|
٢٠\٧\٢٠٢٦
سێ گۆشەی تەریک.

سۆران محەمەد
بەرائەتی سەحەر
.
هەنگێ
بەسەر گوڵێکەوە هەڵنیشت
زەردەواڵەکان
کە شیلەی هەنگوین
لەدەمیانەوە دەچۆرا
بە گومانی ماچکردنی گوڵ
چزوی ژەهریان
لە جەستەی مێشهەنگا
چەقان
*
* *
پەپوولەیەکی ڕەنگاڵە
لەسەر لقێکی داری توو
لە تەنیشت کرمی ئاوریشم
لەنگەری گرت،
وەیشومە هات و لولی دان
بەگومانی:
هەبوونی پەیوەندی
*
* *
هەور کە دیتی
شاخ سەرمایەتی
باوەشی پیاکرد
یاساوڵەکان
وتیان چۆن ئامێز بە دوندا ئەکا
مەتریلۆزی کەوناریان
خاڵی کرد لەسینەی هەورا
*
* *
تاوێرە ناگەهانەکان
کە سەروبنی زمانیان
عەورەتی ڕووبار بوو
لەسەر ڕێگای کانیلە دڵسافەکانا
بوونە لەمپەر
داخی دڵیان
لە شکانی گۆزەکانی
لێرەوارەکانا ڕژان
*
* *
سەحەر تۆرا
کە ماڵئاوایی لەشەو کرد
تەوقەی نەکرد
ئەستێرەکانی فڕێدا
بەدڵێكی پڕ لەناسۆر
لەبەر پێی خۆر
*
* *
لەوساتەوەی
خۆڵەمێشی ئەم سووتنە
بەری ڕووناکییەکانی گرت
ژیان
لەسەر گۆڕێكی کێل شکاو
بە دارشەقێکەوە وەستا
بە تەنیا..
فاتیحای دادا.
چی؟
چی دەتباتەوە سەر قەڵەمبازەکانی سەر تولەڕێی نێو چیا سەختەکان؟
ڕێگاکان شوشەیەك بوون و شکان
وەکو بیرۆکەی دوای خەوەنوچکەیەك تێپەڕین
هەرچی بکەی ناگەڕێیتەوە سەریان
ئەمڕۆش دەبێتە بزەیەك لە نێو ساتە شەتەکدراوەکانی سبەینێ
پێبکەنە بەدەم ناسۆرە ڕووت و ڕەجاڵەکانەوە
ئەوەی ئەوان هەیانە دڵێکی پڕ سۆزو دەستێکی کورتی پڕ بەخشینە
ئەمڕۆ ئەوەی پانتاییەکان ڕووپۆش دەکا دەمامکە درۆزنەکانن،
پەیڤە پفدراوەکانن..
زمانە تەڕەکانن کە هیچ تۆڕێك نایان بەستێ
چی دەتباتەوە سەرچاوەی کانیلە زولاڵەکانی ژێر کەپرەکانی دڵسافی؟
کە ئەوڕۆ هەموو کوێربوونەتەوەو زیندانی کەڕولاڵ لەشوێنیان مرخەی دێ!
بۆخۆت بدوێ دوور لە هەموو قەرەباڵغيەکان
کە دەستت لەنێو دەستی سێبەری ڕۆژە سپییەکان ناوە
بێ دەربەست لە مەرگ
دووراو دوور دەڕوانی لە تەپ وتۆزی ژێر سمی وڵاخەکانی قەدەر
بەرەو کوێوە دەچن؟ نازانی تیرەکانی نەمری کێ دەپێکێ؟
نامەکانی قاسید بە کێ دەدرێ؟
لە هەر بازنەیەکی بووندا سەدایەك دێتە گوێ و ڕێسایەك بۆ گوتن دەبینرێ
دواتر هەمووشیان لە سەرتەختە ڕەشەکانی قوتابخانە بێ پەنجەرەکان
کاڵ دەبنەوەو بە خەتێکی لەرزۆك لە سەریان دەنووسرێ:
دوا وانە .. پشووە، بۆماڵی تەنگوتار ڕێبڕین دەربەستە
جارجاریش ڕووبەرێك بە وێنەی بیردۆزی بیرکای
ئەنجامی شاز دەبێ و لە دەری یاساکان دەکەوێ
بە کۆمەڵ خۆکوژی بە چەشنی (جۆنز تاون)
ڕووپەڕی ئاسۆکان دەتەنێ
تەماشای کوێ دەکەی بۆ بینین؟
بۆ زانینی کات و چاوانی دۆخ گۆڕین؟
پەیڤی سرك، بە چەشنی ڕووناکی لەتە ئاوێنەیەك
دەدا لە دیواری کۆڵانێك پڕاوپڕ، دروشم
نازانرێ کە شەوقی کام دەروون و ناخە
ئاماژەی هاتنی وەرزی پێنج، یان جەستەی بەش بەشم؟
زۆر ئاسان ئاوەها کە بەدەست ناگیرێ
بە مشتێ خاشاکی بریقەدار ناكڕدرێ
شەبەقێ بشكێنە لەو شەختە دڵڕەقە،
کيشوەری ڕەهایی دوور نییە، بەوێنەی شەفەقە
گوریسێ ڕایی کە بۆ نێو بیری فەرامۆشیی
داخۆ چەند بزەی سیس چاوەڕێی تروسکەن پڕ خۆشیی؟
بنواڕە لە کوێدا سەری دوند شکاوە؟
لە ناو کام دەسڕی سوور، نامەیەك نێژراوە؟
چ ڕۆژێکی نەحسە پڕ کۆڵانی شیعر، وا دەڵێن
جاڕدەرەو بە تەپڵی ئاگاهیی دەگەڕێ
بۆ لاقی پەڕیوی خامەیەك
دەستێکی دوو پەنجەی وشەیەك
گەردنی بڵندو بزری سەدایەك
لە لێواری ئاوابوونی چاخێکی برینداری ئاوەها
کێ ئەسڕێ لەسەر ڕووی ئەسرینێ پەڵەیەك؟
چی دەبوو ئەرستۆ ئەو هەموو پرسیارەی نەکردبا
لەسەری سوقراتا ئەو هەموو شوشەیە نەشكابا..
دانیشتن بۆ ساتێ لە وێزگەی هارمۆنیا
جێپێکان هەر وەکو هێڵێکی ئەندێشەی دەم سەحەر
دەچنە سەر تولەڕێی نێو دۆڵ و نشێوی پڕ کەسەر
ئەمجارە لەوێوە ڕێیەکی تر بگرە
بنواڕە دەفتەری کاروانی خۆرهەڵات، کەی دەگەن؟
جزمەکان لەوێدا پەرت بوون و
دەمێکی درێژە بۆ پێکان
چاوەڕوانیی دەکەن.
بزڕكان.
جاڵجاڵۆکەیەکی چوارشانە
بە پەلەپیتکە
بۆینباخەکەی دەتەکێنێ و
کاسکێتەکەی ڕێكدەخا،
مژێك لە جغارەکە دەداو
تووڕی دەدا.
هەر دەستەو پاڵ بەدەستەوە دەنێ
تۆیەکی بچوك هێندەی جاڵجاڵۆکەیەك
لەناو ئەو هەموو تەون و گوریسەدا
لە مێخ دراو
بەبێ جوڵە، هەرچاوێکت پێوەماوە
بۆ بینینی کارەساتەکان
هەر ڕۆژەو پارچەیەکت دیارنامێنێ
وەکو بەفری سەرەتای بەهار
دەتوێتەوە و بزر دەبێ..
دڵت کونە
دیوارەکە سۆندەیەکی تێکراوە
خوێنی لێوە ئاودیو دەکرێ
لەسەر هەمان ڕیتمی ئاودیوکردنەکان
لەسەر هەمان شێوەی بۆریەکان.
باشتر وایە بڵێین
سنگت دڵی تێدا نەماوە.
ئەوانەی لەوێ دەگوزەرێنن
بێ سەر دەژین-
ئەوەیە مەرجی ژیان لە کۆماری پاشەڕۆژدا..
*
* *
گوێدرێژەکە لەسەرچوچی شەقامە گشتییەکەدا
وەکو فیلێکی پفدراو
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەوارەی زەبەلاحتر
بە چەشنی لۆگۆی دیموکراتییەکانی ئەوێ
بووەتە سیمبوڵی شارێ
ناجوڵێت و هەر دەزەڕێ
هەمووان بێدەنگ
دەڵێی خۆڵی مردوویان بەسەردا کراوە-
لەو پایتەختە پاشەڕۆژییەدا!..
ڕاستر بڵێین سەریان پێوە نییە
تا گوێ بیست بن
تا بێزار بن بەو زەڕینە،
بگرە خوویان پێوەگرتووە
دەگەشێنەوە بە بیستنی
کە هەر سێ ژەمە دەبیسترێ
پێش خۆرهەڵاتن و نیوەڕوان و پێش ڕۆژئاوابوون.
جگە زەڕین
هیچ سەدایەکی تر نییە
مارشە، دروشمە،
دەستپێك و دواییهاتنی بەرنامەکانە،
ئەوانەی ڕیزی دواوە کۆرسن
جارجارەش چەپڵە لێدەدەن..
تۆیەكی قەوارە بچوك
هێندەی جاڵجاڵۆکەیەك-
نەبینراو،
لەبەر پێی جاڵجاڵۆکەیەکی کەتە
هێندەی گیانەوەرێکی حیت،
تل دەخۆی لە نێو پیتەکان
خۆڵاوی دەگەوزێی
لەناو ڕستەکان
چیت ماوەتەوە لەو هەموو پەیڤە
لەو هەموو ئەزموون و ئەو هەموو ئومێدە؟
تا چاوبڕکا
پانتایی ئەمسەر تا ئەوسەر
جگە لە زەڕین
هیچ سەدایەك نایەتە گوێ
هیچ جوڵەیەك پێشچاو ناکەوێ
ئەڵێی خۆڵی مردوویان بەسەرداکراوە
زیندەوەرانی ناو ئەو کۆمارە پاشەڕۆژییە..
*
* *
لە گۆشەیەکەوە دەڕوانی
چۆن بەپەلە دەیبەن بۆ گۆڕستان
چنگی وەکو دڕك گرژ
سەرەتای وەکو کۆتایی هەر مەراق
ئەو ژیانە.
لەولاتر
هێشتا خولەکێکی ماوە شەمەندەفەرەکە بڕوا
جابییەکە دەرگاکە پێوەدەدا
هەرچەند ڕادەکەی بەدوایدا
دەڕوات و لە چاو ون دەبێ.
*
* *
جاڵجاڵۆکەیەکی کەتە لە زەلامێك بڵندتر
پەلەکانی زیاتر
تۆش لە جاڵجڵۆکەیەك گچکەتر
گوێدرێژەکە قایمتر دەزەڕێ
کەسیش هەراسان نابێ
دوالاپەڕە ماوە بیخوێنیەوە
نۆڤڵەکەت لە دەست دەکەوێتە خوار.
کانوونی یەکەمی
٢٠٢٤
|