په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠١٤

سەردەمی جەنگ، شەڕی داعش وەکو نموونە؟!


ستار محەمەد قادر   

 

با وای دابنێین ئێستا گەلی کورد بەنوێنەرایەتی هەمو جیهان شەڕی رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی دەکات، شەڕێک زۆرێک لەچاودێران بەجەنگی جیهانی سێهەم ناوزەدی دەکەن، ئەم جەنگە بۆ یەکەم جارە لەمێژودا پشتیوانیەکی کەم وێنەی بۆ کورد هێناوەتە ئاراوە، ئەمریکای زلهێزو بەریتانیای گەورەو ئەڵمانیاو فەرەنساو ئیتاڵیاو ڤاتیکان کە لەجیهاندا چەقی بڕیارن، پشتگیری کورد دەکەن و لەڕوی دیپلۆماسی و سەربازیەوە هەمو هاوکاریەک پێشکەش بەناسنامەی کورد بون دەکەن!


بۆ یەکەم جارە لەدیرۆکی کوردا پێشمەرگە ببێت بەهێمای ئازادی و وەکو بەرگریکار لەمرۆڤ دۆستی لەسەر زمانی سەرکردە جیهانیەکان بناسرێت، ئەم روداوە بەحەقیقەت روداوێکی مێژوییە، ئەم روداوە مێژوییە ناوازەیە کورد چۆن دەیخوێنێتەوە؟


ئەگەر لە دەلاقەی خێڵەکی و لایەنی سایکۆلۆژی تاکی کورد بکۆڵینەوە، خیڵ هەمو کاتێک وەکو یەک دەست روبەڕوی هەر پەرچەکردارێک دەبنەوە کە هەڕەشە بێت بۆ سەر هەر کەسێک لەوان، ئەگەر لەڕوی دامەزراوەویشەوە لەهەڵوێست و دونیا بینی ئەم پارتانەی کوردستان بنواڕین، ئەوەمان بۆ رون و ئاشکرا دەبێت، کە نە هەڵگری کلتوری خێڵەکین و نەش هەڵگری بیرۆکەی بەدامەزراوەییکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانن!


سەردەمی جەنگ، سەردەمێکە دەبێت سیاسەتکردن و گەمەکردن بە زاراوەکان و قسەکردن میزاجی نەبن، چونکە میزاجیات بەمانای نەبونی هەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەیی دێت، بەواتای سەرکەوتنی بەرەیی و شکستی سیاسی دێت، ئاخر لەرابردودا کورد لەشەڕدا هەمیشە سەرکەوت و بوە، لێ بەهەر هۆکارێکەوە بوبێت لەڕوی سیاسی و دیپلۆماسیەوە توشی شکست بوە، لەکاتێکدا شکستی سیاسی کەمەر شکێن ترە لەشکستی بەرەیی؟


لێرەدا گرنگە بزانین ئایا پارتی و یەکێتی لە مەترسیەکانی جەنگ و چەمکی جەنگ گەیشتون؟


ئایا ئەو شەڕی راگەیاندنەی نێوانیان کورد هیچ شتێکی لێدەچنێتەوە؟


یان لە پەرتەوازەکردنی ماڵی کورد چی دەدورینەوە؟ شەڕ یان جەنگ پڕنسیپی خۆی هەیە، لەشەڕدا دەبێت براکان لە یەک ڕیز و لە یەک سەنگەردا دەربکەون، ئایدۆلۆژیاکان دەبێت کاڵ ببنەوە، بەرژەوەندیە حزبیەکان بخرێنە پەراوێزەوە، نەک موزایەدات بکرێت بە سیاسەت و بازاڕ گەرمگردن بۆ پارتێک بکرێت بە نەریت و چەواشەکردنی کۆمەڵانی خەڵکی وەکو ئامانج دەستنیشانبکرێت!


پارتی یەکێتی وەکو دوو پارتی خاوەن دەسەڵات دەبێت چی بکەن؟


بێ گومان ئەم دو پارتە چەندەها خەڵکانی خودان بڕوانامەی دکتۆراو پڕۆفیسۆرو سیاسەتمەداری پێڕڤەکتیڤ و موجامیلی گیرفان پڕ کەرو کاراکتەری ئەشتەن و بیلان و لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ ئەوانەی وا خاوەنداری لەبیرو باوەڕی کوردایەتی دەکەن!


ناکۆکی ئەم دو پارتە زیاد لەنیو سەدەی خایاندوە، سەرباری رێککەوتن، ناکۆکیەکان لەکرۆکدان، ناکۆکی نێوان ئەو دو پارتە، دابەزیوەتە ئاستی کۆمەڵایەتی، ئایا دەبێت چ جۆرە چاکەیەک لە دابەزینی ئەو ناکۆکیەکانەدا هەبێت بۆ ئاستی خوارەوە؟


پارتی و یەکێتی ئەگەر زادەی کوردایەتین؟ دەبێت ئەم چیرۆکە بخوێننەوە:

 

کوڕێک بە باوکی دەڵێت: باوکە گیان من چی بکەم بۆ ئەوەی پاشە رۆژ خەڵکی نەفرەت لە تۆ نەکەن؟
باوکی لە وەڵامدا دەڵێت: کوڕم فڵان کەس لە ئاواییدا چۆن باسی دەکەن؟
کوڕە کە دەڵێت: باوە گیان خەڵًکی بەپیاوەتی و دەست پاکی قسەی لەسەر دەکەن!
باوکی دەڵێت: ئەی فڵان کەس؟
کوڕ لە وەڵامدا دەڵێت: هەمووان نەفرەتی لێدەکەن!
باوکەکە دەڵێت: کوڕم وەکو پیاوە باشەکە باشە بکە و خۆت بەدوور بگرە لە خەراپەکە!


وا بزانم هیچ جۆرە زانستێک لەگێڕانەوەی ئەم چیرۆکەدا نیە، ئەوەی لە بەرنامەیدایە باشە و چاکە بکات، با باش خوێندنەوەی بۆ بکەین و باش بینرخێنین، ئەوەشی خەراپە دەکات، با نیشانەی پرسیار بخەینە سەری و بە گومان ببین لێی، چونکە ئێمە لە جەنگداین، نەک سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردن؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک