په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٢\٢٠١١

 سەرچاوەی گرفتی کارەبا: بێدەربەستی خەڵکە یان دەسەڵاتدارانە؟!
- وەڵامێک بە بەھانەکانی دەسەڵاتداران لە بارەی سەرچاوەی کێشەی کارەباوە -


موزەفەر عەبدوڵا 


کێشەو گرفتی نەبوونی کارەبای بەردەوام و دابین نەکردنی لە لایەن دەسەڵاتدارانی بۆرژوای دزو گەندەڵی کوردستانەوە نزیک بە بیست ساڵە، لە پاڵ دەیان کیشەو گرفتی تردا، بووە بە یەکێک لە کێشە موزمنەکانی کۆمەڵگای کوردستان . دیارە ئەم کێشەیە وەک ھەمو کێشەکانی تر بە پلەی یەکەم یەخەی خەڵکانی کریکارو زەحمەتکێش و تویژە کەمدەرامەدەکانی کومەڵگا دەگرێتەوە نەک دەوڵەمەندەکان و خاوەن سەرمایەو بەرپرسە گەورەکانی دەسەڵات.


لەم بارەیەوە ڕۆژانە ھەواڵەکان ئەم ڕاستی یە دەسەلمێنن کە چۆن دانیشتوانی گەرەکە زەحمەتکێش و کرێکارنشین و ئاوارەنشین و تویژە کەمدەرامەتەکان لێرەو لەوێ ،و لە قەراغی شارەکان ڕووبەڕووی ئەم کیشەیە دەبنەوە،و بەرامبەر بەمەش نارەزایەتی دەردەبڕن .وە ئەو خەڵکانە لە کاتی نارەزایەتی یەکانیان و لە پاڵ راگەیاندنی خواست و دروشمەکانیان توانجی سیاسی وا بەھێز لە بەرامبەر دەسەڵاتداراندا دەڵێن، کە وەک دەڵێن، پر بە پێستی دەسەڵاتدارانە ،ھەروەک زۆرێک لە رۆژنامە نوس و راپۆرتنوس و ھەواڵنێرەکان بڵاوی دەکەنەوە.


ھەر وەک نمونەیەک لەو توانجە سیاسیانەی خەڵکی ئەوەیە کە دەڵێن: سەرانی دەسەڵات نەک بۆ زیندوەکانیان بەڵکو بۆ گۆڕی مردوەکانیشیان کارەبایان لێ نابرێ ،و گۆڕەکەی برایم ئەحمەد وبارزانی و بەرپرسەکانی تر ھەمیشە وەک چراخان وان، بەڵام کارەبای ماڵە ھەژارەکان دەڵێی ترافیک لایتە و ھەر ماوە ماوە دەکوژێتەوەو ھەڵدەبێتەوە.


ھەروەھا خەڵکی لە ناڕەزایەتی یەکانیان و لە رێگای راگەیاندنەکانەوە بە شێوەی جۆراوجۆر، بە تایبەتی ئەوانەی سەربەدەسەڵات نین، چەندین جار کاربەدەستانیان لە وەعدەو وەعیدەکانیان بە درۆ خستۆتەوە. ئیتر ھەر لە سەرۆک وەزیرانەوە تا وەزیری کارەباو بەریوەبەرەکان..ھتد.ھەر بۆ نمونە تا ئێستا چەندین جار سەرۆک وەزیرانی ئێستاو، پێشو تریش لە دەورانی نێچیروان بارزانی، پەیمان و بەڵێنیان دەدا کە تا ئەوەندە رۆژو مانگی تر کێشەو گرفتی کارەبا بە یەکجاری چارەسەر دەکەن . وە ئەوە چەندین ساڵە ئەم بەڵینە درۆیانە بە خەڵکی دەدەن ئەمەش تەنھا بو ڕاگرتنی نارەزایەتی خەڵکی بە ڕوویاندا.


دیارە ئەم کیشەو گرفتە زیاتریش لە گەرمای ھاوین و سەرماو سوڵەی زستاندا زیاتر قوڵ دەبیتەوە بەھۆی ئەوەی لەو کاتانەدا خەڵکی بو گەرم کردنەوەو ساردکرنەوەی ماڵەکانیان و پێویستی یەکانیان زیاتر پەنا دەبەنە بەر بەکارھێنانی کارەبا .وە ئەمەش تەنھا تایبەتمەندی دانیشتوانی کوردستان نی یە بە تەنھا، بەڵکو ھی ھەمو دانیشتوانی جھانەو خەڵکیش مافی خۆیانە کە بەھرەمەند بن لە ھەمو پێویستیەکان.


ئەم ماوەیەش بەھوی سەرماو سوڵەو سەختی زستانەوەو لە نەبوون وفەراھەم نەبوونی بەردەوامی پێویستیە سوتەمەنی یەکانی تردا خەڵکی ناچارن زیاتر کارەبا بەکار بێنن.لە کاتێکدا ئەم قەیرانی نەوت و گازەش ھەیە کوردستان نقومی نەوتو گازی سروشتی بوو و ھەمیشە دەسەڵاتداران شانازی پێوە دەکەن.ھەروەک بارزانی لە قسەکاندا بۆ ساداتی پیرخدری و زۆرێک لە کۆبونەوەکانی تردا شانازی پێوە دەکات.


جا دەسەڵاتداران لە جیاتی خەمخۆری جدیان بۆ خەڵکی و زیاتر پێدانی کارەبا لەو ساتە سەختانەدا ڕێک بە پێچەوانەوە کارەبا لە دانیشتوان کەم دەکەنەوە.بۆیە خەڵکیش ناچارن نارەزایەتی دەرببرن بەرامبەر دەسەڵاتداران. ھەروەک لە چەندین گەرەک لە شارو شاروچکەکانی کوردستان نارەزایەتی پەرش و بڵاو ساز دراوە،و وا ئیستا وردە وردە خەریکە ئەم نارەزایەتیانە سەراسەری و ڕێکخراو تر دەبیتەوە .ھەر بۆیەش بۆ پێش گرتن بەو نارەزایەتیانەو ڕێگرتن لە خەڵکی وەک سیاسەتیکی چەواشەکارانەو لە ژێر فشاری خەڵکدا، سەرانی دەسەڵات ھەر لە سەرۆک وەزیرانەوە تا کاربەدەستانی خوارەوە، کەوتونەتە مقو مقوو فشە فشو سەردان ، گوایە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی بەشی کارەبا دەکەن.وە لە ھەمان کاتدا سەرانی یەکێتی کەوتونەتە گلەیی و گازاندە لە پارتی و گوایە خەتای پارتی و وەزیری سامانە سروشتی یەکانەو سوتەمەنی پێویست نادات بە وێستگەکانی کارەبا تا تەنگو چەڵەمە بۆ حکومەتەکەی بەرھەم ساڵح دروست کات و بکەوێتە بەر نارەزایەتی خەڵکەوە.


بەڵام لە پاڵ ئەو ھەمو پروپەگەندەو خۆ فشکردنەوی دەسەڵاتداراندا دەبیین ناوەرۆکی قسەکانیان و بەھانەو بەڵگە ھینانەوەکانیان بۆ نەبوونی کارەباو سەرھەڵدانی ئەم کێشەو گرفتە ئەوەیە کە خەڵکی تاوانبار دەکەن بەوەی گوایە خەڵک نامەسئولانەو بێ دەربەستانە کارەبا زور بەکار دینی بۆیە کارەبا بەش ناکات و دەبریت .


ئەگەر ھەر چاودێرێک بە ووردی سەرنج بدات دەبینێ کە ئەم بەھانە پوچە لە پاڵ بەھانەکانی تریان و تاوانبار کردنی ھاووڵاتیان زیاتر لە ھەر بەھانەیەکی تر زەق ترە.


ڕاستی یەکەی ھەمو ئەم ھۆکارو بەھانانەی دەسەڵاتداران ،چ پارتی چ یەکێتی دەیلێێن، قسەی بێ ناوەرۆک پوچن بە نیسبەت خەڵکی یەوە. وە خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی ھۆکاری سەرەکی لەم کێشەیە ھەر لە خودی دەسەڵاتداراندا دەبینێتەوە.


بۆیە خەڵکی مافی خۆیانە بەھەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت ناڕەزایەتی دەرببرن و فشار بێنن بۆ دەسەڵاتداران تا کۆتایی بەم کێشەیەیان بێت و کارەبای بەردەوامیان بۆ فەرامەم بکرێت.


نەبوونی کارەبای بەردەوام لەمڕودا کە ئێمە تیا دەژین و لەم سەدەی بیستو یەکەی، کە زانست و تەکنەلوژیا زۆر زۆر لە پێشە، بە ڕاستی شەرمە بۆ دەسەڵاتێک کە بیست ساڵە دەسەڵاتدارە، کارەبای بەرەدەوام دابین نەکات بو ھاووڵاتیانی.ئاخر نزیک بە سەد ساڵ بەر لە ئێستا لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپاو تەنانەت ڕووسیای سەردەمی لینین، بەو ھەمو شەڕو شۆڕو دواکەوتویی یەو لادێ نشینی یەوە توانیان کارەبای بەرەوام دابین بکەن بۆ دانیشتوانەکەیان و ھیچ کێشەیەکیان نەبێت بە ناوی کارەباوە.بۆیە لینین ھەر لەو دەورانەداو لەبەر گرینگی کارەبا لە بەرەوپێش بردنی ژیانی ھاوچەرخانەی دانیشتوانەوە دەیوت سۆسیالیزم ئەمڕۆ یانی بە کارەبا کردنی ووڵات.


جا ئەگەر دەسەڵاتێک دوای نزیک بە سەدەیەک نەتوانێت ئەم پێداویستی یە سەرەتایی یە لەمڕۆدا بۆ خەڵکی دابین بکات نەک ھەر لادانی فڵان و فیسار وەزیری پەیوەندیدار بە کارەباوە بەس نیە بەڵکو ئەو دەسەڵاتە بە شێوەیەکی گشتی شاییستەی ئەوەیە کە جەماوەر بیکێشێتە خوارەوەو کۆتایی پێ بێنێ کە تا بینەقاقای نوقوم بووە لە سەرکوتی خەڵکی و دزی و گەندەڵی .


بۆیە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئەو لایەنە سیاسی و کۆڕو کومەڵ و ھەڵسوڕاوانەی کە بەرگری لەم خواستەو تەواوی خواستە بەرھەقەکانی خەڵکی دەکەن پێویستە قەبوڵی ھیچ بڕو بیانویەکی دەسەڵاتداران نەکەن لە نەبونی کارەبای بەردەوام. بە تایبەتی ئەو پڕوپاگەندە پوچەی کە خەڵکی خەتابار دەکەن لە نەبوونی کارەبا کە دەڵێن خەڵکی کارەبا زور بەکار دێنن و بێدەربەستن لە سەرف کردنی کارەبادا.


ڕاستییەکەی ئەمڕو دوای بیست ساڵ لە دەسەڵاتی ئەم حزبە دواکەوتووە میلیشایی و خێڵەکیانە بۆ ھەمو لایەک ئیتر ڕۆشن بۆتەوە کە ھیچ پێویستی یەکیان مەیسەر نابێت ئەگەر خۆیان ناڕەزایەتی دەرنەبرن و نەیسەپێنن بەسەر دەسەڵاتداراندا. نابێت چاوەڕێ بن کە ئەم دەسەڵاتە ھەر خۆی لە ڕوانگەی ھەست کردن بە بەرپرسییارییەوە پێویستییەکانی دانیشتوان جێ بەجێ بکا.


بۆیە تاکە ڕێگا بۆ سەپاندنی خواستی کارەبایی بەردەوام و بەنرخی ھەرزان ھەر ناڕەزایەتی دەربڕینە بە شێوەیەکی ڕێکخراوو سەراسەری.


کۆتایی کانوونی دووه‌می ٢٠١١
ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا