په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٠\٢٠١٦

سه‌رکه‌وتنی باڵی چه‌پی ناو حیزبی کاری به‌ریتانیا و کاریگه‌رییەکانی!


نوری بەشیر      

پێشه‌کی:


پاش لەساڵێک لەکێشە ناوخۆییەکانی باڵی چەپ و راست لەناو حیزبی کار (لەیبەر پارتی)ی ‌بەریتانیا، لەسەر سەرۆکی ئەو حیزبە، لەئاخرین کۆنفراسیاندا کەلەرۆژەکانی نێوان ٢٤/٩ تا ٢٨/٩ی خایاند، کەڕۆژی یەکەم تایبەت بوو بۆ دەنگدان بۆ سەرۆکی حیزب، لەشاری لێڤەرپوڵ بەبەشداری زۆربەی ئەندامانی ئەو حیزبە، کۆتایی هاوسەنگیی ھێز و دەنگھێنان لەبەرژەوەندی جێرمی کۆربین وەک باڵی چەپی ناو حیزبەکەی بۆ سەرۆکی پارتی کار بەزۆربەی دەنگ کۆتاییھات. بۆ حیزبی کار وەک یەکێک لەحیزبە بۆرژوازیە گەورەکانی بەریتانیا کەزۆرترین ئەندامی ھەیە کەخۆی لەنیو ملیۆن ئەندام دەدات، لەپاڵ حیزبی پارێزگاراندا (کۆنسێرڤەتیف پارتی) کەلەدەسەڵاتدان حسابی بۆ دەکرێت. ئەم حیزبە کێشەی ناوخۆی ھەبووە بەتایبەت لەسەر ئەو سیاسەتانەی باڵی دەسەڵاتدار ھەیبووە وەک سیاسەتی راستڕەوانە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی ناسراو کە بەرهەڵستکاری سیاسەتی رەسمی حیزب بوون و بەچەپ دەناسرێن، لەم چەند دەیەیەی دواییدا بە تۆنی بین، جێرمی کۆربین و جۆن ماکدۆناڵد دەناسرێن (‌تۆنی بین لە مارتی ٢٠١٤ دا لەژیاندا نەما)، ئەگەرچی باڵی دەسەڵات نەبوون بەڵام کەسانی دیاربوون، کەجیاوازیان ھەبوو لەگەڵ باڵی راستی ناو حیزبی کار لەزۆرێک لایەوەنەوە بەتایبەت لەسەر سیاسەتەکانی جەنگی ئەفغانستان و ‌عێراق و بەردەوام دژایەتیان ھەبوو بەسیاسەتەکانی ئەم دواییانەدا ھەم بەباڵی راستی ناو حیزبەکەیان و ھەم بەحیزبی پارێزگاران، لەسەر لێدان لەلیبیا، سیاسەتی دژی پەنابەری و کۆچکردوان، لەسەر خوێندن، تەندروستی، بێکارکردن و لەسەر چەکی نەوەوی، تێڕوانین و ناکۆکیانەیان لەپەرلەماندا بەرچاو بوو.


ھەلومەرجی جیھانی و ھەوڵی ئەمەریکادا بۆ باڵا دەستی وەک ھێزی گەورەی سەرمایەداری جیھانی و راکێشانی وڵاتانی ئەوروپا وەک ھاوپەیمانی خۆی و بڕیاردان و دەستبەسەراگرتنی بازاڕی سەرمایەداری جیھانی، جەنگ و ھێرش و کوشتار بۆ سەر ھەموو شوێنێک کەلەجیھاندا بیانەوێت، کەلەو نێوەدا وڵاتی بەریتانیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو لەجەنگی ئەفعانستان و عێراق و دواتری جەنگەکان، لەپاڵ سیاسەتی ئەمەریکادا راوەستابوو، تۆنی بلیری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتی کار لەپێشەوەی سیاسەتی راستی ئەم حیزبەدا بوو،‌ وە ھەمیشە لەپاڵ ئەمەریکادا دەستی راست بوو. ‌باڵی راستی ناو ئەم حیزبە بەباڵی تۆنی بلێر دەناسرێت، بەردەوام باڵی زاڵی ناو لەیبەرو سیاسەتی راستی بۆرژوازیانەی دەبردە پێشەوەو پیادەی دەکرد، ئەم کەسە چەپانەی ناو حیزبی کار، کەمایەتی بوون و لەئاستی سیاسەتەکانی حیزبەکانیاندا وەک تاکە کەس ھەڵوێستیان دەنواندو بەرهەڵستکاری ئەو سیاسەتانە بوون، بەڵام بەھۆی کەمایەتی ئەمان و بوونی دەسەڵات لەدەستی راستدا نەیاندەتوانی ئەو سیاسەتەی دەیانەویست بیبەنە پێشەوە.


ھەروەھا لەسایەی ‌زاڵبوونی باڵی راستی بۆرژوازی لەدنیادا و ھەروەھا پاشەکشەکانی حیزبە چەپ و سۆسیال دیموکرات و لیبراڵ و ھەتا زۆرێک بەناو کۆمۆنیستەکان و باشەکشەو شکستی بلۆکی شورەوی بەناوی سۆسیالسیتەوە دەرفەتی زیاتری دایە ئەمەریکاو ھاوپەیمانانی کە ھێرش بۆ سەر کۆمۆنیزم و مارکسیزم بکەن و زۆرێک لەو دەستکەوتانەی کەچینی کرێکار ‌بەخەباتی خۆیان بەدەستیان ھێنابوو بسێننەوە. ھەروەھا ھێرش بۆ سەر مەدەنیەتی کۆمەڵگاو زاڵی سیاسەت و ئایدۆلۆژی باڵی راستی بۆرژوازی لەدنیادا، وە یەکدەستبوونیان لەپاڵ سیاسەتی جەنگخوازی و دژە مرۆیی و دژی کرێکاری ئەمەریکادا وەستان و کارکردن لەبەرژەوەندی سەرمایەداران و بۆرژوازیداو دەستگرتنی کۆنەپەرسترین ھێزی قەوپەرست و ئیسلامی و زاڵکردنی سیاسەتی فرە فەرھەنگیی (مەڵتی کەڵچەریزم ) و راوەستان لەپاڵ حکومەت و ھێزو دەسەڵاتە میلیشیایی و قەومی دیکتاتۆر و ئیسلامیەکانی دنیادا بەزەرەری خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگا.


بەڵام پرسیارێک کەخۆی مەترەح دەکات لەئاوھا ھەلومەرجێکدا ئەمڕۆ زەمینەکانی بەرزبوونەوەی جێرمی کۆربین و دەنگھێنانی بۆ سەرۆکی حیزبی کار و دەرکەوتنی وە چەپ و سۆسیالسیت و وەک نوێنەری باڵی چەپی ناو حیزبی لەیبەر لەبەرامبەر راستدا کەزۆربەی ئەندامانی پەرلەمان پێکدەھێنن چیەو چ دەرگایەک بەڕووی کۆمەڵگادا دەکاتەوە بەپێچەوانەی قۆناغی پێشوو لەبەرژەوەندی چینی کرێکارو کۆمۆنیزمدا.


سەرەتا دەبێت لەوەوە دەست پێبکەین، کەئەو زەمینەو ھەلومەرجانە بزانین کەجێرمی کۆربینی لەناو حیزبی لەیبەردا ھێنایە سەرەوەو لەدوو ھەڵبژاردندا وەک سەرۆکی ئەو حیزبە ھەڵبژێرێت، ‌لەچەند فەردێکی ‌کەمایەتی و دەرکەوتن و ناسینیان وەک کەسانی سەر راست و شەخسیەتی ھێمن و خۆشەویست و دەستپاک، کردە سەرۆکی ئەو حیزبەو بەدوایدا ببنە باڵی زۆرایەتی و وەک چەپ دەرکەون و بەدوایدا باسی سۆسیالیزم لەقسەی خۆی و جۆن ماکدۆناڵ و چەند ئەندام پەرلەماندی تردا، زەینی زۆربەی ئەندامانی راکێشێت. ھەروەھا جەختکردنەوەوە لەسەر باسی یەکێتی ناو پارتی کارو گۆڕینی سەنگەری شەڕی ناوخۆی پارتی کار بۆ شەڕ لەگەڵ حیزبی پارێزگاران و قسەکردن لەخۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو تا دەسەڵات بگرن لەبەریتانیا. ئایا ئەم چەپەی ناو لەیبەر دەتوانێت ھەنگاوێک زیاتر لەو بەرنامە رێفۆرمانەی کەدایانناوە بەرێتە پێشەوە، پێشرەوی رێگریەکان چیەو چەندە دەرفەت لەبەردەم روھێنانیان ھەیە بۆ کۆمۆنیزم و چینی کرێکارو ھەنگاو بەرەو دەسەڵات و ئاڵوگۆڕی ریشەیی لەکۆمەڵگادا.


زەمیەنەکانی ھاتنە پێشەوەی جێرمی کۆربین!


لەپاڵ دەیان ھۆی جۆراوجۆردا لەسایەی نەزمی نوێی جیھانی سەرمایەداری و بازاڕی ئازادەکەیدا، لەسایەی دەسەڵاتی سەرمایەداران و حکومەت و دامودەزگای جۆراوجۆری بۆرژوازیدا بۆ ھەڵگیرسانی جەنگ، کاولکاری، ئاوارەیی، کوشتاری ملیۆنی خەڵک، تیرۆریزم، بێکاری، برسێتی و ھاوکاری ھێزە تیرۆریستە ئیسلایەکانی لەچەشنی داعش، کە سیمای دەسەڵاتی ئەمڕۆی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرژوازیە لەجیھاندا، کە ھۆکاری سەرەکی زەمینەی سەرھەڵدان و بەھێزبوونی ناڕەزایەتی کرێکاریی و جەماوەری بەشمەینەتە لەجیھاندا. دوو ھۆکار کەھێزو کەسایەتی چەپ، ریفۆرمیست و سوسیالسیت، سەریان دەرھێنا یان چالاکتر بوونەوە، ئەوەش یەکەم قەیرانێکی سەرمایەداری کەلە ٢٠٠٨ وە سەریھەڵدا، دووەم گوشاری بزوتنەوە کرێکاریی و جەماوەریەکان بوو بەتایبەت بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی یۆنان و سەرھەڵدانی حیزبی سیریزا بوو.


یەکەم، قەیرانە دەورەییەکانی سیستەمی سەرمایەداری کەجار لەدوای جار قوڵترو فراوانتر دەبێتەوە، بەتایبەت قەیرانی ئێستا خەریکە بەرەو یەک دەیە دەڕوات، کەدامنەی ھەموو سیستەمی سەرمایەداری لەحکومەت و سەرمایەداران و حیزبەکانی گرتۆتەوە. حیزبەکانی دەسەڵات بەباڵی راست و چەپیەوە، لەبەرامبەر ئەو ھەلومەرجەدا توشی قەیران بوون، دەیانەوێت ھەموو قەیرانەکە بەسەر کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگادا بشکێننەوە، لەگرانی، بێکاری، داسەپاندنی شەڕو کوشتارو کاولکاری، بێئاسۆیی سەرمایەداری و ئەمەریکاو ھاوپەیمانانی لەئاست نەبوونی ئەلتەرناتیف بۆ وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاو ئەفریقادا، لەوڵاتەکانی وەک سوریاو یەمەن جەنگی بەوەکالەت سەپاوە، بەئاشکرا سەرانیان لەترامپ و ھلاری کلتتۆنەوە بگرە تا سەرانی تری وڵاتانی غەرب و تا دەگاتە روسیا، نەک ھەر ھاوکارن لەدەمی خۆیانەوە دان بەھاوکاری و دەستگرتنی جۆراوجۆری سەرانی دکتاتۆرو کۆنەپەرستی وەک حافز ئەسەدو عەبادی، سیسی، وڵاتانی سعودیەو ئێران وحیزبوڵای لوبنانی و یەمەنە بەحکومەت و حوسیەکانەوە و تورکیا، تا دەگاتە مەسعود بارزانی، بەڵکو دان بەیارمەتی و ھاوکاری ھێزە تیرۆریستیەکانی وەک قاعیدەو داعشدا وەک دەوڵەتی خەڵافەتی ئیسلامیدا دەنێن، کەھەموویان ھێزی دژی کرێکارو ژنان و خەڵکی بەش مەینەتی کۆمەڵگان. ھەموو ئەو حکومەت و لایەنە بۆرژوازیانە بەقەومی ئیسلامیەوە چاوەڕوانی قۆناغێکن کەبتوانن دەسەڵاتی خۆیان لەتێپەڕاندنی قەیرانی ئێستادا، سازو ئامادە بکەن، لەچوارچێوەی سیاسەت و بەدیلی زلھێزەکانی وەک ئەمەریکاو روسیا و ھاوپەیمانەکانیاندا بۆ دابەشکردن و سازدانەوەی جیھان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان و سەرمایەداران.


ئەو ھەلومەرجەدا زەمینەیەکی وای دروستکردوە، ماھیەتی سەرمایەداری و بازاڕی ئازادی ئەمەریکاو ھاوپەیمانانی لەلایەک و روسیاو ھاوپەیمانانی لەلایەکی ترەوە رۆشنتر کردۆتەوەو ناڕەزایەتیە جیھانیەکان بەدژیان بەشێوەی جۆراوجۆری لەجیھاندا دەبینرێت، بەتایبەت بزوتنەوە کرێکارییەکانی یۆنان، فەرەنسا، بەریتانیا، ھندستان، ئەڵمانیاو وڵاتانێکی جۆراوجۆر لەشێوەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لەبەرامبەر ژیان و گوزەران و بەدژی جەنگ و ئاوارەیی و کوشتارو کاولکاری و بۆ موچەو ماف و پێداویستیە سەرەتاییە رۆژانەییەکانی مرۆڤ، سیمای رۆژانەی ناڕەزایەتیەکانە لەجیھاندا.


ئەم ھەلومەرجە لەگەڵ خۆیدا جارێکی کە لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتیە کرێکاریی و جەماوەریانەدا، ‌روھێنانی زیاترو زەمینەی سازکرد کە کۆمەڵگا روو بەچەپ و سۆسیالیزم، زیاتر کرد بەگشتی لەیۆنان و ئیسپانیاو بەریتانیا، کەدیاری ترینیان کۆمەڵگای یۆنان بوو، کەحیزبی سریزای بەماوەیەکی کورت ھێنایە دەسەڵاتەوە، وێنەی مارکس و ئاڵای سورو لەچاپ دانەوەی سەرچاوەکانی مارکس و مارکسیزم و باسی مارکس لەسەر حەق بووە دێتەوە ناو میدیاکان، لەوڵاتانێکی تری دنیادا لەنموونەی کوردستان دەیان کەسایەتی وگروپ و دەسەتەجاتی چەپ سەر دەردەھێنێت و سەرچاوەکانی ماکس و مارکسیزم چاپ دەکرێنەوە.


بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری یۆنان بەدژی سەرجەم دامودەزگای حکومەت و دەسەڵاتەکەی و پاش چەند ساڵ قەیرانی حکومەت و راگرتنی وەک حکومەتێکی سەرمایەداران لەلایەن حکومەتانی سەرمایەداری ئەورپاوە، لەکۆتاییدا لەژێر گوشاری ناڕەزایەتیە کرێکارییەکاندا داڕماو رێگای بۆ حیزبی سیریزاو رابەرەکەی ئەلکسیس تسیبراس وەک چەپ کردەوە بێتە سەر دەسەڵات، کە نەک لەئاستی یۆنان بەڵکو لەئاستی ئەوروپاو دەنگدانەوەی لەجیھاندا رەنگی دایەوە، وە ترسی لەبەردەم حکومەتانی ئەوروپا دانا و ئەوانیش لەژیر گوشاری بونی قەرزدا، توانیان پاشەکشە بەسیریزاو رابەرەکەی بکەن.


دووەم: تاسیراتی حیزبی سیریزا یەکێکی تر بوو لەو کاریگەریانەی کەسایەتی خۆ بەچەپەکانی ناو حیزبەکانی ئەوروپای خستە بەردەم دوریانی رادیکاڵبوونەوەو ھاتنە سەر مەیدانی پێشەوەی سیاسی و حیزب و کۆمەڵگا، لەوانە حیزبی پۆدیمۆسی ئیسپانیا و رابەرەکەی بابلۆ ئەغلیسیاس، وە جێرمی کۆربین و جۆن ماکدۆناڵد لەناو حیزبی کاری بەریتانیدا، ھەروەھا کاریگەری لەسەر ‌ژمارەیەکی زۆری بەرچاوی ئەحیزبی چەپی جۆراوجۆری خۆ بەسۆسیالست و رادیکال و ترۆتسکیست، ستالینیزم، سۆسیال دیموکرات و لیبرال، ئەگەر چی بچوک حاشیەیی لەکۆمەڵگادا، لەچەشنی پارتی سۆسیالست، ورکر لیبرتی، پارتی کرێکارانی سۆسیالیست، حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیای گەورە، ئەمانە لەبەریتانیاو زۆرێکی تریش لەوڵاتانی تری ئەوروپای چالاک کردەوە، تا دەگاتە سەرھەڵدانی مەیلی جۆراوجۆری تر لەوڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەچەشنی ترۆتسکیزم و خۆ بەماکسیزم زان و گروپی رۆشنگەری مارکسیستی و دەست بردن بۆ بڵاوکردنەوەی سەرچاوەکانی مارکس و ماکسیستەکانی تر، تا دەگاتە تاسیراتێک لەسەر رۆژنامەو گۆڤارەکانی ئەوروپا قسەکردن لەسەر مارکس و زەرورەتی جیھانی جارێکی تری مارکس و کاپیتاڵی مارکس و تەفسیرو داواکاری بەشێوەی جۆراوجۆر.


ھاتنە پێشەوەو کردنی جێرمی کۆربین بەسەرکردەی حیزب لە ساڵێک لەمەو بەرەوە، زادەی ئەم ھەلومەرجانە بوو، بەتایبەت بەدوای ھاتنە سەرکاری حیزبی سیریزا لەیۆنان، ئەوە بوو لەساڵێک لەمەوبەرەوە واتە لەسێپتێمبەری ٢٠١٥دا، کەحیزبی کار وەک باقی حیزبە راستەکانی تر لەقەیراندا بوو، دەرفەت بۆ جێرمی کۆربین کرایەوە کەخۆی تەرح کات بۆ رابەرایەتی وسەرکردەی حیزبی کار، ئەوەبوو لەسەرەتاوە باڵی راست بە گرنگی وەرنەگرت و دەنگی ھێنا، لەگەڵ دەنگھێنانی جێرمی، چەپەکانی بەریتانیاشی بەگشتی چالاک کردەوەو لەو حیزبانەی لەسەرەوە ئیشارەم پێدا پاڵپشتیان لەجێرمی کرد، کەزۆریان وەک ئەندامانی حیزبی کار ھەڵسوڕانیان دەردەکەوت و ئەندامگیریان بۆ دەکرد. ئەمە ‌دەرگایەک بوو بەڕویاندا کرایەوە کەچالاک بنەوەو ‌ھەڵسوڕان و بانگەشە بۆ جێرمی و حیزبی کار بکەن. ئەوەبوو جێرمی و ھاوڕێکانی دەستیان کرد بە بانگەشە بۆ خۆیان و ئەندامگرتن بۆ لەیبەر و روھێنان بۆ ‌جێرمی زیادی کرد، بەھێزکردنی باڵی خۆیان وەک چەپ لەناو لەیبەردا دەبردە پێشەوە، بەڵام باڵی راست زۆر بەتوندی رووبەڕووی جێرمی بوونەوەو زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکان بەدژی بوون، لەبەر ئەوەی ھەم نوێنەرایەتی راستەوخۆی سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیا و باڵی راستی بۆرژوزایان بەئاشکرا دەکرد و ترسی لەدەستدانی جێگاو رێگاو بەرژەوەندیەکانیان ھەبوو بکەوێتە مەترسیەوە.


ئەگەرچی کۆربین وھاوڕێکانی نەخشەو پلانێکی رۆشنیان نەبوو کەخەتێکی جیاکەرەوەی تەواویان ھەبێت لەگەڵ باڵی راستی ناو لەیبەر جیا لەقسەوباس و بەرگری لەخواستەکانی جەماوەرو داواکاری و ناڕەزایەتیەکانی کۆمەڵگا کەمەوجود بوون، بەڵام ھەلومەرجی کۆمەڵگاو ناڕەزایەتیەکان لەبەرامبەر باڵی راستی ناو لەیبەر و لەبەرامبەر حیزبی پارێزگاران و لاوزبونێکی پارێزگاران بەدوای دەرچونی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپاو وازھێنانی دەیڤید کامیرۆن لەسەرۆکی وەزیران وەک کەسیکی چالاک و ھەڵسوڕاوی کۆنسێرڤەتیف و دەوڵەتە سەرمایەداریەکەی، کەھیچ کات ئەم حیزبە ھێندە لاوازی بەخۆیەوە نەبینیبوو، ئەمانە ھەمووی شانسیان دایە جێرمی ئەندامێکی زۆر بگرێت و لەکۆمەڵگادا لایەنگری بۆ پەیدا ببێت. ھاوکات لەگەڵ دژایەتی گەورەی باڵی راستی ناو لەیبەر و بڕیاردانیان کەئەگەر جێرمی کۆربین لەڕابەری حیزبی کاردا بمێنێتەوە ئەوا ئەوان قبوڵی ناکەن. ١٧٢ لەئەندامانی پەرلەمان کەزۆربەی ئەندام پەرلەمانی لەیبەر دەکات لەکۆی ٢٣١ ئەندامیان بەدژی جێرمی بوون و ھەتا ھەڕەشەی جۆراوجۆریان دەکرد، تا ئاخرین کۆنفراسی چەند رۆژ لەمەوبەریش.


بەڵام کۆنفراس ھاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوەو بەتەواوی لەبەرژەوەندی جێرمی کۆربین و چەپی ناو حیزبی کار کۆتایی ھات. بەڵام بۆ جێرمی و چەپی ناو حیزب ئەمە کۆتایی کارێک و سەرەتای کارێکی تربوو. بۆیە بۆ جێرمی دەستپێکردنی قۆناغێکی تازە لەباسی سۆسیالیزم و لەسیاسەتی راگرتنی وەزعی ناو حیزبەکەی و داوای یەکێتی ناو حیزبەکەی و نیشاندانی دژایەتی حیزبی کار لەگەڵ حیزبی دەسەڵاتدا حیزبی پارێزگاراندا بوو، واتە داوای کرد سەنگەری جەنگیان لەناوخۆوە بگویزنەوە بۆ دەرەوە بەدژی حیزبی پارێزگاران و گرتنە دەستی دەسەڵات لەھەڵبژاردنی داھاتودا.
کۆنفراس و گۆڕانی هاوسەنگ لەبەرژەوەندی جێرمی کۆربین و چەپ بەرەوکوێ؟


ئەمە دووەم ھەڵبژاردنی جێرمی کۆربین بوو، یەکەم ساڵێک لەمەوبەرو دووەم کۆتایی سێپتێمبەری ئەمساڵ بۆ سەرۆکی حیزبەکە. ئەمە یەکەمجارە هاوسەنگیی ھێز لەناو حیزبی کاردا بەم ئارستەیدا دەڕوات، لەکاتێکدا ١٣٨٠٠٠ دەنگی ئەندامانی تازە بەھۆی جێرمیەوە کەلەدوای مانگی شوباتەوە بووبوونە ئەندام حساب نەکرا، بەڵام رۆژی ٢٤/٩ لەکۆنفراسێکی تایبەدا بەزۆرینەی دەنگ کەنزیکەی ٦٢٪ بوو جێرمی کۆربین دەنگی ھێنا، لەبەرامبەر ٣٨٪ بۆ ئۆون سمیت وەک نوێنەری باڵی راست. هاوسەنگیی ھێز لەبەرژوەندی جێرمی و و چەپی ناو حیزبی کار، توانی بەدوایدا قسەوباسەکانی جێرمی و جۆن ماکدۆناڵدو چەند ئەندام پەرلەمانی تر بگۆڕێ و فەزای کۆنفراسیش بەھەمانشێوەو ھێنانە ناوەوەی باسی سۆسیالیزم بوونیان و قسەکردن لەسەر ئەو کێشەو گرفتانەی کۆمەڵگاو شیعاری سەرەکی پێکەوە کار بکەین بۆ گۆڕانکاری دروست، گواستنەوەی جەنگی ناوخۆی لەیبەر بۆ جەنگ بەدژی حیزبی پارێزگاران، فەزای کۆنگرەو ئامادەبوانی بەچەپڵەلێدان و شادیەوە دەبردە پێشەوە، ئەمانە ھێزو ئومیدی خستەبەردەم جێرمی و ئەندام پەرلەمانەکان و دەرکەوتنی پاشەکشەیەک بە ئەندام پەرلەمانەکانی باڵی راست و بێدەنگی ژمارەیەکی ترو ھەتا روو ھێنانی ژمایەکیان بۆ لای جێرمی. ئەگەرچی جێرمی وەک نوێنەری باڵی چەپ سەرکردەی حیزبەکەی گرت، بەڵام بەمانای کۆتایی کێشەی ناوخۆیی نیە! خۆ ئامادەکردن بۆ دەسەڵات لەساڵی داھاتوودا و کارکردن بۆی، زیاتر پاشەکشە بەسەر باڵی راستی ناو لیبەردا دەسەپێنێت، بەڵام ئایا جێرمی توانای یەکدەستی حیزبی لەیبەری ھەیە، ئایا شانسی ھاتنە دەسەڵاتیان لەھەڵبژاردنی داھاتوودا ھەیە، وە چەپ و سۆسیالیستی جێرمی چ کاریگەریەکی دەبێت لەسەر کۆمەڵگا، کەزۆرێکی تر پرسیارو گرفت و پێشرەوی لەکارەکانی داھاتوودا رووبەڕوویان دەبێتەوە دێتە پێێشەوە ھەرھوەھا جۆری چەپ و سۆسیالسیتی حیزبی کارو جێرمی لەکۆمەڵگادا دەخاتە بەردەم لێکدانەوەوە.


حیزبی کار بەسەرۆکی جێرمی کۆربین چ کاریگەری و ئاڵوگۆڕێک دەتوانێ بکات!


جێرمی کۆربن پێشتر زۆر ئێدعایەکی گەورەی نەبووە لەسەر سۆسیالسیت بوونی خۆی، خۆی وەک چەپ نیشانداوە، تا بەروونی لەکۆنفراسدا تەعریفی خۆی لەسۆسیالسیت بوونی خۆی کرد کەلەکوێوە ئەم سۆسیالیستەی ھێناوەو وەرگرتووە، بەوەی کەھەرکەس سۆسیالیزم لەو جێگایەوە دێنێت کەلێی تێگەیشتوەو تاسیری لەسەری ھەبووە،‌ نەک سۆسیالیزم لەزەرورەتی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی چینی کرێکارو ئەسڵی مارکس خۆیەوە. ھەربۆیە سیاسەت و بەرنامەیەکیش لەئێستادا ‌دایناوە لەئاستی کۆمەڵگادا کەخۆی و باڵی چەپی ناو لەیبەر کەئەم رابەرێتی بکات، بەشێوەیەکی گشتی ئەو خواستە جەماوەریانەو رەفاھێتانەیە کە لە قۆناغی تۆنی بلیرو دوایی حیزبی پارێزگارانداو ھەتا لەدەورانی تانسۆ چیلەرەوە بڕاوەو ھێرشی کراوەتە سەر، لەتەندروستی، خوێندن، ‌دژی راسیستی، بێکارکردن، مەسەلەی کۆچکردوان، خانووبەرەو قوتابیان، کە بۆخۆیان خواست و داواکاری جەماوەرین لەکۆمەڵگاداو گرنگن.


واتە جێرمی کۆربین دەیەوێت ئاڵوگۆڕێک لەو مەجالانەدا بکات ‌نە حیزبی کار کەلەدەسەڵاتدا بوو نە حیزبی پارێزگاران ئێستا لەدەسەلاتدایە نەیانکرد، بەڵکو زیاتر گوشاری زیاتریان دەخستە سەر کۆمەڵگاو بەتایبەت کرێکاران و دەست تەنگانی کۆمەڵگاو لێگرتەوەنەی زیاتریان دەکرد، بەتایبەت قەیرانێک کەیەخەی سەرمایەداری و ئەمانیشی گرتووە، بۆ ئەوەی سودی سەرمایەداران دانەبەزێت دەبێت ئەو قەیرانە بشکێنەوە بەسەر بەشی خوارەوەی کۆمەڵگادا، بۆئەمەش کرێی کەم، بێکارکردن، زیاترکردنی داھات لەسەر کرێکاران و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا، گرانی، زیاترکردنی پارەی خوێندن لەسەر خوێندکارانی زانکۆ، لێگرتنەوەی لەبواری تەندروستی و خوێندنگاکان و رێگری زیاتر لەسەر پەنابەران و کۆچکردوان...ھتد . واتە سۆسیالیزمێک کە جێرمی جەختی لەسەر دەکاتەوە گەڕانەوەیە بۆ سۆسیال دیموکراتی سەردەمی خۆشگوزەرانیی و ریفۆرمێک لە ھەلومەرجی پڕ لە ستەمی کۆمەڵگادا، لەبەرامبەر بۆگەنیبوونی ھەلومەرجێک کەسەرمایەداری و دەسەڵات و حکومەتەکانیان بەسەر جیھان و کۆمەڵگادا سەپاندویانە.


بەڵام پرسیار ئەوەیە لەفەزای قەیرانی قوڵی سەرمایەداری ئەمڕۆو ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەریدا، کە دەرگایەک جێرمی بەڕووی چەپی ناو حیزبەکەی و کۆمەڵگادا کردویەتیەوە بۆ باسی سۆسیالیزم لەناو دەسەڵاتدا (لەبەر ئەوەی باسی سۆسیالیزم لەکۆمەڵگاو لەناو حیزبە چەپەکانی بەگشتی ھەر ھەبوە، بەڵام حاشیەیی و باسیکی سۆسیالیزمی دانیشگایی و ناکرێکاریی و ترۆتسکیزم و ستالینیزم بووە)، دەکرێ تاسیراتی ھەبێت، وە ھەر بەم تاسیراتەوە شانسی ئەوەی لەبەردەمدایە کەلەھەڵبژاردنی داھاتوی بەریتانیا لەیبەر بەو چەپ و سۆسیالیزمەی کەئیدعای دەکات دەنگ بھێنێت و دەسەڵات بگرێتە دەست. بۆیە خۆ بەچەپ زانین و ئەو سۆسیالیزمەی ناو حیزبی کار کە قسەی لەسەردەکەن ئەگەر بتوانێت دژایەتی باڵی راستی بۆرژازی دەسەڵات بکات لەسەر ئەو خواستانەی نێو کۆمەڵگا کاریگەری موسبەتی دەبێت. بەڵام بەچەپێک و سۆسیالیزمێک کەجێرمی ئیدعای دەکات ناتوانێت لەوە واوەتر بڕوات، ئەگەر تاسیراتی لەسەر نەبێت ھەم تاسیراتی بزوتنەوەی کرێکاریی و رابەرانی، ھەم تاسیراتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی. جێگای خۆیەتی خاڵێک ئیشارە بکەین یەکێک لەکاریگەریەکان کەجێرمی وەک چەپ چالاک کردەوە، حیزبی سیریزا بوو، ئەویش بەھۆی سیاسەتی چەپی زاڵی ئیستاو رانەوەستان لەپاڵ کرێکارو بەدیلی کرێکارییدا بەدیدێکی ماکسیستانەو کۆمۆنیستیەوە و ھەروەھا گوشاری حکومەتانی سەرمایەداری وڵاتانی ئەوروپادا شکستی خوارد، بۆیە ئومێدەکەی جێرمی کەمتربۆ‌وە. بەڵام تاسیراتی کۆمەڵگا لەناڕەزایەتی و لەپاڵدا وەستانی چەپ و رادیکالیزمی کۆمەڵگاو لەلایەکی ترەوە وەحشیەت کە سەرمایەداری و حکومەتەکان بەرامبەر کۆمەڵگا ئەنجامی دەدات، ھەروەھا وەزعێکی شۆڕوشەوق بەچەپ و سۆسیالیزم لەکۆنفراسدا، ئومیدی دایەوە بەر جێرمی و ھاوڕێکانی و دەکرێ کار بکرێت ئەم ئومێدە زیاتر بێت.


چەپ و سۆسیالسیتی ناو حیزبی کار دەرگا بەڕووی کرێکارو کۆمۆنیزمدا!


باسی سۆیالیزم لەناو حیزبی کاردا دەکرێت لەو تێڕوانینەی کەھەیانە بۆ سۆسیالیزمێک لەچەشنی سۆسیال دیموکرات یان ترۆتسکیزم بگۆڕیت، بەتایبەت بۆ چەپێکی کۆمۆنیستی و کرێکاریی، چەپێک کەئێستا لەدنیادا مەوجودەو کار و ھەڵسوڕان دەکات زیاتر چەپێکە لەژێر کاریگەریەکانی چەپەکانی دەورانی پێشودایە کەزۆربەیان پاشەکشەیان کردوەو ژمارەیەکی تریان وەک باڵی راستی بۆرژوازی کار دەکەن لەدەسەڵاتدا، واتە چەپێکە ھێندەی فەزای باڵی چەپی بۆرژوازی و باڵی چەپی ناسیونالیزم و چەپی زۆرگەرایی و میلیشیایی بەسەریدا زاڵە ھێندە فەزای مارکس و خەبات و خواستی چینی کرێکارو کۆمۆنیزمی کرێکاریی بەسەریدا زاڵ نیە. کەمەنسوور حیکمەت لەجیاوازیەکانمادا ھەموو ئەو جۆرە چەپانە دەداتە بەر رەخنەو جارێکی کە دەگەڕێتەوە بۆ مارکس خۆی و بۆ کۆمۆنیزمی کرێکار.


ئەگەرچی چەپ و سۆسیالیزمی ناو حیزبی کارو جێرمی ئەو چەپە زاڵەی فەزای ئەمڕۆیە کەلەجیھاندا مەوجودە، بەڵام وەک حیزبێکی دەسەڵات نابێت دەست کەم بگیرێت، لایەنی ئیجابی و سەلبی خۆی ھەیە. ئیجابی بەو مانایەی دەرگایەکە بەڕووی کۆمۆنیزم و چینی کرێکاردا لەکۆمەڵگادا کەلەژێر گوشاری راستی بۆرژوازیدا بوو دەکرێتەوە، کەبتوانێت لەئاستی کۆمەڵگادا شتەکانی خۆی بەفراوانی بھێنێتە مەیدان و کۆمۆنیزمێک کەلەمارکس و چینی رێکارەوە سەرچاوەی گرتوە و ھەم تاسیریش لەچەپی ناو لەیبەر بکات کەحیزبی ناو دەسەڵاتە و دەیەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست لەھەڵبژاردنی داھاتوودا زیاتر روو بەکۆمۆنیزم و چینی کرێکار روو بنێت و تەجروبەی شۆڕشی بەلشەفیک و لینین بڕواتە ناویانەوە، بەقازانجی ئاڵوگۆڕی ریشەیی لەکۆمەڵگا وەرچەرخێت.


سەلبیە بەو مانایەی ئەگەر چینی کرێکارو چەپەکانی ئێرەش وریا نەبن ئەو شیوە لە سۆسیالیزم کەپۆپۆلیستیە، یان نزیکە لەسۆسیال دیموکراتەکانی پێشوو کەوەرچەرخان بەرەو راست رۆیشتووە، بەژمارەیەک ریفۆرم نموونەیەک دەخاتەوە روو و دەیکاتە سومبل بۆ سۆسیالیزم کە دوورە لەخواست و خەباتی چینی کرێکار و سۆسیالیزمی کرێکاریی، بەو مانایە کاریگەری مەنفی دەبێت.


بەھێزبوونی کۆمەڵایەتیانەی سۆسیالیزمی کرێکاریی ناو چەپی حیزبی کارو باقی چەپ و کرێکاریی کۆمەڵگا، وەپێداگریان و کارکردن بۆ ئەو خواست و داواکاریە جەماوەریانە کە ھەیە لەکۆمەڵگادا، وە داسەپاندیان بەسەر حیزبی پاریزگاراندا، کەباڵی راستی بۆرژوازی زۆر توندڕەوە بەرابەرایەتی سەرۆک وەزیران ترەیسی مەی، ھەم ئاڵوگۆڕی باشتر لەژیانی خەڵی کرێکارو بێبەشی کۆمەڵگادا دروست دەکات، ھەم زەمینەی بەھێزبوونی بزوتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستی دروست دەکات. ئەمەش لەکۆمۆنیستەکان و رابەرانی کرێکاریی دەخوازێت کە بەشداریی راشکاوانە و ھەڵسوڕانی راشکاوانە بکەن لەکۆمەڵگادا بەو ئاکارەدا.

 

٣٠\٩\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک