په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٢

سەردەشت هێمای خەبات لە دژی جیاکاریی چینایەتیی بوو!


دەقی ووتەی دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە سەر گڵکۆی سەردەشت عوسمان لە شاری هەولێر ٥-٥-٢٠١٢


کەسوکاری ئازیزی سەردەشت عوسمان!
هاوریان‌و دۆستانی سەردەشت!
ئامادەبووانی خۆشەویست!

بەناوی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ دوەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان. دڵنەوایی کەسوکارو هاوریانی سەردەشت‌و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بە بۆنەی ئەم کارەساتە جەرگبرەوە دڵیان گوشرا.

بەرێزان!


ئەمرۆ کە ئێمە لەسەر گڵکۆی سەردەشت کۆبووینەتەوە، پێویستە حەقیقەتی ئەو رووداوەو راستیەکانی پشتی هۆکاری تیرۆری سەردەشت عوسمان باس بکەین، بەتایبەتی کەیسی سەردەشت کەیسێکی نەبراوەیە....تەنها رووداو کارەسات.... کێشەی دایک و باوک هاوسۆزەکانی نیە، بەڵکو کەیسی سەردەشت عوسمان کەیسی هەموو کۆمەڵگای کوردستانە..کەیسی ئازادی‌وئینساندۆستی وخۆشگوزەرانی بروابوونە بە داهاتوویەکی ئازادو یەکسان بۆ کۆمەڵگای کوردستان.

هۆکاری تیرۆری سەردەشت ئەوەبوو کە پەردەی لەسەر حەقیقەتی ئەم کۆمەڵگایە کە لەسەر جیاکاری چینایەتی راوەستاوە، هەڵماڵی. سەردەشت لەدژی نایەکسانی‌و ناعەدالەتی بوو. سەردەشت ئومیدو ئارەزووی هەبوو. وەکو لاوێکی نارازی ئەم کۆمەڵگایە بەنوسینەکانی گوزارشتی لەو جیاکاریە چینایەتیە دەکرد کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا هە یە. کۆمەڵگایەک کە نوقمە لە سامان‌و داهاتی زۆروزەبەند بۆ کەمایەتیەکی دەوڵەمەند کە یاری بە چارەنووسو مقدەراتی کۆمەلگاوە دەکەن‌و دەسەلاتیکی فیرعەونانەیان بۆ خۆیان‌و دەستو پێوەندەکانیان دروستکردوە، زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش، کە زۆر بە سەختی ژیان‌و چەرخاندنی کۆمەڵگا بەسەر شانی ئەوانەوەیە، ژیانێکی مەمرەو مەژی بەسەردەبەن.

خەڵکی کوردستان چەندین ساڵ لەدژی دەسەلاتی سەرکوتگەرونەگریسی بەعس قوربانی دا تا ئیتر هیچ کەس بە دەلیلی سیاسەتکردن نەکوژریت‌و لەسێدارە نەدرێ، ئازادی‌و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان دەستەبەر بکرێ، بەلام بەداخەوە دەسەلاتی خۆماڵی هەموو ئاوات‌و ئارەزووەکانی خەڵکی کوردستانی دا بە بادا.

سەردەشت ئەو پەیامەی بە ئیمە ووت کە هەقی ئینسانە لەم کۆمەڵگایەدا ئازادو خۆشگوزەران بژی.


کەیسی سەردەشت کەیسی ئازادی خەلکی کوردستانە. سەردەشت دەستی خستەسەر نایەکسانی کۆمەڵگای کوردستان.

کەیسی سەردەست کەیسی ئەو لاو گەنجانەیە کە بیکارو نائومید کراون‌و بە فەرهەنگی دواکەوتوانە یەخسیر کراون‌و ئازادی‌یان لێزەوتکراوە.


کەیسی سەردەشت کەیسی ئەو باوک دایک‌و ئەو ئینسانە زەحمەتکێش‌و ستەملێکراوانەیە کە سەرپەنایەکیان نیە تێیدا بژین‌و لە پەراوێزی کۆمەڵگادا ژیانیان پێبڕاوە! کەیسی ئەو مرۆڤانەیە کە موحتاجی چاودێری‌و هاوکارین‌و کەچی ئاورێان لێنادرێتەوەو خزمەتگوزاری وژیانیکی ئاسودەیان بو بە رەوا نابینرێت.


کەیسی سەردەشت کەیسی ئەو رۆژنامەنوسانەیە کە چاونەترسانە بە شۆین راستیدا دەگەرین، گەندڵیەکان هەڵدەدەنەوەو رووبەرووی تیرۆر دەبنەوە.


کەیسی سەردەشت بە تەنها داسەپەندنی سزا بەسەرتاوانبارنیکدا نیە کە تیروریان بەرهەم هێناوە.


سەردەشت دەنگی دژ بە پیرۆزیەکان،دەنگی نۆێخوازی بوو.


بەرێزان!


لە چەند ساڵی رابردوودا هەر ئەم دەسەلاتەی قوربانی دەکات بە تیرۆریست، لە دەرەوەی وولاتیش دەست لەیەخەی پەنابەران ناکەنەوە وژیانێکی ئارامیان بۆ بە رەوا نابینن هاوکاری سیاسەتی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەران دەبەنە پێشەوەو.لێرەش ئامادەنیین وەلامێک بە کێشەی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان بدەنەوە.


پەنابەران قازانجیان لە بوونی ئازادە هەیە لەکوردستاندا.ئێمە لە چەند ساڵی رابردوودا بە تەواوی توانەوە لە پاڵ مافو ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان راوەستاوینو رادەوەستین.


سەردەشت پێمان دەڵێت کرێکاران، ژنان، لاوان‌و رۆژنامەنووسان پێویستە هەوڵەکانی خۆیان یەک بخەن لە پێناو کۆتایی هێنان بە کۆمەڵگای چینایەتی، پێمان دەڵیت کە پێویستە بە هێزی رێکخراوی خۆمان، بەهێنانە مەیدانی ئیرادەی خۆمان، دەتوانیین کۆمەڵگایەک دابمەزرێنین کە چیتر تاوان بەرهەم نە هێنێت.کۆمەڵگایەکمان ببێت کە ئینسانەکان ئازادو یەکسان‌و خۆشگوزەران بن.خەڵکی کوردستان شایەنی ئەوەن داهاتوویەکیان بێت هیچ کەس لەسەر دەربرینی بیرورا ئەشکەنجەو تیرۆر نەکرێت.کارەساتەکانی سەردەشت دووبارە نەبنەوە جەرگی دایکێکی تر نەسووتێ .

لە کۆتاییشدا ئێمە وەکو فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی پشتیوانی خۆمان بۆ خواستی خانەوادەی سەردەشت سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆو بێلایەن بۆ لیکۆڵینەوە لە کەیسی تیرۆری سەردەشت لەژێرچاودێری لایەنێکی موعتەبەری نێودەولەتیدا، دەردەبڕین.
سەری رێز بۆ گیانی سەردەشت دائەنەوێنیین.
 

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک