په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٦\٢٠١٤

سەگبوونی عەوڵا سەگ لە رۆمانی عەوڵاسەگدا.


یاسین برایم      


ئەو ژنە جوانەی بێ شووکردن منداڵێک دێنێتە دونیا ، لە ترسی ڕۆحی خۆی و ئابڕووچوونی پەنا بۆ ئاغایەکی چڵکن و پیس دەبات تا هەم لە ژێر سێبەری ئاغاو هەم دوور لە دەسترێژی خێزانەکەی. ئەو وەک مرۆڤێکی خاوەن هەڵەوپەشیمان لەو کارەی لە گەڵ عاشقەکەی ئەنجامی داوە و دەکەوێتە ژیانێکی دۆزەخی و چارەنووسێکی نادیار. عەوڵا وەک منداڵێکی بێ باوک پەرەوەردە دەکات بۆ بەرزکردنەوی سەری خۆی و دروستکردنی ناوێکی پیرۆزتر لەو ناوەی بەسەری دابراوە منداڵەکەی دەنێرێتە مزگەوت ، تا لە ئایندەدا ببێتە مەلایەکی باش، بەڵام ئەو خەونەی نایتە دێ و شەرێکی منداڵانە ئەم ژیانەی لێ دەکاتە دۆزەخ.

 

نهێنی زۆڵ بوونی عەوڵا درێَژە ناکێشێت ، ئاخر لە گوندیک چۆن ئەم شتە دەشاردرێتەوە !ڕۆژێک فەقێیەکی هاوڕێی پێدەڵێت تۆ ئەگەر ببیتە مەلای دوازدە عیلم بە مەلا زۆڵ ناوت دەبەن ، ئەویش تا هێزی هەیە زەللەیەکی لێ دەدات .دایک و باوکی منداڵەکە سکالا دێنە لای مەلای مزگەوتەکە ،مەلاش دەست بە جێ عەوڵا دەردەکات و ئەویش بە دڵێکی شکاو و کۆڵێک خەم و خەفەت دێتەوە ماڵ.پرسیاری باوکی خۆی دەکات و دایکیش بەرگەی ئەمە ناگرێت و دەزانێ کار لە کار ترازاوە سەرئەنجام خۆی دەسوتێنێت و ڕۆژێکی ڕەش وەک بەختەکەی خۆی بۆ عەوڵای کوڕ بەجێدێلێ. ئەمە ئەم چیرۆکە بچووکەیە لە سەرەتایی رۆمانی (عەولا سەگ١)خراوەتەروو.ئیدی کێشەو رووداو و ماڵوێرانیەکان بە دوای خۆی دێنێت.

 

لەم رۆمانەدا دەبینین زەللەیەک منداڵێک لە خوێندن و هیواو خەون دەتۆرێنێ زەللەیەکی منداڵانە تاوانێکی لێ دروست دەبێت و منداڵێک بێ دایک و لانە دەکات. زەللەیەک ژیانی منداڵێک ڕەش دەکات و بۆهەتاهەتایە دەیکاتە مرۆڤێکی تاوانبار و سووک و بێنرخ . کۆمەڵگا منداڵێک ریسوا دەکات و ژینگەیەکی بۆگەنی بۆدەستەبەر دەکات و ئافرەتێک کۆمەڵگا ومرۆڤەکانی بە زیندووی ریسوای دەکات و بە مردوویش جێگای رێز نییەو بێ پرسەو بێکەس وکاروبێ شین و گریان تەنانەت ناهێلن تەرمەکەشی لە گۆڕستان بنێژرێت و دوو مەتری زەوی پێرەوا نابیین تەنها لە بەر ئەوەی منداڵێکی زۆڵی بووە.

 

کەسێکی وەکو باوکی نەسرین ناهێلێت لە تەنیشت گۆڕی باوکی بنێژرێت، خەڵکی تریش لە سەر ئەم قسەیەن ،کۆمەڵگایەک تەرمی ئافرەتێک لە خۆی ناگرێت کە دایکە.ئەو دایکەی تا سەر ئێسقان پەشیمان. ئیدی عەوڵای بچووک خۆی و سەگەکەی دەمێنێتەوە، کە ناوی رەشۆیە هەر ئەم دووەش بوون ماڵیان وێران بوو هۆگربوونی ئەو لە رادەبەر بۆ ئەو سەگە کە جێگای دایک و باوک و خوشک و برای بۆ ئەو گربۆوە ناویان نا( عەوڵا سەگ)لێرەدا منداڵێک سەگبوونی دەبێتە ناسنامە ، سەگبوونیش بەلای کۆمەڵگا بە مانای ( پیس و ئاوەگرو بێوەفاو بێنرخ). سەگ دەبێتە ناوی باوکی وئیدی وەک بنیشت بەناوەکە دەلیکێت " لەڕاستیدا ، خۆ ئەویش لە ناخەوە حەزی دەکرد وەک رەشۆ ببێتە سەگ ، زۆر جار وەک ئەو ، بە چوار پەلی بەرامبەری دەوەستاو زۆرانبازیان دەکرد....ل٨".

 

هاوڕیەتی رەشۆش بەردەوام نابێت ، هەر ئەم خەڵکە رقی لێ هەڵدەگرێت و بە چاوێکی سووک سەیری ئەم بەستەزمانە دەکەن سەگێک تەنها پەروەردەی دەستی ئەو ژنە بووە ئەویش کەوتۆتە بەر ریسوایی کۆمەڵگا بۆیە ئەم نازناوەش پێ دەبەخشن تەنها لە بەر ئەوەی پەلاماری قەڵی پیرەژنێکی داوەو ئەوها بە سەگەکەی دەڵێن"سەگی ئەم قەحپەیە وەک خاوەنەکەی زۆڵە.ل٧". شەوێک لە کاتی سەردانکردنی گۆڕی دایکی ، هەر لە سەر گۆڕەکەی رەشۆی سەگ چاوەکانی لێکنا ئیدی وەک وەفایەک ناهێلێ لە شوێنێک فڕێ بدرێ وەکو مرۆڤ لە گۆرستان دەینێژێت. بۆئەمەش بریار دەدات کفنی بکات و روودەکاتە مزگەوت و کفن دەدزێ ، ئەم دزیەش دەبێتە یەکەم دزین ، بەڵام بۆخۆی نا بۆ سەگێک، دەیخاتە هەمان ئەو گۆڕەی کە باوکی نەسرین نەیهێشت تەرمی دایکی لەوێ بنێژن. ئەمەش دەبێتە یەکەم تۆڵەی بۆ باوکی نەسرین.

 

بێکەس بوونی عەوڵا ناچاری دەکات ببێتە شوان و گاوانی خەڵک لە دوای مردنی سەگەکەش ئەو تەمەنی پازدە ساڵان بوو ژیانێک دەرگای بۆدەکاتەوە لە سووکایەتی پێکردن هیچی تر نییە، ماڵێک نییە سۆزوخۆشەویستی دایک و باوکی تیدا بێت.شوێنێک نییە تابخوێنێ ، ناچار ملی چیاو دەشت دەگرێت وبەنانە زگ دەبێتە شوان .ئەو ڕق هەڵدەگرێت بەرامبەر کۆمەڵگا و داب و نەریت و ئاین و مەلاو مزگەوت و خەڵک و ئاوایی ، گرینگی پێنەدانی خەڵک و بە سووک سەیرکردنی و ئەویش بە چاوێکی دوژمنکارانە دەروانێتە هەموو شتێک ، ژیان لای ئەو دەبێتە ژیانێکی پووچ.ڕق لە بوونی خۆشی دەکاتەوە کە بە سووکی هاتۆتە دونیا وبۆ تۆڵەی ئەم سوکایەتیەش ، ناچار ژیانێکی سووک هەڵبژێرێت و لە خانەی سەگایەتی و درێژە بە ژیان دەدات و دەبێتە سەگێکی دڕ کە بە هەموو شتێک دەحەپی ، چونکە " ژیان خونچەی ئاواتەکانی هەڵوەراند ، دڵنیا بوو کە نەک هەرئەو کۆمەڵگا نالەبارە لە ئامێزی ناگرنەوە ، بگرە ئەویش ئیتر چاوی لە ئامێزی ئەو دڵرەقانە نەما... بووە دوژمنی خەڵک و خوا و پێغەمبەر. بووە لایەنگیرو بەرخەوانی ئاغا...ل٧".


لە ئیدیۆمی کوردیدا ، دەیان ئیدیۆم لە سەر سەگ و سەگایەتی هاتووەو کە بە مانای (فێڵبازی ، بێنرخی ، هیچ و پوچی ، سوکایەتی ، خزمەتکاری، سەختەچی ،خراپە ، مەترسی ، پەلاماردەر ، شەڕفرۆشی... هتد. بۆ نموونە:


* سەگ : لە رووی سوکییەوە بە گزیر و خزمەتکار دەگوترێ.
* سەگ : مرۆڤی بەدفەڕو بێ کارو فێڵباز.
* سەگی بەردەرگان : یەکێ هەموو دەم بە دوای کەسێکەوە بێت بۆ سوودی تایبەتی خۆی.
* سەگی برسی : گزیرو خزمەتکاری تێرنەخۆر.
* سەگی هار : مرۆڤی خۆفرۆش ، کەسێک هەموو ساتێک تەشقەڵە بە خەڵک بکات.٢
دەیان ئیدیۆم و پەند و قسە لە سەر سەگ هەیەو ئەدەبی کوردی لەم بارەیەوە دەوڵەمەندە ، هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە بۆ ئەم رۆمانە پڕ بە پێستی خۆیەتی.
(لە باوەشگرتنی عەوڵاو ئامۆژگاریەکانی ئاغا).


لە دوای نەمانی دایک و بوونی ژیانێکی سەخت و دژوارو،کە خەم هەمیشە میوانی عەوڵا بوو ، بەڵام ئەمەش زۆری نەخایاند و ئاغای گوندەکە ئەمەی بە دەرفەت زانی وخستیە ژێر سێبەری خۆی .لە ڕاستی خۆی داناو دەیزانی عەوڵا بۆ ئەو چەند بە نرخ و پێویستە وخەنجەرێکی پێبەخشی و لە بەرگی شوانی رزگاری کرد و بەرگی خوڵامی کردە بەر ئیدی کەوتە ئامۆژگاری کردنی عەوڵا و دروستکردنی کەسایەتییەک کە لە بریار و فەرمانی و قسەی ئەوان دەرنەچێت .ببێتە جەللادو زەبروەشێن و چاو شکێن .واتە بوونە پیاوی ئاغا واتە بوونە هەموو شت ، بووە فسفس پاڵەوان و هەموو شتزان و بکەری هەموو کارێک و جێبەجێکردنی هەموو کارێکی ئاغا ئەگەر زەحەمەتیش بوایە .لێرەدا ، ئاغا ، کۆمەڵگا وەک مێگەل سەیر دەکات و ئەم پەروەردەیەش فێری خوڵامەکانی خۆشی دەکات ، بۆیە سەرەتایی ئامۆژگاریش بۆ عەوڵا هەر ئەمە بوو "کوڕم تۆ پیاوی ئاغای ... کەس لە تۆ پیاوتر نییە... چۆن شەرم لە مێگەل دەکەیت... ئەم رووتو پووتانە هەموویان وەکو کەرو مانگان ... دەبێت بە گۆچان مامەڵەیان لە گەڵ بکەیت....ل١١".

 

بێ رێزیکردنی خەڵک و دانانی لە رێزی ئاژەڵ ، نیشانەی زوڵم و ستەمی و چەوساندنەوەیەو جیاوازی کردنی چینەکانی کۆمەڵگایە ، خستنە رێزی (کەرومانگا) هیچ بۆ مرۆڤ ناهێڵیتەوە ، ئەو دەیەوێت خەڵک وەک کەر بن و سەر شۆر بکەن و سواری پشتیان بێت دەنگ نەکەن ، وەک مانگاش بیان دۆشن و بە زەبری گۆچان رێگایان نیشان بدەن . ئاغا بەم شێوەیە عەوڵا لە سەر توندو تیژی رادێنێت لە کەسێکی هەژارو شوانەوە دەیکاتە کەسێک کە هەمیشە خەڵک ژێردەست و کۆیلەی ئەو بن و بە ئارەزووی خۆی یاری بە ئەقڵیان بکات . ئاغا فێری ئەوەشی دەکات چۆن بڕوانێتەخەڵک "هەر زمانێکی درێژ بینی بیبڕە ، هەر چاوێکی بە گومانت بینی دەریبهێنە ، هەرکەس لە بەرامبەردا هەڵنەستا ، قاچەکانی بشکێنە..ل١٢"ئا بەم شێوەیە عەوڵای هەژار، بووە سەگێکی خوێرێ و هار و بە خۆشی دەحەپی و بووە جەللادو تەڕەس و قامچی بەدەستی ژیر دەستی ئاغا .خۆ لە نێو خوڵامەکانیش عەوڵا لە هەموویان سووکتر بوو بە چاوێکی سووک سەیریان دەکرد ، ئەو لە هەرە خوڵامە نزمەکان بوو.واتە ئەویش ژێردەستەی خوڵامەکانی تر بوو ، چونکە ئەو نازناوەی پێبەخشرابوو هەرچی کردبوایە دواتر هەر سەگایەتیەکەی بۆدەمایەوە "خوڵامەکانی تری ئاغا بە سووکی رەفتاریان لە گەڵ دەکرد ، کە پێیان دەگووت کە جیاوازی لە گەڵ سەگەکەی نییە ، گڵاو دەبێت حەوت جار بە قوڕی رەش خۆی بسمیل بکات ، ئەگەر نا ، بە هیچ شێوەیەک نابێت دەستی خۆی لە پەرداخ و قاپەکانی خواردن بدات ....ل٨".


تاوانەکانی ئاغا.


قادر ئاغا ، وێنەی ئاغایەکی زۆردارو بێرێزو دامێنپیس و گەندەڵ و پیڵانگێرو ئاژاوەچی ، هەمیشە هەنیە گرژوخەنجەربەدەست و دڵ پڕ لە رق و تینە، خوڵامەکانی ئەویش جێبەجێکاری بەرنامەو خەونەکانی ئاغا . ژیان گوزەراندن لە سەر رەنجی هەژارو جوتیاری و رەنجەبەری کۆمەڵگا.دەستی دەخستە کاروباریان و چەوساندنەوەیان ، تەنانەت بە شوودانی کچەکانیان و سەفەرکردنیان و هەستان و دانیشتن و تەنانەت کرینی ئەو کەلو پەلانەی ئاغا هەیەتی. بۆئەوان ئەستەم بوو . ئاغا یاسادانەرو بریاربەدەست بووبۆهەموو کاروکردەوەیەک ، تەنانەت هەندێک کردەوەی مایەی پێکەنین بوون ، بڕوانە چۆن فەرمان بە دارودەستەکەی دەکات بۆ لێپێچینەوە:


* عزەت کچی خۆی بێ رەزامەندی ئێمە داوەتە شوو .ل١٨.
* عەزەی کوڕی خورشید ..بابزانین چۆن بێ ئاگاداری ئێمە هات و چۆی شار دەکات.ل١٩.


ئەو قسەو پەڕجۆیانەی ئاغا ، رەتکردنەوەی نەبوو لە لایەن خوڵام و دەستەکەی جێبەجێ دەکرا ، لە گوندیش کەس نەبوو بڵێت لە پشتی چاوت دوو برۆ.لە بریارو کردەوکانی ئاغا ترسیان هەبوو ، نەیدەهێشت خەڵک لە ژیانی خۆش بژن و ببنە خاوەن کەلو پەلی باش .بگرە هەبوونی کورسی دانیشتن بە مەترسی بۆخۆی لە قەڵەم دەدا ،گەمژەیی و نەزانینی ئاغا نایتە ژماردن .ئاخۆ دەبێ دانیشتن لە سەر کورسی چ لە شکۆ و گەورەیی ئاغا کەم بکاتەوە ! بەسەرهاتی کرینی کورسی لای کەسێکی ئەم گوندە چ هەرایەک دەنێتەوە "پێش دوو ساڵ یەکێکیان تاخمە کورسیەکی کڕی ، کەچی هەر هەمان ڕۆژ لە نیوەی شەودا لە تاوئەو ئاگرەی لە خانووەکەیان بەرپابوو کورسییەکان توانەوە.ل٢٠".


ئاغا لە بێویژانیدا وێنەی نەبوو ، ئەو ڕۆژەی عەوڵا لە کاتی ئاوکردنە مەسینەی ئاغا ،لە بیری دەچێت ئاوەکەی بۆ شلتێن بکات و هەر بەگەرمی بۆ دەخاتە نێو مەسینەکەی، لە ئەنجام ئاغا لە ئاودەستەکە بە هات و هاوار دێتە دەر. ئەگەر چی ئەمە بە ئەنقەست نەبوو ، ئەم کارەی وەک بڵێی تاوانێکی گەورەی لە هەمبەر کراوە ، تووڕە دەبێت و هەستا بە تۆڵەکردنەوەیەکی سەخت و ئازاراوی ، کە گێرانەوەی مایەی شەرمەزارییە، عەوڵای هێنا "ئەو بەستەزمانەی لە سەر سک درێَژکردو بەرماوی ئاوی گەرمی ناو چاپەستەکەی رشتە سەر ناوەندی کونی قونگی....ل١٣.".


ئاغا لە رابواردن و کاری مێبازی و دەستبردن بۆ ئابڕووی خەڵک دەستی نەدەپاراست .هەرکاتێ خێزانەکەی دەچوونە شار ، لە رێگای عەوڵاوە ئاسانکاری بۆدەکراو نەسرینی کچی دڕاوسێیان دەهێنا ماڵ و ژوانی بۆ ئاغا رێکدەخست ، ئەمەش وایکرد ئەم کچە لە کچینی بخات و دواترنەسرین لە داخان ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناو هەر ئەم کارەش بوو عەوڵا دەستی چووە خوێنی ئاغاکەی و کوشتی ، چونکە هۆکاری سووتانی نەسرین کارە چڵێس و دەستدرێژیەکانی ئاغا بوو ، عەوڵا لە دانپێدانەکەی خۆیدا ئەوها باسی ئەم رووداوەی دەکرد"لە پاش نووستنی نازدار ، دەیبردە ژوری خۆی و بە ئالتون و دیاری گران بەها و قسەی زڵ و بەڵێنی درۆ، ئەو بەستەزمانەی لە خشتە بردو لە کچینی خست...١٠٣".خۆ عەوڵا لە ئاغا شەریفتر نەبوو ، زۆرجار لە کاتی تێربوونی ئاغا ئەویش دەچوو سەر بەرماوەکەو حەزو ئارەزووەکانی خۆی دادەمرکاندەوە ، ئەو کچەش لە ئەنجام لە ترسی ئابڕووچوونەکەی خۆی سوتاند.


عەوڵا.. مرۆڤێک پڕ لە تاوان.


* تاوان بەرامبەر مەلا و مزگەت.


نزیکەی (٢٥) ساڵ عوڵا خزمەتکاری ئاغا بوو، لەم تەمەنەش دەیان تاوان و دەستدرێژی وکوشتنی ئەنجام داوە وخووی بەم کارە هەڵانە گرتبوو، جا چی فەرمانیان پێکرد بێت یاخود خۆی بەرنامەی بۆدانابێت و سەرئەنجام تاوانێکی قیزەونی ئەنجام داوە.کاری چەوتی ئەو لە شتی بچووک دەستیپێکردووەو دواتر کووشتن لای ئەو دەبێتە ئاو خواردنەوە. دەکرێت دزینی پارچە پەڕۆیەک بۆ کفنی سەگەکەی بە سەرەتایی کارە چەوتەکانی ئەودابنێین.ئەگەرچی ئەو کات پێویستی بەو پارچە پەڕۆیە بووە. بەشی زۆری ئەو تاوانانەی عەوڵا ئەنجامی داون بە تاوان لە قەڵەمیان نادا ،وەک چێژوەرگرتن و تۆڵەکردنەوەیەک بوو پەنای بۆ بردووە.بەشی زۆری ئەوتاوانانەی ئەنجامی داوان لە کاتی مەستبوون بۆ هاوڕێیەکانی خۆی دەگێرێتەوە .ئەو بەو شێوەیە لاپەڕەی تاوانەکانی خۆی هەڵدەداتەوە" یەکەم تاوان کە ئەنجامم دا ، عەلاوەدینی هاوەڵی منداڵیم بوو کە نەک هەرتانە لێدانەکەی هۆکاری سەرەکی دەرکردنی لە حوجرەو خۆکوشتنی دایکم بوو ....لە شار دەیخوێند ، چەند هەفتە جارێک دەگەرایەوە ماڵەکەیان ، باوکیشی زۆر شانازی بەوە دەکرد ، کە کوڕەکەی پاش چەند ساڵێکی تر دەبێتە مەلایەکی گەورە، جارێکیان کە بە سەردان هاتبۆوەو بۆسەم بۆدانایەوە ، هەر لە ناو مزگەوتدا ئەو هەلەم بۆ رەخسا ، بەیانی بوو ،مزگەوت چۆڵ بوو ، لە ناو حوجرەکە دەیخوێند، چوومە ژوورو دەرگاکەم داخست ، ویستی هاوار بکات ، خەنجەرەکەم لێی هەڵکێشا و درێژی عەردم کرد و شەرواڵەکەیم داکەنی و (.......).ل٧٣-٧٤".


ئەم تاوانە ئەوەندە قیزوەنە ،کتێبە ئاینیەکان نەفرەتی لێکردووەو خوای گەورە قەومی لووتی بە هۆی کاری نێربازیەوە لەناوبردووە .تاوان لەوە خراپتر ئەوەیە ، لەماڵی خوا ئەم دەستدرێژییە دەکاتە سەر ئەم گەنجە .هەروەها لە مەلاش خۆش نابێت وەختی منداڵی لە حوجرەی مزگەوتی دەریکردووەو نەیهێشت ببێتە دۆستی مزگەوت و قورئان. پیلانی بۆتۆڵەکردنەوەی ئەم مەلایەش دادەرێژێت ، بەم شێوەیە لە سەر زاری خودی عەوڵاوە ئەم رووداوە باس دەکات "ئەو مەلایەی کە لە سەر ئەو سەگبابەش دەریکرم نەیهێشت ببمە میراتگری پێغەمبەران ، قوربانی مردنم کرد، پاش نیوەڕۆی هاوینێکی گەرم ، بە تەنیا لە هەمان حوجرەدا نوستبوو، پورە هەنگێکی ئازڕیایم ئاودیوی ژوورەکە کرد و پوختە دەرگاکەم لە سەر گرت و ئینجا هەر خۆتان وێنای چارەنووسەکەی بکەن....ل٧٤".


ئاغاو عەوڵا هەرشتێک لە بەرژەوەندی ئەوان بوایە دڕخیان نەدەکرد و کەسیش لە قسەیان دەرنەدەچوو ، تەنانەت مەلا ساڵح کە مەلای ئاواییە ،لە تڕسان ڕاستیەکان دەشێوێنێ . لە دیوەخانی ئاغا زۆر بە بێڕێزی سەیری مەلایان دەکرد و گاڵتەیان پێدەکرد و کاتیان پێدەکوشت ، ئەویش بە قسەی ئەوان هەڵدەپەری و زۆر جاریش پێش رۆژ ئاوابون بانگی داوەو تەنانەت فتوای سەیریشیان بە مەلا داوە "بە شایەتی عەوڵاوخوڵامێکی تر ، مەلایان ناچار کرد لە بیست و هەشتی مانگدا ، کەباری جەژنی رەمەزانی هەڵدات .ل٣٣".


* تاوان دەستدرێژی کردنە سەر ژنان.


بێ ژنی و بێ ماڵی بۆ پیاو کارێکی ئاسان نییە ، بەتایبەتی بۆ پیاوێک لە هەرەتی ژنهێنانی تێپەری بێت، نەخاسمە بۆ عەوڵا سەگی سەرەڕۆ و گەوادو بێڕەوشت کە بەردەوام کۆپیی ئاغاکەی بوو ، وەک ئەویش هەڵسوکەوتی دەکرد. بۆچەندین جار خۆی و ئاغاکەی دەستدرێژی سێکسی کردە سەر نەسرین و لەداخی ئەم کارەی خۆی سوتاند.تاوان لەوە قیزەونتر و گەورەترو جەڕگبڕترنەبوو دوای دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی دایکی (جوتیار) دواتر لە هەمبەر مێردەکەی بوختانی بۆ هەڵدەبەستێت " ئەم دێڵە نەک هەر شایستەی کوشتن بوو ، بگرە دەبێ تەرمە بۆگەنەکەیشی بسوتێنرێت ، ئەمەیە سزای داوێن پیسی دەبێ بکرێتە پەندی زەمانە بۆ هەموو ئەو ژنانەی نیازی ناپاکیان هەبێت و رەچاوی ئابڕووچوونی کەس و کارانیان نەکەن و سەر شۆرشیان بکەن....ل١٣٢".بەمەش ناوەستێت کاتێ شوانە پەلاماری عەوڵا دەدات ، ئەو بە خەنجەرەکەی دەیکوژێت و ئەم ژن و مێردە بێتاوانە بۆ هەتاهەتایە کۆتایان بە ژیانیان دێنێت و منداڵێکی بچووکی پێنج ساڵانیان بەجێهێشت و ماڵی ئەو منداڵەشیان وێران کردو وەک خۆی بی َدایک و باوکی کرد.گێڕانەوەی ئەم تاوانە قیزەونە لە بەردەم مامۆستا جوتیارە ، ئەو مامۆستایەی ئەو کاتەی عەوڵا سەگ ئەم کارەی ئەنجام داچەندی هاواری کردو گریا بە بینینی مەرگی دایکی هەر بێ سوود بوو.


کورد دەڵێت (لە کانییەک ئاوت خواردەوە بەردی تێمەگرە) ،بەڵام عەوڵا بەردی گەورەی دەم کانییە گرت ، ئەو سەرەرای ئەو هەموو ساڵەی باوەڕپێکراوی ئاغا بوو چی نەما بۆ ئاغاکەی نەکات لە هەمان کاتیش ژنەکەی ئاغا لە ژێرەوە لە گەڵ خوڵامەکانی حەزەکانی خۆی دادەمرکێنێتەوەو عەوڵاش لەم کارە بەشی شێری بەردەکەوت ، عەوڵا هەر لە سەر ئەم کارەو دەستبردن بۆ نامووسی ژن و کچی ئاغا ،کەوتە تەڵەو لە کۆشکی ئاغا دەرکرا ، ئەو شەوەی بە سەرخۆشی چووە ژوورەکەی نازداری کچی ئاغا و ئاشکرابوونی ، ئیدی کار لە کار ترازاو بەناچاری لە تڕسی مەرگ خۆی دەرباز کردوهەڵات.کە چووە شاریش ، لە بێرێزییەکانی خۆی بەردەوام بوو ، بەتابەتی ئەو شەوەی لە گەڵ پیر سارای فاڵچی رادەبوێرێت و کارێکی قیزوەن ئەنجامدەدا ،کە لە سیفەتی مرۆڤ ناوەشێتەوە ، فاڵچیەکە دەخاتە خەستانە . عەوڵا بە سەرهاتی ئەم شەوەی بەم شێوەیە دان پێنا "منیش لە مەبەستی گەیشتم نەمکردە نامەردی و غیرەتم نایە بەروتا لە ئارەقە تەڕبووم گەوزاندم ، پاشان هەر لەسەر داوای خۆەیشی بتڵکەشم بۆی چەقاند....ل١٢٧.".


* تۆڵەکردنەوە لە ناحەزان.


ئەو رَۆژەی دایکی خۆی سوتاند ، زەوی باوەشی بۆ نەکردەوە باوکی نەسرین لە هەموویان خراپتر بوو ، ئەو بە ئاشکرا دەنگی هەڵبرێ و تاکو ئەم ئافرەتە لە نزیکی گۆڕی باوکی نەنێژرێت ، ئەم کارە لە دڵی عەوڵا ببووە گرێیەکی گەورە بۆیە لە دەرفەت دەگەڕا تۆڵەی ئەو ڕۆژەی لێ بکاتەوە "جارێکیان ، بۆ سەردانی هەردوو گۆڕی بنەماڵەم ملی رێگای گۆڕستانم گرتبوو، لە پڕێکدا باوکی نەسرینم لە سەر لێَواری بەرزاییەکەی گۆڕستان دیت ، لە پاشەوە هێواش هێواش ، لێی نزیک بوومەوەو بە هەموو هێزو توانایەکم پاڵم پێوەنا و خستمە سەر تاشەبەردەکانی خوارەوە ...هەرچەندە لە مردن رزگاری بوو ، بەڵام هەردوو قاچەکانی بە جۆرێک شکان و ئێسقانەکانی وردو خاش بوون ، کە هەموو جەرڕِاحەکانی ئیسقان نەیانتوانی سارێژی کەنەوە....ل٨٠".هەروەها لە سێکسکردن لە گەڵ کچەکەیان بە خۆی و ئاغا پێشبڕکێیان بوو ، ئەمەش هۆکارێک بوو کە عەوڵا ، تۆڵەی ئەو رۆژەی لە کچەکەی کردەوە کە باوکی ئەو بوونەیهێشت دایکی لە گۆرستان بنێژن .جەستەی ناسک و نەرمی ئەم کچۆڵەیان بە حەزەکانی خۆیان بۆگەن کرد، تەنانەت ئەو ڕۆژەی ئەو کچە خۆی سوتاند ، هەرهەمان شەو وەک تۆڵەیەک خۆی گەیاندە (قادراغا) و بە خەنجەر کوشتی.لە لایەکی تر ئەو خوڵامانەی بۆ کوشتنی عەوڵا سەگ هات بوون وهاتنە سەر رێگا بۆسەیان دانایەوە ، جێبەکەی مامۆستا جوتیار دەکەوێتە بۆسە ، ئەو کات عەوڵا لە نێو عارەبانەکە خۆی حەشاردابوو ، وەک فریادرەسێک هەڵدەسێتەوە بە دەمانچە دووکەس دەکوژێت و دواتر هەردوو کوژراوەکەش لەو بەرزایەی تاوانەکەی لێ ئەنجام دا گلۆریان دەکاتەوە خوارێ.


هەموو ئەو تاوان و کارە چەوت وبێوژدانانەی عەوڵا سەگ ئەنجامی داون ، شانازییان پێوەدەکات ، وەک بڵێت هیچ رووینەداوە تەنها تۆڵەیەک بووەو لە ناحەزەکانی خۆی"من هەموو ئەو تاوانانەی باسم کردوون پەشیمان نیم !!..بگرە بە تاوانیش ناژمێرم و لە تۆڵە سەندنەوە دەچوون...ل١٠٥".


کۆمەڵگایەکی گەندەڵ.


لەم رۆمانە کۆمەڵگایەکی ناتەندروستمان بۆ وێنا دەکات ، مرۆڤە ئاساییەکان وپیرۆزەکان و کاربەدەستان و خاوەن بروانامەکانیش لە تاوانی و کاری چەوت و فڕت و فێڵ و دەستدرێژی و قۆڵبرێن و ئارەقخواردنەوە سەرقاڵن.ئەگەر بڕوانینە سیفەت و کاری کارەکتەرەکان:


قادرئاغا - ئاغایەکی زاڵم و داوێن پیس.
مەلا ساڵح - مەلای ئاوایی و ئارەقخۆرو ماستاوچی ئاغا.
مام مەجید - پۆلیسێکی ئارەقخۆر.
باوکی سمکۆ - ئاژاوەگێروتوندڕە.
نەسرین و پیرسارای فاڵچی و دایکی عەوڵا و بگرە ژنی ئاغاش بە دامێنپیسی سەرقاڵن.
مام میخۆ - ئارەقفرۆش.
هەژار - خاوەنی کتێبخانە لە لایەن زردایکی دەرکراوە.
سمکۆ- لە ترسی شەرو ئاژاوەکانی باوکی لە گوندهەڵاتووە وبوویتە شاگردی چایەچی.
مامۆستا جوتیار - مامۆستای ئاواییە و دڵ پڕ لە قینەو تۆڵەیە و بەردەوام بیرلە تۆڵەکردنەوەی دایک و باوکی دەکاتەوە.
هەرسێ هاوڕێیەکە ( سمکۆ و هەژارو مامۆستا جوتیار ) هەمیشە سەرخۆشن و خەریکی پیلان دادەنێن بۆ کوشتنی عەوڵا سەگ ، کەچی هەموو جارێک لە بەر مەستبوونیان پلانەکانیان سەر ناگرێت و عەوڵاش وەک رێوی فێڵباز دەرباز دەبێت و کڵاو دەخاتە سەر سەری هەمووان.


عەوڵا سەگ ، هەڵگری هێدۆنیزم واتە فەلسەفەی خۆشی و رابواردن و لەزەتپەرستی. ئەو زگی تێربوایە خەمی هیچی نەدەخوارد. مرۆڤێک چێژی لە ئازاردانی خەڵکی وەردەگرت ، بەتایبەتی ئەوانەی لە بەردەم ژیانی ئەو کارێکیان لە دژی ئەنجامدابێت . وەک کەسێکی ئەیمۆڕاڵ گوێ نەدان بە ڕەوشت و لێک جیانەکردنەوەی چاکەو خراپە ، خاڵی بوو لە هەموو بەهاو ڕەوشتی مرۆڤایەتی .ئەوکارو تاوانانەی ئەنجامی دەدان ، ئەگەر چی لە سەرەتا تام و چێژی لێ وەرگرتووە دواتر لە گەڵ هەڵکێشانی تەمەنی ، ویژدانی ئازاردەدات و بە تایبەتی کوشتنی دایک و باوکی مامۆستا جوتیار ، وەک هەمان ئەو تاوانە لە رۆمانی (تاوان و سزای٣)ی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی دا هەیە.کاتێ (راسکۆڵنییکۆف )هەڵدەستێ بە کوشتنی پیرەژن و (لیزاڤێتا)ی خوشکی.

 

ئەو بەدەر لەو تاوانەی ئەنجامی داوە ، ئەو لە دادگای وێژدانی خۆیدا ،ئازاری دەروونی خۆیدەدات ، بەردەوام لە گەڵ تاوانەکەی دەژێت و لە بیری ناچێتەوە تەنانەت ناشزانێت بۆچی ئەم کارەی کردووە ، خۆشی بە تاوانبار دەزانێت .لە کاتێکدا عەوڵا سەگیش وەکو راسکۆڵنییکۆف دان بەوە دەنێت لە کوشتنی دایک و باوکی مامۆستا جوتیار پەشیمان بۆتەوەو لە بەرامبەر خودی مامۆستا جوتیار ددان بەوە دەنێت ، بێئەوەی بزانێت مامۆستا جوتیار کوڕی ئەو دایک و باوکە کوژراوەیە .تەنانەت ددانیش بەوە دادنێت ئەگەر بێتو ئەو منداڵە بدۆزێتەوە ، دەمانچەکەی دەخاتە دەستی تا بیکوژێتەوە !! لێرەدا بەدەر لە یاسا و دابو نەریتە کۆمەڵایەتییەکە ،ویژدانی هەمیشە تاوانەکانی لە بەر چاوی زیندوودەکاتەوە ناهێلێت ون بێت ، لە گەڵ خودی تاوانەکان دەژێت ، ئەو خۆپەرستانە دەژێت و لاپەڕەی ژیانی رابردووی ڕەشە ، نکۆڵ لە تاوانەکانیش ناکات ، ئەگەر چی ئەو لەو ژیانە نازانێ چارەنووسی چ دەبێت ، بەڵام وەک هەموو مرۆڤەکانی تر دەژێت و لە رێگای قسەخۆشەکانی و پشیمان بوونەوە لە کارەکانی رابردوو وڕاستگۆی لە گێرانەوەی رووداوەکان و ئەنجامدانی چەند کارێکی چاکەو پیاوەتی لە گەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە خەریکی لە ناو بردنی ئەون ، ئەمە وادەکات ژیان لە لای شیرنتر و جوانتر بێت ، ئەوکەسانەی خەریکی لەناوبردنی عەوڵان. دەترسێن ئەو مرۆڤە نەبێت کە ئەوان پیڵانی کوشتنیان بۆدارێشتووە .ئەوانیش دەگەنە ئەو باوەڕەی ئەو عەوڵا سەگە ، ئەو عەوڵا سەگە نییە کە ئەوان لە مێشکی خۆیان وێنەی ناشیرین و چەوتیان بۆ کێشابوو. تەنانەت ئەوان لە دانپێدانی خۆیان دەڵێن " لە ڕاستیدا کوشتنی ئەو سەگە چێژی جارانی نەماوە!!ل١٣٧".


ئەمەش ئەم وێنەمان بۆ دەخاتە روو ، مرۆڤ هەرچەندە تاوانباریش بێت ، رێگایەک هەیە بۆگەرانەوە و پەشیمان بوونەوە و ددان پێدانان بە هەڵەو تاوانەکانی رابردوو ئەگەر بچووک بن یاخود مەزن!!

_____________________
سەرچاوەکان:
١- سامی سلێمان فەقێ، رۆمانی عەوڵا سەگ ، هەولێر ، ٢٠١١.
٢- عەبدولوەهاب شێخانی، فەرهەنگی ئیدیۆم لە زمانی کوردیدا، دەزگای توێژینەوەو بڵاوکردنەوەی موکریانی، چاپی یەکەم، دهۆک، ٢٠٠٩، ل ٢٠١ -٢٠٤.
٣- فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، رۆمانی (تاوان و سزای)، وەرگێڕانی رەووف بێگەرد، چاپخانەی رەنج، سلێمانی، ٢٠٠٦.

 

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک