|
٦\٧\٢٠٢٦
سێ پارچە هۆنراوە.

سۆران محەمەد
نەفرینی شیعر.
هەندێك سێبەر
وەک هی گورگن
لەودیو سنوورەکانی هۆشەوە
خۆیان مەڵاس داوە بۆ پەلاماردان
ئەو ساتانەی ئاسمانی پەیڤ
تاریک دەبێ و
خامە دەنوێ
*
* *
چاوێکی پرتەقاڵی
هەمیشە وا
دوای هەنگاوی وشەکان دەکەوێ
کە ئاوڕ دەدەیەوە
بریسکانەوەی نامێنێ
چاوێکی بێ پێڵو
کە هەرگیز نانوقێ
*
* *
دوای نیوەی شەو
دارکونکەرەیە
دەنوك لە مێشكی شیعر دەدا
وەکو ئەوەی
گوللـەیەك چاوەڕوانت کا
لە دێرێکی چۆڵدا
*
* *
کێ شیعر ڕزگاردەکا؟
لەم هەموو ئاگرە
کە سەرچاوەیان تاریکایی ئەشکەوتە،
کێ پەناگایەکی ئارامی پێ دەبەخشێ و
لە گەردەلولە کوێرەکان
دەیپارێزێ؟
لە دۆن کیشوەتەکانی سەر ڕێ،
سووکایەتی بە هەستەکان،
چاوسوورکرنەوە لە دیدگاکان...
*
* *
دەنگێ:
ئێرە شوێنێکی هەڵەیە
نەدەبوو پەیڤ
بۆ ساتێکیش تیایدا بنوێ،
شوێنێ لە دڵی ناشوێندا،
بە شیعرو شاعیر
نامۆ بێ..
ئیکۆی گەردوون.
دوای شەپۆلە سەرەڕۆکان کەوتی
گەورە و گەورەتر
بووی...
دوورو دوورتر
کەوتیەوە
تا ڕێی گەڕانەوەت ونکرد..
*
* *
ئێسا ناوت ئۆقیانووسە
*
* *
بۆ بگەڕێنەوە؟
بۆ باوەشی شەوە زبرەکان
بۆ کەناری ڕۆژە دووبارەکان
کە هەموو ساتەکان
خەم و کەسەر داگیری کردن..
*
* *
ڕۆیشتن
ئەوان بێ گەڕانەوە
نەیانتوانی
بەرەنگاریی گەورەبوون ببنەوە-
بە خۆشەویستی .
گەورەبوون،
لە زمانی ڕەق زیاتر
هیچ سازشێکی تری نییە.
*
* *
ئێستا لە ئاسۆی گزنگی ژینەوە
تەماشای شەڕە بێماناکانی خوارێ دەکەی
بەزەییت بە مرۆڤدا دێتەوە
کە نایەوێ ئارام بژی
چەند ئازایەکی لاوازە؟
ئاواتەکانی لەو زێتر دەژین
بڕۆ لە کەسەر و ناکامی گۆڕستان بمێزە*
شكانی لوتی گولـلەی وێڵ و
جێمانی قەلەڕەشی تینوو
لەسەر زەوی خەرابات
*
* *
ئەوانەی کەوتنە بۆسەی ڕەشەباوە
ئێستاش سەدای هاواریان
لە گڤەی بادا دەبیسترێ
كێ تێدەگات؟
لە جلوەی ئەستێرەو
دڵێکی وەریوی سەر زەوی.
هاواری کونجێ تار و
شریخەی بروسکە
*
* *
سەدایە گەردوونیی-
کڵێشەی حەقيقەت،
ڕوندکی ستەمدید،
لافاوێ:
تنۆکی بارانی پڕ ئولفەت
_____________________________________
* بمێزە:
تەماشاکردن، نۆڕین- کورمانجی، فەرهەنگی کوردستان.
٢٠٢٤
ون بوون.
ئەو ژیژکەی ئێوارەیەکی زستان
لە بەردەرگاکەدا ڕامابوو،
واتزانی خەوی لێکەوتووە،
لێ ڕچیبوو.
خەیاڵێ بوو
تەنیا درزێ،
ئاخ ئەگەر لە دەرگاکەدا بووایە..
*
* *
هەناسە ساردەکان
وەکو ئەو بەلەمانەی لە ئاسۆی دەریای ڕەشدا ئاوابوون و
چیرۆکەکانیان لەگەڵ خۆ برد،
تێپەڕین بۆ ئەودیو ئاسۆی کەتوار،
لەسەر هەمان ڕیتمی تێپەڕینی تیشکێکی کزی سپێدە
بە پەنجەرە تۆزگرتووەکەی ژووەرەکەدا
بۆ ئەمدیوی زیندانی دڵ،
بەڵام ئەوێ، ڕەهاتر لەم تۆپەڵە بەنە..
*
* *
ئەو نامەیەی ئەنگوستەکانی هەوریلار
وەرزی سروش، بە سروشكی دیدە نووسی
بە شنەی پاییزێکی نەخۆشا بۆ ژیانی ڕەوانە کرد
دەستێکی بۆر هەڵیپچڕی و هەرگیز نەگەشت،
ئەگەرنا لە مێژ بوو
ڕێ لەخۆهەڵواسینی خامەکان ئەگیرا..
*
* *
درەنگە، لەم بولێڵە
دەری بێنە لە سندوقە دارینەکە، چاویلکەکەی دیرۆك
نۆرەی تۆیە، پەڕاوی فەنابوونی پێ بخوێنی
ئەو ساتانەی دەزووی شیعرت بە خامەی دەرزییەوە دەکرد
بۆ دوورینەوەی زایەڵە بێ ناوونیشانەکان
زوو، لەناکاو پەڕەکانیان لە باخچەکەدا هەڵوەری
ئیدی کەسێ نییە
هەواڵی نەگەڕانەوە
ئا لەم ئێوارە ناوەختە بپرسێ
کە جريوەی چۆلەکەکانیشی تیا نابیسترێ
جگە لە و تیترواسکەی لە ئاسمانێکی ڕەشا
جاڕی ونبونی خۆی ئەدا..
٢٠٢٣
|