په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١\٢٠١٠

'' سەگەمەرگی '' فاتگە و تەنهاییەکەی!


سەلام عەبدوڵا   


ئەوەی بۆم دەگێڕیتەوە کۆنەو زۆر لە ئەدەبیاتی جیهانی رەنگی داوەتەوەو یەکێکە لە ئازارە قورس و بێ چارەسەرە ئەزەلییەکانی مرۆڤە؛ هیچ گرنگ نییە یەکێک پاشا بێت یان گەدا، لێی دەناڵێنێت و کەسیش ناتوانێ فریای بکەوێت بەتایبەتی لەکاتی کۆچی دوایی. هەر وەک کۆچی ناوەختی کاکە ئەسعەد عومەر! برا ئەمە کەی وەختی ماڵئاواییە؟ ئەو بۆ سلیمانی مێوانداریتان کردم تا باسی رۆژگاری زیندانەکانی(ئەبوغرێب) و(دێنهاک) بۆ کەناڵێکی تەلەفزیونی بکەین...باسی هاتنی هاوسەرو منداڵەکانت کردو لەپڕ هەموومانی بەجێهێشت و لەوانەیە لەو کاتە سەریهەڵگرتبێ کە من سەردانی(فاتگە)م کردبێ...


زۆری بەسەر نەچوو، ئەفەندییەکم بینی کە رەخنە لە ئاسمان و زەمین دەگرێ و بەخۆی لە"خەباتگێڕە موستەفیدەکان"بوو، لە ئەرکە راستەوخۆکەی لە بەرامبەر کچە ناسیاوەکەی هەڵهات و بەمە زۆر خێرا دووپاتی کردەوە کە یەکێکە لە رەخنەگرە بێ بارو دەم فڵت و فرەبێژەکانە کە قەپاڵی گەورە دەکوتن، لێ سوک وئاسان لەبەرامبەر ساناترین ئەرک بۆی دەقوچێنن و بە بای خەیاڵیشیان نایەت!


ئەو دوو دیدارە خێرایە، پاش ئەوە روویدا کاتێ خەریکی پاکژکردنی پۆلی یەکەم بووم. شەیماو سۆلاف لێم نزیکبوونەوەو پێکەوە وتیان: لە گەڕەکەکەمان کچێکی بەتەمەن و بێکەس بە تاقی تەنها دەژێ، بۆچی سەردانی ناکەی؟ کچەکە خوشکی مەلا عیسایە کە سەرەڕای هەژاری و دەستکورتی تا ئەو رۆژە کۆچی دوایی کرد، دەیوت: من شوعیم، پارە لەکەس وەرناگرم!
- جا ئەوە پرسیارە؟!
لە یەکێک لە کەلاوە زۆر شڕەکانی ئەرکەوازی کە پێش35ساڵ لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە دەستی بەسەر گیرابوو و خاوەنەکەی بە زۆرەملی بۆ دیوانییە گواسترابووەوە، کچێکی بەتەمەن لەپشت دەرگا پانوپۆڕەکەی بەناوی (فاتمە حوسێن داراخان)ە، ناسراو بە(فاتگە).


-بۆچی بەتەنها دەژی؟
فاتگە: من و(مەلا عیسا)ی برام پێکەوە لەم ماڵە دەژیاین. نە ئەو و نە من هاوسەرگیریمان هەبوو. دایکم لە مزگەوتەکەی(حاجی بەسیم)کۆچی دوایی کرد. پێشی دوو ساڵ تاقە براکەیشم کۆچی دوایی کرد، بۆیە منیش لەناو ئەم کەلاوەیەم و هەر خۆم و دوو گوێچکەی خۆم بە تەنیایی ماومەتەوە....براگەمی، باوگمی من تەنیایی گیانم دەرکردیە...کەس سەردانم نێکەدو هام لەی سەگە مەرگییە!
فاتگە بە گریان و کروزانەوە دەستی بۆ هەر چوار دەوری بەرزدەکردو وەک سەفیری مرۆڤیایەتی سەرگەردان و عەوداڵ، وای گوت و منیش لە گرژی دەموچاوی، دەست، کراسە رەشەکەی قووڵ بوومەوە...عالەمێک لە هاوارو دادم بینی چ دەسەلاتێکیش لەدەوریدا نییە، بچووکترین بایەخی پێ بدا. هەناسەم سواربوو و بەتەنهایی لەگەل ئازارەکانی بەجێمهێشت و خێرا ماڵئاواییم لێکردو دەرگاکەیم توند راگرت تا جارێکی ئەو تابلۆ جەرگبڕە نەبینم و پێموت: دەرگاکە دابخە....


ئێستا دەتوانم بە راشکاوی بڵێم: خەڵکینە من بە چاوی خۆم وەحشەتی دۆزەخم بینی!
دراوسێیەکی فاتگە لەبارەیەوە وتی: خۆی نەگبەتە! هاریکاری لە هەموو کەسێک قبووڵ ناکات و ئەگەر لە یەکێک وەریگرت، ئەوا دەست بەجێ پێدەڵێ: نایدەی بە تانەم!
دراوسێیەکی تر، وتی: پێش ماوەیەک داوای لێ کردین بچین بۆ گۆڕستانەکەی(خدری زیندە)و براکەی بۆ بگەڕێنینەوە!


ئایا زۆربەی کوردستانیان و وەڵات وەک فاتگەو کەلاوە شڕەکەی نییە؟ ئایا فاتگەکان بە(مۆلستان)، (پاڵاستان)، (ستیستان)و(مارکێتستان)نامۆ نین؟!
ستراتیژی نەتەوەی و نێونەتەوەی حکومەت و پەرلەمان و حزبە دەسەڵاتدارەکان لە شێوەی ژیان و گوزەرانی فاتگەو هاوشێوەکانی دەبینم، ئەگەر رۆژگاریان بەشێوەیەکی شایستە بە مرۆڤ و کەرامەتەکەیەوە بەسەر دەبەن، ئەوا با ویژدانی ئەو بەڕێزانە ئاسوودەبێ و دڵنیابن کە سەربەرزو شایستەی رێزو حورمەتن، بەڵام ئەگەر وەک کەلاوە شڕکانیانە، ئەوا دەبێ خۆیان پێش هەر کەسێکی تر، شەرعییەتی دەسەڵاتەکانیان بخەنە ژێر پرسیارو خەڵکیش مافی خۆیانە یپێیان بڵێن: ئێمە حکومەتی دادوەری کۆمەڵایەتیمان دەوێت!


برادەرەکەم وای وت و لەناو جەمعی هاتوچووکەرە بێ ئامانجە دیاریکراوەکانی ناو بازاڕ وون بوو. ئەو رۆیشت و لەوانەیە بییەوێت لە تەنهاییەکەی فاتگەو ئەسعەد، رزگاری ببێت، لەو تەنهاییە کە لەناخی خۆیدا تەراتین دەکات!