په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١٢

سەرچاوەکانی وزە.

- (١) تاک، (٢) جەماوەر -

                                                                                                                        

دانییڵ گریین                                                                  و. لە عەرەبییەوە بە بەراورد لەگەڵ دەقە فەرەنسییەکەی: سەلام عارف
 

(تاک*).

 

بەرامبەر بە پلەوپایەخوازی و زۆرەملێ و ڕقوکینەی سۆسیالیزمی دەسەڵاتگەرا، مرۆی ئازادیخواز -ئەنارکی- پێشنیاری دوو سەرچاوەی وزەی شۆڕشگێڕ دەکات تاک و خۆخۆیی جەماوەر،ئەوەش بەپێی حاڵەتەکان دەگۆڕێت، ئایا ئازادیخواز تاکڕەوخوازترە؟ یان کۆمەکخوازتر؟ - ڕغستن ھلمون-لە گەڕان و ڕاپرسییەکەوە، گەیشتۆتە ئەو ئەنجامە،‌ کە ناتوانین ئەوە بھێنیینە پێش چاومان، کە ئازادیخوازێکی کۆمەکخواز ھەبێت تەواو داماڵراو بێت لە تاکڕەوخوازی.


ئەو دەمەی بیروبۆچوونی دژەتاکڕەوی antindividualismeی ھیگلی باو بوو لە مەیدانی فەلسەفی و ڕەخنەگرتنی کۆمەڵایەتیدا (شتێنەرstiner) جێگەوپێگەی شیاوی گەڕاندەوە بۆ تاک، ئەو لەو بڕوایەدا بوو و پرسیای ئەوەی دەکرد، مەگەر خراپەکارییەکان و بێفەڕی (خۆپەرستیی بۆرژوازی) نەبوو کە پاڵی نا بە ڕیفۆرمخوازەکانەوە بەرەیەک دژی ئەو خۆپەر‌ستییە دروست بکەن؟ ئەی لەدایکبونی وشەی سۆسیالیزمیش دژ بە تاکڕەوخوازی، ھەر لەوێوە سەرچاوەی نەگرتبوو؟


-شتێنەر- کاکڵەی تاکی تاقانە، بەرز دەنرخێنێت و پێیوایە، کە ھیچ نییە لەو بچێت و سروشتیش، ھەر یەک دانەی لێ دروست کردووە. ئەو بیروتێگەیشتنەی ئەو تازەترین لێکۆڵینەوەی بایۆلۆجی پشتگیری دەکات. ئەو فەیلەسوفە گۆشەگیرە کەوتە دەرەوەی بازنەی ئازادیخوازییەوە وەک بێگانەیەکی سەیروسەمەرە تەماشا دەکرا. ئەوانەی لە دەوری مابوون، تەنھا ئەوانە بوون کە لە ‌خۆی دەچوون، کەچی ئەوەتا ئەمڕۆ ڕزگارکردنی تاک لە نامۆبوون** بۆتە ئەرکی سەرەکیی ئەم سەردەمە ‌و لەو ڕزگارکردنەدا خۆی دەردەبڕێت. (سێون فیل ) لە بابەتێکدا ناڕازییە ‌و سکاڵا لە دەست ئەوە دەکات، کە ئەدەبی مارکسی ھیچ وەڵامێکی ئەو پرسیارانەی نەداوەتەوە، کە پێویستییەکانی بەرگریکردن لە تاک سەپاندونی، ھەروەھا ھیچیشی پێ نییە دەربارەی ئەو شێوازە تازەنەی داپڵۆسین کە دوای سەرمایەداریی کلاسیک ھاتونەتە کایەوە، کەچی -شتێنەر پێش ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەم، ھەموو ھەوڵ و کۆششێکی ھزری خۆی خستۆتە ‌گەڕ دژی ئەو شێوازانەی داپڵۆسین.


ڕاستە شێوازی نووسینی -شتێنەر- شێوازێکی پەخشانی بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا بڵێی بریندارکەر و ھوروژێنەر بووە، زۆرجاریش ڕەق و وشک بووە،‌ بۆ نموونە وتویەتی: ''ھێندە دەسەپاچە مەبن و خۆتان نزم ڕامەگرن، لەبریی ئەوەی ئازادیی خۆتان بە خۆتان بە ‌فیڕۆ دەدەن خۆتان بە خۆتان بدۆزنەوە (...) با ھەر یەکەتان - من-انا-ی جێبەجێکار بێت.'' ''جگە لەو ئازادییە، کە تاک بۆ خۆی دەستی دەخات، ئازادییەکی دی بوونی نییە،‌ ئازادیی بەخشراو ئازادی نییە، چونکە دەسەڵاتێکە لە خۆتیان دزیوە.'' ھەروەھا وتویەتی: ''جگە لە خۆم ھیچ حاکمێک ناتوانێت بڕیاری ئەوە بدات، کە من ھەڵەم یا ڕاستم.'' ''من تەنھا ئەو کاتانە ھەڵەم، کە ئەقڵم ئازاد نییە ‌و، بەڵام دەمەوێت کارێک ئەنجام بدەم، تۆ وەک تاکێکی تاقانە دەتوانیت، ھەموو شتێک دروست بکەیت، نە دەوڵەت، نە کۆمەڵ، نە مرۆڤایەتی توانای ئەوەی نییە ئەو شەیتانە، واتە ئەو تاکە تاقانەیە، خەفە ‌و سەرکوت بکات. بۆ ئەوەی تاکێک ئازاد بێت، دەبێت دەست بکات بە چاوپێداخشانەوەی ھەموو ئەو شتانە، کە لە باوباپیر و مامۆستاکەیەوە فێریان بووە، دەبێت لەوێشەوە دەست پێ بکات، کە ناونراوە ڕەوشتی بۆرژوازی، چونکە ڕەوشتی بۆرژوازی گۆڕەپانی تەراتێنی بۆرژوازی خۆیەتی و ئەو ڕەوشتەش زۆر نزیکە لە ئاسمانی ئایینەوە، ئەویش خۆی لە خۆیدا پەڕپووتە و لە ڕێساویاسای بۆرژوازی قەرزکراوە، چونکە خۆی نەیتوانیوە تێگەیشتن و بیروبۆچوونی تایبەت و سەربەخۆی دروست بکات، ناچار یاسا بۆرژوازییەکانی گواستۆتەوە بۆ لای خۆی.''
-شتێنەر- بە تایبەتی ڕەخنە لە ڕەوشتی سێکسی دەگرێت، کە نێردراوە عیلمانییەکان ئەو ڕەوشتە سێکسییە (خۆشەویستی-شەیدایی)ەیان لە کریستیانیزمەوە وەرگرتووە، ئەوانەش، ھیچ گرنگییەک نادەن بە بانگەوازە جەستەییەکان و ھەموو ھەوڵێکی خۆیان خستۆتە گەڕ و شەپازلەش دەدەن لە دەموچاوی بێڕەوشتی، ھەروەھا بەو حوکمە پێش کاتییانەش، کە لە کریستیانیزمەوە فێریان بوون ڕەشبینی لەناو جەماوەری میللیدا بڵاو دەکەنەوە و گەلیشی پێ ھان دەدەن، کە بە ھەمان دڕندەیی پۆلیس ڕەفتار بکات و بجەنگێت دژی ئەوە، کە لەبەر چاوی ڕەشکراوە ‌و شوناسنامەی بێڕەوشتی پێ بەخشراوە، ئەو دڕندە پۆلیسییە بە جۆرێک ڕەووشت دەپارێزێت، حکوومەت بەو حکومەتییەی خۆیەوە، ئاوەھا نایپارێزێت.


-شتێنەر- پێش شیکردنەوەی دەروونی ھاوچەرخ دەکەوێت و تێبینی ئەوە دەکات کە ئێمە ھەر لە منداڵییەوە موتووربە دەکرێین و دەکرێینە کێڵگەیەک و بە جۆرێک خووڕەوشتە ئاینییەکانمان تێدا دەچێنرێن و ڕەگەکانیان وا ئەستوور و پتەو دەبن، کە قووتاربوون لێیان ھەروا کارێکی ئاسان نابێت. داپڵۆسینی ئەو ڕەوشتسازییە دە جار بە زەبرترە لەوی پێشوو، چونکە لە ھۆشماندا ژەنگ ھەڵدەھێنێت. ''لاوان وەک ڕانەمەڕ ڕاپێچی خوێندگاکان دەکرێن، لەوێ فێری قسەوباسە ڕزیو و سواوەکان دەکرێن، تا ئەو قسەوباسانەش تەواو لە ‌بەر نەکەن، بە باڵق و ڕەشید دانانرێن.'' -شتێنەر- دوژمنێکی سەرسەختی بۆدەقەکان و دابونەریتەکان بووە، وتوویەتی خوا ھۆشمەندی ئەرکەکان و یاساکانە، ئەوانەش درۆکانن، کە مێشکی ئێمەیان پێئاخنیوە و دڵمان پڕ کراوە لەو درۆیانە، جادووگەران، پیاوانی ئایینیش کاروکاسپیان بۆتە لە خشتەبردنی گەنجان. شتێنەر- لە گەڕانەکەیدا بۆ دۆزینەوەی جێگەوپێگەی شیاو بۆ تاک (التحت الشعوری)*** فرۆیدی دەدۆزێتەوە، بەو جۆرە پێشانی دەدات کە -من-ڕنا-ی بەھێز بواری کەس نادات زاڵ ببێت بەسەریدا و دەستەمۆی بکات، ئیمپراتۆریەتی ھزریش لە ئاست-من-دا شکست دەھێنێت و، -من-ڕنا- کەسێکی تر ناتوانێت دەریببڕێت و پیھێنێتە پێش چاوی خۆی و بە دەستەکانی بیگرێت.


ئێمە لەو قسەوباسانەی -شتێنەر-دا، ھاواری سەرەتای فەلسەفەی بوون -الفلسفە الوجودیە-philosophie extentille- دەبیستین، با لێرەدا لە ‌(وایدابنێن یان گریمانێک)ەوە دەست پێ بکەم، بۆ ئەوەش خۆم دەکەمە کەرەسەی ئەو گریمانە(...) من تەنھا -من-ی خۆم بە کار دەھێنم، تا لێی بخۆم و خۆشی لێ ببینم(...) من ئەوەندە ھەم تا لێی دەخۆم، بە واتایەکی تر تا قوتی دەدەم، ئەگەر ئەوە مانایەک ببەخشێت، ئەوە دەبەخشێت،کە من بوونم ھەیە.‌


پێنووسەکەی - شتێنەر- گڕ دەگرێت و دەکەوێتە داوی دژایەتییەوە، تا ئەو ڕادەیە کە خۆی لە ‌بەرەی دژەکۆمەڵدا دەبینێتەوە و ژیانی ناو کۆمەڵگە بە مەحاڵ دەزانێت ''حەز و ویستی ئێمە ژیانێکی گۆشەگیرییە'' میللەت مردووە، منم خێر و بەرەکەتی سبەینێ ''بەختیاریی میلەت، نەھامەتی و ناخۆشیی منە.'' ئەگەر بە دیدە و بیروبۆچوونی من مەسەلەیەک ڕاست بوو، ئەوا ئیتر ڕاستە، دەشێت بە بیروبۆچوونی ئەوان ڕاست نەبێت، ئەوە گیروگرفتی من نییە، گیروگرفتی خۆیانە، با بەرگری لە بیروبۆچوونەکانیان بکەن، بەڵام ئەو ناسکی و وڕکگرتنەی ئەو و ئەوانەش کە وەک ئەو بیر دەکەنەوە، ئەوە ناگەیەنێت، کە کاکڵەی ھزریان لە دەرەوەی کۆمەڵدایە، بەڵام ئەو ھەر کەلەڕەقە و پرسیاری ئەوە دەکات، کە چۆن چوونە ناو قاوغێکەوە ڕێگەی ئەوەت لێناگرێت، بە ئارەزووی خۆت بژیت؟


لە ڕاستیدا وەڵامی ئەو پرسیارە لای ئەو کەسەیە کە بە باشی لە تاکایەتیی خۆی گەیشتووە. تاک دەتوانێت پەیوەندی دروست بکات لەگەڵ ئەو کەسە نزیکانەی کە لە ‌خۆی دەچن و دەتوانێت لەگەڵیاندا یەک بگرێت. کەسێک کاتێک کتێبێک دەنووسێت بە پێویست، پێویستی بە خوێنەرە، ئەو تاکە بەوانی ترەوە نەبێت بەھێز نابێت، ھەنووکە کۆی ھێزی تاکەکان بەھێزترە. کاتێک تاکێک خۆی لەگەڵ چەند ملیۆنێکی تردا دەبینێتەوە، ئەو کاتە بە باشی تێدەگات کە دەتوانن داھێنان و دروستکردنکاری بکەنە پیشەی خۆیان. لەو پەیوەندی و یەکگرتنەدا، بە پێویست بەخشین و وەرگرتنەوە، لەسەر سەکۆی ھاوبەشی سەقامگیر دەبن. بێگومان لەو حاڵەتەدا کە دەبێت ئەو ھاوبەشییە ئازاد و ئارەزومەندانە بێت، -شتێنەر- ئەو کۆمەکگەرییە بە پەیمانێکی ئازاد دەزانێت و سەبارەت بەوە وتویەتی: ''ئەو ھاوبەشییە تۆ بە کار دەھێنێت، داوای کەمێکیش خۆبەخشینت لێدەکات، بە ھەمان شێوە تۆش ئەو ھاوبەشییە بە کار دەھێنیت بۆ بەرژەوەندیی خۆت و داوای خۆبەخشینیشی لێدەکەیت. ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە ئەو خۆبەخشینە ناڕژێتە گۆزەی دەوڵەت و ئامێرەکانیەوە، من تەنھا بەرژەوەندییەکانی خۆم ھاندەرمن بۆ ئەو خۆبەخشینە.''.


نووسەری کتێبی (الواحدی و ملکیتە ‌unique et sa propriété)**** کاتێک مەسەلەی حزب دەھورووژێنێت و بابەتە سەردەمییەکانی دەخاتە ڕوو، نواندن و ھزری نوێنەرایەتیی حزبی دەداتە بەر نەشتەری ڕەخنە و دەربارەی ئەو مەسەلەیە وتوویەتی: ''حزب لە کوێ بوو، پێویستە شوێنی بکەویت، بە چاری ناچاری و بەبێ پێچوپەنا و بە شێوەیەکی ڕەھا پشتگیری بیروباوەڕەکانی بکەیت و لەگەڵی یەکانگیر بیت، دەبێت ئەندامەکان کڕنووش بەرن بۆ ویست و ئارەزووەکانی حزب، تەنانەت بۆ ئەو ویست و ئارەزووانەش کە ھیچیان تێدا بەستە نییە، ناشبێت بە ھیچ کلۆجێک پرۆگرامی حزب بخەنە خانەی گومانەوە ‌و دەبێت بە دڵ و بە گیان لەگەڵیدا بن(...) ھەر کەسێکیش لەم حزبەوە ھەوار بۆ لای حزبێکی تر بگوێزێتەوە، ئەوە ئیتر ئەو کەسە لە کونی خۆی ھەڵگەڕاوەتەوە و خیانەتکارە، حزب تاشەبەردێکی مۆنۆپۆلکارە.'' ئا بەو مانایە ‌و بەو چەشنە، لە دیدی-شتێنەر-ەوە، حزب ھاوبەشیکار نییە، تەنھا لاشەیەکە و ھیچی تر. ھەر لەبەر ئەوەشە ئەو حزب ڕەفز دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەو ڕەفزکردنەشدا، ئەو ھیوا و خواستی خۆی گرێداوە بە ھاوبەشیکاریی سیاسییەوە. ئەوەتا وتویەتی: ''گومانم لەوە نییە کە کەسانێک ھەن ھاوبەشیم دەکەن. من ئەو کەسانە دەدۆزمەوە ‌و سوێندخواردنیش فەرز ناکەین بەسەر یەکتردا.'' کەواتە بەو لۆجیکە، ئەو ئامادە نییە بچێتە حزبێکەوە، کە چوون و دەستکێشانەوە تێیدا ئازاد و ئارەزومەندانە نەبێت و شتی بەسەردا فەرز بکرێت. ئەو، لە درێژەی باسەکەیدا، دژایەتی یەک ھزری و یەک ڕەفتاریش دەکات.


ئەگەر سۆسیالیستە ئازادیخوازەکان( ئەنارکیستەکان) ڕەخنەیان لە -شتێنەر- گرتبێت لەبەر ئەوە بووە کە ئەو لە کەمزانیاریی خۆیەوە دەربارەی -برۆدۆن-، برۆدۆنی خستۆتە خانەی کۆمونیزمی دەسەڵاتگەراییەوە. ڕەخنەی - برۆدۆن-یش لە -شتێنەر- لەوێوە سەرچاوەی گرتووە. برۆدۆن بڕوای وابووە کە ''تاکڕەوی ڕیالیستییەکی مرۆییە و کۆمەکگەری تەواوکاریەتی.''.

 
کەسانی ڕێبازی ھەڵلووشینی تاک لەلایەن کۆمەڵەوە، ھیچ بەھایەک بۆ مرۆ دانانێن، ئەو جۆرە بیروباوەڕە تەواو بە پێچەوانەی بیروباوەری ھاوبەشکاریەوەیە، چونکە داماڵینی تاک لە کەسایەتییەکەی، ئەگەر مانایەک ببەخشێت، ئەوە دەبەخشێت کە ڕێبازێک ھەیە کۆمەڵە لە زیندوویی و جمووجۆڵە سەرەکییەکانی دادەماڵێت.


-برۆدۆن- ڕیزکردنی تاکەکان بە تەنیشیت یەکەوە، بەبێ بوونی پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوانیاندای ڕەت کردۆتەوە و بە یۆتۆبیای تاکڕەوخوازانی زانیوە، چونکە ئەو بڕوای وا بووە کە ‌''بەرژەوەندیی ھاوبەشمان زۆرە'' و دەبێت وەک ھێزێکی مەزنی کۆمەکگەرایی لەبەر چاو بگیرێن.


-باکۆنین-، لە ھەمان کاتدا، تاکڕەوخواز و ھاوبەشیخوازیش بووە. ھەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە ''تاکی ئازاد، کۆڵەکەی کۆمەڵی ئازادە''‌. ئەو ھەر لەو لۆجیکەشەوە ڕوانیویەتە مافەکان، کە دەبێت مافەکانی کۆڕ و کۆمەڵەکان دابین بکرێن. بۆ نموونە مافی چارەنووس، بە جیابوونەوەشەوە بەو مەرجە، کە تاک سوودمەند بێت دەبێت تاک لەوەدا ئازاد بێت و بتوانێت بڕیاری ئەوە بدات، کە ئایا لای پەسەندە سەر بە کۆمەڵ بێت، یا نەبێت؟ ئەو کاتە بەپێی بڕیاری خۆی، چەندە سەر بە کۆمەڵە، ھێندەی ئەوە ئەرک بکەوێتە سەر شانی، واتە دەبێت تاک بە بڕیاری خۆی ببێتە ھاوبەشیکار، یا نەبێتە ھاوبەشیکار. ھەروەھا دەبێت ئازاد بێت لە کوێ دەیەوێت بژی بتوانێت بژی، لە بیابان، لە شاخ، لە جەنگەڵ و...تاد. ھەر تاکێکیش ئازادە لە خۆسزاداندا، واتە مافی پەیڕەوکردنی خۆسزایی دەربارەی کردارەکانی خۆی، ھیچ لایەن و کەسێکی تر بۆی نییە سزای ھیچ لایەن و کەسێکی تر بدات. مرۆ چەندە ھۆشمەندە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا، ھێندەش ھۆشمەندە بە کردارەکانی خۆی و سزادانیش. کۆمەڵ دەرھەق بە تاک ئەرکەکانی زۆرترن لە مافەکانی، کۆمەڵ ناتوانێت ھیچ جۆرە چاودێری و دەسەڵاتێک بسەپێنێت بەسەر تاکدا، سەبارەت بەو تاکانەش کە ھێشتا باڵق و ڕەشید نین، ھەموو ئەرکەکانیان لەسەر شانی کۆمەڵە.


-باکۆنین- کاتێک دێتە سەر باسی ئازادیی ڕەھا و کامڵ، دەست دەکات بە زیادەڕۆیی و دەکەوێتە سەر کەڵکەڵەی سنووربەزاندن و قەبەکردنی بابەتەکان و وتویەتی: ''خۆم چۆنم دەوێت، دەتوانم ئاوەھا ھەڵسوکەوت بە کەسایەتیی خۆمەوە بکەم، تەمەڵ بم، یا بزێو و گورجوگۆڵ، بە کەرامەتەوە بە ڕەنجی شانی خۆم بژیم، یا نێتخراپ و چڵیتانە، متمانە ‌و سۆز و بەزەیی کەسانی تر بە کار بھێنم بۆ خۆم و سوودی لێوەربگرم، بەڵام بەو مەرجە، کە ئەو متمانە و سۆز و بەزەییە ئارەزومەندانە پێم بەخشرابێت، ھەروەھا بۆشم ھەیە، بەدڕەوشتانە بچمە ناو ھاوبەشییەکانەوە ‌و خراپیان بکەم، ئازادیی تاک و گشتیش بشێوێنم، ئەوەی بۆ خۆمی بە ڕەوا دەزانم، بە ڕەوای نەزانم بۆ کەسانی تر'' ''ئەگەر بە ئازادی بەرگری نەکرا لە ئازادی، ئەوا نە بەرگری لێدەکرێت، نە پێویستیشە لێی بکرێت'' لەوە تۆقێنەرتر نییە کە بە ناوی ئازادیپاراستنەوە لە ئازادی بدرێت.


-باکۆنین- دەربارەی بێڕەوشتی، بڕوای وا بووە، کە بێڕەوشتی لە بۆگەنی و خراپی کۆمەڵەوە سەرچاوەی گرتووە. ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە، ڕووخاندنی کۆمەڵی بە ئەرک و پێویستییەکی مێژوویی زانیوە. ئەو بڕوای وا بووە کە ڕەوشتبەرزی پابەندی ئازادییە ‌و تەسکردنەوەی بواری ئازادی و سەپاندنکاری لە ژێر پەردەی پارێزگاریی ڕەوشتدا، خۆی لە خۆیدا، نەک ھەر لێدانە لە ڕەوشت، بەڵکوو داپڵۆسینییشە. ھەنووکە ھەوڵی نەھێشتنی بێڕەوشتی مایەپووچ بووە، بۆتە ھۆی بەرفراوانکردنی بێڕەوشتی، سەپاندنی یاسای توندوتیژ بێسوود بووە و ھەر بێسوودیش دەبێت، چونکە تێسرەواندنە لە ئازادیی تاک.‌


دەربارەی ئەو کەسانە کە گیروگرفتی دەماغیان ھەیە، یا تەمەڵن، یا خراپەکارن، -باکۆنین- لەوە زیاتر کە لەگەڵ ئەوەدا بووە کە مافە سیاسییەکان دەبێت لەو کەسانە وەربگیرێتەوە، لەگەڵ ‌ھیچ جۆرە سزایەکی تردا نەبووە. تاک مافی ڕەوای خۆیەتی دەسبەرداری ھەموو مافەکانی خۆی ببێت. سەبارەت بە تاوانەکانیش، دەبێت وەک نەخۆشییەک ھەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت و دەبێت سزاکان چاکسازی بن، نەک ھەر سزای ڕەقوتەق بن، دەبێت تاکەکان ئەو مافەشیان ھەبێت، بڕیارە یاساییەکان ڕەت بکەنەوە ‌و ملکەچیان نەبن، دەبێت تاک بتوانێت خۆی دەر‌بڕێت و بڕیاری ئەوە بدات، کە بێبەرییە لە کۆمەڵ ‌و لە کۆمەڵ بچێتە دەرەوە ‌و ئەرکی پاراستنی کۆمەڵ لە کۆڵی خۆی بکاتەوە.‌


-باکۆنین- لەگەڵ بڕوای تەواوی بە ئازادی ڕەھای تاکدا، گرنگییەکی مەزن و تایبەتی داوە بە مەسەلە کۆمەڵگەری ''من ئازاد نیم، ئەگەر ئازادییەکەم لە ئازادیی ئەوانی ترەوە سەرچاوەی نەگرتبێت.'' ئازادیی تاکڕەوی مرۆ ناگاتە مەنزڵ، ئەگەر ئازادیی ھەموو تاکەکانی تر نەبێتە تەواوکاری، ئەوەش خۆی لە خۆیدا بریتییە لە ھاوبەشیی ئارەزوومەندانە. ‌-باکۆنین- بڕوای وا بووە کە ھاوبەشییەکان خەڵکی زۆر ڕادەکێشێت، ئەو بڕوایەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە ھاوبەشییە ئارەزوومەندەکان زۆر لایەنی ھەمەجۆری باشیان ھەیە، ئا لەو حاڵەتەشدایە، کە بە باشی دەردەکەوێت، کە تاکڕەو زیاتر کۆمەڵخوازە. سەبارەت بەو مەسەلەیە ‌-باکۆنین- ھیچ نەرمونیانییەکی نەنواندووە، بەرامبەر بە ‌-خۆپەرستی- بە مانا وشک و توندوتیژەکەی. بە واتایەکی تر، نەرمونیانی لەگەڵ تاکخوازیی بۆرژوازی، کە ھانی تاک دەدات ببێتە دڕندەیەکی لرفلێدەر. بە بیروبۆچوونی ئەو، ئەو جۆرە تاکە گۆشەگر و نامۆیە، مردووییەکی ھزری و ورەیی و مادیشە لە ھەمان کاتدا.


ئەقڵییەتی -باکۆنین- ئەقڵییەتێکی تەباییکردن و پێکەوەگرێدانی فراوانە، واتە بانگەواز و ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی پردێک لەنێوان تاک و بزووتنەوەی جەماوەردا، ھەموو ژیانی کۆمەڵایەتی بریتییە لە پەیوەستبوون و شوێنکەوتنی -بەخشین- و -وەرگرتنەوە-، واتە ئاڵوگۆڕکاری نێوان تاک و بزووتنەوەی جەماوەر. زیرەکترەکانتان، بەھێزترەکانتان، لە دەرەوەی ئەو بازنەیەدا نین، واتە ئەوانەش پێویستییان بەو پەیوەندییە ھەیە ‌و بەرھەمی ئیرادەی جموجۆڵی جەماوەرین و لە دەرەوەی ئەو بازنەیە ھەڵناکەن و ناژین.


میراتگرە ڕۆحانییەکانی***** -باکۆنین-، واتە ئازادیخوازە ‌-ئەنارکییە- ئیسپانییەکان، لەگەڵ بڕوای تەواویاندا بە ھاوبەشیخوازی، لە ‌گەرمەی شۆڕشی١٩٣٦دا تاک لە ‌یاد ناکەن، بە ئاشکرا، دەستی ڕێز دەخەنە ‌سەر سەربەخۆیی تاک و بەرز دەینرخێنن -دییغو ڕباد دو سانتیان- وتویەتی: حەز و ویستی تاکخوازی لە بن نایەت و لە داھاتووشدا بە ھەزاران شێوە خۆی دەردەبڕێت و ھیچ ھێزێکیش ناتوانێت خۆی بدات لە ‌قەرەی و بیگەوزێنێت، تاکڕەوخوازی گوێ ناداتە کۆسپەکان و بەردەوام گوژمی خۆی بەتینتر دەکات، تا زەمینەی خۆی دەخوڵقێنێت و خۆی دەسەلمێنێت.
_____________________________________________________
سەرچاوە: التحرریە من العقیدە الی الممارسە - دانییل غریین.
* بڕوانە کۆتایی کتێبەکە،‌ بابەتی -تەواوکارییەکان دەربارەی شتێنەر. و -ع-.
** نامۆبوون، aliénation لای مارکس بە مانا ئاسایی و یاساییەکەی بە مانای پرۆسیسی فرۆشتن vente دێت. لە مارکسیزمدا کەسی نامۆ ئەو کەسەیە کە ئەقڵ و جەستەی خۆی دەفرۆشێت بە ھزری بۆرژوازی و لە ڕووی ئایینی، ئابووری و سیاسییەوە نامۆ دەبێت و ملکەچەکپێکردن و داپڵۆسینی کارێکی ئاسان دەبێت. و -ع-.
*** ما التحت الشعوری-م بۆ وشەی subconscien بەکارھێناوە، بۆ کەمھۆشمەندی، یا بۆ ئەو ئاستە کە نزیک دەبێتەوە لە ھۆشمەندی، واتە ھۆشمەند نییە، بەڵام دەتوانێت بگاتە ھۆشمەندی. و -ع-.
**** لەوێدا لەبریی ڕۆحانییەکان، دەتوانین دەروێش، مورید، زاھد و پیری تەریقەت بە کار بھێنین، ئەوە زیاتر لای سۆسیالیستە دەسەڵاتگەراییەکان باوە، چونکە ئەوان فەلسەفە ‌و ڕێبازەکەی خۆیان بە ئایین و ڕاستیی ڕەھا دەزانن و مامۆستاکانی ئەو ڕێبازەش، بە دوایین پێغەمبەری ڕێبازەکە دەزانن. بەداخەوە ناو بەناو لای ئەم یا ئەو سۆسیالیستی ئازادیخوازیش ئەوە بەدی دەکەین، جا بۆ ئەوانە، ھەر ئەوەم لە دەست دێت، بڵێم، جارێک -برۆدۆن- لە نامەیەکیدا بۆ - کارل مارکس - نووسیویەتی: تکایە با تۆ و من ھەوڵی ئەوە نەدەین ئایینێکی نوێ دروست بکەین، با ئەو ئایینە زانست و لۆجیکیش بێت. و -ک-.
***** الواحدی و ملکیتە، کتێبی ئەو فەیلەسوفە ‌١٨٠٦-١٨٥٦ لای ھەندێک ڕەخنەیە لە لیبریالیزمی سیاسی، بەڵام دانییل غریین بە تەباییکردنی کۆمونیزم و ئازادیی تاکی دەزانێت. و -ع-.
 

ماڵپه‌ڕی سه‌لام عارف

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک