٥\٥\٢٠١٧
سەرنجێک لەسەر
ھەڵوێستە نوێکەی بزووتنەوەی حەماس!*

عەبدوڵا ساڵح
ڕۆژی ١\٥\٢٠١٧
خالید مشعەل سکرتێری مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە دۆحەی پایتەختی
قەتەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا پەیماننامەیەکی
- وپیقە - نوێی بزووتنەوەکەی ڕا گەیاند، خاڵە گرنگەکانی ئەم
پەیماننامەیە بریتین لە: ڕازی بونیان بە چارەسەری پێکھێنانی دوو دەوڵەت
بۆ ئیسرائیل و فەلەستین بەگوێرەی سنورەکانی پێش ٤\٦\١٩٦٧،
قودس بکرێتە پایتەختی دەوڵەتی فەلەستین ، دوژمنایەتیان لەگەڵ جولەکە
نیە وەک ئایین بەڵکو بەھۆی ئەوەوەیە کە ئەوان خاکی فەلەستینیان داگیر
کردوە ،ڕاشیگەیاند کە ئەوان لە بزووتنەوەی ئیخوان ئەلموسلمین دابڕاون .
مشعەل ،ئەو ھەنگاوەی وەک بەرەو پێشچونو کرانەوەی بزووتنەوەکەیانی
ھەژمار کرد و بڕیارە پەیماننامەی دیکەشی بەدوادا بێ و پێداگری کرد
لەوەی بزووتنەوەکەیان سوورە لەسەر ئامانجەکانی پێشوی وەک بنیاتنانی
دەوڵەت بۆ فەلەستینیەکان لەسەر تەواوی خاکی فەلەستین وڕەتکردنەوەی
دانپێدانان بە شەرعیەتی دەوڵەتی ئیسرائیل و سوور بوون لەسەر گەڕانەوەی
تەواوی ئاوارەکان بۆ خاکی فەلەستین . ئەم ھەڵوێستە تاکتیک بێ یا
ستراتیژ، نیشانەی پاشەکشەیە بە سیاسەتەکانی حەماس، ھەرچەندە
پاشەکشەیەکی شەرمێونانەو لێڵیش بێ .
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: بۆ لەم کات و ساتەدا ؟ بۆ بەتایبەتی لەو
شوێنە ڕادەگەیەنرێ؟
بۆ ڕوونکردنەوەی وەڵام پێویستە چەند خاڵێک
دەست نیشان بکەین:
١- حەماس کە خۆی لقێکە لە دارەکەی ئیسلامی
سیاسی ، وەک ھەموو بزووتنەوەکانی تری سەر بەو ڕەوتە، چ لە ناوچەکەو چ
لە جیھان، بۆیان دەرکەوتوە کە خۆری دەوڵەتەکەی داعش ڕووی لە ئاوابوونە
، ئەو دەوڵەتەی ھەمویان، بەھەرشێوەیەک بۆیان گونجابێ، گرەویان لەسەر
دەکردو جێگای ھیواو ئومێدیان بوو، ھەر بۆیە خۆ ئامادەکردن بۆ قۆناغی
دوای داعش زەرورەتێکی حەیاتیە بۆ ھەموو ئەو ڕەوتانە، بەوانەی
کوردستانیشەوە .
٢- سێکوچکەی، تورکیا -
قەتەر - سعودیە، کە ھاوکارو ھاوپەیمانی
دەوڵەتەکەی داعش بوون و کۆمەگی ماڵی و لۆجستی وبەشەرییان بەڕاست و
چەپدا پێدەگەیاندن ، ئەوانێش لەو مەترسیە گەیشتوون کە دەبێ ھاوپەیمانە
ئیسلامیەکانیان ئارایشێکی نوێ بەخۆیان و سازمانەکانیان بدەنەوە ، قەتەر
زووتر بۆ (جبھە النێرە)ش وای کرد و ناوەکەی پێگۆڕین بۆ (جبھە فتح الشام)
و ڕایانگەیاند کە ئەوان ئیتر لە قاعیدە دابڕان .
٣- نزیک بە دوو ملیۆن ھاوڵاتی کە لە ساڵی
٢٠٠٧ ، کاتێک حەماس چەنگی بەسەر کەرتی غەززە دا گرت، لە خراپترین ھەل و
مەرجدا ژیان بەسەر دەبەن ، داسەپاندنی بەزۆری قانونەکانی شەریعەتی
ئیسلام ، گەمارۆی ئابوری لە ھەموو لایەکەوە، تەنانەت لە دەروازەی ڕەفەح
کە غەززە بە میسرەوە دەبەستێتەوە ، سێ شەڕی ماڵ وێرانکەری دڕندانەی
دەوڵەتی ئیسرائیل دژی دانیشتوانی ئەو کەرتە لە ٢٠٠٧ تا ئێستا ، نەبوونی
دەرمان و خراپی و بێئیمکانیەتی کەرتی تەندروستی ، کەمی خۆراک ، کارەبا
، ئاوی خواردنەوە و تازەترینیشیان بڕینی بەشێکی زۆر لە موچەی
فەرمانبەران لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینیەوە کە مەحمود عەبباس
سەرۆکایەتی دەکا، ئەم بارو دۆخە لەو کەرتە ژیانی بە جۆرێک بۆ
دانیشتوانەکەی سەخت کردووە ئەگەری تەقینەوەی جەماوەری دژی حەماسی چەند
بەرابەر کردۆتەوە .
٤- سەردانی مەحمود عەبباس بۆ واشنتۆن لە
ئێستادا و گفتوگۆی لەگەڵ ترامپ دەربارەی چارەسەری کێشەی نێوانیان لەگەڵ
دەوڵەتی ئیسرائیل، حەماسی ناچار کرد لەڕێگای ئەو ھەڵوێستەوە نامەیەکی
سیاسی بنێرێ بۆ ئەمریکا کە ، عەبباس ، ڕکابەرە مێژوویەکەی حەماس ،
تەنیا نوێنەری خۆی و ڕێکخراوی فەتحە و لەھەر چارەسەرێکدا پێویستە ڕۆڵی
حەماس لەبەر چاو بگیرێ بە تایبەت کە حەماس بەم پەیامە نیەت پاکی خۆی
ڕاگەیاندووە .
٥- گومان لەوەدا نیە کە قەتەر دەستی باڵای
ھەبووە لە داڕشتنی پەیماننامەکەی حەماس، بەتایبەت کە ئەو دەوڵەتە بە
دزی و بە ئاشکرا پاڵپشتی ھەموو ئەو گروپە ئیسلامیە توند ڕەوانەیە و
جێگای حاوانەوەی زوربەی ڕابەرانی ھەڵاتوی ئیخوان موسلمینە و لە
پێشیانەوە یوسف قەرەزاوی، ھەر بۆیە ئەو پەیامە لە دۆحە ڕاگەیەنرا .
٦- حکومەتی ئیسرائیل کە ھەرگیز دەستی نەپاراستوە لە ھەر جۆرە تاوانێک
دژی خەڵکی بێدفاعی فەلەستین، ھیچ بایەخێک بۆ ئەم پاشەکشەیەی حەماس
دانانێ و بەفریوکاری ناوی دەبا ، تا ئەو کاتەی بەتەواوی چۆکی پێدانەدا
و چەک لە شانی باڵە چەکدارەکەی حەماس (کتائب عزالدین القسام) دانەماڵێ
و ناچاری نەکا دان بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل دا بنێ و گوێی خۆی کەڕ
نەکا لە مەسەلەی گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینیەکان ، ئیتر لەو حاڵەتەدا
حەماسێک لەئارادا نامێنێ و بنەماکانی دامەزراندن و مانەوەی خۆی لەدەست
دەدا .
شکستی مۆدێلی حوکمڕانی ئیسلامی سیاسی و شیعاری " ئیسلام تاکە ڕێگا
چارەیە " دەمێکە سەلمێندراوە ، ئەم جۆرە لە حوکمڕانی سەردەمی بەسەر
چوەو دەمێکە ئێکسپایەر بووە ، ھۆی ئەوەی کە لە سعودیەو ئێران، یا
ھەندێک وڵاتی دیکە بەردەوامی ھەیە، دەگەڕێتەوە بۆ شمشیرە ژەنگاویەکەیان
و قەنارەو ئیعدامی بە جوملەو و سەرکوت و خەفەقان و بێمافی و کوشت و
کوشتار ، واتە حوکم بەزەبری کوتەک ، ھەر بۆیە نە خەڵکی فەلەستین و نە
ھیچ ئازادیخوازێک نەک تەنیا بایەخێک بۆ ھەڵوێستە نوێکەی حەماس دانانێن،
بگرە بەئاواتی ئەو ڕۆژەوەن ئەم جۆرە ڕەوتانە ئێخەی مروڤایەتی بەردن و
دین وەک مەسەلەیەکی تایبەتی تاکەکان ھەژمار بکرێ و لە دەوڵەت
جیابکرێتەوە.
____________________________
*
حەماس:
کورتکراوەی (حرکە المقاومة
الاسلامیة) واتە بزووتنەوەی بەرەنگاری
ئیسلامی، لەساڵی لە ١٩٨٧ لە سەر دەستی کەسێک بە
ناوی ئەحمەد یاسین دامەزرا و دواتر حکومەتی ئیسرائیل تیرۆری کرد.
٤\٥\٢٠١٧
a_salih١١@hotmail.com
|