په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سه‌رده‌می سەرکردەی (زەرورەت)، رابورد!


تاڤگە سابیر رەسول


بەساڵێکیش دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 1992 کورد نازی بەسەر هەموو دونیاوە دەکرد، کە یەکەم ئەزموونی دیموکراتی بە کردەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام داوە، بەڵام پاش نزیکەی دووساڵ و هەڵایسانی شەڕە نگریسەکەی ناوخۆ ، ئەم نازە نەک هەر نەما کورد رۆژ لە دوای رۆژ لە سایەی شەڕی ناوخۆ و سیاسەتی پاوانکارانەی هەردوو حیزب وردە وردە لە پاشەکشەدابوو و تا ئێستاش لەم پاشەکشەییەی نەوەستاوە و بەردەوامە، ئەوەتا دوای ئەوەی بە ئه‌زموون لە زۆرینەی وڵاتان و بەتایبەتیش ئەروپای رۆژهەڵات وهەندێ شوێنیتر سیستەمی سەرۆکایەتییەکی رەها و پەرلەمانێکی کارتۆنی بەسەرچوو، تازە بەتازە دەسەڵاتە مۆدێرنەکەی کوردستان و پەرلەمانە ( هیچ لەبارنەبووە بەسەرچووەکە) دەیەوێ دەستورێکمان بەسەردا بسەپێنێ، کە بەراستی لەناو دونیای دەرەوەدا شەرمی پێ بکەین لە جیاتی شانازی! دەیەوێ سیستەمێکی سەرۆکایەتی وامان بەسەردا بسەپێنێ کە سەرۆک هەر کاتێ ویستی پەرلەمان و حکومەت و داروبەردیش هەڵوەشێنێتەوە!


لە دونیادا و لە وڵاتانی پێشکەوتوودا وا بۆتە باو لە گەڕەکێک یان شارۆچکەیەکی بچوک کەسێک بۆ پەرلەمان هەڵەبژێرن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بکات و گوزارشت لە ناخیان بکا لە پەرلەمان، بەڵام لە وڵاتی ئێمە ئەو هەقە بە هاوڵاتی رەوا نابینن و ئەیانەوێ وەک کۆیلە مامەڵە لەگەڵ هەموو تاکێکدا بکەن، ده‌یانەوێ پەرلەمان وەک (ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی بەعس) بێت هەر کاتێ سەرۆک ویستی هەڵیانوەشێنێتەوە، ده‌یانەوێ هیچ سیستەم و یاسایەک نەبێ لە سەرۆک گەورەتر! لەلای دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێمی کوردستان هێشتا سه‌رده‌م سه‌رده‌می سه‌رکرده‌ی (زه‌روره‌ت)ه‌ و بە بیری ئەوان هێشتا سه‌رده‌م سه‌رده‌می پاشایه‌ و عانەش لە بازاڕ دەڕوا!


تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیەی دەستور لەلایەن پەرلەمانەکەی هەردوو حیزبی سەرەکی هەرێم، هه‌ڵه‌یه‌کی گەورەیە لە نیازپاکی هەردوولا بەرامبەر ئازادی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ،هاوکات ئەم تێپەڕاندنە ترسی دەسەڵاتیش ده‌سەلمێنێ لەبەرامبەر ئەو لیستانەی کە ئێستا لەبەرامبەریاندا هاتوونەتە سه‌ر گۆڕه‌پان و گوزارشت لە ئێش و ئازاری ماڵ بە ماڵی کوردەواری دەکەن، ئەم تێپەڕاندنە ئەگەر بۆیان بچێتەسەر فێڵێکی گەورەشە نەک لە لیستە نەیارەکانیان بەڵکو فێڵکە لە هەموو میللەت و نەوەکانی داهاتوو، هیواخوازم و واش پێشبینی ده‌کەم کە خەڵک ئێستا هۆشیارە و فێڵی قەبوڵ نییه‌ و کەس دەنگ بە دەستوور نەدا، بە دەستووری بە کۆیلەکردنی تاکی کورد!