په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١١

سکرین چیڕۆک:

سەفەری سنوور.

 

بوڕهان جۆڵا

سەرەتا.

شوێن/ ماڵەوە.
کات/ شەو.


لە ژوورە چڵکنەکەدا هەردووکیان لەسەر سیسەمە شڕەکە پاڵکەوتوون، سەر و ناوشانیان لەسەر سەرینەکە داناوە، رەنگیان سپى هەڵگەڕاو و چاوەکانیان کەمێک چووە بە قووڵا، بە یەکەوە سەیرى بنمیچە گەڕەکە دەکەن و واقیان وڕماوە، سیسەمێکى بچکۆلەى مناڵانیش بە تەنیشت ئەوەى خۆیانەوەیە، مریەم پەرداخێکى بەتاڵى بە دەستەوەیە، لەپڕ لە لایەکى سیسەمەکە دایدەنێ، روو لە مێردەکەى دەکات.


- یونس....هەستدەکەم چەند رۆژێکە خواردنمان نەخواردووە!
- منیش هەستدەکەم گێژم! تۆش ئەوەندە ئاو مەخۆرەوە بە قوربان، با ئەوەندە نەڕشێیتەوە.
- (زیاتر نزیک دەبێتەوە) لەم ماڵەدا دەڵێى بەندکراوین! نازانم بۆ ناچینە دەرەوە؟!
- (لەبۆنى دەمى ژنەکەى بێزارە و دووردەکەوێتەوە) مریەم گیان توخوا کەمێک دوور بکەوە، بۆنى رشانەوەت لێدێت.


مریەم کەمێک زویر دەبێت و روودەکات بەودیودا، لەپڕ تاقە کوڕەکەیان کە تەمەنى نزیکەى نۆ ساڵێکە، بە رەنگێکى سپى و هەڵبزرکاوەوە خۆى دەکات بەژوورا، بە خێرایى دەرگاکە بە دواى خۆیدا دادەخاتەوە، بە یەک قەڵەممباز خۆى هەڵدەداتە سەرسنگى باوکى و خۆى گرمۆڵە دەکات، بە هەردوو دەست چاوەکانى دەگرێت، باوکیشى توند باوەشى پیادەکات.


- مەترسە بە قوربان مەترسە، (بە پێکەنینەوە) چییە دیسان.... باپیرەت بینى؟
- باوکەەەەەەەەەەەە.... بە خوا باپیرە وازم لێناهێنێ! وتى ئەمڕۆ قسە لەگەڵ دایک و باوکت دەکەم.
- (ماچى دەکات و پێدەکەنێت) کوڕى خۆم، مەترسە.
- باوکە.... شەهید یانى چى؟


مریەم بەسەر سوڕمانەوە و کەمێکیش بە هۆى پەستبوون لە قسەکانى مێردەکەى، سەیرى کوڕەکەى دەکات، کەمێک بۆى هەڵدەستێتەوە، دەستى دەگرێت و دەیەوێت بەرەو لایخۆى رایبکێشێت، بەرلەوەى قسەى بۆ بکات، یونس رێگەى لێدەگرێت.


- مریەم گیاااان.... (لێوەکانى دەگەزێت، بەدەست و بە چاونوقاندن ئاماژە بۆ وازلێهێنانى دەکات).
- (بە توڕەییەوە) ئاخر چۆن کامۆ دەتوانێ مردوو ببینێت؟!.... ئەوا چەند شەوێکیشە لەسەر جێگەکەى خۆى ناخەوێت!


لە دەرەوە
باپیرە نابینرێت، بەڵام لە حەوشەکەوە، لەودیو پەنجەرە گەڕەکەوە ناو ژوورەکە دەردەکەوێت، بە واتا سەیریان دەکات، تەنها دەنگى موزیک دەبیسترێت، جوڵاندنى دەمى مریەم و بەرز و نزمى دەستەکانى ئاماژەى قسەکردن و لێکۆڵینەوەى ترس و دڵەڕاوکێى کوڕەکەیان نیشان دەدات، یونس-یش باوەشى کردووە بە مناڵەکە و هەر بە پاڵکەوتنەوە سەیرى دەمى ژنەکەى دەکات، لەپڕ مریەم بەدەم قسەکردنەوە زۆر بە توندى دەڕشێتەوە، کەمێک جلەکانى خۆى و بەشێکى زۆرى سەرجێگا و جلەکانى کوڕ و مێردەکەى بە ئاوێکى زەردباو پیسدەکات.


لە ژوورەوە

دواى ئەو بێدەنگییە موزیک دەپچڕێت و یونس دەکەوێتە قسەکردن:


- ئۆف مریەم، ئۆف لەدەست تۆ....ئەم رشانەوەیە نابڕێتەوە.


چى بکەم یونس گیان؟! بە دەست خۆم نییە.


یونس بەو جلە پیسانەوە هەڵدەستێتەوە، کوڕەکەى لەسەر سیسەمەکە پاڵدەخات و دێتە بەردەمى کانتۆرەکە، بە دەم خۆڕووتکردنەوەوە سەیرێکى مناڵەکەى دەکات کە لەسەر سیسەمەکە خۆى لولکردووە و هەردوو دەستى لەسەر چاوەکانى داناوە، مریەم دێتە بەردەمى یونس، بە دەم کردنەوەى کانتۆرەکەوە لەنێو ئاوێنەى دیوى ژوورەوەى سەردەرگاکە هەردوو سیسەمەکە دەبینێت، بەڵام کامەران-ى بەرچاو ناکەوێت! دەستێک بەدەموچاوى خۆیدا دەخشێنێ، خۆشى لەنێو ئاوێنەکە دیارنییە! بە پرتاو و سەرسوڕمانەوە ئاور بۆ سیسەمەکان دەداتەوە، کامۆ لەوێ پاڵکەوتووە، لەژێر دەستەکانییەوە رووەو پەنجەرەى ژوورەکە دەڕوانێت، دایکیشى سەیرى دەکات و زەردەخەنەیەک دەبەخشێت:


- کامۆ گیان بە قوربانت بم ئێستا جلەکانت دەگۆڕم، (روودەکاتە مێردەکەى) یونس گیان داواى لێبوردن دەکەم بە دەست خۆم نییە، خۆشم لەم رشانەوەیە بێزارم.
یونس بە تەنها دەرپێیەک لەبەردەمى کانتۆرەکە وەستاوە، جارجارە سەیرى کامەران دەکات، چاوەڕێى مریەم-یش دەکات جلى پاکى بۆ دەریهێنێ.


- کامەران وەرە خۆت بگۆڕە بە قوربان....مەترسە، (هاواردەکات) چاوت بکەرەوە بە قوربان....بەسە ئیتر.


مریەم بەرامبەر کانتۆرەکە وەستاوە، بەدەستەکانى دەرگاى کانتۆرەکەى گرتووە، بەڵام رووى لە یونس کردووە، ئاوڕێک بۆ کامەران-یش دەداتەوە.


- (دەست لەسەر چاوەکانى لادەبات) بە خوا باوکە گیان دەترسم، ئێستا لە پەنجەرەکەوە باپیرەش وتى چاوت بکەرەوە.
- (بە هاتوهاوارەوە) دە بەسە ئیتر کەرباب، بێزاربووم.... بیست ساڵ زیاترە باوکم مردوە، چۆن مردوو دەبینرێت؟!
- یونس گیان تۆ خۆت بگۆڕە، واز لە کامۆ بێنە، ئێستا خۆم جلەکانى دەگۆڕم.


مریەم ئاوڕێک بۆ ناو کانتۆرە دوو تاکییەکە دەداتەوە! حەپەساوییەکى زۆر لەسەر دەموچاوى دەبینرێت، کەمێک بیێدەنگ دەبێت، یونس بە هەمان تووڕەبوونەوە ئاورێک بۆ مریەم دەداتەوە، کانتۆرە بەتاڵەکەى دەکەوێتە بەرچاو، دەموچاوى ئەویش بە پەردەى حەپەساوى دادەپۆشرێت، هەردووکیان بەیەکەوە ئاوڕ بۆ یەکتر دەدەنەوەو بەیەکەوە پرسیار لەیەکتر دەکەن.


- کوا جلەکانمان؟!
- کوا جلەکانمان؟!


کامەران سەیریان دەکات، لەسەر سیسەمەکە بەرزدەبێتەوە و دێتە بەردەمیان، بە چرپە بانگیان دەکات، ئەوانیش لەبەردەمیدا لەسەر ئەژنۆ دادەنیشن و دەست دەکەنە ملى، گوێچکەى خۆیانى بۆ نزیک دەکەنەوە.


- (بەچرپەوە) ئەى لەسەر شاخەکە هەردوو جانتا جلەکانیان فڕێنەدایە خوارەوە؟! (بە چرپەیەکى نزمتر) باپیرە وتى ئێستا دێمە ژوورەوە.


مریەم و یونس یەکسەر هەڵدەستنەوە سەرپێ و بە حەپەساوەییەوە سەیرى یەکتر دەکەن، سکرینى خەیاڵیان ڵێڵ دەبێت و دەگەڕێنەوە رابردووى چەند رۆژێک بەر لە ئێستا.....

********

شوێن/ سنوور.
کات/ عەسر.


لە لۆکەیشنى روئیادا، لەسەر سنوور مۆڵگەیەکى سەربازى دەردەکەوێت، ماشێنێکى سەربازیش لەوێ وەستاوە، وردە وردە زومى بینین لەسەرەوە بەرەو مۆڵگەکە نزم دەبێتەوە تادەچێتە ناوەوە، ئەم دایک و باوکەو کوڕە بچکۆلەیە لەسەر ئەرزى مۆڵگەکە دانیشتوون، دوو جانتاى پڕ لەجلوبەرگیش لەولاوە هەڵڕژاوە، بەرپرسەکە لەسەر کورسییەک دانیشتووە، مشتەکۆڵەیەک دەکێشێت بەمێزە شڕەکەى بەردەمى:


- درۆ دەکەن.... ئێوە خانەوادەى پێشمەرگەن، بۆیە بەقاچاغ بەم سنوورەدا دەڕۆن.
- ئێمە بۆ کاروکاسبى هاتووین، ئێستاش دەگەڕێینەوە بۆ وڵاتى خۆمان.
- کوڕى کەر ئێرە سنوورە.... پێناسەشتان پێنییە.


یونس بە دەموچاوێکى ئەبڵەقەوە سەیرى بەرپرسەکە دەکات، دواتر بە هەمان دەموچاو ئاوڕ بۆ ژن و مناڵەکەى دەداتەوە، بەرچاوى ڵێڵ دەبێت و دەچێتە نێو خەیاڵەوە:

********

شوێن/ نێوشار.
کات/ ئێوارەیەکى درەنگ.


خۆى و مریەم و کامۆ لەنێو ماشێنەکە دانیشتوون بەنێو شاردا دەڕۆن، یونس قسە بۆ شۆفێرەکە دەکات:


- لەو دیوەوە هاتووین، هیچ شوێنێک شارەزانین.
- هاااااااااا....؟! خەڵکى ئەودیو سنوورن.... (بیر دەکاتەوە).
- بەڵێ.... نزیکەى سەعاتێکە گەیشتووین.


شۆفێرەکە یەکسەر پێچ بەماشێنەکە دەکاتەوە، بەنێو چەند کۆڵانێکدا دەڕوات، لەپڕ دەوەستێت و دادەبەزێت، یەخەى یونس دەگرێت رایدەکێشێتە دەرەوە، هەرچى پارەو پێناسەى هەیە لێیدەسەنێت، دواتر مریەم و کامەران دەکاتە دەرەوە، هەردو جانتا جلەکانیش فڕێدەداتە سەر ئەرزەکە و بەرەو ماشێنەکە دەڕوات.


- (هاوارى بۆ دەکات) بۆ وامان لێدەکەیت؟ خۆ ئێمە میوانى ئێوەین.
- لەبیرمە لەجەنگە شومەکەى نێوانماندا، ئێوە براى منتان کوشت.


هەرسێکیان بە حەپەساوییەوە سەیرى رێوڕۆیشتنى شۆفێرەکە دەکەن تاکو وندەبێت، دواتر سەیرى یەکتر دەکەن، یونس کەمێک تف قووت دەداتەوەو هەردوو جانتا جلەکە هەڵدەگرێت.

********

شوێن/ سنوور.
کات/ عەسر.


- درۆ دەکەیت، باوک سەگ.... بیخەنە سەر ئەو کورسییە.


چەند سەربازێک یونس دەگرن و توند لەسەر کورسییەک دەیبەستنەوە، بەرپرسەکە دەست درێژدەکات بۆ نێزەیەک کە لەبنمیچى مۆڵگەکە گیرکراوە، سەربازێکى درێژ سەیرى شوێنى دەستى دەکات، نێزەکەى بۆ دەهێنێت و دەیداتە دەستى، ئەویش لێى وەردەگرێت و لەپشتى یونس دەوەستێت، بەقژ سەرى بەرزدەکاتەوەو دەکەوێتە هەڵکۆڵینى چاوەکانى، دواى فیچقەکردنى خوێن لەسەر دەموچاوى یونس! کامەرانى بچکۆلە دەبوورێتەوە، مریەم-یش بەگریان و قیژاندنەوە خوێن دەیگرێت و زۆر بەتوندى دەڕشێتەوە، بەرپرسەکەش بەردەوامە لەسەر لەتوپەتکردنى دەموچاوى یونس تاکو گیانى دەردەچێت، دواتر نێزەکە دەداتەوە دەست سەربازەکەو بەدەستە خوێناوییەکەوە ئاماژە بۆ سەربازێکیتر دەکات، ئەویش جگەرەیەکى بۆ دادەگیرسێنێ، سەربازە درێژەکەش نێزەکە دەخاتەوە شوێنى خۆى، ئەویش بەدەم جگەرەکێشانەوە دێتە دەرەوەى مۆڵگەکە دەوەستێت.


مریەم لەڕشانەوە گریان بەردەوامە، چەند سەربازێک بەراکێشان مریەم دەبەنە دەرەوە بۆ ناو ماشێنە سەربازییەکە، کابراى بەرپرسیش لە بەردەرگا وەستاوە و جگەرە دەکێشێت، بەدوایاندا دەچێتە ناو ماشێنەکەوە، هەمان دەستە دەگەڕێنەوە بۆ نێو مۆڵگەکە، هەردوو جانتا جلەکە هەڵدەڕژنە ناو گوێنییەکەوە، تەرمى یونس-یش لەسەر کورسیەکەیە و ملى بەپێشدا کەوتووە، لەوکاتەدا لەدەرەوە قیژەى مریەم بەرزدەبێتەوە! کامەران لەژوورەوە لەنێو سەربازەکاندا وەئاگادێتەوە! ترسێکى گەورەش لەسەر دەموچاوى دەردەکەوێت! سەربازەکان وەکو سەگەل چواردەورى ئەو مناڵە دەگرن، چەند شەقێک دەگرنە قاچ و سک و پشتى، بۆ چەند ساتێک بەردەوامدەبن لە ئازاردانى ئەو مناڵە بێکەسە، لەپڕ بە گەورەیى قیژەى دایکى دەبیستێت، کامەران لەکاتى لێدان و لەژێردەستى سەربازەکاندا گوێ هەڵدەخات بۆ قیژەى دایکى! لەناکاو دەنگى چەند فیشەگێک دایدەچڵەکێنێت، سەربازەکان لە لێدانى کامەران دەوەستن و سەیرى یەکتر دەکەن، یەکێکیان دەستى کامەران دەگرێ و لەگەڵ گوێنییە جلەکە دەیباتە دەرەوە.


لە دەرەوە ئەو سەربازە دەستى کامەران-ى گرتووە، گوێنییەکەش بەدواى خۆیدا رادەکێشێت، بەلاى تەرمى مریەم-دا کە بەتەنیشت ماشێنەکە کەوتووە تێدەپەڕن، بەرپرسەکەش بەرەو دەرگاى مۆڵگەکە دەگەڕێتەوە، کامەران بەدەم رۆیشتن بە گریانەوە ئاوڕ بۆ تەرمى دایکى دەداتەوە تا دەگەنە سەر بەرزاییەکە، سەربازەکە لەوێ گوێنییە جلەکان فرێدەداتە خوارەوە.


لە نزیک مۆڵگەکە، چەند سەربازێک هەردوو تەرمى یونس و مریم-یان هەڵگرتووە، بە هەمان ئاڕاساتەى رۆیشتنى کامەران رێدەکەن، بەرپرسەکەش لەبەردمى مۆڵگەکە وەستاوە و سەیریان دەکات، خەریکى پاککردنەوەى دەستە خوێناویەکانیەتى، جگەرەیەکى بەدەمەوەیە، مژێکى لێدەدات و دواى کەمێک لەگەڵ دەنگى چەند فیشەکێک ئاوڕ بۆ شوێنى کامەران دەداتەوە.

********

شوێن/ ماڵەوە.
کات/ شەو.


سکرینى خەیاڵى مریەم و یونس روون دەبێتەوە، بەحەپەساوەییەوە سەیرى یەکتر دەکەن! مریەم و یونس وردە وردە بەتەنیشت کامۆ لەسەر ئەژنۆ دادەنیشنەوە، هەرسێکیان دەستدەکەنە ملى یەکتر، چاویان داخستووە و لەسەرەخۆ دەگرین، دواتر دەنگى کردنەوەى دەرگاى ژوورەکە دەبیستن، کامەران کە رووەو دەرگاکەیە چاوەکانى دەکاتەوە.


- ئەها باوکە، ئەوەتا باپیرە!
- (لەگەڵ ژنەکەى هەڵدەستنەوە سەرپێ، بە حەپەساوییەوە سەیرى باوکى دەکات) باوکەەەەە!!!! تۆۆۆۆۆ!!!!
- (باوەش دەکات بە مێردەکەى) یونس! دەترسم.
- (باپیرە بە جڵێکى کۆنەوە لە بەرامبەریان وەستاوە) مەترسن.... پێشتر بە کامۆ-م و تووە، ئێوە بێتاوان کوژراون، بۆیە هەرسێکتان شەهیدن.


کامەران سەر بەرزدەکاتەوە بۆ دایک و باوکى، ئەوانیش سەیرى کامەران دەکەن، دەینووسێنن بەخۆیانەوە، ورد ورد دەگرین، مریەم ئاوڕ بۆ ئاوێنەى کانتۆڕەکە دەداتەوە، کەسى تیا نابینێت.

کۆتایى.


سلێمانى ٢٠١١
burhan60jola@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک