په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٢\٢٠٠٩

        سەما.

 

هیوا ڕەش

من نازانم سەما بکەم
بەڵام جار جارە
لە گەڵ غەما
دەست لەکەمەر ئەنێم و
ئەکەومە سەما
من نازانم گۆرانى بڵێم
بەڵام جار جارە
بەرۆکى پێ ئەگرم
بە قوڵپەى گریان
ئەویش ئەچڕم
  *  *  *  *  *
من درەنگ دێمە قسە
هەموو جارێک
لە وەسفى کچا
پشت بە بەژن و باڵاوە ئەدەم و
دائەنیشم لە ساباتى پرچا
قسەکانم ئەکەمە هۆنراوە
لە نێو کچانا تۆ ئەدەمە لاوە
چونکە لە دیوانى عەشقا
من تەنها تۆ ئەناسم
تاملوانکەى شیعرم
بە گەردنتا هەڵواسم
چى بکەم ؟ !
ئەگەر وا نەکەم
هەتا نازانم
قسەش بکەم
  *  *  *  *  *
من سەرم اە وەرزش دەر ناچێ
بەڵام بەردەوام
لە گەڵ خۆشەویستیى
کچێکى زۆرزان دا
هەمیشە لە موبارەزە و
لە گۆڕەپانى زۆران دا
ئەو براوە و من دۆڕاوم
کەچى هەر خۆشم ئەوێ
قە ت ناکەوێ لەبەر چاوم
بە پێچەوانەوە
خەریکە خۆى
ببێت بە گلێنەى چاوم
ئاى کچەکە
من بە دەستى عەشقى تۆوە
چەند داماوم !

 

   نیگا.
لە ژێر ئەو کراسەى
کە ڕەنگى
لە نازناوى من ئەچێ
دە پێم بڵێ
چیت حەشار داوە کچێ ؟
دڵێکى ڕەق وەکو بەرد
سینەیەکى ساف و بێگەرد !
یان جگە لەو دووانە
پڕ لە ڕاز و پەنهانە
  *  *  *  *  *
بۆچى ؟
کە لە ماناى خۆشەویستى نازانى
کە چى !
لە تاڵ تاڵى تیشکى خۆر ئەڕوانى
بەوە نیە کە جوانى
بەڵام دڵێکت هەیە
ڕەش و قەترانى
پێت خۆشە
هەزارى من ئاسا
بۆ خۆت بکەی بە قوربانیى
دیارە نیازتە
نیگاى چاوەکانت بارگاوى بکەیت
دڵى مەنزڵگەى عەشقمى
پێ بە زوخاڵ بکەیت
  *  *  *  *  *
نازانم !
مەبەستت چى یە ؟
لە بەر چى یە ؟
وا هێندە تامەزرۆى ئازاردانمى
خۆ کفرم نەکرد
پێم ووتى :
تۆ سەرچاوەى ژیانمى
تۆ خوداى
خوداوەندەکانمى
  *  *  *  *  *
گیانەکەم
هیچى تر ناڵێم و
ئیتر بەسە
خۆشم ئەوێى
پێشینان جوانیان ووتووە :
ئەو کەسە کەسە
تەنها ئەلفێکى بەسە
جێگەم بۆ خۆش کە
لە نێو ئەلبومى ئەدگارەکانت
بمکەرە قوربانیى
بە تیرى موژگانت.


07701309524
Hewarash1@tahoo.com