١٣\١١\٢٠٢٤
سەمفۆنای بێدەنگیی
گۆڕستان.
ئەرسەلان مەحمود
سەمفۆنای بێدەنگیی گۆڕستان. ئەرسەلان مەحمود
لە گۆڕستانێکدا کە تەنیایی دەنکە تەزبیحی خەمەکانی دەژمێرێت، شەش گۆڕ
هەن... شەش چیرۆک... شەش سەمفۆنیای بێدەنگ.
باوکم، لە زەوی و ئاسمان دەپاڕایەوە بۆ دڵۆپە ئاوێک. چاوەکانی هەمیشە
لە ئاسمان دەڕوانی، دەیزانی وشکەساڵی چ مەرگێکی هێواشە بۆ خەونەکانی
جوتیاران. بۆ تینوێتی خەڵکی شار، ئەو پیاوەی کە ئاوی دەکردە ژیان و
دەبەخشییە زەوییە تینووەکان، ئێستا خۆی لە باوەشی ئەم خاکەدا
حەواوەتەوە.
گۆڕستانی قەڵادزێ.
نەنکم، ئەو نیشتمانە سپییەی کە خۆی کانگەی بەفر و سپێتی بوو، کەچی دڵی
دەشکا کاتێک بەفر ڕێگەی خۆشەویستەکانی لێ دادەخست. چەند سەیرە، ئەو
ژنەی کە خۆی وەک لووتکەیەکی بەفرین وابوو، هەمیشە لە ترسی دابڕان و
تەنیایی بەفر دەلەرزی.
دایکم، شاژنی ئەو خانووە قوڕینەی کە هەموو خەمی باران بارین بوو. نەک
لەبەر خۆی، بەڵکو لەبەر ئێمە. لە هەر دڵۆپە بارانێکدا، ئەو مەرگی
خانووە قوڕینەکەی دەبینی، مەرگی ئەو پەناگە ساکارەی کە بە هەزار ئازار
و خەم بۆی ڕازاندبووینەوە.
لە پەراوێزی ئەم تابلۆ خەماوییەدا، سێ گۆڕی بچکۆلە هەن... سێ پەپوولەی
ساوا کە تەمەنیان بەقەد هەناسەیەک بوو. هاتن، فڕین، و لەگەڵ بارانێکی
بێدەنگدا گەڕانەوە بۆ باخچەکانی بەهەشت.
ئێستا من لێرە ڕاوەستاوم، لە نێوان شەش گۆڕدا، شەش چیرۆکی ناتەواو. لە
نێوان وشکەساڵی و بەفر و باران و سێ پەپوولەی بێگەرددا. هەر یەکەیان
بەشێک بوون لە چیرۆکی ژیانم، هەر یەکەیان خشتێک بوون لە دیواری تەمەنم.
ئەمڕۆ، گۆڕستان بۆتە مۆزەخانەیەک لە یادەوەری. شوێنێک کە تێیدا
وشکەساڵی و بەفر و باران و پەپوولە، هەموویان پێکەوە خەوتوون. شوێنێک
کە تێیدا خۆشەویستی هەرگیز نامرێت، تەنها شێوازی بوونی دەگۆڕێت.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|