په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٣\٢٠١١

سەرەنجامی نادادپەروەریی و ئەگەرەکان!


سەدیق ڕەنجبەر 


لەکاتێکدا خەڵک پێیوابوو لە سایەی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی دوای ڕاپەڕین دەحەسێتەوەو بەری ڕەنجی خوێن و ماندوبونی خۆی دەچنێتەوە، کەچی بەداخەوە ئەوان نادادپەروەریەکی بێئەندازەیان لەناو هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگادا پەیڕەوکرد، موڵک و ماڵی خەڵک و هی گشتیان تەنانەت کۆمەڵگاشیان بەسەر هەردوو حیزبدا دابەشکرد. ئینجا لەبەرئەوەی ئەم ئەنجامە پێشبینی نەدەکرا بۆیە خەڵکی کوردستانی تووشی بێئومێدیەکی زۆر کرد.

تووڕەبونی خەڵک دەمێکە پەنگی خواردۆتەوەو بە شێوازی جۆراوجۆر دەریانبڕیوە، بەڵام لە دوای خۆپیشاندانەکەی ١٧ی شوباتی سلێمانی و ڕۆژانی دواتر، کە دەسەڵات بە دەسڕێژی گووللە خەڵتانی خوێنی کرد، ناڕەزاییەکان بەجۆشتربوو و ئەزمونێکی نوێی خەباتی جەماوەری لە کوردستاندا هێناکایەوە، کە دەبێ بابەتیانە هەڵیسەنگێنین. پێویستە بگوترێ کە لە ناوچەکانی هەولێرو دهۆکیش هەمان ناڕەزایی و بگرە زۆرتریش هەیە بەڵام دیارە هێشتا بارودۆخەکە پێنەگەییوە.

پێشئەوەی باسی ئەگەرەکان بکەم، بۆ تێگەیشتنی حاڵەتەکە، پێویست بە خستنەرووی چەند داتایەک هەیە لە سەر نەخشەی سیاسی کوردستان کە دەبێ بە هەندی وەرگرین. لەوانە، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان، سلێمانی و زۆربەی شاروشارۆچکەکانی پارێزگاکەی خرۆشاندووە، زیاتر لە مانگێک دەبێ سوورن لە سەر داوا رەواکانیان، تا ئێستا هەشت شەهیدو دووسەد بریندار هەیە، لەولاوە دەسەڵاتیش سەرەتا بە زەبری چەک و خوێنڕشتن، بەم دواییەش بە بەڵێنی جێبەجێنەکراو کاتەکە بەسەردەبات بۆ بڵاوەپێکردن و ماندووکردنیان. دەسەڵات لە چەپڵە یان گلەیی شەرمنانە زیاتر فێری خۆپیشاندانێک نەبووە کە بە دەسەڵات بڵێ، نەخێر بۆ سیستەمەکەت و دەمەوی تۆ بگۆرم! ئەم جۆرە خەباتە بۆ ئەوان و بۆ خەڵکیش نوێیە، ئەمە لە کاتێکدا شەپۆلی ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هێندێکیان سەرکەوتن و هێندێکیان بە ڕێگەوەن، کاریگەری خۆی لەسەر کوردستانیش نواندووە، کورسیە گەرمە خواپێداوەکەی دەسەڵاتدارانی هەژاندووە.

هەروەها ئەمڕۆ لە ئەنجامی شەڕی پارتی و یەکێتی، پاشماوەی دوو ئیدارەیی هەیە، دوو لەشکر و دوو دارایی دوو سەرۆک و دوو ناوەندی بڕیار هتد هەیە. ئۆپۆزیسیۆن بە گۆڕانی سێکیولار و، کە تاڕاددەیەک توند دێتە بەرچاو، بە یەکگرتوو و کۆمەڵ کە ئیسلامی سیاسین، لە سلێمانی بەهێزترە وەک لە شارەکانی تر. لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا پەرواێزی دیموکراتی زۆرترە بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا لە هەولێرو دهۆک ئازادی مۆڵەتی خۆپیشاندانی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵک نیەو باکیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی زۆریش نیە، ئەمەو جگە لە سۆزی خەڵکێکی زۆری بنکەی یەکیتی بۆ خۆپیشاندانەکان. دەبێ لەبیری نەکەین کە دەسەڵات لەشکرێکی گەورەی چەکداری جۆراو جۆری ئەمنی و سەربازی حیزبییان هەیە لە ژێر ناوی جیاجیاو لەبەرگی جیاوازدا، لە کاتی لێقەومانی حیزبدا بۆ سەرکوتکردن بەکاریان دێنێ. هەروەها خەڵکێکی زۆری بە مووچەی جۆراوجۆر بێلایەنکردووە. شایانی باسە دەسەڵاتی کوردی شارەزاترین وەستای خەڵەتاندنە، دوور نیە خۆی بکاتە خاوەنی هەموو داخوازیەکانی خۆپیشاندەران، بگرە قەرزاریشیان بکاتەوە، بەوەی کە دەسەڵات هەڵگری هەموو چاکسازیە بنەڕەتیەکانە بەڵام ئاژاوەگێڕان دەرفەتی نادەن، ئەڵبەت بۆ ئەوەی داخوازیەکانی جەماوەر خەڵک ئیفلیج بکات. بابەتێکی تریش هەیە پێویستە تیشکی بخەینە سەر ئەویش لە کوردستاندا خەڵک لە دوای ٢٠٠٣ وە لەبارودۆخی گرانیەکی سەختەوە پێی ناوەتە بارودۆخی ژیانێکی خۆشترو باشتر، ڕێژەی هەژاری زۆر لەجاران کەمتر بۆتەوە، کە بە هۆی ڕووخانی ڕژێم و هاتنی ئەمریکا و یوئێن پەیدابووە، ئەڵبەت ئەم هۆیە ئابووریە کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان.

لەبەر ئاڵۆزی و کەم ڕۆشنی بارودۆخی کوردستان کە پێشهاتی لەناکاوی زۆرە و کاریگەری ووڵاتانی دەوروبەرو دەوڵەتی عیراقی و نێودەوڵەتی لەسەرە، پێشبینی ئەگەرەکانی ڕێڕەوی ئەم خۆپیشاندانانە کە لەم ناعەدالەتیەی باسمکرد سەرچاوەی گرتووە، کارێکی ئاسان نیە.

خۆمان دەزانین خۆپیشاندان لە سلێمانی و دەوروبەری بەردەوام و گەرم وگوڕە، ئەگەرچی خۆپیشاندان لە پارێزگایەکدا گرنگی و قورسایی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر خۆپیشاندانەکان هەولێریش نەگرێتەوە کە دیارە وەک پایتەخت بڕیاردەرە، خۆمان دەزانین کە زەبروزەنگ و تۆقاندن ڕایگرتووە، لەوەدەچێ ئەم جووڵانەوەیە لە پارێزگای سلێمانی قەتیس ببێ و ببێتە هۆی جۆرێک لە دابڕینی هەولێر لە سلێمانی. سەرەتاکەی لە هاتوچۆی بازگەکان و زانکۆکان و سوتانی بارەگاکان دەرکەوتوە. وەک بینیمان پارتی بە هیچ جۆرێک بواری خۆپیشاندانی ئازادانە نادات لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، دیارە ئەوەندەش باکی بە زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیش نیە. دەسەڵات پاشی ئەم هەموو قوربانیەی خۆپیشاندەران، تەنیا بە هەڵبژاردنێک ڕازیە، لەژێر چەتری دام و دەزگا داپلۆسێنەرەکانی خۆیدابێ کە پێشوەخت ڕێژەی سەرکەوتنی زۆرینەی بۆ مسۆگەر دەکات، ئۆپۆزیسیۆنیش بەبێی حکومەتێکی بێلایەن رەتی کردۆتەوە.

بەڵام لەدوای ئەم گوشارە جەماوەریەو زراوچوونی دەسەڵات لە لەدەسدانی کورسیەکەی، دەسەڵات لە چەند کەناڵێکی خۆی و هێماکانیەوە داوای چارەسەری کردووە لە ڕێگەی دایەلۆگەوە، ئەوە نیشانەیەکی پۆزەتیفە دەبێ کەڵکی لێوەرگیرێ هەرچەندە جێگای گومانیشە. بۆیە هەقوایە شەقام و ئۆپۆزیسیۆن هەنگاو بەرەو دایەلۆگێکی شەفاف بنێن بۆئەوەی بگەنە جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ دەسەڵاتدا کە خێری بەدواوە بێ و بە قازانجی خەڵک بشکێتەوە، تیایا داخوازیەکانی جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندەر بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوە چارەسەرێکی کاتی شیاوە بۆ بارودۆخی ئەمڕۆ، تیایا ئەزموونی نوێی خەباتی شەقام بەهەند وەردەگیرێ، دەبێتە هۆی ئەوەش کە دەسەڵات نەتوانێ بڵێ ئەوانە باوەڕیان بە گفتوگۆ نیە بە هیچ ڕازی نین. دەشکرێ ململانێیەکە هەڵپەسێرن بۆ بارودۆخێکی لەبارتر تا هاوکێشەکە دەگۆڕێ و ئەوکاتە بەئەزموونێک و بە گوڕو تەوژمێکی تر سەرهەڵدەداتەوە.

ئەگەر هات و چ ئۆپۆزیسیۆن و شەقام لەلایەک و چ دەسەڵات، هەر سوور بن لەسەر بۆچونەکانی خۆیان و بەتایبەتیش کە دەسەڵات بۆ چەواشەکاری ئاڵای گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان بەرزدەکاتەوە، لەلایەکی تریش ناوناوە پرۆپاگەندی ناشیاو لەسەر خەڵکی خۆپیشاندەرو ئۆپۆزیسیۆن بڵاودەکاتەوە، ئەڵبەتە پێویستە وا نەبێ چونکە نیازپاکی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەو بارودۆخە ئەگەری ئەوەی هەیە کە دەسەڵات توندوتیژی زۆرتر بەکاربێنێ کە ڕەنگە خوێنڕشتنی بەرفراوانی لێبکەوێتەوە. ئەوکاتەش توڕەییەکان زۆرتر پەرەدەسێنێ و بواری گفتوگۆ تەسکتر دەبیتەوە. لێرەدا جەماوەر ناچار دەبێ کە بە چەک بەرگری لە خۆی بکا، ئەوکاتە ڕاپەڕینی جەماوەری، یان شەڕێکی کۆمەڵایەتی دێتە کایەوە، کە بە گوێرەی ئەم هاوکێشەیەی ئەمڕۆ سەرنجامەکەی نادیارە.

خۆ ئەگەر یەکێتی لە ڕەوتی گەشەسەندووی ڕاپەڕیندا، بەهۆی هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ستراتیجی بکەوێتە بەرەی گەلەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا بکەونە سەرخەت، خەڵکی هەولێرو دهۆکیش خۆپیشاندان بکەن، جوڵانەوەکە بەرفراوانتر دەبێ و تەنگ بە دەسەڵاتی زۆنی پارتی هەڵدەچنێ، ئیدی دەسەڵات ناچار دەبێ کە بە کەمترین زیانی ماددی و خوێنڕشتن واز لە دەسەڵات بهێنێ. ئەوکاتە هەموو ڕەنگەکانی ئۆپۆزیسیۆن و جەماوەر بەشدار دەبن لە ریفراندۆم بۆ دەستوورێکی نوێ و پاشان بە هەڵبژاردنێکی تازە پەرلەمان و حکومەتێکی نوێ دادەمەزرێنن، کە کۆمەڵانی خەڵک لەسایەیدا دادپەروەریەکی زۆرتری تیا دەسدەکەوێ و چارەسەری بۆ دیاردە دزێوەکان دەدۆزرێتەوە.

ئەو ستەم و نادادپەروەریەی دەسەڵات، وەهای کردووە کە ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی بێچارەی هەژار ئەو دەسەڵاتدارانە حەواڵەی خوابکا، ئیدی منداڵێک ماوەی بیست ساڵ ئەم قسەیەی لە دایک و باوکی گوێ لێبووبێت و لەم ئاوهەوایەی کە ئۆپۆزیسیۆنی سێکیولاری ڕێکخراو ماوەیەکی درێژە دەورێکی ئەوتۆی نەبووە، ئاساییە کە ڕێژەیەکی زۆری نەوەی نوێ ببنە ماددەی خامی ئیسلامیەکان، بەدوور نیە ئەوەندە باسکیان بەهێز ببێ و کاریگەری گەورەیان لەسەر دەرەنجامی خۆپیشاندانەکان هەبێ، بەری ڕەنج و خەباتی خەڵک بە ئاقارێکی ئاینی توندڕەودا ببەن. نموونەشمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆرە، لە ئێران ئاخوندەکان ویلایەتی فەقیهیان دامەزراند، لە تورکیا حیزبی دادو گەشەسەندن هات، سەرکەوتنی حەماس بەسەر ڕێکخراوی فەتحی فەلەستینی، تاڕاددەیەک دەسەڵاتی زۆری حیزبە دینیەکانی عیراق لەدوای ڕوخانی سەددام، هەڵکشانی ئیخوان موسلمینی میسری، هەڵکشانی حیزبوڵڵای لوبنانی، ڕەنگە ووڵاتانی لیبیاو بەحرەین و یەمەنیش هەمان چارەنووسیان هەبێ.

بەو حیسابەی ئێمە بەشێکین لە دەوڵەتی عیراق بۆیە ئەگەری هاتنە سەرخەتی دەوڵەتی عیراقیش لەئارادایە، بەتایبەتی ئەگەر ململانێکان کارەساتی گەورەی لێبکەوێتەوە، بەلای کەمی ڕەنگە عیراق بۆ ناوبژی بێتە ناو سنووری هەرێمی کوردستانەوە، هەروەک چۆن تورک هاتە بەینی شەڕی نێوان پارتی و یەکێتیەوە. هەروەها نابێ نادیدەبگیرێ کە دەوڵەتانی دەوروبەریش لەوانە تورکیاو ئێران، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە شێوەی جۆراوجۆر بەشداری ململانێکان دەبن، تاقیکردنەوەش هەیە لەسەر دەسەڵاتدارانی کوردی کە چەند بەئاسانی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی حیزبەکانیان دەستی بێگانە ڕادەکێشن.

ئینجا ئەگەر دەسەڵات وەکدەڵێ بەڕاستی خەمی ئەزموونی کوردی و شاڵاوی شۆڤینیەکان و کەرکوکیەتی، دەبا بە بەخۆیدا بچێتەوەو چاکسازی ڕیشەیی بۆ سیستەمی حوکم بکات، دادپەروەری کۆمەڵاتی پەیرەو بکات، گوێ لە داخوازیەکانی خۆپیشاندەران و ئۆپۆزیسیۆن بگرێ، ئەگەرنا، بەرپرسیاری سەرەکی هەر سەرەنجامێکی نەخواستراوی وەک پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی، هەڵگیرسانی شەڕی ناوەخۆیی، هاتنە ناوەوەی حکومەتی عیراق و ئێران و تورکیا، هەروەها لەدەستدانی ئەزمونەکەو ناوچە دابڕیندراوەکان، ئۆباڵەکەی بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتدارانەیە کە بەدەیان ساڵە بوونەتە مۆتەکەی سەر گیانی تاکی کوردی و وازیش لە دەسەڵات ناهێنن. لە کۆتاییدا پێویستە جارێکی تر دەسەڵاتی کوردی بزانێ کە سەرەنجامی نادادپەروەری خۆپیشاندان و ڕاپەڕینە و هەقوایە سوود لەم پەندە کوردیانە وەرگرێ کە دەڵێ: پەتی درۆ کورتە و زۆرداری هەتا ئەستورتر بێت زووتر دەپسێت.


18\3\2011

ماڵپه‌ڕی سه‌دیق ره‌نجبه‌ر

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک