٣٠\٣\٢٠١٠
سەرانى حیزبى
شیوعى ئەمجارە چۆن پینەى دهکەن ؟!

هیوا ڕەش
سازش و خۆبەدەستەوەدانەکانى سەردەمى هاوپەیمانێتى و یەکماڵى سەرانى
حیزبى شیوعى و بەعسییە بکوژەکانى سەلام عادل و حەیدەرى و عەبەلى لە
بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى پێشکەوتووخوازى کارتۆنى دا و پشت کردن لە
خوێنى شەهیدان و خواستە ڕەواکانى زەحمەتکێشان بۆ هەموو لایەک ڕوون و
دیارە ، کە ناوەڕۆکى بەعسییەکان دووبارە دەرکەوتەوە و پیشە و دروشمى
خۆیان کە لە قڕ کردنى شیوعى و قەڵاچۆکردنى شیوعیەت خۆى ئەبینیەوە پیادە
کردەوە و کردیانەە پاداشتى بەرەکەى سەرانى شیوعى کە ئەو هەموو لاف و
گەزافەى بە باڵاى کودەتاچییەکانى شوباتیان هەڵئەگووت بە درۆ خستەوە لە
پاساو هێنانەوە بۆ بەعسییەکان گوایە بە تەڕیقى لاڕەئسمالى نەحوەل
ئیشتیراکیە هەنگاو بەرەو کۆمەڵگایەکى سۆشیالیستیى بێ چین و یەکسان
ئەنێن بە فریایان نەکەوت ، هەرچەندە بەزەبرى سیاسەتى کوشت و بڕى بەعسى
و نەقیزە و تێوەژەنینى بەعسییەکان لە سەرانى حیزبى شیوعى ئینجا کەوتنە
سەنگەرى بەرهەڵتکارییەوە ، بە لە سێدارەدانى 21 هاوڕێى جوامێر کە
سەرباز بوون لە ڕیزى سوپاى عێراقى دا کۆتایى بەبەرەى سەرشۆڕى هات ، ((
لە 28 5 1978 ڕۆژى یەک شەممە ڕۆژنامەى = سەورە = ى زمانحاڵى حیزبى بەعس
لە ژمارە 3018 ى 28 5 1978 لە سەروتارێکیدا لەژێر ناونیشانى = کارى
سیاسى لە ڕیزى هێزە چەکدارەکاندا = بڵاو کردەوە ، بڵاو کردنەوەى ئەم
وتارە دواى لەسێدارەدانى بیستویەک سەربازى حیزبى شیوعى عێراق بوو ،
تەنها یەک کەسیان ئیعدام نەکرا ئەویش ( کەماڵ شاکر ) بوو _ لە کتێبى
ململانێ لەگەڵ ژیانداى د . عەبدوا ستار تاهیر شەریفەوە وەرگیراوە )) ،
لێرەدا پرسیارى ئیعدام نەکردنى ئەو تاکە کەسە و بوونى بە سکرتێرى
حیزبەکە و جیاکردنەوەى لەو قارەمانانەى بە جوامێرییەوە چوونە بەردەم
پەتى سێدارە جێگەى پرسیار و سەرسوڕمانە و وەڵامەکەى بۆ خوێنەر جێ
ئەهێڵم ؟ ! ؟ ! ؟ ! ؟ ! ؟ ! ئیتر لەوەبەدواوە بە ناچارى و کوژانەوەى
دوا ترووسکەى هاوپەیمانێتى بۆ سەرانى حیزبى شیوعى لەگەڵ بەعس دا ڕێگەى
تێکۆشانى چەکدارى گیرایە بەر ، هاوڕێیان و کادیرانى ناوەند هێندە
دڵگەرم و پەرۆشى ئەو ڕۆژە بوون هەرچى ڕابردووى ڕەشى سەرکردەکانیان
هەبوو وەلایان نا و لاپەڕەیەکى نوێ و سپییان هەڵدایەوە و قۆڵ و باسکى
شۆڕشگێڕییان لێ هەڵماڵى و جوامێرانە کەوتنە مەیدان و لە ماوەیەکى کورت
دا و بە ئەزمون و توانایەکى کەمەوە پەلوپۆى هێزى پێشمەرگەى شیوعى
سەرانسەرى کوردستانى داپۆشى و گەییشتە دوورترین ناوچە و ئەو دەڤەرانەى
کە لە ژێر سێبەرى چنگى ڕەشى دەسەڵاتى بەعس دا بوون ، لە هەموو ژیانى
پێشمەرگایەتى دا و لە هیچ ناوچەیەکى ئەمین و ئامانیش دا نەبینرا و
نەبیسترا فەرماندارى مەیدانى و ڕاستەوخۆى هیچ شەڕێکى دەستە و یەخە
بکرێت لە لایەن سەرانى خۆپارێز و خۆویست و خۆپەرستى ئەو دەمەى
سەرکردایەتییەوە ، لەگەڵ ڕێزم بۆ هەندێکى کەمیان کەلە کوردستان دا
ئەمانەوە ، هەرچەندە ڕێگر بوون لە زۆر کارى شۆڕشگێڕانە و بەردەوام
خەریکى بچووک کردنەوەى حیزبەکە بوون لە بەرامبەر حیزبە ( هاوپەیمان )
ەکانى تردا ، ناوەناوەش سەردانى ئەوروپاى ڕۆژهەڵاتیان ئەکرد و پێیان لێ
نەئەبڕى جا چ بەناوى عیلاج و چارەسەرى و نەخۆشییەوە بوایە یان بەناوى
کارى حیزبییەوە سەفا و مەرواى خۆیان ئەکرد ، ئەگینا ئەوانى تر هەر لە
ئوتێلە نایابەکانى هەندەران پاڵیان لێ دابووەوە و شەوانى سووریان بەڕێ
ئەکرد و تەنانەت گاڵتەشیان بە بزووتنەوەى چەکدارى ئەهات و بگرە
هەندێکیان بە هەڵە و هەندێکى تریشیان بە موغامەرەى سبیانى و هەندێکى
تریشیان زۆر دڵگران بوون کە بەعسییەکان لە شەڕ دان لەگەڵ ئێران دا و
ئێمەش شەڕ لە دژیان بکەین تا ڕادەیەک خیانەتى وەتەنی و عوزماشیان بە
کەم ئەزانى بەرامبەر بە خەباتى پێشمەرگانە و هەڵوێستى شۆڕشگێڕانەى
بەگژدا چوونەوەى بەعس !
ووتمان لێگەڕێ بە پەرەدان بە بزووتنەوەى پێشمەرگایەتى چەند تنۆکێک لە
ئارەقەى ڕژاوى حەیاى ئەو سەرکردایەتییە کۆ ئەکەینەوە کە لە سایەى پشووە
درێژخانەکەى سەردەمى بەعس تکاندبوویان ، هەروەکو واش دەرچوو ، بەشدارى
لە سەدان نەبەردى و داستانى گەورە و زەبرى گورچک بڕ و چالاکى
پێشمەرگانە لە لایەن پێشمەرگە شیوعییەکانەوە هەر لە گەرمیانەوە تا
کوێستان و هەر لە کفرییەوە تا زاخۆ و بەشداریى لە هەڵمەتى ڕاپەڕینە
مەزنەکەى 1991 ى گەلەکەمان و ڕاماڵینى دامودەزگاکانى بەعس و بەخشینى
خوێنى سەدان شەهید لەو پێناوەدا ڕابردوویان لەبیر کرا ، شیوعییەکان ،
بە پێشمەرگەى دێرین و خانەوادەى شەهیدان و ڕێکخستنەکان و ئەندام و دۆست
و هەوادارانەوە بە جۆش و خرۆشەوە هاتنەوە مەیدان ، دوا هەوڵ و تواناى
خۆیان لە پێناوى بەرز ڕاگرتنى ئەو مێژووەى فەهد و سەلام عادل و جەمال
حەیدەرى و هاوڕێکانیان و هەزاران شیوعى کە بە خوێنى خۆیان
نەخشاندبوویان خستە گەڕ ، بەڵام ئەفسووس سەرانى حیزبى شیوعى کە
پەروەردەى دارولحەزانەى بەعس بوون و هەر لە ساڵى 1964 ەوە سەرەتاتکێ و
چاوبڕکێیان ئەکرد لەگەڵ شۆفینیستى دەسەڵاتدارى عەرەبى عێراقى کە دەم
داچەقان و دەست پان کردنەوە لە دەسەڵات دووچارى پەتاى خودکەم
خوێندنەوەى کردبوون ، تێکۆشان و ماندووبوونى هاوڕێیانى حیزبەکەیان
گورگان خوارد کرد و ئەو هەلەشیان کردە قوربانیى مەرامە پەنهانەکانى
خۆیان .
پێگەى حیزبیی لە ئاستى ئەو هەموو سیاسەتە چەوتەى 12 ساڵەى نێوان
ڕاپەڕین و پرۆسەى داڕمانى سەدامییەکان بێدەنگى و قڕ و قەپیان هەڵبژارد
، بۆ ئەمەش پاساوێکى بێبنەما بەدەستى سەرانى حیزبى شیوعییەوە مابووەوە
بۆ فریودانى هاوڕێیانى ڕێکخستن و جەماوەرى حیزبەکە بۆ سەرکوت و دەمکوت
کردنیان بەوەى هێشتا (( مەترسیى بەعس )) لە ئارادایە و نەڕەویوەتەوە و
بەناوى پاراستنى (( ڕیزەکانى گەل )) ەوە خەریکى خۆلەوەڕاندن بوون لە
پەراوێزى دەسەڵاتى گەندەڵى کوردى دا ، بێگومان ووتەکەى هاوڕێ فەهدیان
هەڵگێڕابووەوە کە ئەڵێت : = ڕێکخستنى حیزب بەهێز بکەن ، ڕێکخستنى
بزووتنەوەى نیشتمانى بەهێز بکەن = ، بەپێچەوانەوە بۆ دڵڕازى کردنى
سەرانى خۆسەپێن بە سەر بزووتنەوەى نیشتمانى دا و پاراستنى پێگە و
بەرژەوەندى خۆیان کە زۆریان بەلاوە مەبەست بوو ، و ئەوەى بەلایانەوە
جێگەى بایەخ نەبووبێت ڕاى هاوڕێیانى ڕێکخستنەکانى حیزب بوو و
کردبوویانە قوربانیى بۆ سازشە ژێربەژێرەکانى خۆیان و هەمان سیناریۆى _
بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى پێشکەوتووخواز _ ى سەردەمى بەعسییەکانیانان
لە _ بەرەى کوردستانى _ دا دووبارە کردەوە و جاران بەناوى (( مەترسى
ئیمپریالیزم )) و ئەمجارەیان بەناوى (( مەترسی بەعس )) ى کۆنەدۆست و
هاوپەیمانیان کە کۆمەڵگاى سۆشیالیستییان لەگەڵیان دا بەرقەرار ئەکرد ،
لە باتى شانى سەدام کەوتنە تەکاندنى شانى سەرانى دوو زلحیزبەکەى
کوردستان !
دواى ڕووخانى ڕژێمى فاشیستى بەعس و نەمانى بیانووە سواوەکەى سەرانى
حیزبى شیوعى کە هەمیشە بەناوى (( مەترسى )) یەوە فەتوایان ئەدا و
کەسابەتى سیاسییان ئەکرد ، بیانوویان نەما ، چاوەڕوان ئەکرا بەخۆیان دا
بچنەوە یان هیچ نەبێت ڕێکخستنەکان فشارێک دروست بکەن و نەهێڵن چى تر
چارەنووسى ئەو حیزبە بە ئاقارى پڕ هەڵدێر دا ببردرێت ، هیچ دەنگێک
نەبوو ! پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2005 دا
هاتەپێشەوە و خەڵکى دڵسۆز بە شیوعییەت زۆر بەووردییەوە لە هەڵوێستى
سەرانى حیزبى شیوعییان ئەڕوانى و ئەیان پرسى ئاخۆ تۆ بڵێى حیکمەتى
سیاسى ئەمجارەیان دەنگ و ڕەنگى لەنگ نەبێت ؟ ! بەڵام دیار بوو ئەمجارەش
وەکو پیشەى لێ ڕاهاتووى خۆیان پاڵیان دایەوە بە قەڵا (( مەزن )) ەکەى
هاوچینە بۆرژواکانى خۆیانەوە تا هیچ نەبێت بەرژەوەندییەکانیان لە ((
مەترسى )) فەنا بوون بپارێزن ، کە ئەو دەمە حیزبى شیوعى کوردستان –
باشور هەڵوێستى پێچەوانەى ئەوانى هەبوو لە هەڵبژاردنەکەدا و بە
ئیئتیلاف لەگەڵ حیزبى زەحمەتکێشان دا چوونە ناو پرۆسەى هەڵبژاردنەوە لە
دەرەوەى خواست و ویستى لیستى دەسەڵات .
بێگومان پاشکۆ بوون و کلکایەتى زەبرى زۆر کاریگەرى لە – حشکع – داوە :
1 – سەروەرى حیزبەکەى لەدەست داوە .
2 – کێرڤى حیزبەکە ڕوو لە نزمى و نەوى بوونەوە کردووە .
3 – متمانەى جەماوەرەکەى خۆى دۆڕاندووە .
4 – ناڕەزایەتى خستۆتە نێو ڕێکخستنەکانیانەوە .
5 – ڕوخسارى حیزبەکە لەناو خەڵکى دا ناشرین کردووە .
6 – دیواربەندى چینایەتى لەنێوان سەرکردایەتى سەرمایەدار و پێگەى
کەمدەستى حیزبەکە هێناوەتە کایەوە .
7 – حیزب لە ئامرازەوە کراوەتە ئامانج بۆ خۆژیاندن کە ئەمەش بۆتە هۆى
کاڵبوونەوەى بیروباوەڕ و مەبدەئى حیزبى .
8 – هەڵسەنگاندن ، پاداشت و سزا ، چاک و خراپ ، ئازا و ترسنۆک ، جاسوس
و شۆڕشگێڕ بە دڵڕاگرتن و گوێڕایەڵى سەرانى حیزبەکەوە پەیوەست کراوە بۆ
: بچووک کردنەوەى حیزبەکە لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە بۆ بەعەبد کردنى
پێگە حیزبییەکە بۆ خۆیان تا بەردەوامیى بە سیاسەتى کلکایەتى برەودار
بێت و لە سایەى دا دەسکەوتە مەعنەوییەکان بکەنە فیداى دەسکەوتە
مادییەکانى چەند کەسێکى خۆبەدەستەوەدەر و هەلپەرست - - - - - هەموو
ئەمانە هۆکار بوون لە بردنى حیزبى شیوعى بەرەو داڕمان کە ئێستا خەریکە
سەرەتاکانى دەرئەکەوێت و دەستى پارتى و یەکێتى بۆى بوونە بە دیوارى
ڕاگر ، داڕمان لەسەر شانۆى سیاسى نا بەڵکو داڕمانى ڕێکخراوەیى ،
ئەوەندە باس لە یەکێتى ڕیزەکانى گەل و بزووتنەوەى نیشتمانى ئەکەن کەچى
یەکێتى ڕیزەکانى خۆیان پێ ناپارێزرێت ، هەرچەندە پێگە حیزبییەکە لە
هەنگاوەکانى سەرکردایەتییەکەیان نیگەران و ناڕازین بەڵام کۆنترۆل کردنى
ژیان و بژێوى و هەڕەشەى نانبڕین زۆر دەمێکە لەلایەن سەرانى حیزبى
شیوعییەوە بەرامبەر ئەو هاوڕێیانە پیادە کراوە و ئەکرێ کە ڕەخنە ئەگرن
و بەڕووى سیاسەتى سازشکارانەى سەرکردایەتى دا ئەوەستنەوە ، ئەمەش بە
ئاشکرا بەرامبەر هاوڕێیانى ( کۆڕى تێکۆشان لە پێناوى چاکسازى حیزبى
شیوعى کوردستان ) گیرایە بەر کە لەدواى پرۆسەى داڕمانى بەعس لە 2003 دا
داواى چاوخشاندنەوە بە سیاسەت و کۆنگرەى ناکاوى حیزبەکەیان کرد بۆ
وەستانەوە بەرامبەر ئەو قەیرانانەى دووچارى حیزبەکە هاتبوو بە تایبەتى
لە یەکلایى کردنەوەى دۆسیەى جاسوس و مەلەفدارەکان ، بەمەبەستى
چارەسەرکردنى تەواوى گەندەڵییە فکرى و ڕێکخراوەیى و داراییەکان ، لەو
ساتەوە سیاسەتى نانبڕین زۆرێک لەو کادیرە ناڕازییانەى تۆقاندووە کە تا
ئێستا بە ناچارى ماونەتەوە لە ناو حیزبەکەیان دا ، بۆیە زۆربەى دەنگە
ناڕازییەکان بە خەفەکراوى بێ ئەوەى بگاتە گوێى سەرانى حیزبەکە و ئاستى
تەقینەوە چۆتە فاڵبى پرتە و بۆڵەوە .
ئێستا دواى دوو هەرەسى یەک بە دواى یەکى ئەم دواییەى هەڵبژاردنە
پەرلەمانییەکانى کوردستان و عێراق کە دووچارى حیزبى شیوعى هاتووە
پێویستە بەر لە هەر کەس و لایەنێک هاوڕێیانى ڕێکخستنەکانى حیزبى
ناوبراو بێدەنگى هەڵنەبژێرن و هەڵوێستیان هەبێت ، ئینجا ئەرکى سەرشانى
کەسان و گروپى کۆمەنیستى و چەپ و دیموکراتە هەوڵەکانیان بەو ئاقارەدا
ببەن کە چى تر ڕێگە نەدرێت سەرانى حیزبى شیوعى بە گاڵتەجاڕییەوە ببنە
لەمپەر لەبەردەم نوێنەرایەتیى چینى زەحمەتکێشى گەلەکەمان کە بە
پشتیوانیى مێژووى پڕ لە خەباتى ڕابردووى حیزبەکە و دەسەڵاتدارى کوردی
لە هاوکێشەى سیاسى دا ماونەتەوە و لەو ئەرکەدا پشکى ئەنتى کۆمەنیزمیان
لە ژێر پەردەى کۆمەنیزمى دا بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە بۆ ئەوەى نوێنەرى
ڕاستەقینەى زەحمەتکێشان جڵەوى شەپۆڵى ناڕەزایەتییەکانى خەڵک نەگرنە
دەست لەلایەک و لەلایەکى دیکەشەوە چینى بەشمەینەتى گەلەکەمان دووچارى
نائومێدى و بێهیوایى بکەن .
سەرانى حیزبى شیوعى کە لە 25 3 2010 دا بە ناوى لیستى ئازادى و
عەدالەتى کۆمەڵایەتییەوە هەندێک حیزبیشیان دەسخەڕۆ کرد و چوونە ناو
پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە و بە هەموویان نەیانتوانى
ئیستیحقاقى کورسییەک بەدەست بهێنن بەڵام ! ! ! وێڕاى ئەوەش
پەرلەمانتارێک و وەزیرێک و کردنى وەزیرەکەشیان بە دەمسپى حکومەتى –
ڕێککەوتنى ستراتیژى – پارتى و یەکێتى و دامەزراندنى هەندێک ڕاوێژکار
لەو حکومەتەدا کرا بە نسیبى سەرانى حیزبى شیوعى کە لەسەر دابەش کردنى
پۆستەکان لە بەرژەوەندى خۆیان دا هەریەک لە ئاوازێک ئەیانخوێند و
خیلافات کەوتە نێوانیانەوە کە ئەبوو ئەو خیلافاتە بۆ هێنانەوەى حیزبەکە
بۆ سەر ڕاستەڕێى خۆى دروست ببوایە نەک بۆ پلە و پایە و ئیمتیازات و
شاگردێتى دەسەڵات ، ئەمە جێگەى گومانى هەموو چاودێر و موتابعێکى
سیاسییە لە کوردستان دا کە ئەبێت لوغزى دڵنەوایى سەرانى حیزبى شیوعى لە
لایەن دەسەڵاتەوە هەڵێنجراوى چ سیاسەتێکى نهێنى و پەنهان بێت وا بەو
جۆرە دەست بە پشتیان دا ئەهێنن ؟ ! هەروەها لە 7 3 2010 شدا کە چوونە
ناو تۆِڕى هاوپەیمانێتییەکەى لەوە پێشیان و سیاسەتى دەسکەلاییان گرتەوە
بەر لەبەر ئەوەى ئەمجارەیان وەکو ئەوەى پێشوو دەرگایان بەڕوودا دانەخرا
، دیسانەوە حیزبى ملیۆنى ساڵانى کۆتایى پەنجاکان کە ئەو دەمە ڕێژەى
دانیشتوانى عێراق بە گشتى حەوت ملیۆن کەس بوو دواى نیوسەدە لە پێنج
پارێزگادا نەیانتوانى تەنها نماییندەیەکى خۆیان بگەیەننە پەرلەمانى
عێراق ! بێگومان دوو لەو هۆکارە زۆرانە لەوەدا ئەبینمەوە 1 – سەرانى
حیزبەکە ئەرکى خۆیان بەجێ گەیاندووە لە نەهێڵانى متمانەى خەڵک بە
حیزبەکە 2 – زۆربەى کاندیدەکان پێکهاتبوون لە کەسە حیزبییە ئستۆکەکان ،
ئەم دوو هەرەسە ڕێکخراوەیى و جەماوەرییە داواى هەڵوێست لەوانە ئەکات کە
لە هەناوى حیزبەکە داواى گێڕانەوەى ڕۆڵى حیزبەکەیان ئەکەن لە مەیدانى
سیاسى کوردستان دا ، بەڵام ئایا ئەو دەنگانە چاوەڕێى هەرەسى ترن یان
ئامادەسازى ئەکەن بۆ گرتنە ئەستۆى ئەرکى قورس و هەستیارى ئاییندەیان ،
چونکە هەمبانە دڕاوەکەى سەرکردایەتییەکەیان نە پینە ئەکرێت و نەهیچى
تێدا ماوە تا لەوە زیاتر چاوەڕوانییان لێ بکرێت .
لە کۆتاییدا ئامۆژگاریم بۆ حیزبییە بەسەرچووەکان هەیە چى تر پەل بەملاو
ئەولادا نەکوتن و سەنگى خۆیان بزانن ، دڵنیام ئەمانە ئەگەر لە ناو
حیزبەکانیشیان دا ئیشیان بۆ نەکرێت دەنگ و ڕەنگیان ئەکەوێتە ناو خانەى
بیرچوونەوە ، هەرچەندە حیزبەکەیان بۆیان بووبێتە ئەستوندەگى کەچى هەر
بێسوودە ڕۆژگار حوکمى خۆى دا بەسەریان دا و جەماوەر بەسزاى خۆیانى
گەیاند کاندیدەکانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى وەکو ئەبو کاروان
ئەحمەد شیروانى و پەخشان زەنگەنە و ---- بە نمونە ، بێگومان ئەم دەقە
لە ناو حیزبەکانى تریش دا کەوتە بەر ڕەحمەتى خوێندنەوەى خەڵک ، هەروەکو
ئەوەى بەسەر عارف تەیفور و فوئاد مەعسوم و ناسیح غەفور و سەعدى پیرە و
حەسیب ڕۆژبەیانى و فریاد ڕەواندزى دا هات .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|