په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سه‌ردانی چه‌ند ماڵه‌ هه‌ژارێک

که‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ناو به‌رهه‌ڵستکاران هه‌رگیز ئاوڕیان لێ ناده‌نه‌وه‌.

سه‌لام عه‌بدوڵا  

١-...کورد زیندووە!

 

 

بۆ رای گشتی و جەماوەری گەلە قارەمان و نەبەردەکەمان
گەلی تێکۆشەر
پاش چاوەڕوانییەکی زۆر، هیچ یەک لەم هەنگاوانە نەنراوە:
کۆنفرانسی نەتەوەیی لەبارەی زیکرا لە هەولێر،
کۆنفرانسی نیشتمانی لەبارەی خاڵۆ رەشید لە سلیمانی،
کۆنفرانسی مافی مرۆڤ لەبارەی زەکیە و جانی لە بەرلین، پاریس، ستۆکهۆڵم، لەندەن و ئەمستردام
کۆنفرانسی رۆشنبیری لەبارەی بوشرای فافۆنفرۆش و منداڵەکانی
کۆنفرانسی هونەری لەبارەی فاتمە و دوو منداڵەکەی
کۆنفرانسی پەرلەمان بۆ فریاکەوتنی خێزانەکەی نەجات یوسف و پێنج منداڵەکەی
کۆنفرانسی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بۆ گوێچکەو چاوی ژنەکەی حەزرەتی یوسف،
کۆنفرانسی کەمئەندامان لەبارەی موساو خێزانەکەی.
لەلایەکی ترەوە، بەرپرسە حک-ومی و پەڕ- لەمانی و چز-بی و وی-زاری-یەکان بەم شێوانەی خوارەوە، وەڵامیان دایەوە:
وەزیری تیتراسایکلینی کوردستان، وتی: ئەوانە هەڵەی سروشتین و بە ئێمە چارەسەر ناکرێن!
سەرۆکی دیوانی چایخانەکانی کوردستان، وتی: یەمعەوەد، سەڵەوات بیە!
قسەکەری فەرەبێژەکانی کوردستان، وتی: مینەی نان بکە، خەربزە ئاوە!
وتەبێژی وەزارەتی پشکنینی سامانە سرووشتییەکان: ئێمە خەریکی کاروبارەکانی کیۆودین(دراوسێی ماڵی زیکراین)
وەزیری مافدارانی کوردستان: ئەو حاڵەتانە پەیوەندیان بە وەزارەتەکەمانەوە نییە، سەردانی وەزارەتی نەخۆشە دەروونییەکانی کوردستان، بکەن!
وەزارەتی ئەقڵ و تەنویرو دەگ و رقس: چی بکەین؟! بۆ نموونە بەڵێنتان پێدەدەین، ئەوی شعر بۆ زیکرا بنووسێ موکافئەی پێدەدەین!..ئەیەبا، بەڕاستی تراژیدیایە..."خوا شفای بدا، لەگەل مردووی هەمووان"!
وەزیری ئەو-قاف و ئەم-قاف و بان-قاف و خوار- قاف، وتی: ئینا للە و ئینا ئیلەیهی عائیدون...
وەزارەتی کاروباری ڤیاگرای هەرێم: لە دیمەنەکانی ئەو حاڵەتانە رۆمانسییەت بەدی ناکرێ، کۆمپانییەکانی ڤیاگرا وەک ئێوە کەر نین بەدوای ئەو جۆرە وێنانە بگەڕێن!
ئەحزابی دێوەخان و شێخ و جاش و موستەشارەکان:ئاو لە کوێ رژاوە، کونە لە کوێ دڕاوە. تۆ بەبێ مانا سەرئێشەت بۆ خۆت هێناوە
ئەحزابی ماستاوچی و "قۆناغی مەترسیدار"و پۆلیس دامەزراندن و چاخوارن: ئەوە لەدەرەوەی"عادەی سری و عەلەنی" ئێمەوەیە!
ئاخر ئەزانن چی، مەسەلەکە هەر ئەوە نییە، بۆ نەگەبەتی ئیمشەو چەند کەسێک بە بارێ بەڵگەنامەوە بۆ لای من هاتن و دەیانەوێ"حەق بۆ حەقدار"بگەڕێتەوە و دەستی گەندەڵی کۆتا بکرێ. پاش ماڵئاوایی لەم برادەرانە، قوڕبەسەرێک لەم کاتە درەنگە لەبەردەم ماڵەوە تێدەپەڕێ، ئیدی دیارە"خدری زیندە"پێیوتووە لەوێڕا بگەڕێوە!
کاکە هەمووتان لە ماڵەوەن؟
بەڵێ.
کەواتە با بۆ ماڵتان بڕۆین:
کاک خەلیل ئەحمەد نەزەر(لەدایکبووی1970)و ئەخڵاێ حەمید نامدار گیرۆدەی بەخێوکردنی(نەدا، فاتمە، موستەفا، ئەحمەد)ن. خەلیل وتی: زۆر بۆ لای بارەگای حزبە کوردییەکان رۆیشتم تا کارێکم پێبدرێ، بەڵام هەمووی بێسوود بوو. ئێستا باشە وەک پاسەوانیک لە بارەگای(ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی) کارم دەستکەوتووەو مانگانە160هەزار دینار وەردەگرمو لەولاوەوە مانگی 120هەزار دینار لە ریعایەی کۆمەڵایەتی وەردەگرم، واتە بۆ بژێوی خێزانەکەم(280هەزار دینار)م دەستدەکەوێت و لەم بڕە پارەیە 60هەزار دینار بۆ کرێی هاتوچووی کچەکانم بۆ قوتابخانە خەرج دەکەم، واتە 220هەزار دینار سافی دەمینێتەوە. ئایا خێزانێکی6کەسی لەم بازار گرانییە دەتوانێ بەم بڕە پارەیە بە روو سووری بژێ؟!
- بۆچی کارێکی تریش ناکەی؟
خەلیل و ئەخڵاێ: ئێمە ئامادەین بۆ هەموو کارێکی شەرەفمەندانە.
وەزیرو هەموو وەزارەتی فریاکەوتنی هاوڵاتیان لەسەر خەتن و بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ژمارەی تەلەفۆنەکەتانن، تەلەفۆنت هەیە؟
بەڵێ: 07703656625
کاتێ ویستم ئەم زانیارییانە بنووسمەوە، برادەرێکی تر لە کاتێکی زۆر درەنگتر سەردانی کردم و ئەدرەس و ژمارەی تەلەفۆنی نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان(یونامی)بۆ خانەقین، پێدام، وەک(خوان سانتاندر، ئەفسەری کاروباری مرۆیی07901113582، ستیوت شیفەرد، ئەفسەری کاروباری مرۆیی07901929407).
هەندێ لەبرادەرانی ئەنجومەنی حوکم لەخانەقین نیگەرانن لە رەخنەیەکم و دەڵێن(ئێمە بێکەڵک و هیچ لەبار نین وەک لە یەکێک لە نووسینەکانم هاتووەو دەستی یارمەتیان بۆ هەژاران درێژکردووەو من ئاگام لێیان نییە و دەبوو پێشتر گفتوگۆیەکم لەگەل بەڕێزیان بکردابا). ئەگەر ئێمە بەخۆمان کارێک بۆ خۆمان نەکەین، چی بەم ژمارانە بکەین؟
من دەستبەجێ رەخنە لە خۆم دەگرم و داوای لێبووردنیشیان لێ دەکەم، بەڵام هێشتا هەر سوورم لەسەر ئەوەی کە ئەنجومەنی حوکم وەک خاوەن دەسەڵاتی یەکەم لە شارەکە، بەرپرسیارن لە زانینی ئاستی بژێوی دانیشتوانی شارەکەو دامەزراندنی بنکەی خزمەتگوزاری بۆ لانەواز و پەککەوتووان و بنکەی چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان ودابینکردنی خانوو بۆ خێزانە هەژارەکان و بەگژداچوونی گرانی و گەندەڵی زۆر ئەرکی تر بۆ ئەوەی ژیانی و گوزەرانی دانیشتوانی شارەکە خۆش ببێت و ئینتما و هەوڵی خەڵک بۆ سەرخستنی ئەزموونەکەمان بەرەو دنیای عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەهێز ببێ.
تا سبەی و بەهیوای رۆژێکی ئاشتی و شادی و پێکەنین بۆ ماڵ و منداڵە هەژارەکان...
-تۆ هەموو رۆژێک باسی کەس و خێزانێکی هەژار و چەوساوە دەکەی، ئێمەش دەزانین هەژاری هەیە، بەڵام چارەسەرەکە چییە؟!
منیش دەتوانم تەنها وەڵامەکەی رۆژ لۆکسمبۆرک دووبارە بکەمەوە: سۆسیالیزم یان بەربەرییەت، واتە ئەگەر بمانەوێ گاڵتە بە ئەقڵی خۆمان نەکەین: پەیرەوکۆدن و بەهێزکردنی سیاسەت و فکرو خەبات و ئەدەب و ئەقڵ و کردەوەی شیوعییانە.
 

 

--------------------------------------------------------------------------------------------------------
 

 

٢- وەک گه‌ڵاپایزی سەر شەقامەکان...!



ئاسمان کراسە شینەکەی لەبەرکردووەو بە پەڵە هەوری سپی خۆی رازاندۆتەوەو گه‌ڵا سەوزەکانی دارە نارنجەکەو رەنگی خاکی ماڵە قوڕەکانی کۆڵانەکە و(محەمەد ئەکبەرو هاوسەرەکەی لەیلا)و سێبەرەکەیان، وێنەی بچوککراوی دیرۆکی مرۆڤ و زەمین و ژیانی زۆربەی ژێردەست و ماڵوێران و بێ پشتوپەناکان دەگێڕێتەوە.
لەسەر کۆڵانەکەوە چاوم لێ بوو: پیاوێکی ردێن سپی، باریکەڵە، کڵاوێکی رەشی لەسەرە، چاویلکەیەکی رەشی لەسەر چاوەو چووتە نەعلی رەشی لەپێیەو بە تاقی تەنها دانیشتوەو پێدەچێت ساڵهایە، ئەو شوێنە وەک بڵێی بە"قۆنتەرات" وەگرتبێ و چاوەڕوانی ریتمێکی دیاریکراوە(سەڵاو و دوو قسەی خۆش و ناخۆشی ناسیاو و دراوسییەکانی و ئەوانەی لەوێوە هاتوچوو دەکەن)، بەشێوەیەک لەشێوەکان بووە بە پیشە کۆمەڵایەتییەکەی و بەخۆڕایی ئەنجامی دەدا، بەڵام لەوانەیشە دەیەوێ ناڕاستەوخۆ لە قەراری ئەقڵ و هۆشیەوە بیسەلمێنێ کە هێشتا بوونی هەیە...دەژێ...هەناسەی لەبەر ماوە...بڵێ من هەم و مرۆڤێکە هێشتا کۆمەڵگا دەتوانێ سوودی لێوەربگرێ، بۆ نموونە پرسیار ئاراستەی بکەن: خاڵو ماڵ فڵان هاکو؟ مەمو زەحمەت نەو فڵانە کەس ناسی؟
ئەمیش یارمەتیان بدا، چاکە ئەنجام بدا، بابڵێین هاریکاری و رێنووێنیان بکات! ئەی چی روودەدا ئەگەر لە ماڵەوە، لەسەر جێگا شڕۆڵەکەی کە رووی لە دەرگاکەیە خۆی رابکێشێ؟!(پێدەچێت هەمیشە لە چاوەڕوانیدا بژێ، بەڵام چاوەڕوانی چی و کێ دەکات؟)
نە کەس بۆ لای دێت و نە دەتوانێ بۆ لای کەس بڕوات!
- هیچ! ئەم وشەیە زۆر وەڕسکەرو قیزەوەنە...بەخۆم نامەوێ"بەهیچ"شێوەیەک گوێم لێ ببێت یان بەکاری بهێنم..."هیچ" نەبێت لەبەر ئەوەی وشەی"هیچ"، هیچ و پوچی ژیانی مرۆڤێکی نەگبەت و پەراوێزخراو وەک ئەم پیاوە کە بەبێ"هیچ" ئەرک و ئەدایەکی کۆمەڵایەتی رۆژانە لەسەر ئەم سەرکۆڵانە دادەنشێت: سەرەتا و کۆتایی گەردون لەو شوێنە دەستپێدەکات ولە 6متر تا سەر شوێنەکەی لەناو کەلاوە شڕەکەی سەر سیرکەوانە سەرتاپا پڕ لە زبڵ و خاشاکەکە یان بەپێچەوانە، کۆتایی پێدێت!
لەمەشدا"هیچ" شتێکی تراژیدی بەدی ناکرێت، چونکە وەک دەڵێن"دنیا بووە بە لادێیەکی بچووک...سەردەمی عەولەمەیە"، با پیاوێکی نابیناش لەسەرکۆڵانێکی نەناسراوی ئەم لادێیە بچوکە بۆ خۆی دابنشێت، خۆ زیان بە کەس ناگەیەنێت!
لە میانی قسەکانی، محەمەد ئەکبەر محەمەد، وتی: ئەو کاتە چاوێکم ساغ بوو...لە1975لەلای ئیسماعیل رەشید بەگ، پێشمەرگە بووم.
- ماڵی خۆتانە؟
محەمەد ئەکبەر محەمەد: نا کرێچین، مانگی 75هەزار دینار کرێ دەدەین!
ئەوەتە: بە چاوێکی کزیشەوە دیفاعی لە وەتەنەکەی کردووە، کەچی هێشتا کرێچییە، هەیشە وەتەنفرۆش بووەو کرێچیش نییە!
- ئەی 30هەزار دینار"فەقیرانە"یان"50هەزار دینار"ی کەمئەندامانیش وەرناگری؟
محەمەد ئەکبەر محەمەد: نەخێر، ئێمە لەسەر خێرکردنی خەڵک دەژین!
سەیرە و ئاجبایەتییە(چۆن یەکێک ناوی محەمەد بێت و ناوی باوکی ئەکبەر و باپیرەیشی محەمەدو ئەوەندە بە زەلیلی دەژێ؟)
لەیلا خانم بە پەرۆشییەوە، وتی: نەخۆشی دڵ و سنگیشی هەیە.
محەمەد ئەکبەر محەمەد: من ئێستا حزبایەتی ناکەم، بۆیە هیچ لایەنێک بەهانامانەوە نایەت!
- منداڵتان هەیە؟
- نەخێر
-ژمارەی تەلەفۆنتان هەیە؟
لەیلا: بەڵێ(07708947942)
جوانی شینی ئاسمان و گه‌ڵا سەوزەکانی دارە نارنجەکەی دراوسییەکەیان چ رۆڵێک دەبینی بۆ خۆشگوزەرانیان؟!
"هیچ"...
محەمەد ئەکبەر محەمەد: برا ئەی تۆ دەتوانی چیمان بۆ بکەی؟ دەتوانی پارە بۆ نەشتەرگەری دڵ و سنگم رێکبخەیت؟ خانوویەک تا لە کرێچێتی رزگارمان بێت؟ هەر کارێک یان موچەیەک بۆ خۆم و مەدام لەیلا؟ موچەی پێشمەرگە دێرینەکان؟
- ناتوانم هیچتان بۆ بکەم، مەگەر قوڕی عالییاوە بەسەر خۆم بکەم
لەیلا خانم: ئەی بۆچی هاتی بۆ لامان؟
- لەبەر ئەوەی من وەزیری فەوق ئەلعادەی گەیاندنی دەنگ و رەنگی خەڵکم بۆ بەردەم بەرپرسانی حکومەت و حزب و ئەندام پەرلەمانەکان و مرۆڤدۆستان و دڵنیاتان دەکەم کە پاش بڵاوکردنی حاڵ و ئەحوال و ژمارەی تەلەفۆنەکەتان، پەیوەندیتان پێوە دەکەن، ئەوجا مەحجوبتان دەکەن
لەیلا بۆچی؟
- خوشکم، یەکێک تەکلیفی ناردنی هاوسەرەکەت دەکات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی دڵی لە نەخۆشخانەکانی ئەمریکا، یەکێکی تر تکاتان لێدەکات بۆ نەخۆشی سنگی بۆ چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەکانی پاریس، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی موچەی بێکاری بۆ خۆت و هاوسەرەکەت دەبڕێ و وەزارەتی پێشمەرگەش لە مەراسیمێکی شکۆدار، مەدالیای بەشداریکردنی لەبەرگری نیشتمانی لەسەر سنگی هەڤاڵ محەمەد ئەکبەر محەمەد دەبەستێ و لەوانەیە سەرۆکی هەرێم شخێیا لەم مەراسیمەکە بەشداری بکات و سەرۆککۆماری عیراق هەموو دانیشتن و چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی دوابخات تا فریای ئەم بۆنەیە بکەوێ. بەهەرحاڵ ئەوەندە تەلەفۆنتان بۆ دەکەن و ئەوەندە خەجاڵەتان دەکەن، چیتر داواکاری پێشکەش بە کەس نەکەن، بەراستی وەڕستان دەکەن و خۆزگە دەخوازن کە ژمارەی تەلەفۆنەکەتان بڵاونەکرابا و لەوانەیشە لەداخاندا ژمارەی تەلەفۆنەکەتانیش بگۆڕن...
لەیلا خان، بۆچی سەرتان خوارگرتووە، ئەی خۆ دەست و مێشکتان لە گوڵ پاکتترە، ئێوە زۆر سەربەرزن، سەربەزر: نە زەوی کەستان داگیرکردووە، نە رێککەوتنامەی نایاساییتان مۆرکردووە، نە پارەی رەشتان هەیەو نە ملی کەستان شکاندووە!
 


--------------------------------------------------------------------------------------------------------
 

 

٣- یەکەمجار عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، پاشان پرسەکانیتر!



دەنگێک لەپشت سەماعەی تەلەفۆنەکە، وتی: ئێمەش هەژارو نەدارین و هیچ کارو موچەیەکمان نییە، دەتوانن یارمەتیمان بدەن؟
- من دەتوانم تەنها سەردانتان بکەم و زانیارییەکانتان لێوەربگرم و لەگەل ژمارەی تەلەفۆن و وێنەیەکتان بڵاوبکەمەوەو لەوانەیە رێکخراوێک، کۆمپانیاییەک، کەسێک یان حزبێک تەلەفۆنتان بۆ بکەن و نەختێک لە بارە گرانەکەتان سووک بکەنەوە. لەمە بترازێ(من نێتوانم پای مامریش بکەمەو)!
- تکایە سەردانمان بکە، بەڵکو...!
لەراستیدا خۆم لەناو تاقە ژوورێک بینییەوە کە شوێنی(ژەمەکانی خواردن و خەوتن و مێوان و پشوودان و یاری و پەتووەکان و ...هتد)ە. گەنجێکی کەڵەگەت بەناوی ویسام غوڵام حوسێن(لەدایکبووی1978)ردێنی بەرداوەو ماوەی ساڵێکە لەو ژوورە بە قاچێکی بڕاوو قاچێکی پەککەوتوو، شەووڕۆژکەی بەسەر دەبات. ویسام بە چاوێکی خەمبار، وتی(گرنگ نەبوو کەشوهەوا باران و سارد یان خۆڵبارین و گەرم و رەشەبا بوایە، لەسەر رێگای خانەقین-کەلار رادەوەستاین و چاوەڕوان دەبووین یەکێک سەردانەمان بکات و بۆ کار بمانبات. من شوفێری کرێن بووم لە کەرتێکی تایبەت و بەم شێوەیە بژێوی خێزانەکەم دابیندەکرد. لە26/9/2008لە ئاوایی عالیاوە کارێکمان بۆ پەیدا بوو: دەبوو تانکی ئاوەکە لە شوێنەکەیەوە دابگرین، ئاوەکەی دەربهێنین و بۆ شوێنی چاککردنی تانکی، بیگوێزینەوە. لەسەرە رێگا بۆمبێکی کاتی تەقیەوەو ئەم نەگبەتییە بۆ من لێکەوتەوە.
- سەندیکا، رێکخراو، حزب یان هەر لایەنێک سەردانیان کردووی؟
ویسام: نەخێر. لەو رۆژەوە قاچم بڕاوە تا ئێستا هیچ دەزگایەکی خۆی بە خاوەنی من نەزانیوە. تەنها رێکخراوی کەمئەندامان سەردانیان کردم و عارەبانەیەکی کەمئەندامان، موبەریدەو تانکییەکی ئاویان پێشکەش کردم.
- هیچ موچەیەک وەردەگری؟
ویسام: نەخێر.
- رێکخراوی کەمئەندامان مانگانە50هەزار دینار بۆ کەمئەندامان خەرجدەکەن.
ویسام: نەخێر تا ئێستا وەرم نەگرتووە.
- کرێنشینن؟
ویسام: نەخێر، ئەم خاووە موڵکی باوکمە.
- ئەژین تۆ کار ناکەی؟
ئەژین: لەدەرەوەی ماڵ، نەخێر، بەڵام لەماڵەوە دەبێ هەموو کارێک بکەم و ویسام ناتوانێ بەخۆی بۆ سەر توالێت بڕوات، دەبێ من و دایکم یارمەتی بدەین.
ژمارەی تەلەفۆنتان هەیە؟
ویسام: 07705834082
تاقە کچەکە روح سوکەکەیان(ئیلاف) بەهێمنی و وریاییەوە سەرەنجی مێوانەکان دەداو هیچی نەوت.
-چ ژیان و رۆژگارێک چاوەڕوانی ئیلاف دەکات؟
رۆژ لەدوای رۆژ لەگەل بینینی ئەم روخسارو شێوەی ژیان و چارەنووسانە، زیاتر ئەو راستییە دەردەکەوێت کە حکومەت پشتی لەم جۆرە رەعییەتانە کردووە، بۆیە ژیانیان بەم ئەندازەیە رەشەو چارەنووسێکی رەشتر چاوەڕوانیان دەکات.
یەکەمجار دەبێ داهاتی وەڵات بۆ دابینکردنی بژێوی و نیشتەجێبوون و تەندرووستی و قوتابخانە و بیمە کۆمەڵایەتییەکانی دانیشتوان، خەرج بکرێت. ئاخر بەهای خەرجکردنی ملیونان دۆلار بۆ وەزارەتی ئەوقاف یان سەد هەزار دۆلار بۆ کۆنفرانسی"سوکولاریزم"یان ئەو خەرجە زەبەلاحانە بۆ کۆبوونەوەو هاتووچووەکانتان، چ سوودێک بەم جۆرە خێزانانە دەگەیەنێت؟ چی لە ئەقڵ و تێگەیشتنیان دەگۆڕێ؟!
لە پرس و سیاسەتی کۆمەڵایەتییەوە بۆ پرس و سیاسەتەکانی تر، بۆ نموونە: هەموو هێزو تواناو بەروبوومی سروشتیمان لەپێناو دابینکردنی عەدالەت تەرخان بکرێت. "بەداخەوە"بەرپرسە حکومی و حزبییەکان بەپێچەوانەوە کار دەکەن: لەناو ڤیلاو تەلارەکانیانەوە بۆ ئەم جۆرە خێزانانەو بەگشتی بۆ چینە هەژارو کەمدرامەت و داماوەکان، باسی ئاسایشی نەتەوەیی، نیشتمان، هەڕەشەی دەرەکی، دەکەن و لەگەلیدا باسی عەقلانییەتیش دەکەن!
ئێوە چی لە"تەوەفانەکانی"مێژوو فێربوون؟
وەک دەبینم: فەربێژی بێسەروبەری ناو"فراکسیون"و"گۆنگرە و کۆبوونەوە هیچ لەباربووەکانتان و سەر رۆژنامەکان و بۆچوونە بێتام و لەزەتەکانتان لە کەناڵەکانی تەلەفزیون کە هیچ بایەخێکیان نییە بۆ گەشەپێدانی روحی و ماددی کوردستانیان. ئێوە باسی هەموو شتێک دەکەن و بە زیکزاککردن لە تەنیشت پرسی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بەمانا سۆسیالیزمە زانستییەکەی، فرتەی بۆ دەکەن!((کاتی نییە؟ باوی نەماوە؟ کاک تەوفیق: باسی ئەرکە نیشتمانییەکان دەکەى؟! بۆچی پڕکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوانی نیشتمان، ئەرک و مەترسییەکی نیشتمانی نییە؟!))
سیاسەتێک لەنێو خەڵک، لەگەل خەڵک و بۆ خەڵک سەرچاوە نەگرێ، گاڵتەجاڕییەو هەر رۆژێک ئەکتەرە"قۆشمەکانی"بەشێوەیەکی سەرنەکەوتوانە لە میدیاکان دەربکەون، تەنانەت لەلایەن"لایەنگرەکانیشیانەوە" گاڵتەیان پێدەکرێ....گەڕانەوەی رۆژانە بۆ پڕکردنی پێداویستییەکانی خەڵک، تاقە زامنی سەروەری و خوشی و دووپاتکردنی مرۆڤبوونمانە...ئێوەش کەیفی خۆتان، حەز دەکەن هەر خەریکی بەزمی خۆتان ببن، بەڵام تا زوڵمێک یان کەمترخەمییەک لەبەردەم تاقە هەژارێک بمێنێت، بەبێ موجامەلەکردن، نەفرەتتان لێدەکرێ و منیش ئەگەر یەک خوێنەرم بمێنێ، قەت لە سەردانی هاوچینەکەم و تەرخانکردنی کات و خەرج بۆ باسکردنی نەهامەتییەکان و داخوازی و رزگاربوونیان ماندوو نابم... ئەوە چ ویژان و سیاسەتێکی گەلحۆیانەیە ئەگەر ئەندام پەرلەمانێک ماوەی ئەندامێتی نەمینێ، موچەیەکی خەیاڵی بۆ تەرخان دەکەن، بەڵام ئەگەر کرێکارێک هەردوو قاچی لەکاتی کارکردن لەدەست بدا، دەبێ بە یارمەتی خێرەومەن بژێ!
ئەگەر بیمەی کۆمەڵایەتی پەیڕە بکرابا، ویسام و هاوسەر و منداڵەکەیان بەو شێوە دڵتەزێنە دەژیان؟!


 

dwaroj@yahoo.de