په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٩\٢٠١٠

سەره‌نجام پارتی دانی بە تاوانەکەی نا!


تاهیر حەسەن 

 

هەروەکو چاوەڕوان دەکرا، سەرەنجام پاراستنی پارتی سیناریۆیەکی سازکرد و هەموو خەڵکی کوردستانی تووشی شۆک کرد. سیناریۆکەی پاراستنی پارتی دەڵێ (جەماعەتی ئەنسارولئیسلام سەردەشت عوسمانیان تیرۆر کردووە، بەو هۆیەوە کە سەردەشت بەڵێنی هەندێک کاری پێدابوون کە بۆیان بکات و بۆی ئەنجام نەداون بۆیە رفاندوویانە و دواتر تیرۆریان کردووە.).

 
هەرچەندە کەم ڕووداوی تیرۆریستی وەک ئەوەی سەردەشت هەیە کەبەرلەڕوودانەکەی ، تیرۆرکراو تیرۆریستانی خۆی بۆ خەڵکی بەڕۆشنترین شێوە ئاشکرا کردبێ .پاشان شێوەو ڕادەی وەحشیانەی تیرۆرکردنەکەی ، ڕفاندنی لەبەردەم کۆلیژەکەی خۆیداو بەپێشچاوی پۆلیسەوە، دواتر دەرکردنی بە نێو ئەو هەموو پرسگانەی پارتیدا کە پارتی شانازی بە چاوکراوەیی وشەونخونیانەوە دەکات . گومانێک ناهێڵێتەوە لەلای هیچ کەسێک کە پاراستنی پارتی ئەو کارەساتەی خوڵقاندووە.

 

بەڵام پارتی دەڵێ جەماعەتی ئەنسارولئیسلام هەستاون بەم کارە!. ئەگەر جەماعەتی ئەنسارولئیسلام ئەوەندە توانایان هەبێت کە بە ڕۆژی ڕووناکو بە چەند سەیارەی جام ڕەشەوە بێنە بەردەم کۆلیژی ئاداب لەناوەڕاستی پایتەختدا و بەلێدان وڕاپێچ و بەپێش چاوی پۆلیسەوە کەسێک بخەنە نێو سەیارەوەو ئینجا بەم هەموو بازگانەی پارتیدا بیگەیەننە موسڵ ، ئێستا نیوەی شاری هەولێر بەدەست ئەوانەوە دەبوو ،ئێستا دەیان لێپرسراوی پارتیان بەڕۆژی ڕووناک تیرۆرکردبوو!.

 
سەرکردایەتی پارتی خۆشی دەزانێ کە تەنانەت معاشخۆرەکانی خۆشی ئەگەر ترسی نانبڕانیان نەبێت وبوێرن قسە بکەن، گاڵتەبەم سیناریۆیەدەکەن. بۆیە سەرکردایەتی پارتی ئەندازیاری معاشخۆری هەڵبەستنی کڵافە درۆی زۆر لەوە کارامەترو پرۆفیشناڵتری هەیە، تامەجبوور نەبێت سیناریۆیەکی ئاوها منداڵانە ساز بکات. بەڵام مەسەلە ئەوەیە پارتی خۆی وای دەوێت. ئەمجارە بەپێچەوانەی هەمووجارەکانی ترەوە، ئامانجی پارتی لەسازکردنی ئەم سیناریۆیەدا، خۆڵکردنەچاوی خەڵک نیە، بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵک لەسەر خۆی نیە، ڕەواندنەوەی تەموومژی گومانی خەڵک بە تێوەگلانی پارتی لە تیرۆری ڕۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان)دا نیە. دروست بە پێچەوانەوە . سەرکردایەتی پارتی نایەوێ خەڵکی بەو تەسەورە بگەن کە کەسێک هیڵی سووری بنەماڵەی بارزانی بەزاندووەو لەگوڵ کاڵتری پێنەووتراوە.


بۆ تێگەیشتن لەو سیناریۆیەی پارتی سازی کردووە ، گەڕان بەناو کتێبخانەکەی سەردەشتدا ، یان دواندنی هاوپۆلەکانی سەردەشت تا لە تەرزی بیرکردنەوەی سەردەشت حاڵی بین و ڕادەی دوورو نزیکی ئەومان لەگەڵ ئیسلامی سیاسی بۆ دەرکەوێت، سەرلێتێکدەرو درکنەکردنی ڕادەی مەترسی مەسەلەکەیە. بۆ تێگەیشتن لە سیناریۆکەی سەرکردایەتی پارتی کە دواتر مۆری حکومەتی هەرێمیشی لێدرا. دەبێ ڕادەی دەسەڵاتی بێ مونافیسی ئێستای پارتی وهەوڵدانی سەرکردایەتی ئەو حزبە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی شادەمارەکانی سیاسی وئابووری و سەربازی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لەبەرچاو بگرین. ئەو پەیامەی سەرکردایەتی پارتی دروست ڕاڤەی جێگاوڕێگای دەسەڵاتی سیاسیو سەربازی و ئابووری ئەو دەکات لە کوردستاندا ، نەک شتێکی تر.


سەرکردایەتی پارتی بێ هیچ سڵەمینەوەیەک ڕوو دەکاتە خەڵکی کوردستان ، کە بەتاسەوە چاوەڕوانی پەلکێشکردنی تیرۆریستانی جگەرگۆشەکەی خۆیان بوون بۆ دادگایەکی عادیلانە . پێیان دەڵێ : ئەو سەردەشت عوسمانەی کە ئێوە بۆی هاتنە مەیدان و شەقامەکانی هەولێرو سلێمانیتان پڕ کردو دەستی گومانتان بۆ پارتی ڕاکێشا، دەرکەوت کە پەیوەندی هەبووە لەگەڵ گروپێکی تیرۆریستیدا و بەڵێنی ئەوەشی پێدابوون تا کاریان بۆ بکات. بۆیە ئەگەر دڵ گەورەیی ئێمە نەبێت هەقمانە بە تۆمەتی پارێزگاریتان لە تیرۆریزمی ئیسلامی هەمووتان بدەینە دادگا .


ئێستا دەبێ یەکێتی و حزبی شیوعی و حزبەکەی کاکە حەمەو زەحمەتکێشانەکان زۆر ستایشی عەقڵی خۆیان بکەن ، کەلەسەر کارەساتی تیرۆری سەردەشت هیچیان نەووت . دەنا ئێستا دەبوو بەپەلە بۆ ڕازیکردنی دڵی پارتی بەیاننامەی نەدامەت وپاشگەزبوونەوە دەربکەن تا معاشەکەیان نەبڕن. ئێستا ئاشکرایە بۆچی پارێزگاری هەولێر لەسەر دانانی پەیکەری ئازادی لە شاری هەولێر بە (بەکر عوسمان)ی برای سەردەشتی ووتبوو دەبێ چاوەڕوانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بکەین بزانین بە چ دەگەن !. ئەو خۆی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیەو دەیزانی چ سیناریۆیەک لەسەروبەندی سازکردندایە.


پارتی ڕەوەندێکی بەرچاوی لە داسەپاندنی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا بڕیوە. ئێوە تەماشاکەن. بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە دەوڵەتێکی بەڕەسمیەتناسراوی نێو دەوڵەتی هەبێت ، بەبێ ئەوەی هیچ حکومەت و پەرلەمانێکی هەڵبژێردراوی ئازادانەی خەڵک لە ئارادا بێت ، پارتی بە هێزی زەبەلاحی سەدان هەزار چەکدار، بەقۆرخکردنی تەواوی سەروەتوسامانی کۆمەڵگە ، لەکۆمپانیای فرۆشتنی نەوتەوە تا بەشی هەرە زۆری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی هێنان وبردنەدەرەوەی کاڵا لەکوردستان ، تا دەستگرتن بەسەر بوودجەی هەرێمدا کە لەبەغداوە دێت. تەواوی ئەحزابی ڕەسمی و ڕێگەپێدراوی لەکۆمەڵگەدا کردۆتە معاشخۆری خۆی .


تیرۆری سۆرانی مامەحەمە لە کەرکوک و دکتۆر عبدولستارتاهیرشەریف لە بادینان و سەردەشت عوسمان لە هەولێر،و هەڕەشەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی لەئازادیخوازانی ناڕازی کوردستان لە کەیسی سەردەشت عوسماندا، ودواتر هەڕەشەکانی مەسعودبارزانی لە پەرلەمان لە خەڵکی کوردستان، و پاشان مەهزەلەی غەرامەکردنی ڕۆژنامەکانی هاووڵاتی ولڤین و ئاوێنە وڕۆژنامە بە ملیارەها دینار لەلایەن سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی (فازل میرانی)ەوە ، هەڕەشەی کوشتنی(گروپی گەنجانی پاراستنی پارتی بۆ داکۆکیکردن لە سەروەری و پیرۆزی نەتەوەیی) لە سەرنووسەرو ستافی گۆڤاری لڤین، تادەگات بە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی پاراستنی پارتی لەمەڕ کەیسی سەردەشت عوسمان، ئەمە وێڕای ڕاهێنانی هەزارەها گەنجی ژێرو سەرو بیست ساڵی بارزان لە سەربازگەی تایبەتی پارتیدا لە بادینان بەبێ پرس و ئاگاداری تەنانەت ئەو کڵێشەیەش کە ناویان ناوە وەزارەتی پێشمەرگە ! .هەموو ئەمانە گۆشەگۆشەی یەک سیاسەتن کە سەرکردایەتی پارتی بەمەبەستی داسەپاندنی دەسەڵاتی تاقانەی خۆی بەسەر تەواوی کوردستانداو بەرتەسکردنەوەی ئازادی و پێشێکردنی مافەسەرەتاییەکانی خەڵک گرتوویەتیەبەر. ئەگەر ئەم ڕەوەندی ملهوڕیەی پارتی لەلایەن بەرەی ئازادیخوازی جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کوردستانەوە ناکام نەکرێتەوە . ئیمپراتۆریەتی سبەینێیەکی زۆر نزیکی بارزان جێگای ئیمپراتۆریەتی عۆجەی دوێنێی بەعس دەگرێتەوە.


بۆیە ئەگەر مەسەلەی کەیسی سەردەشت بۆ پارتی هەنگاوێکە لەڕاستای بەرتەسکردنەوەی ئازادی وچەقاندنی زیاتری حزبی قائید ، ئەوا سەد ئەوەندە بۆ خەڵکی کوردستانو چارەنووسی ئازادیخوازی و کرانەوەی کۆمەڵگە بەڕووی ئازادی وعەدالەتی کۆمەڵایەتیدا چارەنووسسازە. چارەنووسی ئازادیخوازی ونەدوورینی دەمی ئازادی بیروڕا لەژێر ناوی پووچی موقەدەساتەکان وتابۆکان وهێڵەسوورەکاندا بەستراوەتەوە بەڕادەی یەکڕیزی و هاتنەمەیدانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ودەرەوە لە دژی لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی پارتی و پێکهێنانی دەستبەجێی لیژنەیەکی سەربەخۆ لە پارتی بۆ لیکۆڵینەوەو بەدواداچوونی کەیسی سەردەشت عوسمان و گەیاندنی تیرۆریستان بۆ بەردەم دادگایەکی ئاشکراو عادیلانە .ئەمە بەرپرسیارەتی مێژوویی تەواوی ئازادیخوازانێکە کە بەتیرۆری سەردەشت عوسمان وسۆرانی مامە حەمەو ئەوانی تر فرمێسکیان بۆ ڕانەگیراو دەنگی ناڕەزایەتیان بەڕووی پارتیدا هەڵبڕی.


21\9\2010

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن