په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٦

سەربەخۆیی کوردستان لە نێوان رۆڵەکانی گەل و لایەنگیرانی رژێمی تورکیا.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   

راشکاوانە و بە بێ ترس.


لەم رۆژانەدا بە گەرمی باس باسی سەربەخۆیی کوردستانەو بەرپرسە باڵاکانی ھەندێ لە لایەن و حیزبەکان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان سەرەرای قەیرانەکانی ھەرێم و ئاڵۆزییەکانی "" عێراقی فیدراڵ و "" لە گەڵ ئاژاوەو ناسەقامگیری رۆژھەڵاتی ناوەراست و شەرکردن دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی چەپەڵ (داعش) سەرقاڵی گشتپرسی سەربەخۆییەو ئەو پرسە بە شێوەیەکی گشتی بۆ رۆڵەکانی گەڵی کوردستان گرنکی خوێ ھەیە.


بەڵێ. راپرسی یان گشتپرسی و سەربەخۆێی مافی ھاوڵاتیانی کوردستانەو، زووربەی زۆری کوردستانیان لە گەڵ سەربەخۆیی کوردستانن و، لە ساڵانی رابردوو ریفراندۆمێک بەرێوە چوو، ئەنجامەکەی زۆر دڵخۆشکەرە بوو، بەڵام ئەمرۆ پێویستە بزانین سەربەخۆیی کوردستان ئاسان نییە بێتەدی بە خواستی تاکە کەسێک چونکە خواست و ئاواتی ھەرەبەرزی گەورەترین نەتەوەیە کە تا ئێستا دەوڵەتی نییەو، ئەم پرسە ئەرکی ھەموو لایەکەو، ئەگەر باس لە دیموکراسیش ئەکەین پێویستە سەرجەم ھاووڵاتییان لەم جۆرە بریارە چارەنووسە سیاسییانە بەشدار بن و، نە تەنھا پارتێک ئەو پرسە پیرۆزەو ھەموو تواناکان قۆرخ بکات و، زوربەی گەلی کوردستان ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠٠٥ یان لە بیر نەچووەتەوە کە زیاتر لە ٩٦% ی خەڵک دەنگیان بۆ سەربەخۆێی کوردستان بە بەڵێ دا.


بەڵێ، سەربەخۆیی سەروەرییەو خواست و ئاواتی ھەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازەو، تەنھا پەیوەست نییە بە تاکە کەس و، بە پێچەوانەوە پەیوەستە بە ھەموو تاکێکی کورد کە بە چاوێکی پر بایەخەوە بروانێتە ئەم پرسە نەتەوەییە گرنگەو، ھەروا لە سەر ھەر تاکێکی کوردە بە چاوی رێزەوە سەیری ھەڵسوکەوتی رێبوارانی رێگای ئازادی و سەرفرازی نەتەوەکەی بکات و، نەکەوێتە ژێر باری ترس و لەرزەوە چونکە سەربەخۆیی کوردستان کۆدەنگی ھەموو ھاوڵاتیان و ھەموو لاینەکانی ئەوێت.


ئەمرۆ عێراق بەناو “”فیدراڵی”” دووچاری حکومەتێکی تایفەگەریی و مەزھەبی شیعەوە بووەتەوەو،‌ بەرێوە ئەبرێت و، حەیدر عەبادی سەرۆک وەزیران لە سەر بەزمەکەی نوری مالکی رەفتار ئەکات و لە گەڵ ھەرێمی کوردستان و، بارگرژییەکەی پێشوو وەک خوێ ماوەتەوەو، ئەمرۆ بە ھوێ یارییە منداڵانەکەی شێتۆکە چاو زاقەکە (موقتەدا سەدر) ئاڵۆزییەکانی عێراق بەرەو ھەڵکشان مل ئەنێت و، پێویستە بڵێن سەرانی کورد زۆر ھەلی زێرینیان لەدەستداوەو نەیانتوانیوە لەبەر ھەندێ دەستکەوتی تەسکی حیزبایەتی و گیرفان پرکردن و ناردنی سامانەکانیان بۆ بانقەکانی ئەوروپا ئەو ھەلانە بقۆزنەوەو ، لە بەرژەوەندی نەتەوەی کوردی دلێر بێت و، ‌لە ئێستادا حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی لە لاواز لاوازترە ‌و، ئەو تەنگژەیەی تێکەوتوە ‌و باشترین و نێوترین ھەلەو پێویستە سەرکردەکانی کورد بوێرانە بیقۆزنەوەو بتوانن سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی بە دەنگێکی بەرز جار بدەن.


لە مێژەوە کوران و کچانی نەتەوەی کورد تێکۆشاون بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەیان و بەرنگاری دوژمنانی رەگەزپەرست و شۆڤەنیست و رژێمە خوێنرێژەکان بوونەتەوەو خوێنی گەشیان و ژیانیان لەو رێگایەدا بەخشیوەو، سەرەرای ئەوەش نیشتمانەکەیان دووچاری کیمیاباران وشەری لەناوبردن (جینۆساید) بووەتەوەو، دوژمنان وکۆمەڵگای نێودەوڵەتی غەدرێکی مێژوویی گەورەیان لەم نەتەوە قارەمان و کۆڵنەدەرە کردووەو، ھەر لە پاش مۆرکردنی پەیمانی سیڤەرو پاشان نشوستییەکەی و ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزان و دابەشکردنی خاکی کوردستان بەسەر وڵاتاندا تا ئێستا کەس یان رێکخراوێکی نێونەتەوەیی پشتگیری لە کێشەی نەتەوەی کورد نەکردووە.


ھاشەو ھوشە و دروشمی رەنگاورەنگ و قسەی بریقەدار ھیچ سوودێکی نییەو، تەنھا پێویستە بڵێین کێ ئەتوانێت و ئەوێرێت سەربەخۆیی کوردستان رابگەیێنیت؟ و، کاتیک باسی سەربەخۆیی کوردستان ئەکریت پیویستە بیر لە ناوچەدابراوەکان بکریتەو، ئەوەش پێویستی بە میکانیزمێکی ژیرانەیەو پلانیکی توکمەیەو، نابێت چیتر کورد چاوەروانی دەستوری عێراقی ""فیدراڵ"" بیت و، ئەوەتە بە بەرچاومانەوە عێراق لە سەر لێواری مەرگەو، ئەبێ چیتر بەرپرسان خۆیان گیڤ نەکەنەوەو، ھاونیشتمانیان فریو نەدەن و، خاونی بریاری چارەنوسساز بن و، ئیدی بەسە ھەلە زێرینەکان وەک ئەوانەی رابردوو مەفەو‌تێنن و، پێویستە بوێرو نەترس بن و زوربەی گەلی کوردستان سەبارەت بەم پرسە نەتەوەییە لە گەڵتاندایەو پشتگیریتان ئەکات و، دەبا ھەموو ھەوڵەکان یەکبخەێن لە پێناو گەراندنەوەی شەنگاڵ و کەرکوک و خانەقین و شوێنەکانی تر.


ئەمرۆ حکومەتی عێراقی " فیدراڵ "" ، حکومەتێکی تایفەگەری و پشکپشکێنەو گرا مەزھەبی شیعەیەو لە لایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی لاواز بەرێوە ئەبرێت و، سەرەرای لاوازییەکەی دیکتاتۆر ئاسا لە گەڵ ھەرێمی کوردستاندا رەفتار ئەکات و، ئەو تەنگژەیە تێکەوتووەو باشترین و نێوترین ھەلەو پێویستە سەرکردەکانی کورد بیقۆزنەوەو بتوانن سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی دلێرانەو چاونەترسانە بە دەنگێکی بەرز جار بدەن.

ئەم جۆرە پرسانە زۆر گرنگن: راپرسی و گشتپرسی سەربەخۆیی پەیوەستە بە پەرلەمان و، ئەبێ پەرلەمانتاران گفتوگۆی لە سەر بکەن بەڵام ئەوەی سەیرەو جێی داخە پەرلەمانی کوردستان بە فەرمانی پارتێک، پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) پەکخراوەو، ئەو کردەویە لە ھیچ وڵاتێکی تر نییەو رووی نەداوە حیزبێک ببێتە خاوەنی ھێزو توانای گەلێک چونکە (پدک) تەنھا حیزب نییە لە کوردستان و، ھەر خودی خوێ زۆر کەرەت بانگھێشتی ١٩ حیزب و لایەن ئەکات بۆ کۆبوونەوەو، ئەوە جگە لەجەماوەرێکی زۆرو فراوان لە دەرەوەی حیزب و لایەنەکان.


پدک داوا ئەکات پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوەو، بەم داوایە خۆڵ ئەکاتە چاوی ھاوڵاتیان و، ھەر خودی پدک ئەتوانێت پەرلەمانی کوردستان کارا بکاتەوەو، بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت پرسی راپرسی و سەربەخۆیی تاوتۆی بکات و بریار بدات و، لە ئێستادا زوربەی کورد ئەزانن پدک بووەتە ھوێ پەکخستنی کاروباری پەرلەمان و ئیفلیج کردنی.


سەربەخۆیی و جاردانی دەوڵەتی کوردی مافی نەتەوەکەمانە لە سەر خاکی باوپاپیران و، دوژمنانی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان توانیویانە تا ئێستا خواست و ئارەزووی نەتەوەی کورد سەرکوت بکەن و، بەو پەری بێ بەزەیی و نامرۆڤانە رەفتاری لە گەڵدا بکەن بۆ ئەوەی ئاوات و خەونی مێژوویی ئەم نەتەوە چەوساوەیە کە خاکەکەی بەسەریاندا دابەشکراوە نەیەتەدی.


ئەمرۆ لە باشوری کوردستان نەتەوەی کورد گیرۆدەی مادەی (١٤٠) بووەتەوەو، حکومەتە یەک لە دووای یەکەکانی عێراقی ""فیدراڵ"" بە ھوێ بیری شۆڤەنیستی عەرەبی بۆگەن و بیری تایفەگەری چەپەڵ بە ھیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون و نابن ئەو مادە کوشندەیە ‌ جێبەجێ بکەن و سەرانی کوردیش زۆر کەرەت ئەژڵەژێن و ھەڵئەچن و خۆیان ئەخڵافێنن و بە گیڤە گیڤ و قسەی بریقەدار دێنە پێشەوەو خەڵک فریو ئەدەن و، جاروبار نیازی تۆڵەسەندنەوەیان ھەیەو، لە پاش ماوەیەک سارد ئەبنەوەو، دیسانەوە ‌دێنە سەر باسی ""دەستور"" و، ھیچیان پێناکرێت و، تا ئێستا بە ھوێ سیاسەتی چەوتیانەوە یەک بست لە خاکی ناوچە دابراوەکان نەگەراوەتەوە سەر کوردستان.


لە جھانی ئەمرۆدا ھاوڵاتیان بریاری سەربەخۆیی و جاردانی دەوڵەت ئەدەن و، چاوەرێ دەستی کەس ناکەن و¸ پێویستە ئەوە بزانین وڵاتێک وەک تورکیای شۆڤەنێست و رەگەزپەرست کە رۆژانە بە بەرچاوی سەرانی کوردو و ئەوروپاو ئەمریکاوە کۆمەڵ کوژی کورد ئەنجام ئەدات، قەت ئامادە نییە پیشتگیری جاردانی سەربەخۆیی و دەوڵەت کوردی بکات و، ئەوەی سەیرە تا ئێستا ھەندێ کەس لە بەرپرسان وا ئەزانن تورکیا فریادرەسە بۆ ئامانجەکانی گەلەکەمان و پاراستنی.
ئەمرۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: " ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی عیراق و ئەمنیەت و ئاسایشی ئەو وڵاتەیەو، لەولاشەوە ‌ئەمریکا لە گەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقەو، جاروبار دڵ ھەندی کەس خۆش ئەکەن و، ئەم ھەڵوێستەی ئەمریکا رێگری سەرەکییە و، بەرپرسان ناتوانن لەو سیاسەتە ناروونە خۆیان دەربازکەن.


تا ئێستا خواست و داوای ئەنفالکراوان و خاوەن شەھیدان نەھاتووەتەدی و، ئەوەش بە دادگایی کردنی موستەشارەکان و بەعسییەکان کە دەستیان ھەبووە لە ئەنفال کردن و شەھید کردنی خەڵکی سڤیلی بێ تاوان و پێشمەرگەو، شایانی باسە ژمارەیەکی زۆر لەو بەعسی و موستەشارانە خاوەنی پۆستی دیارین لە کوردستان و بە سەربەستی تەراتێن ئەکەن و، ھەر ئەوەش پەڵەێێکی شەرمەزارییە بە ناوچەوانی بەرپرسان و کاربەدەستانی کوردستان و، ئەوانەی لاف و گەزافی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان لێئەدەن پێویستە لە سەریان موستەشارو بەعسییە گەورەکان کە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگەو خەڵکی سڤیلی کوردستان سوورە لە ریزەکانیان دەر بکەن و بیاندەنە دادگا.


ئەی بەرپرسانی کوردستان بازرگانی بە وشەی زەق و قسەی بریقەدار مەکەن و ھاوڵاتیان فریو مەدەن و، لە باسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان دوور بکەونەوەو، ئەگەر راست ئەکەن داوا لە سوپای داگیرکەری تورکیای شۆڤەنیست بکەن لە خاکی کوردستان بە زووترین کات برۆنە دەرەوە، چونکە خاکێک داگیر کراو بێت ناتوانی ئەو پرسە نەتەوەییە جێبەجێ بکات.


بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان وا خۆیان نیشان ئەدەن تەنھاو تەنھا ئەوانن داوای سەربەخۆیی و دەوڵەت ئەکەن و، ھەر خۆشیان سوورن لە سەر قۆرخکاری دەسەڵات و نیازیان وایە ھەموو کوردستان بکەنە (موڵکی) خۆیان و، گوێ بە کەس نەدەن و، ھەر لەو روانگەیەوە بایەخ بدەن بە خاین و ترسنۆکی ھەڵاتوو پاشماوەی حیزبی بەعس و رژێمە خوێناوییەکەی سەدام حوسێن وەک: عەلی حاتم ئەلسلیمان، زافر العانی، رافع ئەلعیساوی و، ھەڵاتووی روورەش پاریزگاری موسڵ ئەسیل نوجەیفی وبراکەی ئوسامە نوجەیفی و، پیشتریش میوانە پیاو کوژە بێ وێنە و ھەڵاتووە ترسنۆکەیان تارق ئەلھاشمی و دەیان و سەدانی تر بە ناوی سوننەو، ھەر ھەموو ئەمانە ( دەست و پەیوندی تورکیایی رەگەزپەرستە ) و، لە سەر سامانی پێشمەرگەو ھەژارو کرێکارو جوتیارو خەڵکی بێ دەرامەتی کوردستان ئەلەوەرێن و، مۆڵگاکانیان ئوتێلی (٥) ئەستێرەیەو، ئەم جۆرە بەرپرسانە قەت ناتوانن سەربەخۆیی بپارێزن و جاری دەوڵەتی کوردی بدەن، ئەگەر راست ئەکەن کورد واتەنی: ئەوە گەزو ئەوەش ئەرزو، ئایا ئەوێرن.


١١\٥\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک