٢٢\٩\٢٠١٦
سەنتەری رایەڵ
چوارەمین
فیستیڤاڵی کەلتوورە جیاوازەکان
لە رانیە ئەنجام
دەدا.
لە
پێناو ڕیزگرتن لە پیشمەرگەو لە ژێر دروشمی (ئاشتی و بەیەکەوە ژیانی
کەلتوورە جیاوازەکان) سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتووری و چالاکی
رۆشنبیریی RCE، چوارەمین فیستیڤاڵی
کەلتوورە جیاوازەکان بە بەشداری ١٣ تیپی ھونەری و کەلتووری جیاواز لە
شاری رانیە لە ٢٢-٢٣ /٩/٢٠١٦ ئەنجام دەدات.
لەم بارەیەوە (خالید قادر محەمەد) لێپرسراوی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری
کەلتووری رایگەیاند:
بەمەبەستی رێز گرتن لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە پارێزەری ئازادی و
دیموکراسی و بەیەکەوە ژیانی کەلتوورە جیاوازەکانە، لە ژێر دروشمی (ئاشتی
و بەیەکەوە ژیانی کەلتوورە جیاوازەکان) چوارەمین فیستیڤاڵ بە بەشداری
ھەر یەک لە تیپەکانی (تیپی نەتەوەیی میللی عیراق، تیپی نەتەوەیی ھونەرە
میللیەکانی ھەولێر، تیپی ھونەرە میللیەکانی پارێزگای بەێرە، تیپی
شاریای ئیزیدی, گروپی یارسان لە کرماشان, تیپی سیاوچەمانەی ھەورامان،
برایەتی کەرکوک ( کورد- عەرەب- تورکمان- ئاشوری), تیپی ئارمانجی عەفرین،
تیپی ھرای قۆچان، تیپی باران لە بوشھر، تیپی میللی دھۆک، گروپی روناک
بۆ نمایشی کەلتووری ( لور- بلوچی- خوراسانی- کەلھوری- ئازەری- بەخیتاری-
گیلکی)، تیپی مۆزیکی رانیە) بەشداری تێدا دەکەن. ھەروەھا چەندان
رۆژنامەنوس و میوانی بیانی و بەرپرسی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ
کەلتوورە جیاوازەکان کە خەڵکی تونس و ئەمازیخە میوانی فیستیڤاڵ دەبن.
پێشمان وایە ئەمساڵ ئەنجامدانی ئەم فیستیڤاڵە لەسەر ئاستی ناوچەکە
گرنگی و تایبەمەندی خۆی ھەیە، بەو پێیەی ھەرێمی کوردستان لە شەرێکی
فراوانی دژ بە تیرۆر دایە، لە لایەکی تر راسپاردەی کەلتوورە جیاوازەکان
بۆ ئاشتی و بەیەکەوە ژیان لەمساڵدا تایبەتمەندی خۆی دەبێت.
بۆ ئەم فیستیڤاڵە تەواوی تیمەکانمان بە خۆبەخشی کار بۆ ئەنجامدانی ئەم
فیستیڤاڵە دەکەن، دامودەزگاکانی شاری رانیە بە شێوەیەکی گشتی ھاوکاری
تەواوی کارەکانمان دەکەن، لەم قۆناغەدا کە ولات گرفتی ئابوری ھەیە لە
لایەن چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە پشتیوانی ئەو ڤیستیڤالە کراوە
بۆ مەبەستی دابین کردنی پێویستیەکانی ڤیستیڤال و ھاوکاری و تێچوی
ھاتوچۆی تیپە میوانەکان، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمساڵ ئەم چالاکیە بە
ھاوکاری کەرتی تایبەت و چەند کەسایەتیەکەوە بەرێوە دەبرێت.
چالاکیەکان لە کاتژمێر ٨:١٥ خولەکی شەوی ٢٢-٩-٢٠١٦ لە پارکی دەروازەی
شاری رانیە دەست پێدەکات بۆ ماوەی ٢ رۆژ دەخایەنێت کە تێیدا گروپەکان
بە جل و بەرگی میللی خویانەوە نمایشی گۆرانی و مۆزیک و تابلۆی ھونەری
گوزارشت لە کەلتوورەکەی خۆیان دەکەن، ھەروەھا پێشانگایەکی سەمپزیۆمێکی
ھونەری بۆ (٧) ولات و پێشانگایەکی فۆتۆگرافی دەکرێتەوە، لە دیالۆگی
کەلتوورە جیاوازەکان کە بەشێکی تری فیستیڤاڵەکە دەبێت کلتورەکان دیالۆگ
لە ناو خۆیاندا ئەنجام دەدەن و راسپاردەیەک بۆ ئاشتی و بەیەکەوە ژیان
بڵاو دەکەنەوە.
سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتووری لە ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە، سەنتەرێکی
سەربەخۆی مەدەنیە کار بۆ ئاڵوگۆری کەلتووری لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات
دەکات و لەو چوارچێوەیەدا چەندین چالاکی دیاری ھونەری و کلتوری
ئەنجامداوە.
rayal_center@yahoo.com
|