په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٨\٢٠١٢

    سەفەرنامەی تەمەنێکی موسافیر،

    نووسینێک کە تەواو نابێت.....

شوان عوسمان

''سه‌فه‌ر ئه‌گه‌ر به‌رەڵاکردنی جه‌سته بێت، سەرخۆشکردنی رۆحیشه‌ له‌ ئاسووده‌ییەک''.

 

 

 

من هەرچەند ئەگەڕێم،
رێیەکان زیاتر بە دوام ئەگەڕێن...

ئەوان لەگەڕانم دان،
ئەوان بە دوامدا ئەکەون و
لە گەڕان ناکەون...
تا گەریدەیەکی سەفەر هەبێت،
ئەوان بێ پێ نابن،
پێ دەرئەدەن پێیان لێ ئەڕوێت...
تا منیش هەبم رێگا تەواو نابێت،
بە دوای رێگا و بە دوای پێکانم ئەکەوم...
منیش تا رێگایەک هەبێت لە گەڕانم نابم،
لە گەڕاندا ئەبم،
لە گەڕان ناکەوم...
من تا توولە رێیەک لە دونیادا هەبێت،
بمباتە سەر دووریانێک لە سەفەر،
بێ پێ نابم...
تا پێیەکم هەبێت،
پێیەکم پێلاوێکی دە پێ دابێت،
هەزار پێم لێ ئەڕوێت،
هەزارەها هەلدێر وخەڕەند،
ئەبنە رێگاو رێم...
رێ دێت و پێ بنی نایەت،
پێ دێت و من بنم نایەت،
من دێم و رێ بنی نایەت،
رێیەک دێت و سەفەر بە من ئەکات...
پێ دێت و رێیەکان دێن و
رێیان لێ ئەبێتەوە..
من دێم و خەون ئەزێت،
سەفەر دەست پێ ئەکات...
ئەکەومە رێو رێ دوایی نایەت،
پێ دوایی نایەت،
من دواییم نایەت...
رێیەک لە پێیەکانم ئەگەڕێت،
تا بیکاتە پێ...
پێم لە رێیەک ئەگەڕێت،
تا بیکاتە رێ...
من بە پێیەکانم چەند ئاسوودەم،
کە بە رێیەکاندا رەت ئەبم،
وەکو گەریدەیەکی ئاسوودە...
رێیەکان بە پێیەکانم چەند بەختەوەرن،
کە بە مندا رەت ئەبن،
بەختەوەرم ئەکەن..
ئەگەڕێم و ئەڕۆم،
تا پێیەکم هەبێت سەر لە رێیەک دەربکات،
یان دەرنەکات....
گرنگ ئەوەیە رێیەکم هەبێت،
تا پێیەکەی ترم ئەکەوێتە رێ،
بە رێیەک خۆی سەرئەخات..
تا شوێنێک دیاری ئەکەم بۆ مانەوەی پێکانم،
لە شەقاونانیان لە رۆیین،
هەنگاونانی پێڵاوەکانم...
ئاخ پێڵاوەکانم...
چەند دڵخۆشن بە رۆیین،
چەند خۆشرۆن بە رێگایەکی تازە،
چەند تیژڕەو و چەند خۆشڕەون...
بە خاکێکدا ئەڕۆن،
کە مانای راوەستان نازانن،
من مانای راوەستان نازانم..
تا لە رێیەکدا دەرئەچم،
بە رێیەکی تردا رائەچم...
پێیەکم ئاسەواری رۆیینێکی دیکەی،
لێ دەرئەچێت..
تا لەو هەوارە بێ شوێنەدا،
شوێنپێیەکم بمێنێتەوە..
تا خۆم بمێنم و
بمێنمەوە..
رێیەکان وەکو شوونبزرێک،
بە دوای شوونی گۆڕغەریبی مندا،
سەرهەڵئەگرن،
شوونم هەڵئەگرن...
جێیەکانیش بە بزر بوونی من،
شوونبزرم ئەکەن...
من بە جێیەکاندا وەکو ئاو ئەخزم،
وەکو ئاو رووئەچم...
تا جێ پێیەکم بە سەر شوێنەکاندا،
بمێنێتەوە..
تا وەکو بەفرێکی سپی بمێنم،
نەک وەکو ئاو رەش ببمەوەو
وەکو ئاو بتوێمەوە...
تا لە زاکیرەدا نەتوێمەوە،
لە ناو نەچم..
من چەند وێلم بە دوای گەڕاندا،
گەڕانێک کە ئاسەواری بزری من،
بزرتر نەکات..
منێک هەمیشە لە ناو بزر بووندا،
بزرم،
نەگەڕان بزرترم ئەکات...
من هەمیشە وەکو شەوگەڕ بە گەڕانێک ،
دائەگەڕێم...
لە ئاوێنەیەک ئەگەڕێم،
تا وێنەیەکی رەش و سپی خۆمی تێدا ببینمەوە...
تا بزر نەبم...
من ناهێلم بزر بم..
بەرلەوەی ئەو سەفەرە تەواو بێت،
من بیر لە سەفەرێکی دیکە ئەکەمەوە...
سەفەر کە هەمیشە سەرەتایەکی منە و
لاپەڕەی تەمەنم هەڵئەداتەوە....
سەفەری منە،
بۆ دەستپێکردنەوەم،
تا دەستپێکەمەوە...
تا خۆم نوێ کەمەوە...
خۆم لە ونبوونێک دەربێنم،
رۆحم لە توانەوەیەک راپسکێنم...


٢٧
\٧\٢٠١٢ - نەرویج / دالێن
ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک