په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٦\٢٠١٥

سەربەخۆیی و جاردانی دەوڵەتی کوردستان ئاواتی گەلی قارەمانی خۆراگرە.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   

نا بۆ شەر لە نێوان حیزبەکانی کوردستان، بەڵێ بۆ ئاشتی و برایەتی.
سەرکەوتن بۆ گەلان و مردن بۆ دوژمنان.
ئەگەر ئەوێرن سەربەخۆیی رابگەێنن و سوپاسی تورکیای شۆڤەنیست مەکەن.


لەگەڵ ھەڵپژاردنەکانی تورکیای شۆڤەنیست ئیخوان ئەلموسلمین و خۆفرۆشان و (رۆژنامەچییەکانی) کەنالەکەی میتی تورکی و ھەندی کەسی تر ھاتنە سەر خەت بۆ پشتیگری حیزبەکەی خەلیفە نوێیەکەی عوسمانی رەجەب تەیب ئەردوگان و دەستیان کرد بە پروپاگەندەی ھیچ و پوچ و سوپاس کردنی تورکیاو گەورە کردنی قەبارەو رۆڵی دوژمنان.


لام سەیر نییە یەکێک وەک ئیخوانچی عەلی محی الدین قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان و، ھونەرفرۆش (سمە) کە نازناوەکەی کردووە بە ""شوان پەروەر"" یان (رۆژنامەچییەکانی) کەناڵەکەی میتی تورکی بە شان و باڵی رەجەب تەیب ئەردۆگان و حیزبی دادو گەشە پێدان ھەڵبدەن و گەورەی بکەن، چونکە عەلی قەرەداغی زوربەی ژیانی لە وڵاتێکی ھاندەری توندو تیژی وەک (قەتەر) ژیابێ بۆ کوردو کوردستان ھیچ خەیرو سودێکی نییە و، ئەوەی ھونەرفرۆش بێ و دەست بخاتە ناو دەستی بەرپرسێکی دەوڵەتی تورکیا و بە جلی کوردییەوە لە ناو شەقامەکان بسۆرێنەوە، بێ سێ و دوو قوری بەسەر خوێدا کردووەو، رووی لە پارەو چڵکاوی دوژمنان کردووەو، سەبارەت بە (رۆژنامەچییەکانی) کەناڵی میتی تورکی چگە لە ریسوایی و سەرشوری ھیچی تریان بۆ نەماوەتەوە.


ئەوەی سەیرە، حیزبێکی کوردستانی گەورەو زەبەلاح و خاوەن دەسەڵات وەک پارتی دیموکرانی کوردستان لە رێی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی (کەمال کەرکوکی) و لە رابوردوودا خاوەن پۆستێکی دیاریکراو (سەرۆک پەرلەمانی پێشووی کوردستان) ھەڵبخەڵەتێ و بکەوێتە ژێر رکێڤی دوژمنانی کوردو کوردستان و ستایشی ھەندێ وتەی (نەوتراو نەبیستراوی) رەجەب تەیب ئەردۆگان بکات و بەرز بینرخێنێت گوایە ئەم خەلیفەیە رەجەب تەیب ئەردۆگان لەگەل ئەوەیە کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و، لە کۆتاییدا بەرپرسەکەی کوردستان سوپاسی ئەردۆگان بکات!!؟؟ و، بیەوێت یان نەیەوێت ئاخافتنەکەی پروپاگەندەیەکی بێ پێزو ھەرزان و لاوازەو دژی خواستەکانی کوردە.


ئەو جۆرە ""کەسانە"" کە لە سەرەوە باسکران داوا لە خەڵک ئەکەن لە رێی خۆیان و دەستوپەیوەندییەکانیان و رێکخراوەکانیانەو لە کوردستان و لە ئەوروپاو وڵاتی تر دەنگی خۆیان بدەن بە رەجەب تەیب ئەردۆگان و حیزبە دۆراوەکەی و دوژمنانی کوردو کوردستان.


ئەندامەکەی مەکتبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتە گەورە زەبەلاحەکە زۆر بە دڵخۆشییەوە باسی نێوانی ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتی شۆڤەنیستی تورکیا ئەکات و ئەڵێت: ھەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی باشی ھەیە لەگەڵ ھەموو دراوسێکانیدا بەتایبەت تورکیا، کە ھیوادارین ئەو ھاریکاریەشمان بەردەوامی ھەبیت بەڵام ئەم ئەندامە باس لەوە ناکات کە نەوت بە ھەرزان رەوانەی تورکیا ئەکەن و دەولەتێ تورکیا پارەی مفت و مۆڵ ئەکەوێتە بەردەستیان و، لە رابووردوودا یەکێک لە دوژمنە سەرسەختەکانی کورد دیکتاتۆر (نوری مالکی) سەرۆک وەزیرانی پیشووی عێراقی ""فیدراڵ""، وتی : نەوتەکەتان ھەرزان فرۆش مەکەن، بیھێڵن بۆ دوارۆژ، بۆ سەربەخۆۆیی!!.


ھەر ئەو جۆرە کەسانەی سەرەوە دەستیان داوەتە ھاشەوھوشە و پرۆپاکەندە و قسەی بریقدارو رەفتاری زەق و، باسی سەربەخۆیی کوردستان ئەکەن، بەڵام جورئەتیان نییەو ناتوانن بە راشکاوی باسی بکەن و، کورد واتەنەی تەنھا لە ژێر لیوەوە نوزەیان دێت و، بە ھیچ شیوەیەک باس لە چونێتی گەیشتن بەو مافە رەوایە ‌ناکەن و خۆیان دوورە پەریز ئەگرن.


لە وتاریکی رابردوو بە ‌ناونیشانی: کێ ئەتوانیت سەربەخۆیی کوردستان رابگەێنێت؟؟، وتوومە:


سەربەخۆیی کوردستان ئاسان نییە بێتەدی بە خواستی تاکە کەسێک چونکە خواست و ئاواتی ھەرەبەرزی گەورەترین نەتەوەیە کە تا ئێستا دەوڵەتی نییەو، ئەم پرسە ئەرکی ھەموو لایەکەو، ئەگەر باس لە دیموکراسیش ئەکەین پێویستە سەرجەم ھاووڵاتییان لەم جۆرە بریارە چارەنووسە سیاسییانە بەشدار بن و، زوربەی گەلی کوردستان ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠٠٥ یان لە بیر نەچووە کە زیاتر لە ٩٦٪ی خەڵک دەنگیان بە بەڵێدا بۆ سەربەخۆیی.


ئەمرۆ عێراق بەناو ""فیدراڵی"" دووچاری حکومەتێکی تایفەگەری و گرا مەزھەبی شیعەوە بووەتەوەو،‌ بەرێوە ئەبرێت و، حەیدر عەبادی سەرۆک وەزیران لە سەر بەزمەکەی نوری مالکی رەفتار ئەکات و لە گەڵ ھەرێمی کوردستاندا بار گرژییەکەی پیشوو وەک خوێ ماوەتەوەو، سەرانی کورد زۆر ھەلی زێرینیان لەدەستداوەو نەیانتوانیوە لەبەر ھەندێ دەستکەوتی تەسکی حیزبایەتی و گیرفان پرکردن و ناردنی سامانەکانیان بۆ بانقەکانی ئەوروپا ئەو ھەلانە بقۆزنەوەو، لە بەرژەوەندی نەتەوەی کوردی دلێر بێت و، ‌لە ئێستادا حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی لاوازەو، ئەو تەنگژەیەی تێکەوتووەو باشترین و نێوترین ھەلەو پێویستە سەرکردەکانی کورد بوێرانە بیقۆزنەوەو بتوانن سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان بە دەنگێکی بەرز جار بدەن.


سەربەخۆیی و جاردانی دەوڵەتی کوردستان مافی نەتەوەکەمانە لە سەر خاکی باوپاپیران و، دوژمنانی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان توانیویانە تا ئێستا خواست و ئارەزووی نەتەوەی کورد سەرکوت بکەن و، بەو پەری بێ بەوەیی و نامرۆڤانە رەفتاری لە گەڵدا بکەن بۆ ئەوەی ئاوات و خەونی مێژوویی ئەم نەتەوە چەوساوەیە کە خاکەکەی بەسەریاندا دابەشکراوە نەیەتەدی و، ئەمرۆ لە باشوری کوردستان نەتەوەی کورد گیرۆدەی مادەی (١٤٠) بووەتەوەو، حکومەتە یەک لە دووای یەکەکانی عێراقی ""فیدراڵ"" بە ھوێ بیری شۆڤەنیستی عەرەبی بۆگەن و بیری تایفەگەری چەپەڵ بە ھیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون و نابن ئەو مادە کوشندەیە ‌ جێبەجێ بکەن و سەرانی کوردیش زۆر کەرەت ئەژڵەژێن و ھەڵئەچن و خۆیان ئەخڵافێنن و بە گیڤە گیڤ و قسەی بریقەدار دێنە پێشەوەو خەڵک فریو ئەدەن و، جاروبار نیازی تۆڵەسەندنەوەیان ھەیەو، لە پاش ماوەیەک سارد ئەبنەوەو، دیسانەوە ‌دێنە سەر باسی ""دەستور"" و، ھیچیان پێناکرێت و، تا ئێستا بە ھوێ سیاسەتی چەوتیانەوە یەک بست لە خاکی ناوچە دابراوەکان نەگەراوەتەوە سەر کوردستان.


سەربەخۆیی سەروەرییەو خواست و ئاواتی ھەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازەو تەنھا پەیوەست نییە بە تاکە کەس و، بە پێچەوانەوە پەیوەستە بە ھەموو تاکێکی کورد کە بە چاوێکی پر بایەخەوە بروانێتە ئەم پرسە نەتەوەییە گرنگەو، ھەروا لە سەر ھەر تاکێکی کوردە بە چاوی رێزەوە سەیری ھەڵسوکەوتی رێبوارانی رێگای ئازادی و سەرفرازی نەتەوەکەی بکات و، نەکەوێتە ژێر باری ترس و لەرزەوە چونکە سەربەخۆیی کوردستان کۆدەنگی ھەموو ھاوڵاتیان و ھەموو لاینەکانیان ئەوێت.‌


لێرەدا بەو کەسانە ئەڵێم کە ھاشەو ھوشە و دروشمی رەنگاورەنگ و قسەی بریقەدار بەکار ئەھێنن و ئەڵێم: کێ ئەوێرێت سەربەخۆیی کوردستان راگەیێنیت؟ و، دیارە کەس ناتوانێت تەنانەت بەریز مەسعود بارزانی سەرەرای چوونی بۆ واشنتۆن و ئەو ھەموو ھەرا‌و لیدوانانە (گەورەیەی) راگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردنیان ناتوانیت سەربەخۆیی کوردستان رابگەێنێت وھۆکارەکان زۆرن:


ئەمریکا لە گەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقەو، جاروبار دڵ ھەندی کەس خۆش ئەکەن و، ئەم ھەڵوێستەی ئەمریکا رێگری سەرەکییە و، بەرپرسان ناتوانن لەو سیاسەتە ناروونە خۆیان دەربازکەن و، بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کومپانییەی بیگانە، بە تایبەت ھی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان و، تورکیا پێشەنگە و، لە ھەموو دونیادا دەزگاکانی وەبەرھێنان سوود بەوڵاتان ئەگەێنێت، بەڵام لای ئێمە لە باتی سوود سامانی وڵات بە فیرۆ ئەدەن وئەیبەن.


تا ئێستا خواست و داوای ئەنفالکراوان و خاوەن شەھیدان نەھاتووەتەدی و ،ئەوەش بە دادگایی کردنی موستەشارەکان و بەعسییەکان کە دەستیان ھەبووە لە ئەنفال کردن و شەھید کردنی خەڵکی سڤیلی بێ تاوان و پێشمەرگەو، شایانی باسە ژمارەیەکی زۆر لەو بەعسی و موستەشارانە خاوەنی پۆستی دیارین لە کوردستان و بە سەربەستی تەراتێن ئەکەن و، ھەر ئەوەش پەڵەێێکی شەرمەزارییە بە ناوچەوانی بەرپرسان و کاربەدەستانی کوردستان.


کوردستان بەرامبەر بە جانەوەرەکانی داعش لە شەردایەو، ژمارەیەکی بەرچاو شەھیدو بریندارمان ھەیەو، تورکیا بە ئاشکرا پشتی داعشی گرتووەو، پێشوازییان لێ ئەکات و، لە پاش پشوودان، مەشقیان پێ ئەکات و بە باشی رایان ئەھێنێت و فیری بەکارھێنانی جۆرەھا چەکیان ئەکات و، لە کاتی پێویستدا رەوانەی سوریاو عێراقیان ئەکات بۆ بەھێزکردنی داعش و، سەرەرای ئەو زانیارانە سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتی ""بنکەفراوان"" ئاگادارن و، ھاوکاری تورکیا ئەکەن.


حکومەتی ""بنکەفراوان"" خۆیان کردووە بە خاوەنی کوردستان و، ھیچ بایەخێک نادەن بە حیزب و توێژو خەڵکی تری بێ لایەن کە لە ٤٠٪ی دانیشتوانی کوردستان پێکدینن و، ئەوەش لە دوواییەدا لە ناو پەرلەمان رەنگی دایەوە، لە کاتی دانانی کۆمیتەیەک بۆ نووسبنەوەی ""دەستوری"" کوردستان و، ھەر لە ئێستاوە، ئەو دەستورە لاوازەو گوزارشت لە نیوەی خەڵک ئەکات.


حکومەتی کوردستان ھەرەمەکی و بەبێ نەخشەو پرۆگرام ئاوارەی عێراق وەرئەگرێت و، ھەموو شارەکانی کوردستان پرن لە عەرەب وخەڵک ھەراسان ئەکەن و زوربەی رەفتارەکانیان لە گەڵ کومەڵگەی کوردەواریدا ناکونجێن و، بەشێکیان دەستوپەیوەندی داعشن و، کاروباری پۆلیس و ئاسایش قورس ئەکەن و، نەبنە ھۆی زیادبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ھەڵکشاندایەو، تەنھا بۆ نموونە دیاردەی لەشفرۆشی و دزی و... ھتد.


کاتێ رژیمە خوینمژەکەی دیکتاتۆر سەدام حسەێن لە ناوچوو حیزبە گەورەکان لە شاخ ھاتنەوە ناو شارو، خۆیان کرد بە خاوەنی کوردستان و، دەستیان گرت بە سەر خاک و سامانی کوردستان، لێرەدا باسی سامان ناکەم کە چی بە سەرھات!! ، تەنھا باسی خاک ئەکەم و، وەک ھەموو ئەزانین ئەو خەڵکە کە لە شاخ و لە دەرەوە بوون ھەر ھەموو پێشمەرگە بوون و، کەس خاوەنی بستێک زەوی نەبوو، بەڵام بە ھۆی دەسەڵات زوربەیان بوون بە خاوەنی ئەرزو ماڵ و باڵەخانەو باخچەو، ھەندێکیان یەک لیوا پێشمەرکە (عەسکەر) ماڵەکەی ئەپارێزێ، ئەمە لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە زۆربەی پێشمەرگە دێرینەکان بە تایبەت پێشمەرگەکانی حیزبە بچوکەکان (رووی رۆژ رەش بێت) خاوەنی بستێک زەوی نین و، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان زیاتر ئاگادار بێت پێشمەرگەی ھەندێ لە حیزبە بچوکەکان چالاکیان دژ بە رژێمی حیزبی بەعسی عەرەبی و دوژمنانی کوردو کوردستان لە چالاکی حیزبە گەورەکان زیاتر بوو، ھەر یەک لەو حیزبە بچوکانە خاوەنی کۆمەڵێک شەھیدو سەروەرین.


لە م کاتانشدا سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتی کوردستان ئارەزوومەندانە زەوی کوردستان ئەدەن بە ھەندێک سەرۆک ھۆزی عەرەب و بەعسییە چەپەڵەکانی ساڵانی رژێمی لە گۆرنراوی سەدام حسەێن و تاقمی سەدرو، پیشتریش زەوی دراوە بە کوری مالکی و تاقمی دەوڵەتی یاساو، ھەندێکیان بوونە بە بازرگان و بالەخانەو و مۆڵیان کریوە یەکێک لەوانە ئافرەتە (لەچک بەسەرەکەی) دەوڵەتی یاساو ئێستاش جیابووەتەوەو، بووەتە خاوەن بلوکی "ئیرادە" لە پەرلەمانی عێراقی ""فیدراڵ"" حەنان فتلاوی، ئەو ئافرتە بە ئاشکرا دژایەتی کوردستان ئەکات، ئەو جۆرە کەسانە خاوەنی زەویی و مۆڵن بەڵام ھەزارن پێشمەرگەی قارەمان بەرگری لە خاکی کوردستان ئەکەن بێ زەوین و زوربەیان کرێچین و نیوەی موچەکەیان ئەدەن بە خاوەن ماڵەکانیان و، لە بەر دەست کورتی ھەندێک پێشمەرگە خۆیان کوشتووە.


ئەوەی داوای سەربەخۆیی کوردستان بکات، پێویستە پێش ھەموو شتێک داوای نەمانی ھێزی بیگانە بکات و، سەروەری وڵاتەکەی بپارێزیت و، خەلکی بەشەرەفی کوردستان ئەزانن ماوەیەکە جەندرمەو عەسکەری دەوڵەتی تورکیای شۆڤەنیست ھەندی ناوچەی کوردستانی داگیرکردووەو جێگیر بووەو، یەکێک لە نەخشە گڵاوەکانیان پشتکیری چەتەو جانەوەرەکانی داعش بوو لە داگیر کردنی شەنگاڵ بە یارمەتی دەستێکی چەپەڵ و خیانەتکارو، تا ھنوکە شەنگال لە دەستی دوژمنانەوە ئەناڵینێت و بە تەواوەتی ئازاد نەکراوەو، زۆر جار شەرو پێکدادان لە نێوانی دوژمنان و پێشمەرگە روو ئەدات و، دیارە تورکیا وەک چۆن بەشێکی لە وڵاتی قوبرس داگیر گردووەو دەرناچی، نیازی چەپەڵ و گڵاویان مانەوەیەو داگیرکردنی بەشێک لە کوردستانە. {من لە نووسینێکدا وتوومە: نا، نا بۆ کوردستانی سەر بە تورکیا، بە ناونیشانی: کوردستان لە چنگی عروبە بۆ گەروی ئەتاتورک}.


ھەریمی کوردستان و حکومەتی کوردستان بە یەک چاو تەماشای کوردانی باکورو رۆژھەلات و رۆژئاوا ناکەن، بۆ نموونە بایەخ ئەدەن بەو نووسەرو ئەوانەی لە رۆژئاوا ھاتوون و زۆربەیان لە حیزبەکانیان دەرکراون و، لێرە، واتە لە کوردستان ‌حیزبی نوێیان بۆ دروست ئەکەن و، لە ھەولێرو لە پیرمام خانوو فیڵلاو تەلاریان پێ ئەبخشن و، کەسانی حیزبەکانی تر کە سیاسەتیان جیاوازەو ناچنە ژێر رکێڤی بەرپرسان بێ بەش ئەبن و، ئەم بەزمەش کوردانی باکور ئەگرێتەوەو، ئەوانیش بێ بەشن لە نازو نیعمەتی دەسەڵات و، خاوەن حیزبە کارتۆنییەکان بە پێی وتەی {خەڵکی عەوام} دەستیان لە رۆنەو دوو شەشیانەو ، حیزبە{ بڤەکان} لە باتی یارمەتی دژایەتی ئەکرێن و، کوردانی رۆژھەڵات لە ھەموو شتێک بێ بەشن!!


راگەیاندنی حیزبەکان لە (رۆژنامەو رادیۆو کەناڵەکانی تەلەفزیۆن) لە سەر ئاوازێ جۆراوجۆر ھەڵئەپەرن و، بارودۆخی کوردستان بەپێی پەیوەری حیزبایەتی ھەڵئەسەنگێنن و، سەیری گرژی و ئاڵۆزی نیوانی یەکتر ئەکەن و، زوو زوو تووشی نا کۆکی ئەبن و، ئەگەر کێشەیەکی نیشتمانی دروست بوو، یەکسەر بەبێ وەستان و بیر کردنەوەو بە زمانی زبر سەنگەر لە دژی یەکتر ئەگرن و، ھەرچی زووخاو قسەی رەق و نا شایستە لە دڵیاندایە ھەڵیئەرێژن و تاوان ئەخەنە پاڵ یەکترو، لە پاش چەند رۆژێک ھیمن ئەبنەوەو، وەک بڵێت ھیچ رووینەداوەو ‌ ئاگرەکەی نێوانیان دا ئەمرکێت و، تا ئێستا ھەندێ حیزب ھەیە لەوانەی بەشدارن لە ""حکومەتی بنکە فراوان"" ئیمانی بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان نییە.


کاتیک باسی سەربەخۆیی کوردستان ئەکریت پیویستە بیر لە ناوچەدابراوەکان بکریتەو، ئەوەش پێویستی بە میکانیزمێکی ژیرانەیەو پلانیکی توکمەیەو، نابێت چیتر کورد چاوەروانی دەستوری عێراقی ""فیدراڵ"" بیت و، ئەبێ بەرپرسان خۆیان گیڤ نەکەنەوەو، ھاونیشتمانیان فریو نەدەن و، خاونی بریاری چارەنوسساز بن و، ئیدی بەسە ھەلە زێرینەکان مەفەو‌تێنن و، پێویستە بوێرو نەترس بن و زوربەی گەلی کوردستان لە گەڵتاندایەو پشتگیریتان ئەکات و، دەبا ھەموو ھەوڵەکان یەکبخەێن لە پێناو گەراندنەوەی شەنگاڵ و کەرکوک و خانەقین و شوێنەکانی تر.


ھەرێمی کوردستان و حکومەتی کوردستان سوورن لە سەر قۆرخکاری دەسەڵات و نیازیان وایە ھەموو کوردستان بکەنە (موڵکی) خۆیان و، گوێ بە کەس نەدەن و، ھەر لەو روانگەیەوە بایەخ بدەن بە خاین و ترسنۆکی ھەڵاتوو پاشماوەی حیزبی بەعس و رژێمە خوێناوییەکەی سەدام حوسێن وەک: عەلی حاتم ئەلسلیمان، زافر العانی، رافع ئەلعیساوی و، ھەڵاتووی روورەش پاریزگاری موسڵ ئەسیل نوجەیفی و، پیشتریش میوانەکەی (بەرپرسان) و پیاوی کوژی بێ وێنە و ھەڵاتووی ترسنۆک تارق ئەلھاشمی و دەیان و سەدانی تر بە ناوی سوننەو، ھەر ھەموو ئەمانە لە سەر سامانی پێشمەرگەو ھەژارو کرێکارو جوتیارو خەڵکی بێ دەرامەتی کوردستان ئەلەوەرێن و، مۆڵگاکانیان ئوتێلی ( ٥) ئەستێرەیەو، ئەم جۆرە بەرپرسانە قەت ناتوانن سەربەخۆیی بپارێزن و جاری دەوڵەتی کوردی بدەن.؟؟


لە کۆتاییدا نەفرەت لە شەری نێوان حیزبەکان و، ھاندەرانی ئەو شەرانە، ھیوادارم بارودوخی حیزبەکان روو لە باشی بکات و، ناکۆکی وەلابخەن و، بە یەک دەنگ بڵێن نا بۆ شەر، بەڵێ بۆ برایەتی، نەفرەت لە دوژمنان، سڵاو لە حیزبی دیموکراتی کوردستان – ئێران، سڵاو لە پ ک ک پەکەکە، با داوا لە کوردو کوردستانیان بکەێن دەنگ بە: حیزبی گەلانی دیموکراتی هەدەپە بدەن.


٣١\٥\٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک