٢٨\١\٢٠٢١
سێکیولاریزم بە
واتای ئازادیی دینەکان دێ لە ئەمەریکا.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئارام حهمهساڵح
ھەندێ ولات وەکوو یەکێتی سۆڤیەتی جاران ڕاستەوخۆ دژایەتی دینی دەکرد لە
کاتێکدا ھەندێ ولاتی تر وەکوو ئێران دین و حکومەتیان پێکەوە گرێدابوو،
ئەمەریکا ژیرانە لە ناوەڕاستی ھەردوکیاندا وەستا نەدژی دین بوو نە
حکومەتیشی تێکەل بە دین کرد، ھەڵبەتە وەستان لە نێوان ئەم دوو
بژاردەیەدا و بێلایەنی ھێرش نییە بۆ سەر ھیچ کەسێک و ھەموو کەسێکیش
دەپارێزێ.
بەبێ گوێدان بە بیروباوەڕی ئاینیی تایبەت بە تاکەکانی کۆمەڵگا ، ھێنانە
پێشەوەی تێکستە دینیەکان وەکو ئینجیل و تێکەڵکردنیان بە دونیای سیاسەتی
سێکولار کارێکی لە ڕادەبەدەر نەشیاوە ، ئەمەریکا نەلەسەر بناغەی
کریستیانێتی دامەزراوەو نە ئەوانەی ئەمەریکاشیان دۆزیوەتەوە ھەمویان
کریستتیان بوون.
بە ڕای ئیسحاق کرامنیک کە پرۆفیسۆر بوو لە زانکۆی کۆرنێل ؛ ئەمەریکا
لەسەر بناغەی سێکولار دامەزراوە کە بەتەواوی بێلایەن بووە لە بەکار
ھێنانی ھەموودەربڕینێکی دینیدا ، لەساڵ ١٧٨٧ دا کرامنیک وتی : کاتێک
خاوەن مڵک و جوتیارەکان ھەستیان کرد کە ناوی (خودا) بە تەواوی لەناو
دەستوری ئەمەریکادا ڕیشەکێش کراوە بە شێوەیەکی بەرفراوان دژی
وەستانەوەو وەکوو دەکومێنتێکی بێڕەوشت و بێ خودا ئەژماردیان کرد ، کە
لە ڕاستیشدا وا بوو.
لەھەموو ھەرێمەکاندا ئەوانەی دژی ئەم دەستورە بوون بەرەنگاری بوونەوە و
نەیاندەویست جێکەوت بکرێ بە تایبەتی ئەو بڕگەیەی کە دەڵێ : ھیچ
بیروباوەڕێکی دینی لەتاکەکانی کۆمەڵگا داوا ناکرێت کاتێک کە دەیانەوێ
کاروباری حکومەت بگرنەدەست یان بۆ ئەوەی متمانەی خەڵکی بەدەست بێنن .
کەسێک لەوانەی دژی سیستەمی فیدراڵی بوو لە ھەرێمی کارۆلینای باکوور وتی
: دەرکردنی دین لە دەستووردا زۆر مەترسیدارە و نا سیاسیە چونکە
پاگانەکان و دایەستیەکان و محەمەدیەکان دەتوانن خۆیان ھەڵبژێرن بۆ
ھەموو وەزیفەیەکی ولات لەگەڵ ئێمەدا.
ئامۆس سینگلاتۆری لە ھەرێمی ماساچوستس کە یەکێک بوو لەوانەی زۆر
بەسەرسەختی ڕەخنەی لە دەستوور دەگرت دەیگوت : ئومێدەوارم کە
کرسیتیانەکان لە دەسەڵاتدا ببینم چونکە بە پێی دەستوور باپتیست و بێ
باوەرەکان ھەمان مافیان ھەیە.
دەستووری ئەمەریکایی بە تەواوی دەستورێکی سیاسی و سێکولارە، بە تێرمی
(ئێمەی مرۆڤ) دەست پێەکات و بەھیچ شێوەیەک ناوی خوداو مەسیح و
کریستانێتی تێدا نەھاتووە، تەنھا ئاماژەیەک بە دین درابێت ئەوەیە کەلە
دەڵێ (ھیچ بیرو باوەڕێکی دینی)، کۆنگرێس نابێ ھیچ یاسایەک داڕێژێت کە
بیرو باوەڕی ئایینیی یان دژە ئاینیی پێوە دیاربێ.
