر چەند پشکۆیەک کە لەدواى سوتانى کەپەرەکەو کوژاندنەوەى لەلایەن خەڵکەکەوە ماوەتەوە.


شوێن/ ناوگوند، ماڵى ژنە رەشپۆشەکە .
حەوشى ماڵى ژنە رەشپۆشەکە دەردەکەوێت، خەریکە مەنجەڵە گۆشتەکە لەسەر پشکۆکان قوڵپ دەدات، روئیاى خوێنەر بەسەر مەنجەڵە گەرمەکەدا لەپەنجەرە بچووکەکەوە دەچێتە ژوورێ، ژنە رەشپۆشەکە دانیشتووەو زۆر لەسەرەخۆ بۆنەکەى دەرەوە هەڵدەمژێت، هەڵمژین دواى هەڵمژین....زەردەخەنە دواى زەردەخەنە....زیاتر روخسارى دەگەشێتەوە، بەرەو دەرەوە رادەکات، سەیرى هەردوو مەنجەڵەکە دەکات.


- من یەک مەنجەڵم خستبووە سەر ئاگر! (لەدڵى خۆیدا).
نزیک دەبێتەوە، دەچێتە سەر مەنجەڵە بچووکەکەو بۆنەکە هەڵدەمژێت، سەیرێکى ئاسامان دەکات بەوێنەى دوعاکردن، بەڕاکردن دەگەڕێتەوە ژوورەوە مناڵەکان خەبەردەکاتەوە، ئەوانیش بەگریانەوە هەڵدەستن، دەستیان دەگرێ دەیانباتە دەرەوە، مناڵەکان بەپەرۆشەوە بۆنى گۆشتە کوڵاوەکە هەڵدەمژن، ژنە رەشپۆشەکە مەنجەڵە گەورەکەى یەکەم رادەکێشێتە ئەولاو هەڵیدەڕژێت پڕە لەبەردو ئاوى لەکوڵهاتوو، زەین و چاوى مناڵەکانیش لەنێوان بەردە رژاوەکان و بۆنى گۆشتە کوڵاوەکە ئەملاولادەکات! دواتر ژنە رەشپۆشەکە دەستى مناڵەکان دەگرێ و هەرچواریان بەدیار ئاگرەکەوە دادەنیشنێ، مەنجەڵە بچووکەکە رادەکێشێتە بەردەمى خۆى دەستدەکات بەتێکردن، یەک لەدواى یەک قاپە گۆشتەکان دەداتە دەست مناڵەکان، ئەوانیش وردیلە وردیلە هەروەک باوەڕ بەم دیمەنە نەکەن بۆ یەکترى پێدەکەنن و دەستدەکەن بەخواردن.


دەنگەدەنگ لەنێوگوند دەبیسترێت، مناڵەکان لەگەڵ گۆشتخواردن گوێ هەڵدەخەن، بەڵام هەر بۆیەکتر پێدەکەنن، ژنە رەشپۆشەکەش لەگەڵ دەنگەکاندا قەرەباڵغى خەڵک دەبینێ بەنێو کۆڵاندا دەڕۆن، بەڵام جێگاى گرنگى پێدان نین بۆیە لەگەڵ مناڵەکان بەردەوام دەبێ لەخواردن و لەگەڵ دەستهێنان بەسەرى مناڵەکاندا سەیرى بەردو ئاوە رژاوەکە دەکات.


شوێن/ ناو باخ لەدەرەوەى گوند.
ئەم شەومێردە لەنێو باخەکە دەرکەوێت، بەپێوە بەدیار مەنجەڵەکە وەستاوە، بەپشدێنەکەى فرمێسکەکانى دەسڕێت و بەهەمان پشدێن مەنجەڵەکە دەگرێ و رایدەکێشێتە بەردەمى خۆى، سەیردەکات ئەو چەند پلەگۆشتە زۆر بەچاکى گەرم بونەتەوە، چوارمشقى دادەنیشێت گۆشەى بینینەکانى خستۆتە سەر گوندەکە، لەتەنیشت خۆیەوە دەستدەبات بۆ مەنجەڵەکە چەند پلە گۆشتێک دەخاتە دەمى، پاشان ئەوەى دەمێنێتەوە دەیخاتە نێو پشدێنەکەىو گرێى دەدات، مەنجەڵەکەش لەوآ جێدێڵێت، بە پشدێنە پڕ گۆشتەکەى دەستى هەڵدەستێتەوە بەهەمان ئەو رێگەى لێوەى هاتبوو دەگەڕێتەوە، ئاوڕێک بۆ گوندەکە دەداتەوە لەسەرەخۆ پێدەکەنێ و دەبێتە ستیلى کۆتایى.
تایتڵى کۆتایى.

____________________________________
* ئەمە شێوە داڕشتنێکی تایبەتی خۆمەو بە (سکرین چیرۆک) ناومناوە.

 

سلێمانى 2011
burhan60jola@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک