سه‌رۆك کۆمار،
یان سه‌رۆك بۆ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناو‌خۆ له‌شاخ و له‌شار !

شێخ حوسێن
نه له شار و نه له دێ
نه‌مدی كه‌س وه‌ك تۆ جنێوده‌ر و
شه‌ڕه‌نگێز بێ.. تۆیت و به‌س...
به‌ڕێز جه‌لال تاله‌بانی - داهێنه‌ری جاشایه‌تی - سالانی ١٩٦٦-١٩٧٠
چارۆگه‌ى سوور و سه‌وزی داهێنا كه بدورێ به پشتی چه‌كداره‌كانیه‌وه تا
له‌و كاته‌ی پێشڕه‌وی له‌شكری داگیر‌كه‌ریان ده‌كرد له دژی شۆڕشى
رزگاریخوازی گه‌لی كورد فڕۆكه جه‌نگیه‌كان بتوانن بیانناسنه‌وه و
پێشمه‌رگه باشتر بپێکن. بۆیه له‌و ساڵانه‌دا كه‌س نه‌یده‌توانی
گوێ له گۆرانی كوڵوانه‌سوور یان چارۆگه‌سوور بگرێ چونكه لێدان و
گرتنی به‌دواوه بوو.
له ووته سیاسیه بێ تامه‌کانی ماویزمی دوێنێ و ( سی . ئای . ئه‌ی ) ئه‌مڕۆی
ئاغاى تاله‌بانی - جێگره‌وه‌ی ته‌ها محیه‌دین مه‌عروف - له
نامیلكه‌ی جۆشوخرۆشدانی شۆڕش دا ده‌یگوت (قیاده موه‌قه‌ته) و (جووجه
ره‌سول) کۆسپی به‌رده‌م شۆڕشن، به‌وجۆره زانیاریی شه‌ڕی ناوخۆی ده‌رخواردی
پیشمه‌رگه‌ی سگ برسی ده‌دا تا توانی هوتیلی گه‌وره‌ی زاخۆ به (تی . ئێن
. تی) داڕمێنی، دیاره وانه‌ی له (ئه‌لقاعیده) وه‌رگرتووه و ده‌شێ
پارتیش به پێی ده‌ستوری دژه تیرۆر چاره‌ی بكا.
که‌س له‌بیری ناچێ به‌ڕێز جه‌لال تاله‌بانی فه‌رمووی : (صدام حسین لیس
حاكما بل حكما)! که له‌كاتی رێکه‌وتنه‌که‌ی له‌ساڵی (١٩٨٢ - ١٩٨٣ )ی
له‌گه‌ڵ رژێمی گۆڕبه‌گۆڕ له گۆڤاری (ته‌لیعه)دا چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ
كرابوو بڵاوكرایه‌وه ، به‌ڵام ناپاڵمبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و قه‌لادزه
و زانکۆیی كوردستان له‌و شاره و فۆسفۆڕباراندن به‌سه‌ر جه‌نگاوه‌رانی
كوردستان و ژینۆسایدکردنی كورده فه‌یلیه‌كان له فه‌رهه‌نگی
بیرکردنه‌وه‌ی به‌ڕێزیان بوونی نه‌بوو.
له دوای گواستنه‌وه‌ی شه‌ری ناو‌خۆ له شاخه‌وه بۆ ناو شاره‌كان
بۆ دژایه‌تیكردنی ووته‌كه‌ی بارزانی '' كه‌ركوك دڵی كوردستانه ''
هات گوتی : '' كه‌ركوك قودسی كوردستانه '' كه له راستیدا كه‌ركوكی كرد
به قودس ، واته فرۆشتی وه‌ك چۆن سه‌ركرده بێزراوه‌کانی عه‌ره‌ب قودسیان
فرۆشت بۆ هه‌تاهه‌تایێ.
دیاره ئاغای جه‌لال تاله‌بانی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك کۆماری له به‌رامبه‌ر
وازهێنانی له دروستكردنی بیانووی شه‌ڕی ناوخۆدا به‌ركه‌وتووه بۆیه
واژۆی كردووه له‌سه‌ر له‌سێداره‌نه‌دانی سه‌رانی به‌عس به سه‌دام حوسێن
و ته‌نانه‌ت عه‌لی خه‌رته‌لیشه‌وه . تۆ بڵێی واژۆی کردبێ كه واز
له له‌سێداره‌دانی پیشمه‌رگه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ری پارتیش بهێنێ و له‌پاش ته‌واوبوونی
کاتی سه‌رۆک کۆماریه سه‌رئاوکه‌وتووه‌که‌ی ؟ به‌ڵام وه‌ك چۆن له‌به‌رده‌م
سه‌رانی حكومه‌تی توركیا دا ووتی : '' من پشیله‌ی عێراقیم گوتووه
كه ته‌سلیمی ناكه‌م، نه‌ك سه‌لكه پشیله‌ی كوردی '' دیاره واژۆی
له‌سه‌ر ته‌سلیمكردنی كورد و ته‌نانه‌ت
سه‌لكه پشیله‌ى كوردیش كردوه، له راستیدا قسه‌كه‌ی تاله‌بانی به‌ڕێز
مه‌سعود بارزانیشی شه‌رمه‌زار كردبوو..له كا‌تیكدا كه دیداری ته‌له‌فزیۆنیان
له‌گه‌ڵ ده‌كرا نه‌یده‌زانی چۆن پاساوی بۆ بهێنێته‌وه ، چونكه به‌ڕێزیشى
ده‌زانێ ته‌سلیمنه‌كردنى كورد له فه‌رهه‌نگی سیاسیاندا بوونی نییه و
ئاسته‌مه به پێی پێشمه‌رجی رێکه‌وتنه‌کانیان له‌گه‌ڵ میتی توركیا و
ئیتلاعات و سوپای پاسداری کۆماری ئیسلامی ئێران و ته‌نانه‌ت هه‌واڵگری
سوریاش ، كه مێژووی كۆن و نوێی ململانێکانیان له شه‌ڕی براكوژیی و ته‌نانه‌ت
شه‌ڕی خوشككوژییش گه‌واهیی ده‌ده‌ن .. كاتێک بڕستی درێژه‌پێدانیان نه‌ده‌ما
په‌نایان بۆ دامێنی چمكی عه‌بای ئاغاكانیان ده‌برد و به مه‌به‌ستی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی
شه‌ڕه‌کان و راگرتنی هاوسه‌نگیی له نێوان هیزه‌كانیان (جه‌ندرمه و میتی
تورکی و ئیتلاعات و سوپای پاسداری کۆماری ئیسلامی ئێران و له‌شكره
ئابڕووچووه‌كه‌ى سه‌دام)یان ده‌هێنایه سه‌ر ئه‌و شارانه‌ی که هه‌ر به
فشه‌ی سه‌رکرده‌و مه‌رکرده‌کان ناویان لێ‌نرا ( شاری دڵ و قودسی
کوردستان و شاری هۆلاکۆبه‌زێن و شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و ...هتد و هه‌ر
به فشه‌ش ته‌واوی کوردستانیان تووشی چاره‌نووسێکی نادیار کرد ، دیاره
له راستیدا ئاغاكانی ئه‌و ئاغایانه‌مان هه‌رگیز خوازیاری یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی
ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییه نه‌بوون و نابن، بۆیه ئه‌مڕۆ ئه‌و دوو هیزه وه‌ك
دوو بۆمبی نایترۆجینیین و ده‌بێ خه‌لكی شۆڕشگێڕ و به‌ئاگاهاتووی
كوردستان هۆشیارانه كاریان جه‌ماوه‌ریی بكه‌نه‌وه و به پێکهێنانی
رێکخراو‌ی جه‌ماوه‌ریی و دیموكراتی و سه‌ربه‌خۆ له چه‌شنی
رێکخراو‌ی کرێکاران و بێکاران و ده‌ستگێڕان و کچان و کوڕان و که‌سوکاری
شه‌هیدانی به‌شخوراو و که‌سوکاری ئه‌نفاڵکراوان و کیمیابارانکراوان و
خه‌ڵکی سنوورنشینی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی فڕۆکه و تانک و تۆپی ئێران و
تورکیا رێکاری زانستییانه بۆ کارکردن بگرنه‌به‌ر و خه‌ڵک
هانبده‌ن ریزی سیاسیی و سه‌ربازیی و رێکخراوه‌یی به‌ناوجه‌ماوه‌ریی
ئه‌و حیزبانه جێبهێڵن به مه‌به‌ستی لاوازکردنیان له سه‌رکوتکردنی
بزووتنه‌وه دیموکراتییه له‌دایکبووه‌کان و پێش‌گرتن له ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی
شه‌ڕه ناوخۆییه‌کان که جارێ له خولی متبووندان و ته‌نیا ته‌نیاش
هه‌ر جه‌ماوه‌ر ده‌توانێ نه‌شته‌رگه‌ریی له‌ره‌گو‌ڕیشه‌ده‌رهێنانیان
بۆ بکا.. ئه‌ویش به وازهێنان له‌ڕیزی ئه‌و دوو حیزبه و سازدانی
رێکخراو‌ی جه‌ماوه‌ریی دیموکراتی بۆ مه‌به‌ستی دابینکردنی خواسته
مرۆیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان که پێشتر و ئه‌مڕۆش بێشه‌رمانه پشتیان
تێکردووه و پێشبڕکێ له‌سه‌ر به‌گورگانخواردکردنی ده‌که‌ن و به‌رده‌وام
له‌سه‌رحیسابی ئێسکوپرووسکی شه‌هیدان ساتوسه‌ودا ده‌که‌ن بۆ گه‌یشتن به
سامان و پایه‌وپله ، ئه‌وه‌تا ئاغای تاله‌بانی مار و په‌یژه‌ی خۆی كرد
و كوردی هه‌راج كرد بۆ كورسیه كارتۆنیه له دولار ئاخنراوه‌كه‌ی، له‌ولاشه‌وه
بارزانی و نێچیروان و ...هتد له گره‌وی بردنه‌وه‌ی چۆنیێتی تاساندنی
خواستی سه‌رتاسه‌ری میلله‌تی كورد دان. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و
میكانیزمه له دابه‌شكردن هێشتا ئه‌گه‌ری ململانێ بۆ به‌ش و پۆستی زیاتر
ده‌شێ سه‌ر‌هه‌ڵبداته‌وه ،به تایبه‌ت دوای کۆتاییهاتنی پۆستی کۆماریی
ئاغای تاله‌بانی که ئه‌مه پێشتریش کێشه‌ی یه‌که‌م بووه بۆ ده‌سه‌ڵات
و به‌رده‌وام له‌سه‌ر حیسابی خوێنی شه‌هیدان و به وه‌ستانه‌وه له‌به‌رامبه‌ر
بزووتنه‌وه چه‌پ و دیموکراتیی و پێشکه‌وتووخوازه‌کان چاره‌سه‌ریان
کردووه، دیاره ئێستاش تاله‌بانی سێبه‌ری خۆی بینیووه چۆن ده‌چێته ژێر
فرمان و ئامۆژگارییه‌کانی بارزانی و ئه‌وانی دی هه‌روا بارزانیش هه‌ر
سه‌رۆ‌كه و به سه‌رۆکییش له‌دایکبووه و هه‌رگیز پۆستی ژێرده‌ستی تاله‌بانی
پێ قووت ناچێ و بۆی هه‌رس ناكرێ.. ئه‌وانه هه‌رووكیان وه‌ک دوو هێڵی
ته‌ریبن و هه‌رگیز له رووته‌ختی كوردستان به‌یه‌ک‌ناگه‌ن بۆیه
نه بارزانی و نه تاله‌بانی هیجیان ناتوانن خۆیان بخه‌نه ژێر ده‌سه‌ڵاتی
یه‌کتر و چاره‌نووسی كوردیش جاڕ به جه‌هه‌نم و با هه‌ر به عێراقه‌وه
گرێدرابێ .
له کۆتاییدا لاوازیی هێزی له‌دایكبووی به‌رهه‌ڵستکاری جه‌ماوه‌ری
كوردستان و لێهاتوویی ئاغای تاله‌بانی له گه‌مه‌کردنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ
کاکه (موه‌قه‌ت)ه‌که‌ی وام‌لێده‌کا بڵێم ده‌بێ هه‌موو کورد به
مه‌سعود بارزانیشه‌وه له ئه‌مه‌ریکا بپاڕێینه‌وه که پۆستی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی
ئاغای شه‌ڕه‌نگێز درێژ بکه‌نه‌وه و کۆتایی پێنه‌هێنن ، چونکه به
گاڵه‌یی ده‌بێ و دیاره ئه‌ویش شه‌ڕی له به‌گاڵه‌یی پێ باشتره..
چونکه وه‌ک خۆی گوته‌نی : شه‌ڕکه‌ره‌کانی نه‌ک به
١٠٠٠ و
یا به
٥٠٠ دینار به‌ڵکه به بێ پاره‌ش هه‌ر ده‌یکه‌ن.
١٧\۵\٢٠٠٨
a-mohamed3@sky.com
|