په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٠\٢٠١٠

سەماى عیشق

لە چامەى ستایشەکانى عیشقی فەرەیدوون سامان دا.


خوێندنەوەى: شوکر سلێمان


ئەگەر شیعر بەشێک نەبێت لە هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى ئەو دیوى ناخ، ئەوە پێم وانییە ژانرێکى وەکو شیعر تەنیا لەو شتە سادانەوە کۆتایى بێت کە هەموومان لە کایەکانى دیکەى زانستدا بەدى دەکەین، ئەوەیە زیندوویەتى شیعرى پاراستووەو، لە زەمەنى تەکنەلۆژیاو بە ئامێر بوونى مرۆڤایەتیشدا توانیویەتى کێبرکێ لەگەڵ ئەو کاروانە پڕ لە هەورازو نشێوەدا بکات و، هەمیشە لەگەڵ هەر رۆژگارو سەردەمێکدا ئەو بە رەنگ و دەنگ و سەنگێکى نوێوەوە لە ئاسۆى خۆرەتاودا دەردەکەوێت و، نەشئەیەک دەبەخشێتە ناخە ماندووەکان، ئەو کەسانەى بیابانى ناخیان دواجار تەنیا لە ئاوێزانى شیعرێکدا، لە تێکەڵ بوون بە وێنەیەکى شیعرى تەڕ.. دەسلەملان لەگەڵ وشە پڕ لە بەرائەتەکانى شیعر پیاسەیەکى ئەو دیوى سنوورە یاساغەکان دەکات و، سەرێک دەکات بە ماڵى جاویدانى عەشق و هەموو ساتەکانى تەمەن دەخاتە بۆتەى فلاشباکە یەک لەدواى یەکەکان و، ئەوسا دەزانێ زیندەگى چ ئەسفوونێکى بێ واتایە.. ئەوسا تێدەگات ژیان بەبێ عەشەق چ بەربەریەتێکە لە گوزەراندن، چ وێرانەیەکە لە فەنابوون..


چامەى (ستایشەکانى عیشق)ى فەرەیدوون سامان کە نوێترین دەقى شیعرى ئەو شاعیرەمانە، ئەوە هەڵدەگرێ چەند قسەیەکى لە بارەوە بکەین و، هەندێ رازى نێو ئەو چامەیە بۆ خوێنەر لێکبدەینەوە، ئەو چامەیە خۆى لە چوار نوێشکە شیعر ئاڵاندووەو هەر نوێشکەیەک ناونیشانێکى سەربەخۆى هەیە، ئەوانیش (ستایشەکانى عیشق و ستایشەکانى ئاوێنەو توخمەکانى عیشق و چامەکانى عیشق)ن. من گەرەکمە لێکدانەوەکانم پیاهەڵدان نەبێت، چونکە فەرەیدوون سامان لەوە دەرچووە ستایش بکرێت، ئەمەش بەواتاى ئەوە نییە بڕووخێنرێت، نەخێر بە پێچەوانەوە ئەو شاعیرەمان لەو قۆناغە دەرچووەو پێى ناوەتە دنیاى ئەوەى بە جدى بخوێنرێتەوە، ئەمەش ئەوەمان لێدەخوازێ هەڵوەستە لەسەر بەرهەمەکانى بکەین و تێبینى و روونکردنەوەکانمان ببێتە دەروازەیەکى دیکەى سەرکەوتنى ئەو.


ئەگەر بە شێوەیەکى گشتى لە چامەکە بڕوانین، هەست دەکەین وێنەو پیشاندانى فلاشباکى ناوەوەى کۆپڵەکان و بەکارهێنانى هەندێ وشەى نوێ و شێوەى تەقسى شیعرەکە، تا رادەیەکى زۆر هەناسەیەکى کراوە بە خوێنەر دەبەخشێت و، لە خوێندنەوەى چامەکەدا خوێنەر هەست بە هەناسە سوارى ناکات، ئەمەش شێوازێکى ئاسایى فەرەیدوون سامانى شاعیرە، کە ماوەیەکى زۆرە خوى بەو شێوازە گرتووەو بۆتە یەکێک لە ناسنامەى ناسینەوەى شیعرەکانی ئەو، ئەمەش لە خزمەتى ئەودایە لە هەڵبژاردن و دۆزینەوەى رێچکەى تایبەت بە خۆى.


بەڵام لە چامەى (ستایشەکانى عیشق) دەکرا هەموو چامەکە تەنیا ئەو ناونیشانەى سەرەوەى هەبوایەو، ناونیشانەکانى دیکە شتێک نییە لەو ستایشە کەمبکاتەوە کە شاعیر دواجار کردوویەتیە ناونیشانى سەرەکى چامەکە، ئەوەش ئەو بۆچوونەمان دەسەلمێنێ کە شاعیر بەو مەبەستە خزاوەتە بەردەم ئاوێنە بۆ ئەوەى لە بنمیچى ئەو پیشاندانە وێنەییەدا تاڵە مووە سپیەکانى عیشق بدۆزێتەوەو، بە رابردووى خۆى بڵێ من ئێستاش بە سەرى سپیمەوە هێشتا هەر عاشقێکى خاڵ رەندم.. لە وێناکردنى توخمەکانى عیشقیشدا دیسان نەیتوانیوە تێپەڕى ئەو عەشقە ئەبەدییە بکات کە هەر لە ئەزەلەوە چەکەرەى لەناخى ئەودا کردووەو، ئێستا تەواو باڵاى چۆتە کەشکەڵانى فەلەک و ناتوانێ دەستبەردارى بێت، بۆیە باشتر بوو هەموو چامەکە تەنیا ئەو ناونیشانەى سەرەوەى هەبوایە، بەڵام دیارە ناونیشان لاى فەرەیدوونى شاعیر گرنگە، بۆیە چامەکەى پەرت کردووە بۆ چەند ناونیشانێکى جۆراوجۆر.


لە کۆتایى بەشى یەکەمى ستایشەکانى عیشقدا شاعیر دەڵێ:


ئەى عیشق تۆ نەبیت
تەمى خەمۆکى رووخسارى ئاسمان دادەگرێ
شەممە دەبێتە سێ شەممە
ئەمڕۆ، دوێنێ
دارستان دەبێتە بەرد
سەرەتا، کۆتایى
بەهانام وەرە
ئەى عیشق..

ئەگەر لەو کۆتاییەوە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاى چامەکە، هەست دەکەین شاعیر لە نائومێدیەکەوە باوەش بۆ فریادڕەسیى عیشق دەکاتەوە. چونکە کاتێ لە نێو ئەو دنیا پڕ لە نائومێدیەوە بۆ دەورەبەرى خۆى دەڕوانێ هیچ شتێک شک نابات، دواجار تەنیا ئەو درەختە باڵایەى عیشەق نەبێت کە زەمەنێکە سێبەرى بەسەر دڵە جەخار جەخارەکەیدا کردووەو رێگە نادات رۆژگارە غەدارو بێئەمەکەکان خاڵى خاڵى بکەنەوە لەو سۆزە گەرمەى حەزى زیندەگى لاى ئەو دەبەخشنە رۆژو مانگ و ساڵە سەختەکان و شاندانە پاڵ ئەو نەهامەتیانەى رۆژگار رووبەڕووى مەردوومى دەکاتەوە.. بۆیە شاعیر دواى ئەو بێئومێدى و نەهامەتیانە دەگەڕێتەوە نێو پەرستاگاى عیشق و دەست بەرزدەکاتەوە بۆ ئاسمان و دەچێتە خزمەت ستایشى عەشقێکى ئەبەدى.. وەکو دەڵێ:

وەرزێکى دیکە ماوە بۆ عیشق
ژوانێک بۆ ئاوێتەبوونى هەست
ئاوێتەبوونى رۆح

بەرلەوەى مانگ ئاوا بێ
چۆلەکەکان بەسەر درەختەکانەوە بمرن
شڵپە و شۆرى تاڤگەکان کۆتاییان بێ
بەفرەکانى بتوێنەوە
سەراپاى زەوى ببێتە ئاو
ئاو جوانى خۆى لەدەست بدات
خۆرەتاو بەرائەتى خۆى بدۆرێنێ..


هەرچەندە من پێموایە دەکرا شاعیر جوانترو بە سەلیقەتر رەنگڕێژى سەرەتاى چامەکەى بکردایە، ئەگەرچى دوو دێرى دەسپێکى چامەکەى سەرنج راکێشەو کەمەندکێشى خوێنەر دەکات، بەڵام لە بەشى دووەمى کۆپڵەى یەکەمدا جۆرە ئاڵۆزبوون و تێکەڵیەک لە واتاو بەیەکەوە بەستانەوەى چامەکە روویداوە، شاعیر یان درکى پێنەکردووە، یان نەیتوانیوە بە شێوەیەک لە شێوەکان چارەسەرى ئەو درزە بکات. بەڵام دواتر کە پەنا بۆ عیشق دەبات و دەگەڕێتەوە سەر ئەو یەقینەى ئەگەر عیشق نەبێت هەموو شتە جوانەکان بۆن و بەرامەى راستەقینەى خۆیان نابەخشن و، هیچ شتێک لەو گەردوونە ناتوانێ حەقیقەتى خۆى دەربخات، بۆیە گەڕانەوە بۆ عیشەق لاى شاعیر لێرەوە سەرچاوە دەگرێ کە بێ بوونى عیشق، تا سروشتیش ناتوانێ لە بەردەوامى هەلەکەسەماى جاویدانى ئەو دنیا ئەبەدییە بێت. کەچى لە شیعرى (ستایشەکانى ئاوێنە)دا دەڵێت:

ئاوێنەش لە سیمام ڕاماوە
دەڵێى نامناسێتەوە
بەگومانە من خۆم بم

منى میراتگرى عیشقێکى ئەفسانەیى
لەوەرزى خنکانى هەناسە و
بەدمەستى ئەفیونى گوڵەکان..


دیسان شاعیر لە رامانی خۆیدا تووشى ئەبلەقبوون دەبێت و بە ناچارى دەگەڕێتەوە بۆ خەلوەتگەى عیشق و، لەگەڵ ئاوێنەدا دەکەوێتە دوان و قسە بۆ دووبارە ناساندنەوەو بەخشینەوەى ناسنامەى عیشق بەخۆى، بۆیە لەو نائومێدیەى لەسەرەتاى چامەکەوە ئاماژەمان بۆکرد، دیسان لەو بەشەدا سەرهەڵدەداتەوە، بەڵام شاعیر لە گەڕانەوەى بۆ نێو پەرستگاى عیشق، دەڵێ نا ئەوە من نیم، چونکە کەسى عاشق چ باکى بە دنیا نییەو، ئەو هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ دنیا پڕ لە بەرائەتەکەى خۆى، چشدا لەوەى جێهیشتن و بێ وەفایى زۆرجار مەردووم خلۆردەکەنەوە نێو دنیاى ئەندێشەى ناگەهان، بەڵام باوەشگرتنەوە بەعەشقدا سەراپاى ژیان نەخشینى دنیا ئاڵواڵاکان دەکات.


لە بەشێکى دیکەى چامەکەدا شاعیر دەڵێ:

عیشق کتێبى رازەکانە
هێشتا کۆدەکانى نەخوێندراوەتەوە

عیشقى ئەو خەونى رەنگاڵەیى
منداڵێکى ساوایە
خەستترین شەراب و
سادەترین خەیاڵە
عیشقى ئەو....
هەنگوینێکى تاڵە


لەم کۆپڵەیەدا شاعیر دەگەڕێتەوە بۆ ستایشى عیشق و پێى وایە پەی بردن بە نهێنیەکانى عیشق، هەروا ئاسان نییە، بۆیە شاعیر بە پەڕتووکێکى نەخوێنراوەى ناو دەبات، هەرچەندە ئەمە وێنەیەکى شیعرى زۆر جوانە، بەڵام دەبواییە ئەو کۆپڵەیە جیاکردنەوەیەکى لەگەڵ وەڵامى دووەمى کۆپڵەکە لەیەکتر جیاکرابووایەوە، چونکە دوو تێگەیشتنى جیاواز دەبەخشن.


لە (چامەکانى عیشق)دا شاعیر تووشى هەڵەیەکى هزرى بووە، نەدەکرا ئەو عیشقە پەنهانەى دواجار لە گێڕانەوەیەکدا بۆ خوێنەرى بەیان دەکات، تێکەڵ بەو حەزە هەرزەییانەى بکاتەوە، کە ئەمەیان دووشتى لەیەکتر جیاوازن، وەکو لە سەرەتادا دەڵێ:

وێڵە سێبەری من
بە شوێن هەنگاوەکانت ،
چاوی شار شەکەتە و
رێگا ون
بستێک نەما لە شەقامی نیگەرانی بۆت نەگەڕێ
کەچی نە پێکدەگەین
نە لێکترجوێدەبینەوە ..


کاتێ دەست بە خوێندنەوەى چامەکانى عیشق دەکەین هەست ناکەین مەلەى نێو دەریاى عیشق دەکەین، بەڵًکو هەست دەکەین دەگەڕێینەوە بۆ حەزێکى ئاگرین، حەزێک لێوان لێوە لە خۆشەویستى، هەر ئەمەشە واى کردووە شاعیر لە پەی بردن بە نهێنیەکانى عیشق و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ کایەیەکى وەکو عیشق نەتوانێ تاسەر خوێنەر ئاراستەى دوا نهێنیەکانى عیشق بکات، چونکە دەکرێ مرۆڤ لە سەردەمێکى ژیانى خۆشەویستى بکات، بەڵام دەکرێ تاسەر عاشق بێت، عاشقبوون پرۆسەیەکە لە سەرەتاى لەدایکبوونەوە دەست پێدەکات و تاکۆتایى تەمەن بەردەوام دەبێت، عەشق پیر نابێت، خوێنەرى زیرەک هەست دەکات لەسەرەتاى خوێندنەوەى چامەکەدا هەست دەکات شاعیر لەنێو پرۆسەى عەشقبووندا مەلە دەکات، چجاى لەوەى تەمەنى سەرى کردووە، بۆیە پێى رەوا دەبینێت، هەرچەندە لە پێشەکى ئەو چامەیەدا کەریم دەشتى شاعیر لە پەسنى فەرەیدوون سامان دا بە گەنجى ناودەبات، بەڵام گەنج لە دنیاى شیعردا، بەڵام بڵێین و نەڵێین فەرەیدوون ئەو قۆناغەى تێپەڕاندووەو، ناکرێ وەکو شاعیرێکى گەنج هەڵسوکەوتى لەگەڵدا بکەین، هەر ئەمەش مەبەستى ئێمەیە لە خوێندنەوەى ئەو چامەیەدا، واتە لەدواى ئەزموونێکى دوورو درێژ چاوەڕێى دەقى باشترو باشتر لە فەرەیدوون سامان دەکرێت.