تێکستی سوێندانی سەرۆک کۆمار تەنھا تێکستە کەبە درێژی لە دەستووردا
ساغکراوەتەوە و دەستەواژەی ( خودا یارمەتیم بدەیت ) یان ئامادەکردنی
ئینجیل و دەستخستنە سەری و سوێند خواردن پێی تێدا نییە ، دەستەواژەی
لەژێر ناوی خوادا تاکو ساڵی ١٩٥٤ بوونی نەبوو، کۆنگرێس بە کاریگەری
بیروبۆچوونی ماک کارتیزم ئەو دەستەواژەیە ی خستە ناو تێکستی
سوێندخواردنەوە ، بەھەمان شێوەش دەستەواژەی ( باوەڕمان بە خودا ھەیە )
کەلەسەر پارەی کاغەز نوسراوە پێش ساڵی ١٩٥٦ بوونی نەبوو، بەلام لەسەر
ھەندێ پارەی مێتال ھەبوو، دروشمی ئەسڵی ئەمەریکا لەلایەن جۆن ئادەمز
وبنیامین فرانکلین و تۆماس جیفرسۆنەوە نووسراوە و دەڵێ : ئێمە پێکەەو
بەتاک و بەکۆ ئاھەنگی کلتوورو بیرووباوەڕی جیاواز دەگێڕین.
لەساڵی ١٧٩٧ دا ئەمەریکا پەیمان نامەیەکی لەگەڵ تریپۆلیدا مۆرکرد ،
تێیدا ھاتووە دەڵێ ؛ حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەھیچ
شێوەیەک لەسەر بناغەی ئاینیی مەسیحی دانەمەزراوە ، ئەم دڵنیاکردنەوەیەی
ئیسلام لەسەردەمی سەرۆکایەتی جۆرج واشینگتۆندا داڕێژراو لەسەردەمی جۆن
ئادمزدا لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەند کرا.
ئێمە لەلایەن جاڕدانی سەربەخۆییەوفەرمانڕەوایی ناکرێین، کە مەبەست لێی
ھەلوەشانەوەی وابەستەیی سیاسی بوو، بۆ ئەوەی گەلێکی مەزھەبیی سازنەکرێت
، کە دەسەلاتەکەی لەسەر بناغەی ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کەدەڵێ ؛
حکومەتەکان لە نێو مرۆڤەکاندا سازکراوە کە دەسەڵاتی خۆیان لە
دادپەروەرێتی حکومەتەوە وەردەگردن کە تەواو پێچەوانەی ئەو بیرۆکەیەیە
کەلە ئینجیلدا ھاتوەودەڵێ دەسەلات لەلایەن خوداوە وەرگیراوە.
جاردانی سەربەخۆیی بە ھیچ شێوەیەک باسی دین ناکات بە لکو زیاتر باسی
یاسا، سیسەتەمی باج، نوێنەرایەتیکردن، جەنگ، پەنابەر و کۆچبەران و...
ھتد دەکات.
لە جاڕدانی سەربەخۆییدا ئاماژە بە خودای سروشت ، خالق و خوداوەندی
ھەرێم کراوە بەڵام ئەمە بەواتای ڕەوایەتیدان بە کریستیانتی یان دینی
مەسیحی نییە نووسەری ئەم بابەتە خودی تۆماس جیفرسۆن بووە کە باوەڕی پێ
نەبوەو دژی کریستیانتی و ھێزی سەروسروشتەوە بووە، لەھەمان کاتیشدا
دەڵێ: لەو سیستەمانەدا کەبەھاو ڕەوشتی باشی تێدایە لە کۆن و نوێدا کە
سەرنجی خەڵکی راکێشا بێت ھیچ کامیان ھێندەی مەسیح پاک نەبوون ،
ھەرچەندە ئەمە دانپیانانی خودی جیفەرسنیشە ، بەڵام جیفرسۆن درێژە
بەقسەکانی دەداو دەڵێ: کاتێک کە لەناوەخنی ئینجیل ورد دەبینەوە بۆمان
روون دەبێتەوە کەھەندێ بڕگەی سەرنج ڕاکێشەری تێدایەو لە قسەی کەسێکی
زۆر بەتوانا دەچێت لەگەڵ ئەمەشدا ھەندێ بڕگەشی تێدایە کە زۆر لاوازەو
پێدەچێ کەسێکی بێ توانا دایڕشتبێت.
ئیسحاق کرامینک دەڵێ ؛ ئەوە خودی تۆماس جیفرسۆن بوو کە دینی لە دەوڵەت
جیاکردەوە چونکە زۆر بەگومان بوو لە ئایین و پیاوانی دینی کە دەسەلاتی
سیاسی بگرنە دەست.
تۆماس جیفرسۆن لە سالی ١٧٨٦ دەستی ھەبوو لەداڕشتنی یاسای ئازادی
ئاینەکاندا لە ھەرێمی ڤێرجینیا ، ھەڵبەتە ھەر لەھەمان یاسادا پشتگیری
لە ئازادی ڕەھای بێدینەکان و ئەتایستەکانیش کردبوو .دەسەلاتی شەرعی
حکومەت تا ئەو ئاستە دەڕۆشت کە بریندار کەر بێت بۆ ھەندێک بەلام
دراوسێکەم بریندار ناکات ئەگەر بڵێ ٢٠ خوا ھەیە یان ھیچ خودایەک نییە!
نە گیرفانم دەبڕێ و نە قاچیشم دەشکێنێ!
تۆماس ژیفرسۆن بەرگری لە جیاکردنەوەی دین و دەولەت دەکرد، نەک ھەر
لەبەر ئەوەی حکومەت دەست بکێشێتە کاروباری کلێساوە بەڵکو بۆ ئەوەش
ئازادی خەڵکی بپارێزێ ، من وایدەبینم کە فەلسەفەی مەسیح بەھای بەرزو
ڕەوشتی باشی لەخۆی گرتبێت ، بەڵام بەدووری نازانم ئایین لە ژێر دەستی
پیاوانی ئاینیی و دەولەتدا بێتە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤ و
پاشانیش زەوتکردنی مافە مەدەنیەکان و ئازادی ئایینیی ھەموو کەسێک.
جیفرسۆن و ئەوانی تر کە ئەمەریکایان دا مەزراند لە چەرخی ڕۆشنگەریدا
چاویان ھەڵھێنابوو ، کە بیرو بۆچون و جیھان بینیان لەسەر بناغەی
سێکولارو عەقل و مەعریفە داڕشتبوو نەک لەسەر بناغەی ئایینیی.
جیفرسۆن دەڵێ : پیاوانی سەر بە ئایینە جیاوازەکان وەکوو خێو سەیری
زانست و پێشکەوتنە زانستیەکانیان دەکرد، ڕۆژێک دادێ کە خورافەی
نەوەکانی مەسیح وەکوو چیرۆکی ئاژەلانی لێدێت کاتێک کە دەڵێن دایکی
مەسیح بە ھۆی فوکردن بە ناوھەناویدا سکی پڕبووە لەکاتێکدا کە پەردەی
کچێتی نەدڕاوە ، ھیوادارین کاتێک کە ھزرو ئازادی بیرو ڕا فەراھەم دەبێت
بۆ ھەموان ئەم بیرو بۆچوونە خورافانە لەناو بچێ.
بە کۆتایی ساڵی ١٨٢٠ جیفرسۆن توانی قەناعەت بە تێکڕای گشتی خەڵک بکا
کەلە ئەمەریکادا ھەموو کەسێک بە خوادایەکی تایبەت بەخۆیەوە دەمرێ.
جیفرسۆن و ھاوکارەکانی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ھەرگیز نابێ
ئەمەریکا بەرەو دەسەڵاتێکی تیۆکراتی کریستایانێتی بڕوا. ھەروەھا
دەیانگوت ئێمە دوژمنایەتی ھەموو جۆرە زۆرداری و گوشارێک بۆ سەر مێشکی
مرۆڤ دەکەین.
________________________________________________
پەراوێز:
١.پەیگان Pagan: بیروباوەڕێکی دینییە
،باوەڕیان بە چەند خودایەک ھەیە نەک تەنھا یەک خوا .
٢. دیەست Deist: بیروباوەڕێکی دینییە
،باوەڕیان بە خودایەکی سروشتی ھەیە کە دەخالەت لەکاری مرۆڤدا ناکات .
٣. ماکارسیزم : Joseph McCarthy
١٩٠٨-١٩٥٧ سیاسەتمەدارێکی ئەمریکی بوو کە زۆر سەرسەختانە دژایەتی
کۆمۆنیزمی دەکرد ، لەسەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا زوو ھەستی بە
بلابوونەوەی کۆمۆنیزم و بیروباوەڕی مارکسیزم کرد لەسەرتاسەری دونیادا،
بۆ ئەوەی بەربەستێک بۆ تەشەنەکردنی بیرباوەڕی کۆمۆنیزم دابنێ دەستیکرد
بە تێکەڵکردنی دین و سیاسەت و توانی کۆنگرێس رازی بکات و چەند دەستە
واژەیەکی ئایینیی بخاتە ناو دەستوورو تێکستی سوێندخواردنی سەرۆک
کۆمارەوە،ئەم بابەتە لە ئەمەریکادا بە ماکارپیزم دەناسرێ.
ماڵپهڕی ئارام حهمهساڵح
|