په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٣\٢٠١٥

کۆتایی مێژوو.
سەردەمی کورت و سەرنجڕاکێشی شارستانیەتی مرۆڤ بەرەو کۆتایی دەچێ.

 

    نوام چامسکی

وەرگێڕانی: پەری بێهڕەوش

لە سەردەمی ئێستادا، ئەیلوولی ٢٠١٤، نزیک بە دە ھە‌زار ساڵ لەوەوپێش لە زەویوزارگەلێکی بە پیت و بەروبوومیی نزیک دیجلە و فورات، لە فێنیقیە، لە کەنارەکانی رۆژەڵاتی دەریای سپی نێوەڕاست و رووباری نیل تا یۆنان و... ھتد سەردەمی شارستانیەتی مرۆڤ دەستیپێکرد. ئەو رووداوانەی لەو ناوچانە بۆ مرۆڤ روویان دا ئەزموونگەلێکی پڕ ئازاری بۆ مرۆڤ دروستکرد.


لە ساڵانی رابردوو دا وڵاتانی تەنیشت دیجلە و فورات بوون بە شوێنی رووداوگەلێکی پڕ ترس و سام، کە لە باسکردن نایەن. لە ساڵی ٢٠٠٣دا ھێزەکانی جۆرج دەبلیۆ بۆش و تۆنی بلێر دەستڕێژییان کردە سەر ئەم وڵاتانە. بە جۆرێک کە ھاوڵاتییانی ئێراقیی ئەو ھێرشەیان لەگەڵ ھێرشی مەغۆلەکان لە سەدەی سێزدەم بەراورد کردوە. ئەو ھێرشە بۆ گەلانی ناوچەکە زەبرلێکەوتنێکی بە راستیی کوشەندە بوو چۆنکو ھەموو ئەو شتانەی کە دوای پاوانکارییەکانی کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئێراق لە کاتی سەرۆک کۆمار بیل کلینتۆن دا بە ساغیی دەرچوون ھەموو تەفروتوونا کران و لەنێوچوون. ئەو جۆرە دیپلۆماتگەلەی وەک (دێنیس ھاڵیدێی و ھانس وۆن سپۆنێک)١ گوتیانە ئەو ھێرشانە شێوەیەک لە شێوەکانی کۆمەڵکوژیی بوونە. ئەو کەسایەتییانە ھەواڵگەلێکیان سەبارەت بە ئاکار و کردەوە نامرۆڤایەتییەکانی ھێزە سەربازییەکان بەدەستگەیشتبوو و پێش بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان دژ بە ھێرشەکە دەسیان لە کار کێشایەوە.


یەکێک لە ئاکارە تۆقێنەرەکانی ھێرشی ھێزە ئەمەریکایی و ئینگلیزییەکان لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا نیشان درا: لە وتارێکدا لە ژێر ناوی ''رووانینێک بەسەر قەیرانی ئێراق و سووریا'' دەڵێ ئەو ئاڵۆگۆڕییە بنەڕەتییانەی بەغدا کە لە ساڵی ٢٠٠٣ روویان دا وایکردوە کە ئەو وڵاتە لە کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو بگۆردرێ بۆ ھەندێک دەسەڵاتی ناوچەیی و ھاوکات بوو بە ھۆی ئەوەی کە کۆمەڵگە تووشی داوی رق و قینگەلێکی تاڵ و نەخوازراو بێ، بە ھۆی ئەو ھێرشەوە ئاگری گێرەوکێشە ناوجەییەکان روو لە پتربوون و گەشەسەندنە و سەراسەری ناوچەکەی پارچەپارچە کردوە.


ئێستا بەشێکی ھەرە زۆری ناوچەی دیجلە و فورات کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی گرووپی توندڕەوی داعش یا حکومەتی دەوڵەتی ئیسلامی، کاریکاتۆری ترسناک و ناشرینی بزووتنەوە توندڕەوە ئیسلامییەکان کە رەگوڕیشەکەیان لە عەرەبستانی سعودییەوە سەرچاوە دەگرێ. (پاتریک کۆکبۆرن)٢ نووچەگەهانی سەربەخۆی رۆژەڵاتی نێوەڕاست و یەکێک لە باشترین توێژەرانی داعش ئەو گرووپە بەو جۆرە پێناسە دەکا: ''گرووپێکی زۆر ترسناک کە لە زۆر بارەوە بنەمایەکی فاشیستی ھەیە و لە باری ئایینیەوە زۆر دەستەگەرییە و ھەر مرۆڤێک کە لەگەڵ بیروبڕوای زۆر توندوتیژی دینی ئیسلامیی ئەواندا نەبێ بە خراپترین شێوە رووبەڕووی سزای مەرگ دەبێتەوە''.


ھەروا کۆکبۆرن ئاماژە بەوە دەکا کە لە نێوان رێژەی گرنگیی و بە پەلەیی پرسی داعش و جوولانەوەی ھێزەکانی رۆژاوا بۆ رووبەڕووبونەوەی لەگەڵ داعش دا ناتەبایی و یەکنەگرتنێک ھەیە، بەو شێوە کە ھەوڵی ئەو گرووپانە بۆ بنیاتنانی رێکخراوەکەیان لە ئێراق و سووریا ھاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی ھێزی رژیمی بەشار ئەسەد. لە ھەمان کاتدا گرنگترین بەرھەڵست لە ھەمبەر گەشەسەندنی داعش لە لوبنان گرووپی حیزبوڵایە، دوژمنی دێرینی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوەڵە ئیسرائیلییەکەی.


وڵاتانی ئێران و ئەمەریکا بۆ ئەوەی بارۆدۆخی داعش ئاڵۆزتر بێ لە بەراورد لەگەڵ پێشتردا ھەڵوێستێکی میانەڕەویانەیان لە پەیوەندییەکانیاندا گرتۆتەبەر.


ھەنووکە وڵاتی میسر رۆژگارێکی رەش بەسەر دەبا و لە ژێر دەسەڵاتداریەتیی دیکتاتۆریی سوپایی دایە و ناچارە ھاریکاریی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەربگرێ. لە راستییدا میسر هەرگیز ئاسۆیەکی رۆشنی بە خۆیەوە نەدیوە. سەدان ساڵە چارەسەری دیکەی بۆ دۆزراوەتەوە کە زۆریش شیاوی جێبەجێبوونە بەڵام دەستی رەشی ئێمپراتورێک رێگر بووە.


دوای دووبارەبوونەوەی ترس و سام لەو دواییانەدا و لە چەند هەفتەی پێشدا، لە بەرچاو دایە کە ئەوەی لە ئورشەلیمەوە سەرچاوە دەگرێ، لە چەرخی مێژوودا وەکو ناوەندی چاکە و خراپە چاوی لێکراوە.


ھەشتا ساڵ لەوەوپێش (مارتین ھایدگێر)٣ نازییەکانی ئەلمانیای وەکو ھیوایەک بۆ رزگارکردنی شارستانییەتی شکۆمەندی یۆنان لە بنەماخوازیی رۆژاوا و رۆژەڵات پەسن کرد و ئێستاکە بانکدارە ئەلمانییەکان بە سیستەمی ئابووریی خۆیان و بە مەبەستی راگرتنی سامان و ھێزی خۆیان ئابووریی یونانیان ورد کردوە.


لە رەشنووسی نووچەیەکی نوێدا کە لێژنەیەکی نێونەتەوەیی (IPCC)٤ لەسەر ئاڵوگۆڕی کەشوھەوا بڵاویکردۆتەوە لەسەر ئەگەری کۆتاییهاتنی سەردەمی شارستانییەت دواوە. ئەو پێشبینیانە لەسەر بنەمای روانگەیەکی مامناوەندییە و لەسەر چارەنووسی جیهانی فیزیکیی دەدوێ. ئەو نووچەیە بەو ئاکامە دەگا کە دوای دەیان ساڵ زۆربوونی گازە گۆڵخانەییەکان بەردەوامیی لەسەر دروستکردنی ئەو گازانە بە شێوەیەکی ھەمەلایەنە و نەگۆڕ لەسەر مرۆڤ و ئێکۆسیستەم مەترسییەکی گەورەیە و کاریگەریی زۆری ھەیە. ئاستی گەرمای زەوی دەچێتە سەرێ و کاتێک کە رووبەری سەھۆڵەکانی گرینلەند بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە ھاوکات تاواندنەوەی سەھۆڵەکانی جەمسەرەکانی زەویش زۆر دەبێ و رووبەری ئاوی دەریایەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و دواتر دەبێتە ھۆی ئەوەی ئاو بگاتە ئاستی دەشتەکانی کەناری زەریاکان.


سەردەمی شارستانییەتی مرۆڤ رێک ھاوکاتە لەگەڵ سەردەمێکی زەویناسییدا کە نزیک بە یازدە ھەزار ساڵ لەوەوپێش دەستیپێکردوە و بەر لەو سەردەمی پیلستۆسن بووە کە نزیک بە ٢.٥ ملیۆن ساڵ بەردەوام بووە. ئەوڕۆکە زانایان دەڵێن کە ٢٥٠ ساڵ لەوەوپێش سەردەمێکی نوێی زەویناسیی دەستیپێکردوە کە پێی دەڵێن سەردەمی (ئانترۆپۆسن)٥. ئەو سەردەمە بەو شێوە پێناسە دەکرێ کە کار و چالاکییەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر جیهان کاریگەریی ھەیە، شایانی باسە کە رێژەی گۆڕانی سەردەمە زەویناسییەکان زۆر سەختە کە پشتگوێ بخرێ.


یەکێک لە نیشانەکانی کاریگەریی مرۆڤ لەسەر سروشتی دەوروبەری لە ناوچوونی بەرووبوومی زۆرێک لە جۆرەکانی گیا و ئاژەڵانە. بەو جۆرەی ئەژمار کراوە رادەی کاریگەریی مرۆڤ لەسەر سروشت بە ھەمان خێراییە کە ٦٥ ملوێن ساڵ لەوەوپێش بەردێکی ئاسمانیی لە زەوی دا و زۆرێک لە جۆرەکانی ئاژەڵ و گیای لەنێوبرد. ئەو بەردە ئاسمانییە بووە ھۆی لەنێوچوونی یەکجارەکیی سەردەمی دایناسۆرەکان و رێخۆشکەر بوو بۆ گەشەسەندنی ئاژەڵانی شیردەر و لە دواییشدا دروستبوونی مرۆڤی مۆدێرن. بەڵام ئێستا مرۆڤە کە بۆتە بەردی ئاسمانیی بۆ سروشت.


نووچە (IPCC) پێداگریی لەسەر ئەو دۆزە دەکا کە بە نیازی کەمکردنەوەی مەترسیی نەمانی سوتەمەنیی بۆ بەرەی داھاتوو زۆرینەی پاشەکەوتی سوتەمەنیی دەبێ لە ژێر زەویدا بمێنیتەوە‌، ھاوکات زۆرێک لە کۆمپانیایەکانی وزە زۆر بە ئاشکرایی و بێ ترس ئەو پاشەکەوتانە ھەڵدەگۆزن و بە شوێن دۆزینەوەی پاشەکەوتگەلێکی زۆرترن.


رۆژێک بەر لە بڵاوبوونەوەی نووچەی (IPCC) رۆژنامەی نییویۆرک تایمز بڵاویکردەوە کە رێژەیەکی بەرچاو لە بەشی وزەی وڵاتانی رۆژاوای نێوەڕاست تووشی داوەستان بووە و بەو ھۆیەوە داھاتی بازاڕی گەرمی نەوتی داکۆتای باکوور بە شەمەندەفەر بۆ ئەوروپاو ئاسیا دەنێردرێ.


یەکێک لە دەرەنجامە ترسناکەکانی گەرمبوونەوەی زەوی، تاواندنەوەی ئاستی سەھۆڵی ناوچە ساردەکانە، لێکۆڵینەوەیەک کە لە گۆڤاری ساینس دا بڵاوکراوەتەوە رادەگەیەنێ کە تەنانەت بەرزبوونەوەی زۆر کەمی رادەی گەرمای زەوی (کەمتر لەوەی کە لە ساڵانی رابردوودا بەراورد کراوە) دەبێتە ھۆی تاواندنەوەی ناوچە سەھۆڵاوییەکان کە بۆ خۆی ھەڕەشەیەکە لەسەر بەرزبوونەوەی رادەی گازە گۆڵخانەییەکان کە لە نێو سەھۆڵەکاندا قەتیس مابوون و لە ئاکامدا دەرئەنجامگەلێکی کوشەندەی بۆ کەشوهەوای زەوی ھەیە.


ئارۆند ھاتی پێشنیار دەکا کە جوانترین خوازە بۆ سەردەمی ئێمە (سیاچین گلاسییەر)٦ە کە سارنجۆکێکی بەرزە لە نێوان دوو وڵاتی هیند و پاکستاندا و بەرزترین گۆڕەپانی شەڕیشە لە جیهاندا کە سەربازانی هیندیی و پاکستانیی تێیدا یەکتر دەکوژن بەڵام ئێستا ئەو سارنجۆکە لە تاوانەوە دایە، ھەزاران تۆپ و بۆشکەی بۆش، هێڵی سەھۆڵ، چەکمەی کۆنە، چادر و ھەموو جۆرە کەرەستەگەلێکی شەڕی سەربازەکان کە لە گێرەوکێشەی بێ واتای شەڕدا بەجێ ماوە و ئەگەر ئەو سەھۆڵانە بتاوێنەوە روخساری هیند و پاکستان تووشی ئاڵووگۆڕییەکی ترسناک دەبێ.

________________________________
١- Hans von sponeck, Denis Halliday
٢- Patrick Cockburn
٣- Martin Heidegger
٤- intergovernmental panel on climate change
٥- Anthropocene
٦- Siachen glacier
 

 

paribehravesh@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک