په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١٦

سەربردەی دەرکردنی گۆڤاری (ژیلەمۆ).

ئیسماعیل تەنیا    


پاش وەستانی شەڕی عێراق-ئێران،ڕژێمی بەعس ھەرچەند ھێزی ھەبوو،لەبەرەکانی جەنگ،ھەمووی گواستەوە کوردستان تاوەکو بزوتنەوە چەکداریەکەی کورد،سەرکوت بکات.ئەوەبوو لامانگی ئابی ساڵی (١٩٨٨)دا،بەھێزێکی زەبەلاحەوە ھێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر دەڤەرە ئازادکراوەکان و بەھەموو جۆرە چەکێک کەوتە گیانی پێشمەرگەو جەماوەر...پێشمەرگەکانیش بەھەموو ھێزو حزب و پەلەکانەوە، بەرگرییەکی عەگیدانەیان کرد،بەڵام مخابن نەتوانرا تاسەر بەرگری بکەن.


پاش ئەم ھێرشە بەرفرەیە،بزوتنەوەی چەکداری لەکوردستاندا ڕوی لە کزی کردو ھێزی پێشمەرگە داغانی سەر مەرزەکان و بەشێکی زۆریشیان ئاودیوی ئێران بوون.لەم ئانوساتەدا،جەماوەر ورەی دابەزی و توشی نائومێدیەک بوو،بەپێچەوانەشەوە،ڕژێم گوراحی خۆشتر بوو،چونکە تاڕادەیەکی زۆر توانی ڕایەڵی نێوان پێشمەرگەو جەماوەر،بپسێنێت.بێ ھیوایی باڵی سامناکی بەسەر خەڵکدا کێشابوو. بڵاوکراوەکانی شاخ بەزەحمەت دەگەیشتنە شار...خەڵک تینووی مژدە...ئەدەبی سەرھەڵدان،بڵاوکراوەی نھێنی،سەرەتاتکێی پێشمەرگە بوون.


ساڵ وەرسوڕاو لە ڕێکەوتی(١٢/٦/١٩٨٩)دا،من و ھاوڕێ (غازی حەسەن)،لەماڵی ئەوان لەگەڕەکی (مەنتکاوە)ی ھەژارنشیندا،پێکەوە سەرگەرمی ھەڵگێڕو وەرگێڕ کردنی کۆمەڵێک بڵاوکراوەو گۆڤاری نھێنی لەشاخ دەرچوو بووین...یەکسەر فکرەیەکم بۆ ھاتو گوتم؛(ئەرێ کاک غازی بۆ ئێمەش بڵاوکراوەیەک دەرنەکەین ؟).ھەر ئەوەندەم گوت،کاک غازی گوتی با دەریکەین...ئەوەبوو سێ ناومان پێشنیار کرد؛(کار،ئامانج،ژیلەمۆ)...ناوەکانی یەکەم و دووەم،پێشنیاری غازی بوون،ئەوەی سێیەم ھی من بوو.پاش گفتوگۆ کردن،یەکەممان وەلانا.بۆ دووەمیش،پێشتر گۆڤاری کوردی بەم ناوە دەرچووبوون، بۆ سێیەمیش،(ژیلەمۆ)،ناوەکە پڕ بە پێستی کاتەکە بوو،بۆیە(ژیلەمۆ)کەی منمان ھەڵبژارد.


ژیلەمۆ،گۆڤارێکی سییاسی ڕۆشنبیرییە،لاوانی زەحمەتکێشان دەری دەکەن.وەک ئەمانەتێکی مێژوویی دەیڵێم؛(ئەگەر کاک غازی نەبوایە،فکرەکە رۆشنایی نەدەبینی و ھەر زوو لەبار دەچوو).ئەو مکوڕ بوو لەسەر دەرکردنی.لە(١٩/٧/١٩٨٩)دا،پێکەوە بابەتەکانمان ئامادە کردو بە دەستخەتێکی خۆش و جوان، نووسیمانەوە.کاک (گۆران جەلال)یش ئاگادارو ھاوکارمان بوو،زۆر بابەتی بۆ دەنووسین.لە ڕێکەوتی (٦/٨/١٩٨٩)دا،ژمارە یەک تەواو بوو،کاک غازی لەبن ھەنگڵی ناو ڕووەو بەغدا،کەوتەڕێ...ئەوکات ھەر خۆیشی لە بەغدا خوێندکاری بەشی کوردی کۆلیژی پەروەردە بوو.لەوێ (٢٥)دانەی لێ کۆپی کردو ھێنایەوە ھەولێرغازی، خاوەن دوکانی کۆپیکردنەکەی دەناسی،چونکە پێشتر،زۆر کتێب و بڵاوکراوەو بابەتی موحازەرەکانی لەھەمان شوێن،کۆپی دەکرد.بۆ ڕۆژی (٨/٨/١٩٨٩)،لەماڵی ئێمە لەگەڕەکی مەنتکاوە(لەیادمە ئەم نیوەڕۆیە چێشتی کفتەمان ھەبوو)،سمغ و تێلمان لێداو بەسەر چەند برادەرێکی باوەڕپێکراومان،دابەشکرد...چەند دانەیەکیشمان ناردە (زاخۆ،چەمچەماڵ،خەلیفان،سلێمانی، کۆیە،ڕواندز).پاش ئەم ماوە زۆرەو نەمانی ترس،لەجێگای خۆیەتی کە ئەوەش ئاشکرا بکەم؛ھەموو ژمارەکانی ژیلەمۆ،لەدوکانێک لە بەغدا کۆپی دەکرا کە خاوەنەکەی ژنە کوردێکی مێرد عەرەب بوو و، بە(ئوم موشتاق) ناسراو بوو.پێ دەچوو ژنەکە ئەوەندە سەری لە نووسینی کوردی دەرنەچوو بێت،تەنھا دەیپرسی؛ئەوە موحازەرەیە؟ غازیش بە بەڵێ وەڵامی دەدایەوە.ئەو بە ماوەیەکی کەم کارەکەی تەواو دەکردو پارەی خۆی وەردەگرت.لەڕێکەوتی(٥/٩/١٩٨٩)دا،منیش ئەم ترسەم لەخۆم دەرکردو پێکەوە چووینە شاری بەغداو ژمارە (٦)مان،کۆپی کرد.لەبیرمە کاتژمێردوو و نیوی پاش نیوەڕۆ بوو،ھەندێک لاپەڕە باش دەرنەچووبوون(ڕەش بوون)،ورد وردمان دەکرد،ئینجا فڕێماندەدا،تاوەکو نەناسرێتەوە.


لەلاپەڕە(٥)ی ژمارە(٢)دا،ڕوونکردنەوەیەکمان بڵاوکردەوە،لەوێ نووسیبوومان؛(خوێنەرانی ھێژا: ھەندێ خوێنەری گۆڤارەکەتان پرسیاری ئەوەمان لێدەکەن ئاخۆ ژیلەمۆ دەنگی لاوانی زەحمەتکێشانە یان نا؟ئێمەش بە پێویستمان زانی بۆ ئەو دۆستانەو ھەموو خوێنەرانی ڕوون بکەینەوە، کە ژیلەمۆ گۆڤارێکە کۆمەڵێک لاوی زەحمەتکێشی خاوەن ئایدۆلۆژیەتی زەحمەتکێشان دەریدەکەن،نەک ڕێکخراوێکی سیاسی یان ڕێکخراوێکی پیشەیی.سەبارەت بەوەش کە ژیلەمۆ دەنگی یەکێتی لاوانی زەحمەتکێش بێ، ئەوا دەڵێین؛نەزانراوە کە لە کوردستانی عێراق،ھیچ ڕێکخراوێک بەم ناوە ھەبێت،ئەگەر شتی واش ھەبێت،ئەوا دەنگی ئەوان،نیە).


لەژمارە (١-٥)،ھەموومان بەدەست دەنووسیەوە.ژمارە (٢)،دەستخەتی منەو من نووسیوومەتەوە. لەپاش دەرچوونی ژمارە(٢)،برادەرێکی خوێندکار(یان دەرچووی زانکۆی تەکنۆلۆژیای بەغدا)، بەرگێکی ھونەری جوانی بۆ دروست کردین و ھەر خۆیشی بە دەستخەتە خۆشەکەی،یەک دوو ژمارەی بۆ نووسینەوە.لە ھەر حەوت ژمارەکەدا،بابەتی ئەم کەسانە بەرچاو دەکەون، کە ھیچیان ناوی ڕاستەقینە نین و ناوی خواستراون؛(سمکۆ، بێستون، ھەندرێن، ئازاد،ھیوا، زەروەند، شێروان، ھێژا، لاوەند، دژوار، ھیڤی، زۆراب ئیبراھیم زادە، ھەڵوێست، بژار، چرا، پیرۆت، ھاوڕێ، دەشتی، گۆڤان،...).لەڕاستیدا،ھەموو ناوەکان ھەر غازی و گۆران جەلال و من بووین و یەک دوو برادەریش لەدەرەوەی ھەڵسوڕێنەرانی ژیلەمۆ،لە دوورەوە ھاریکارییان دەکردین.گەورەترین ئاستەنگمان ئەوەبوو؛چۆن پەیوەندی بە نوسەرانی تێڕادیتی بکەین،بۆ ئەوەی بۆمان بنووسن...وەزعەکە ھێندە تەنگ بوو،مرۆڤ زاتی ئەوەی نەدەکرد تەکلیف لەکەس بکات.شەوێکیان بە تێڕادیتن ویستم بۆ لای شاعیر(قوبادی جەلیزادە)بڕۆم، تا کۆڵانەکەشیان چووم ،بەڵام نازانم بۆ پەشیمان بوومەوەو گەڕامەوە.


ژیلەمۆ،دوو بابەتی بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو،بڵاوکردۆتەوە.سەروتارەکان،پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ڕوداوەکانی ڕۆژەوە ھەبوو،وەک؛(کێشەی کورد،ڕاپەڕینی فەلەستین،شەڕی ناوخۆی لوبنان، ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆمانیا دژی تشاوشیسکۆ،لەسێدارەدانی بازۆفت،داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە).ئەم گۆڤارە،زێتر گرنگی بە بابەتی سیاسی ،دواتر ئەدەبی دەدا...گۆشەیەکی زیندوی تێدابوو بەناوی(لێرەو لەوێ)،کە ھەواڵ و بڕیاری نھێنی گرنگی تایبەت بە عەسکەری ڕژێم،تێدا بڵاودەکرایەوە. ئەم ھەواڵانەشمان لە ھاوڕێ (ئارام عەبدوڵا)ەوە بۆ دەھات،کە ئەو کات سەرباز بوو لە بەشی(قەڵەم)و زۆربەی نھێنیە سەربازییەکانی بۆ دەھێناین.لەم گۆشەیەدا،(٣٨)ھەواڵ بڵاوکراوەتەوە.ژیلەمۆ،ھەمووی بەسەریەکەوە،(٢٠٨)،لاپەڕەی لێ بڵاوکراوەتەوە.


لەم سەردەمەدا(پاش کۆتایی ھاتنی شەڕی عێراق-ئێران)،ڕژێم سانسۆری لەسەر کڕین و فرۆشتنی ئامێری تایپکردن(گابعە)،کەمێک سووک کردبۆوە.بۆ کڕینی تابیعە،غازی چووە بەغداو بە قەردو فەردو ئابۆنەی ھاوڕێیانی ڕێکخستنەکانی(حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)، تابیعەیەکی بە (٣٨٠) دینار کڕی و ھێنایەوە ھەولێر(ھەرچەند لەکاتی کڕینی لە بەغدا،ھێندەی نەمابوو بگیرێت).ژمارەکانی (٦،٧)مان پێ تایپ کرد...لەمە بە دواوە،لە ڕووی ھونەریەوە،لەجاران پێشکەوتووتر بوو.بە داخەوە، لەگەڵ گیرانی (غازی حەسەن)،لە ڕێکەوتی(٢٥/١/١٩٩١)دا،دائیرەی ئەمنی ھەولێر،تابیعەکەو ھەموو بڵاوکراوەکانیشیان،دەست بەسەردا گرت.گۆڤارەکە بێ داینەمۆ مایەوەو پەکی کەوت.منیش ئەو کاتە لە گەڕەکی کوران،لە قوتابخانەی(جمھوری)مامۆستا بووم...دوو ھەفتە زیاتر،خۆم شاردەوەو نەچوومە دەوام،ھەر شەوەو لە ماڵی خزمێک دەخەوتم....بۆیە دەڵێم؛ھەتا دەمرم دەبێت مەمنوونی غازی حەسەن بم کە ئیعترافی لەسەر من نەکردبوو،(غازی)ش دەبێت مەمنوونی خەڵکی ڕاپەریوی ھەولێر بێت،دەنا ئێستاکە لەژێر خاک بوو و تەنھا دەبووە یادەوەریەک لەلایەن کەس و کارو ھاوڕێیانەوە...


ھەر لێرەوە حەز دەکەم چەند زانیارییەکی پێویست دەربارەی ھەموو ژمارەکانی(ژیلەمۆ)،بخەمەڕوو، تاوەکو کاری لێکۆڵەرانی بواری ئەرشیفی ڕۆژنامەگەری کوردی ئاسانتر بێت...


- ژمارە(١)ی لە مانگی ئابی(١٩٨٩)بە (٣٢)لاپەڕەی قەبارە(١٧-٢١)سم،دەرچووە.
- ژمارە(٢)ی لەمانگی ئەیلولی(١٩٨٩)،بە (٣٠)لاپەڕەی قەبارە(١٧-٢١)سم،دەرچووە.
- ژمارە(٣)ی لە مانگی تشرینی یەکەمی(١٩٨٩)،بە(٣٠)لاپەڕەی قەبارە(١٧-٢١)سم،دەرچووە.
- ژمارە(٤)ی لەمانگی کانوونی دووەمی(١٩٩٠)،بە(٤٤)لاپەڕەی قەبارە(١٧-٢١)سم،دەرچووە.
- ژمارە(٥)ی لە بەھاری(١٩٩٠)،بە (٤٤)لاپەڕەی قەبارە(١٧-٢١)سم،دەرچووە.
- ژمارە(٦)ی لەمانگی ئابی(١٩٩٠)،بە(١٦)لاپەڕەی قەبارە(١٧-٢١)سم،دەرچووە.تایپ کراوە.
- ژمارە(٧)،دوا ژمارە بوو،لە تشرینی دووەمی(١٩٩٠)،بە(٢٠)لاپەڕەی قەبارە(٢١-٣٣)سم،دەرچووە. تایپ کراوە.


ھەر لێرەوە دەمەوێت ئەوەش ئاشکرا بکەم کە بۆ مەکینەی تێل لێدان،دەچووینە لای فەرمانبەرێک لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ھەولێر(بەشی سادیرە)،بە ناوی خاتو(بەیان)،بە ئەمانەتەوە مەکینەکەمان لێ وەردەگرت و کە کارەکەمان تەواو دەکرد،بە سوپاسەوە بۆمان دەبردەوە.


ئەمە سەربردەی دەرکردنی گۆڤارێک بوو کە بەڕاستی بۆ ئەو سەردەم جۆرە سەرکێشیەک بوو،کە ئاشکرابوونی گیان لەسەر دانان بوو،لەگەڵ ئەوەشدا،جۆرە بڕوایەکی بەھێزی لەپشت بوو،کە ئەم گیان بەختکردنەی نەدەناسی...ھیوادارم لەکاتێکی گونجاودا سەرجەم ژمارەکانی بە چاپێکی مۆدێرن،دووبارە، بڵاوبکەمەوە...ھەر لێرەوەش داوا لەم برادەرانە دەکەم کە ئاگاداریان ھەیە،یان بە شێوەیەک لە شێوەکان، ھاریکار بوون،ڕاوسەرنجی خۆیان بنووسن،تاوەکو بە ھەموو لایەکمان بتوانین خزمەتێک بە ڕەوتی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی،بکەین...حەز دەکەم ئەوەش بەیان بکەم؛کە ھەموو ژمارە ئۆرگیناڵەکان لای من پارێزراون...پاش ڕاپەڕین، ھاوڕێ غازی و ھاوڕێیانی تری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، (ژیلەمۆ)یان لای من خواست و کۆپیان لەبەر گرتەوە.

 

ھانۆڤەر

ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک