په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٢\٢٠١١

سەمەرە ئەوکاتە ده‌ستپێده‌کا بکوژ دەستى کوژراو ده‌بڕێَ.


هەردى شەفیق     


ئەمڕۆ ئەو ڕۆژگارەیە ئیتر نەخەبات نانێکە سکى برسى مناڵێکى ئەم نیشتیمانەى پێ تێربکرێتء نەمێژوى سەروەریش ئەتوانێت شتۆکەیەک لەگریانى ئەو پیرە برسیە بگۆڕێت ڕۆژ تا ئێوارە ڕائەکاتء پاروى دەمى مناڵە برسیەکانى دەست ناکەوێت. ئەوەى ئەمڕۆ خەڵک داواى ئەکات نانء ژیانء ئازادیە، نەک خوێندنەوەى سەروەریەکانى ڕابردوو، نەک گێڕانەوەى چیرۆکى کیمیابارانء ئەنفال. ئەمڕۆ ڕۆژگارى مەرهەمە نەک کولانەوەو نسشاندانەوەى برینەکان. نەگبەتى سەرکردەى کوردیش لەوێدایە زوو بیرى ئەچێت بۆچى خەباتیکردو ئەو گەلەپێناوى چیدا ئەو قوربانیانەى بەخشى، ڕزگار بوون لەزوڵمء زۆر، یا گەڕانەوە بۆناوى؟


هەموومان لەبەرمانە ئەم میلەتە ستەمدیدە ڕۆژگارێک دەسەڵاتى بەعس ئەوەى نەکرا پێیکرد، بەڵام ناکرێت ئەو حەقیقەتەش لەبیر بکەین کەجام بەهەزار شێوە پڕ ئەبێت،ناکرێت بیر لەو ڕاستیە نەکەینەوە هەر ئەوخەڵکە خوێنى خۆییء گەنجىء ڕۆڵەى خۆیی بەم نیشتیمانە بەخشى. ناکرێت خۆمان لەو ڕاستیە گێل بکەین کوشتن تەنیا ئەو ساتە نیە مرۆڤ گوللە باران ئەکەیت، بەڵکو ئەتوانیت بەبرسیکردنء ڕەزالەت مرۆڤ لەناخى خۆیدا بکوژیت، بەبێکارەباییء نایەکسانىء نائومێد کردن زیندەبەگۆڕى بکەیتء ئەوگەنجە گیرفان چۆڵء دەرون پڕو سفرە خاڵیە بەدروشمبازى بریقەدار هەڵخەڵتێنیت کەناکرێتء لەداخلیەکەیدا نانء چایی شیرین ئەخواتء، هەر لەقوتابخانەکەى ئەویشدا کوڕەبەرپرسەکان خەرجى ئێوارە خواردنەوەیەکیان پارەى مانگێکى ژورێکى ئەوانە. من ئەزانم ئەوەى ناوى لێئەنرێت ئینتیماء پیرۆزىء خەبات لاى ئەو گەنجە ستەمدیدە کەهەرگیز ئامادەیی ئەوەى تیانیە گوێ بۆقسەى ئەو بەرپرسەى سەردەمى شاخ بگرێت کوڕەکەى ئەو کاتەى ئەم کرێ پاسى پێنیە ئەو تۆزى سەیارە دوا مۆدیلەکەى ئەکات بەسەریا، قسەى بێمانایە.کێشەکە لێرەوە دەست پێئەکات هەر ئەو بەرپرسەى لەکۆشکێک لەکۆشکەکانى بەهەشت ئەژى پێى وایە ئەو گەنجە درون پڕو گیرفان خاڵیە لەسەرى پێویستە شەڕى ستالینگراد بۆ ئەو بەرپرسەگیرفان پڕو ویژدان خاڵیەبکات، بەبێ ئەوەى تێبگات لەستالینگراد نان بۆ هەمووان نەبوو، بۆ نیوەى هەبووایەو نیوەى نەبووایە بەدڵنیاییەوە خەڵک ئەو شەڕەیان بەو شێوە نەئەکرد ،بەبێ ئەوەى لەو ڕاستیە تێبگات ئەمڕۆ سەردەمى ڕوخاندنى دیوارى جیاوازیەکانە، سەردەمى هەرەسى تۆتالیتاریەتە، دەیەى دووەمى هەزارەى سێهەمء سەدەى فەیسبووکء تویتەرو هەڵکردنى ئەو باهۆزەیە گەندەڵى لەگەڵخۆیدا ڕائەماڵێ. نازانێت دەرونى ئەم گەنجە سى ساڵانە پڕبووە لەدیتنى ئاودیوکردنى تەلى عامودى کارەباء ئاودیوکردنى سەیارەکانى دواى ڕاپەڕینء دواتریش مەرگەساتى شەڕى برکوژیء پاشانیش ئەم ئەزمونە جوانخاسەى گەندەڵىء دروستکردنى دودنیاى جیاواز لەخۆشترین شوێنى بەهەشت و تاڵترین جێگاى جەهەننەم. ئاخر ئەم نەوەیە داهاتووى لەتۆ ئەوێت نەک ڕابردوو، ژیانى لەتۆ ئەوێت نەک مێژوى سەروەرى. نەوەیەک ئابەم شێوەیە لەڕقء توڕەیی پڕى ئەکەیتء دواتریش سەرسامیت بۆ وائەکات؟! تۆکە بیست ساڵە ئاگرێک لەناودڵیا تاو ئەدەیت ئیتر هەرباسکردنێک لەخەتا لەڕوداوەکەى17/2شتێکى بێمانایە .


ئەوەى بۆمن مایەى سەرسامیە دەرونى ئەو گەنجەى بیست ساڵى ڕەبەقە لەسەر ئاگرى ئەم نەهامەتى دیتنە ئەکوڵێء سیاسیەکانیش ئەڵێن بەردیان گرتووەتە بارەگاکانمان! ئەدى بەتەمابوون گوڵتان تێبگرن؟!ئاخر گەنجێک بیست ساڵ بەئاگرى پەڕینەوە لەسنورەکانء براکوژىء گەندەڵیء بێکارى ئەسوتێت چاوەڕێی ئەوە نیت ڕۆژێک بەڕوتا بتەقێتەوە؟! بەبێئەوەى لەخۆتان بپرسن ئایا تاوانى گەندەڵیەکانى ئێوە لەبەردبارانى ئەو گەنجانە کەمترە؟ ئایا کورسەیەکانى ئێوە لەخوێنى ئەو گەنجانە شیرینترە؟ شوشەى بارەگاکانى ئێوە لەڕۆحى سورکێو ڕێژوانء شێرزادء جەستەى زمناکۆ گرانترە؟ حکومەتەکەى ئێوە لەژیانى میللەت پیرۆزترە؟ بارەگاکەى ئێوە لەگیانى ئەوان بەنرخترە؟ وابۆ مانەوەى بارەگایەکتان ئاساییە خوێنى ئەو هەموو قوربانیە ببینن؟ پێمان بڵێن ئێوە کەهەمیشە ئەو قسە دوپات ئەکەنەوە ڕوبارێک خوێنتان داوە، ئایا لاتان ئاساییە ڕوبارێک خوێن بڕێژن لەپێناوى مانەوەەى کورسیەکانتانء هەمان ئەزمونى دەسەڵاتى پێش خۆتان دووبارەبکەنەوە؟ پێمان بڵێن سەردەمێک ئەهاتنە ناوشارو دەستتان لەبارەگاکانى حکومەتى بەعس ئەوەشاند ،ئاژاوەگێڕبوون یا حەقخواز، خاوەن ماف بوون یا گێرەشێوێن؟ ئاخرئێوە ئەو کاتەش بەقسەى خۆتان ئازادیتان ئەویست نەک کۆیلەکردنء برسیکردنى خەڵک، ئایندەتان ئەویست نەک ڕابردوو، داواى ئازادى ڕادەربڕینتان ئەکرد نەک سوتاندنى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن تەنیا لەبەر ئەوەى حەقیقەت وەکخۆى نیشان ئەداتء بەدڵى ئێوە دەمامک پۆشى ناکات. بەمەش پێتان وتین تائەو کاتەى دیموکراتیتان ئەوێت زەرەرى بۆ پەزەکانتان نیە، بەڵام زوو زوو بیرتان ئەچێت بۆچى خەباتتانکردو نازانن منەتى چیمان بەسەرائەکەن، ئاخر ئەوەى کاتێک بەدەستێک جلى کوردیەوە باسى کوردایەتیمان بۆ ئەکەن، زنجیرەکانى دەوڵەتى ئەتاتورک ئەکەن بەمێشکى گەنجەکانماناء بەگۆرانى ئەرەبیسک و سیاسەتى ئەرگەنە کۆن موعتادمان ئەکەن. دواتریش پێمان ئەڵێن بەعس تەعریبى کردین؟! لەڕاگەیاندنەکانى خۆتانەوە کێتان بووێت ئەیکەن بەخیانەتکارو کێشتان بوێت لێمان ئەکەن بەسۆبرمان، زاڵممان لێئەکەن بەمەزڵۆم و کوژراویش بە بکوژ؟ خەڵکى ناڕازیمان لێئەکەن بەئاژاوەگێڕو کوژراو بەگوناهکار ؟! گەلۆ ئێوە بڵێن کەسێک بەردى وەشاندبێ ئاژاوە گێربێت ئاخۆ ئەوەى بە گوللە خەڵکى کوشتووە چیە؟! ئاخر ئەوە چ یاسایەکە هێشتا دادگا دەستى پێنەکردوە تۆ دەستى خەڵک ئەبڕیتەوە یا ئەوەیە تۆخۆت هەم دادگایتء هەم یاسایت ؟


ئاخر ئەوان پێیان کفرە حەقیقەتیان پێبووترێت، پێیان بووترێت ئەو سەردەمە تێپەڕى مرۆڤ تەنیا بەدیارچاوى خواوە بکوژیت، خوێن وەکو گوڵ نیشانبدەیت، ئەمڕۆ ئیتر ئامێرە تەکنەلۆژیەکان لەچرکەیدا ئەمسەرو ئەوسەرى دنیا ئەکەن، پێیان کوفرە بووترێت ئەم نەوە نوێیە نەوەى هەشتاکان نیەو لاى وایە زوڵم هەر زوڵمە ئیتر گرنگ نیە کورد ئەیکات یاعەرەب،گوللە هەرئەو شتەیە ئینسان ئەکوژێت ئیدى گرنگ نیە کورد پەنجەى بەپەلەپیتکەداناوە یاغەیرى کورد.لاى وایە هەرکەس پشتى کردە میللەت یا ئەبێت خۆى چاکبکات یا بڕوخێت، ئیدى بۆ ئەو گرنگ نیە کێیە. ئاخر هەردەسەڵاتێک لولەى تفەنگەکانى کردە خەڵکى سڤیل ئیدى پێویست نیە قسە لەسەر سەلماندنى زاڵم یامەزڵومیەتى بکەیت. گەنجێک ئەوەندە نائومێدء بێبەش کرابێت بڵێت من ئەوەندەى لافیتەى مردوویەک بوونم هەیە، ئەوەندەى لافیتەى مردویەکیش دەسەڵات ئەمخوێنێتەوە. تۆبڵێ ى شیعارى دوێنێى ئەو دەسەڵاتە درۆزنە بخوێنێتەوە بزنس بەسەر ڕابردووى خۆیو خوێنى هاوڕێکانیەوە ئەکات؟؟ شەوانە سامانى میللەت لەقومارا ئەدۆڕێنێ؟ ئاخر گەنجێک بوونء نەبوونى لەسەر ئەم شەقامە وەکویەک بێت چ باکى بەوە هەیە خۆى تیائەچێت یا ئەو حکومەتەى وەک لافیەتەى مردووەکەش سەیرى نەکرد؟! گەنجێک کەمردنء ژیانى وەک یەک بێت خەم لەکام شۆِرش ئەخوات تیانەچێت تەنیا بۆ بەرپرسەکانى بووە بەمایەى خۆشگوزارنى و بۆ ئەوانی تریش بەدبەختى؟ لافیتەى مردوویەک بەدەم باوە ئەشەکێتەوە ،چ خەمێکى لەوە هەیە بابیبات؟ کەئەو ڕۆحێکى کوژراوە بەدواى شەڕێکدا ئەگەڕێت یاجەستە بداتەوە یاخود گۆڕێکى بداتێ، چ باکێکى بەحکومەتێک هەیە گەیاندوویەتیە ئەو باوەڕە؟! چ باکى بە وێرانبونى ژیانى بەرپرسانێک هەیە خۆیان یاسادانەرو یاساشکێنن، خۆیان مافخۆرو مافخوراوانن، گەندەڵء بنەبڕکارى گەندەڵین؟ ئایا 20ساڵ بەس نیە بۆناسینى مشەخۆرانء تاوتوێکردنى ئەزموونى هەرێمى کوردستان ؟ چەند بیست ساڵى تر ئەبێت خەڵک چاوەڕێبێت؟ ئایا هەرگیز کورد لەمە دەوڵەمەندتر ئەبێت؟!
ئاخر ئەوە سەمەرەنیە ڕۆژنامەکانى وەک هاوڵاتىء ئاوێنەو لڤینء ڕۆژنامەو ....هتد بەڵگە هەڵئەڕێژنء بەرپرسەکانمان داواى بەڵگەى گەندەڵى ئەکەن؟ ئەگەر ڕۆژنامەکان درۆئەکەن خێرە لێیان قبوڵ ئەکەن؟ یا ئەگەر ڕاستیش ئەکەن ئیتر گەڕان و قسەکردن لەسەر بنەبڕکردنى گەندەڵى چ واتایەکى هەیە جگەلەهەڵخەڵەتاندن؟؟ 20 ساڵ بەس نیە بۆئەوەى کێشەى کارەبا چارەسەربێت؟ بەسنیە بۆئەوەى پیازو تورت لەئێرانء سوریاوە بۆ نەیەت؟ ئاخر خۆ ئێوە بۆ دەست بڕینى خەڵک ئازان بۆ سەرکردەیەکتان نەبردە بەردەم دادگا؟ یائەوەیە وایلێبێت بەدەگمەن سەرکردەى کورد قوتارى ئەبێت ؟ ئێوە باش ئەزانن هیچ لەبازاڕا نەماوە شەریک نەبن تیایدا؟ ئەو کاتەى خەڵک بەدواى (نان)ا ئەگەڕێء ئەگرى ئێوە بەدەفتەر پارە ئەدۆڕێنن. ئەو کاتەى خەڵک کرێچیەء پارەى کرێى مانگەکەى پێدابین ناکرێ، ئێوە بەدۆنم زەوى ئەبەخشن. ئەو کاتەى خەڵک کارەباى نیە، ئێوە لەهێڵى سەرەکیەوە ئەیبەن. ئەزانن خەڵک پێتان ئەڵێن فیرعەونەکان؟ ئەزانن خەڵک داواى نانء ژیان ئەکاتء گوللەیان پێوە ئەنێن؟ ئەزانن هەرچى لەئێوە نەبوو ژیانى لێحەرامەو لەئێوەش بوو هەموو شتێکى بۆ حەڵاڵە تەنانەت خوێنى خەڵکیش؟ ئەزانن سورکێوء زمناکۆش کوڕى ئەم میللەتەن؟ ئایا بۆئەوە شەڕى بەعستان کرد خوێنى کورد بڕێژن؟ تکایە ئیتر شانازى بەدوێنێوە مەکەن، دوێنێ لەگەڵ دوێندا ڕۆیشت. کاتێک حەقى ئەوەتان هەیە دوێنێمان بەسەرا قڵپ کەنەوە هەزار ئەوەندەى دوێنێتان نەبردبێء کوڕەکانى خۆتان بۆسەر کورسیەکان ئامادەنەکردبێ. ئایا ئێوە لەبنەماڵەى ئەنفالکراوەکانء بەرکەوتەکانى کیمیاباران ماندووترن خۆشبەختىء کورسیتان بەمیرات بۆ جێئەمێنێء بۆ خەڵکیش ڕەزالەتء بەدبەختى ؟ بەڵام ئێوە تەنیا گوێتان لەچەپڵەى کەسانێکە لەهیچیان کەمنیە، لەودنیایەى خۆتانەوە دنیا ئەبینن نەک هیچى کەمنیە بگرە لەهەموو شتێک وەک توڕەیی خەڵک لێى ئەڕژێ.


مایەى ئەسەفە لەم وڵاتەدا هێشتا دادگا دەستى پێنەکردووە بڕیارئەدەیت دەستى ببڕیتەوە، خۆت تەقەلەخەڵک ئەکەیتء باسى دڕندەیی بەعس ئەکەیت. سەرۆکى هەرێم لەبەیان نامەکەیدا ئەنوسێت (وادیارە)واتا هێشتا نازانێت چى ڕوى داوەو بەدوژمنانى کوردستانء فیتنەو ئاژاوەگێڕ ناویان ئەبات ! لەم ڕۆژانەدا لەسایتێکى فارسیدا چیرۆکێکم خوێندەوە زۆر لەواقیعى ژیانى ئەم میلەتەى ئێمە ئەچێت .ئەڵێت بیمارێکى دەرونى توشى خەمۆکیەکى خراپ بووەو ئەچێتە لاى پزیشکێکى تایبەت بەو بوارەو پێ ئەڵێت: غەم وئازار خەریکە ئەمکوژێت.پزیشکە کەپێى ئەڵێت بڕۆ لەمشاردا گاڵتەجاڕێکى سێرک هەیە لەفڵان شوێن، ئەوەندە پێى پێئەکەنیت هەرچى خەمتە ئەڕەوێتەوە .نەخۆشە کەش زەردەخەنەیەکى تاڵى بۆ ئەکاتء ئەڵێت قوربان ئەو گاڵتە جاڕەمنم!

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق