په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٢\٢٠١٧

سەرنجێک لەسەر بڕیارەکەی ترامپ دەربارەی شاری قودس!


عەبدوڵا ساڵح    


ھەر لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربونی دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا ناو بەناو خۆی دەکاتە جێگای سەرنجی میدیا جیھانیەکان ودەزگاکانی ڕاگەیاندن چ لە ناوەوەی ئەمریکا و چ لەدەرەوە.زوربەی ھەڵوێست و بڕیارەکانیشی دەبنە جێگای سەرسامی و ھەندێک جار شۆکبوونی دۆستەکانی پێش دوژمنەکان!

بڕیاری ھاتنەدەرەوە لە پەیماننامەی پاریس دەربارەی ژینگە ، ھەڵوێست و ڕەفتارەکانی لە کۆبونەوەی لوتکەی پەیماننامەی ناتۆ ، ڕێگە گرتنی لە ھاوڵاتیانی ھەندێک ووڵاتی ئیسلامی بۆ چونە ناو ئەمریکا کە ھەندێکیان پەیماننامەی دۆستایەتیشیان لەگەڵدا ھەیە، ھەڕەشە لە پاشگەزبوونەوە لە ڕێکەوتنە ئۆتۆمیەکەی ئێران و، تویتە ڕۆژانەکانی کە ھەندێک جار وەک پاڵەوانی تویتەر ناودەبرێ، لەم چەند ڕۆژەشدا بڕیاری گواستنەوەی سەفارەتخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ شاری قودس وئیعتراف بەو شارە وەک پایتەختی ھەمیشەیی ئیسرائیل لەکاتێکدا‌و بەگوێرەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان شارێکی داگیرکراوە لەلایەن ئیسرائیلەوە!

ترامپ لەناوخۆی ئەمریکادا لەبارێکی سیاسی زۆر سەقامگیردا نیە ، کێشەی دەخالەتی ڕوسیا لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و دان پیانانی گەورەڕاوێژکاری پێشوی ئەمنی قەومی - مایکل فلین - بەوەی لەم کەیسەدا درۆی لەگەڵ ئیف بی ئای کردوە وبەجدی وەرگرتنی ئەو کەیسە لەلایەن لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بەسەرپەرشتی ڕۆبیرت مۆلەر کە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە ئەو کارەی پێسپێردراوە، ‌ بارودۆخەکەی لەترامپ ئاڵۆزتر کردوە ، بۆیە لە ئێستادا زۆری پێویست بە ھاوکاری وپشتگیری لۆبی ئیسرائیلیە لەناو کۆنگریسی ئەمریکا وناوەندەکانی دەسەڵات لەو ووڵاتە،‌ بەتایبەت کە ئەو لۆبیە لەپڕ نفوز ترین و بەھێزترین لۆبیەکانی ناو ئەمریکا ھەژمار دەکرێ، ئەم بڕیارەی ترامپ نابێ بەدەر لەم حاڵەتە حسابی بۆ بکرێ یان لانی کەم وەک یەکێک لە ھۆ کارەکان، ئەگەرچی گومان لەوەدا نیە کە ئیسرائیل ئەمریکای بچکۆلەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

خۆری سەربازی داعش لە سوریا وعێراق ڕوو لە ئاوابوونە ، قۆناغی دواتر قۆناغی دروێنەی دەستکەوتەکانی تێکشکانی دەوڵەتەکەی داعشە ، ڕوسیا و ھاوپەیمانەکانی خۆیان بۆ پشکی شێر ئامادە کردوە، لەو نێوەدا ئەمریکا دەستکەوتێکی ئەوتۆی نابێ، بۆیە گەرەکیەتی ئەم ئاگرە نەکوژێتەوە وڕەقیبەکانی لەکەشێکی ئارامدا دەستکەوتەکانیان نەدرونەوە ، جگە لەوەی بوونی ناوچەیەکی ئاڵۆز و نائارام لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بازاڕی فرۆشتنی چەک گەرمڕادەگرێ! ھەروەھا ھەیبەتی ئەمریکاش لە ئاستی جیھاندا نەکەوێتە ژێر پرسیارەو ئەمەش وەک ھۆیەکی دەرەکی بڕیارەکەی ترامپ نابێ نادیدە بگیرێ، ئەو دەوڵەتانەی ڕاستەوخۆ کاردانەوەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە ، تاکو ئەمڕۆ ، جگە لە ھەڵوێستێکی شەرمێونانە ھیچی دیکەتان دەرنەبڕیوە ، لەوانە سعودیە کە بەناچاری دەبێ ھەڵوێستەکەی، ئەگەر لە ئێران توندتر نەبێ، لانی کەم بە ئەندازەی ئەو بێت و دوا جار ھەردووک دەسەڵاتی بەخوێنی یەکتر تینوو خۆیان لەسەنگەرێکدا ببیننەوە!!

توندڕەوە ئیسلامیەکان کە زەبری سەربازی کوشندەیان خواردوە ، چاوەڕێی ھەلێکی دیکە و بیانویەکی دیکەن بۆ دووبارە سەر ھەڵدانەوە ، چ بیانویەک و ھەلێک لەوە باشترە کە بۆ بەرگری لە ( شوێنە موقەدەسەکانی ) ئیسلام دووبارە خۆیان ڕێکخەنەوە بەتایبەت کە ئەم ھەڵوێستە لەناو موسوڵماناندا فەراگیرەو (قودس) ھێڵی سورە لای ئەوان!

ئەوەی ترامپ دەیکا یاریەکی نەفامانەوە منداڵانە نیە، ئەوە نیە کابرا شەو بخەوێ وسبەی ھەستێتەوە وبڕیاری لەو جۆرە دەربکا، ئەمریکا دەوڵەتی دامەزراوەکانە - موئەسەسات - ئەگەرچی تاک ڕۆڵی ھەیە، بەڵام بەرژەوەندیە باڵاکان موئەسەسات دایدەڕێژێ ،ھەڵوێستەکانی ترامپ وەک سەرۆکی زلھێزترین ووڵاتی سەرمایەداری دنیا نیشانەیەکە بۆ ئەو گێژاوە قوڵەی جیھانی ئەمڕۆی سەرمایەداری لەھەموو بوارەکاندا، سیاسی، ئابوری وکۆمەڵایەتی تێیکەوتوە و تێوەی گلاوە ، تێوەگلانێک کە کاردانەوەی، دوور یا نزیک، لەسەر ھەموو دانیشتوانی گۆی زەوی جێدەھێلێ.
 


٨\١٢\٢٠١٧

a_salih١١@hotmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک