په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠٢٠

سەرکردەی حیزبە شیعەکانی عێراق لە ئێران کۆبوونەوە.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


بە ھۆی گەندەڵی و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری وھەلی کارو نەبوونی ئاوی خواردنەوەو بێ کارەبایی نزیکەی چوار مانگە خۆپیشاندانەکانی بەغداو شارەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق درێژەیان ھەیە و رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتر ئەبێت و ھەروا ژمارەی کوژراو شەھیدو برینداران لە ھەڵکشانە.


لە یەکی ئوکتۆبەرەوە ( تشرینی یەکەم) ی ساڵی ٢٠١٩ خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەختی عێراق و شارەکانی باشوور دەستیپێکردووە و درێژەی ھەیەو، کۆمەڵگا دووچاری نەخۆشی کوشندە بووەتەوە ‌وەک : دزی و تاڵان و چەتەیی و بێ کاری و ھەژاری و گرانی و لەشفرۆشی و، بارودۆخی ئەو وڵاتە ئاڵۆزو مەترسیدارەو، بە ھۆی دەستێوەردانی دەرەکی بە تایبەت ئێران دۆزینەوەی چارەسەر ئاسان نییە.


لە پاش کوشتنی قاسم سلێمانی بە ناوی پرسەو سەرەخۆشی سەرکردەی حیزبە شیعەکان روویان لە تاران و قم کردوو، لەوێ بەسەرپەرشتی ئاغاکانیان کۆبوونەوەو ئەوانەی بەشداریانکرد بریتی بوون لە : موقتەدا سەدر ـ رەوتی سائرون، ھادی عامری ـ فەتح ، ئەکرەم کەعبی ـ بزوتنەوەی نوجەبا ، ئەبو ئالاء ئەلولائی ـ تاقمی سەید الشھداء، لیس خزعەلی عەسائبی ئەھلی حق و ئەبو زەینەب اللامی لە حەشدی شەعبی و کەسانی تر.


ئەوانەی لە ئێران کۆبوونەوە بە( سەرکردەی بەرنگاربوونەوە) خۆیان داناو، لە کۆبوونەوەکە باسی ھێزی ئەمریکایان لە عێراق کردو، چۆنێتی مامەڵەکردن بۆ دەرکردنیان و، باسی بارۆدۆخی ئەمن و ئاسایشی وڵاتیان کردو، جەختیان لە سەر یەکریزی ویەکخستنی ھەوڵەکانیان وچۆنێتی کارکردنیان لە ناو پەلەکانی پەرنگاربوونەوە و، گفتوگۆکردن سەبارەت بە ھەڵبژاردن و، دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی داھاتوو، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە یەک دەنگ بوون لە سەر: موقتەدا سەدر ببێت بە سەرۆکی سەرانی بەرنگاربوونەوەو، لە جێی فالح فەیاز ھادی عامری ببێت بە سەرۆکی حەشدی شەعبی و، ئەمەش پەیوەستە بە بریاردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و، ھەر ھەموویان جارێکی تر جەختیان کردەوە کە پێویستە ئەمریکا دەربکەن و قەت لەم بریارەیان پاشگەز نابنەوە و، داوا ئەکەن خۆپیشاندانی ملیۆنی بەرپا بکرێت بو دەرکردنی ھێزی بێگانە بەتایبەت ھێزی ئەمریکا کە ٥٠٠٠ پێنج ھەزار سەربازە.


ئەمرۆ ئێران بە ئاشکرا تراتێن لە ناو خاکی عێراق ئەکات و، بانگھێشتی سەرکردەی حیزبە شیعەکانی دەسەڵات بۆ ئێران ئەکات بەڵام ئەو دەستتێوەردانەی ئێران ھەستی جەماوەری خەڵک بەرز ئەکاتەوەو، نارازین بە کردەوەکانی و دروشمی دژایەتی ئێران بە دەنگی دلێر ئەڵێنەوەو، بە ھۆی راپەرینی خەڵک ئێران ترسی لێنێشتووەو واھەست ئەکات دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا کەمبێتەوەو، ئاگری راپەرێنەکەی بەغداو شارەکانی تر ناو خۆی ئێران بگرێتەوەو لەویش بە تەواوەتی گر بگرێت و کەم نییە لەم رۆژانە لە ناو خۆپیشاندنەکانی شارەکانی تاران و ئەسفەھان وتەورێزو شارەکانی تر دروشمی : مردن بۆ خامنەیی دیکتاتۆر بەرز بکرێتەوەو شایانی باسە شارەکانی کر‌ماشان و سنە وشارەکانی تری کوردستان بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کردووە.


حیزبە شیعەکانی دەسەڵات تا ئێستا نەیانتوانی کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکەن ھەرچەندە تاقمەکەی عامری ناوی دوو سێ کەسی خستە بەردەم سەرۆک کۆمار بەڵام ئەو کەسانە بە دڵ و خواستی خۆپیشاندەران نەبوون بۆیە لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە رەت کرانەوەو، لە بێ ئومێدی و کەساسی سەرۆکی ئەو حیزبانە کە لە سەرەمەرگدان و دەسەڵاتەکەیان رووی لە روخان و نەمانە نیازیان وایە لە پەرلەمانەکەیان، پەرلەمانی عێراق دەنگ بدەن بە مانەوەی عادل عەبدولمەھدی سەرۆگ وەزیرانی کاربەرێکەرو موقتەدا سەدر پێش چوونی بۆ ئێران وتی : بە مانەوەی عادل عەبدولمەھدی خوێنی زیاتر ئەرژێت و، لەلایەن خۆپیشاندەران بە خوێنرێژ ناوی ئەبرێت و، تاوانی زۆری ئەنجامداوە.


جێی ئاماژەیە شیعەکانی عێراق لە ریزی پێشەوەی خەڵکن دژ بە دەستێوەردانی ئێران لە کاروبارو دۆخی عێراق و، سوور ئەزانن بە فیتی ئەوانەوە سەرکردە شیعەکان بێدەسەڵات و ملکەچن و ، ھەر ئێرانە نایەڵێت خواست و ئارەزووی خۆپیشاندەران بێتەدی و داخوازییەکانیان جێ بەجێ بکرێن و، کۆتایی بە خۆپیشاندان بھێنن بەڵام ھاوپەیمانی شیعەکان لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆرینەن و، ئەتوانن درێژە بە مانەوەی عادل عەبدولمەھدی بدەن و بۆ فرسەت و ھەل ئەگەرێن لەو تەنگژەیە رزگاریان بێت.


کەسانێکی زۆر باوەر ناکەن شیعە بەو جۆرە وەڵامی حیزبە شیعەکان وئێرانی بەناو ئێسلامی بدەنەوە و ، ئەوانەی لە گۆرەپانی تەحریر { ئازادی} و وەسبە { راپەرین} لە بەغداو گۆرەپانەکانی شارەکان کۆبوونەتەوە کێبرکێ ئەکەن بۆ دارشتنی درۆشمی ورووژێنەرو زەق دژ بە دەسەڵاتدارانی عێراق و ئێران وەک : نا بۆ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی، نا بۆ پەرلەمانی عێراق،پەرلەمانی فرت و فێڵ ( تەزویر) ، ئێران بۆ دەرەوە ، بۆ دەرەوە و ئێرانییەکان لە وڵاتەکەمان دەرچن و، زۆربەی ئەو دروشمانە لە سەر دیوارو شوێنە بەناوبانگەکان نووسراون و، جەماوەر بە گەرموگوری و حەماسەوە ئەیڵیننەوەو ، لە شاری نەجەف خۆپیشاندەران ناوی شەقامی ( ئیمام خومەین ) یان گۆری بۆ { شەقامی شۆرشی ئو‌کتۆبەر} و دامودەزگای ئەمن و پۆلیس و سوپای عێراق بە سەرپەرشتی سوپای پاسدارانی ئێران دەستیان لە کوشتنی خۆپیشاندەران نەپاراست و دریغیان لە خوێنرشتن نەکرد.


لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان تا ئەمرۆ ئێران پێی باش نییە سەرانی حیزبەکانی شیعە داخوازی خۆپیشاندەران و خەڵکی راپەریو جێ بەجێ بکەن و، داخوازییەکان ئاسایین و، یەکەمیان نەھێشتنی گەندەڵییەو دووەمیان چاکسازییەو دانانی یاسای نوێی ھەڵبژاردنە تا ئەگاتە دەرکردنی سوپای پاسداران و ھەرچی ئەفسەرو و موستەشاری سەربازی و قەناس بە دەستە کە بوونە ھۆی شەھید کردن و بریندار کردنی نزیکەی سی ــ ٣٠ ھەزار کەس و، عێراقییەکان نایانەوێت لە ژێر چەترو ھەیمەنەی ئێرانییەکان بن.


خۆپیشاندەران و خەڵکی راپەریو ئەم خاڵانەی خوارەوە لایان گرنگە:


پێویستە عادل عەبدولمەھدی دەستلەکار بکێشێتەوەو، تاوانبارە بە خوێنرشتن و ئەبێ بدرێتە دادگاو، فایەل و دوسییەی ھەموو تاوانباران بخاتەروو و بیاندات بە دادگا.


نەمانی گەندەڵی و دژی گەندەڵکارانن و، دژی تایفەگەری و پشکپشکێنەن.


ئێران بە تەواوەتی دەست لە عێراق ھەڵگری و بچێتە دەرەوەو چیتر نەخشە ‌دانەنات بۆ کوشتنی خەڵک.


ئابووری ئێران بە ھۆی سزاکانی ئەمریکاوە تێکچووەو بێھێزە بۆیە ئەبێت عێراق خوێ نەبەستیتەوە بە ئێران چونکە ئێرانییەکان ھەوڵئەدەن یاخەی عێراق بەرنەدەن و، ئێران خاک و سامانی عێراقی ئەوێت و، ئەوەی دژایەتی سیاسەتیان بکات ئەبێ بکوژرێت.


حیزبەکانی دەسەڵات و میلشیاکانیان واز لە درۆو فێڵ و تەڵەکەبازی بێنن و چیتر خۆڵ نەکەنە چاوی خەڵکەوە.


ئەبی موقتەدا سەدرو رەوتی سائرون بزانن چێتر جێی متمانە نین و، موقتەدا بووەتە بەشێک لە مالکی و عامری و خەزعەلی و ئێران و، کردوویانە بە ""‌ سەرۆکی سەرانی بەرنگاربوونەوە"" و، فشەفش نەکات خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەکات و، ھەرچەندە ھەموو لایەک ئەزانێت موقتەداو حیزبەکانی دەسەڵات ئەتوانن خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام بدەن و، ئەوەش بۆ تێکدان و زاڵبوونە بە سەر خۆپیشاندەرانی گۆرەپانی تەحریرو وەسبەو، نابێت موقتەدا بەناوی خەڵکی راپەریو قسە بکات.


١٦\١\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک