٧\٤\٢٠٢١
سەرکوتکردنی
هاوڕەگەزخوازان
هێمایەکی دیکەی ستەمگەریی دەسەڵاتدارانی کوردستانە.
ئێمە
لە ''ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین'' دژ بە هەموو جۆرە پێشێلکردنێکی
ماف و ئازادییەکانین و هەمیشە بە پێی پێویست و پێڕاگەیشتن پەیامی خۆمان
هەبووە و دەبێ لە بەرانبەریان.. هەر بۆیە خۆبەخۆ دژ بە پێشلکردنی ماف و
ئازادییەکانی هاوڕەگەزخوازانیشین.
وەک چۆن هاوسەرگیریی یان پێکەوە ژیانی سێکسیی نێوان (ژن و پیاو) مافێکی
رەوایە، بە هەمان شێوە هاوسەرگیریی یان پێکەوە ژیانی سێکسیی نێوان (پیاو
و پیاو) و (ژن و ژن)یش مافێکی رەوایە. ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە
ئایدیۆلۆژیا هزر و تێڕوانینە جۆراوجۆرەکانەوە نییە تا بە پێی
بەرژەوەندییەکانیان و لە رێی (دابونەریت و نێرسالاریی و دین و
دەسەڵات)ەوە ئەو مافە بە هەندێک بدەن و بە هەندێکی نەدەن.. بەڵکە ئەوە
مافێکی سروشتیی و گەردوونییە چ بۆ (ژن و پیاو) چ بۆ هاوڕەگەزخوازان،
واتە دروستبوون و هەبوونی حەزی سێکسیی (مێ بۆ نێر) و (نێر بۆ مێ) هەروا
(مێ بۆ مێ) و (نێر بۆ نێر) هەروا (نێر بۆ مێ و نێر) و (مێ بۆ نێر و مێ)
لە لای مرۆڤ دروستبوون و هەبوونێکی سروشتیی و بایۆلۆژیی و دەروونییە..
رێگرتن لە هەر یەکێکیان لە لایەن ئایدیۆلۆژیا و هزر و تێڕوانینەکانەوە
سەرکوتکردن و پێشێلکردنی سادەترین و سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانی
مرۆڤە و دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێ.
هەر لەو روانگەیەوە ئێمە زۆر بە توندیی ئەو ئۆپەراسیۆنەی دەستگیرکردنی
هاوڕەگەزخوازان سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین کە بە بڕیاری (لێژنەی باڵای
ئەمنیی سلێمانی) و بە رەزامەندیی (دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی) لە
لایەن (هێزەکانی سلێمانی)یەوە لە (١ی نیسانی ٢٠٢١)ەوە دەستیپکردوە و ١٧
ئەندامی (ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی)ش پاڵپشتیان کردوە.
هەڵبەتە ئەو فەرهەنگە سەرکوتگەرییەی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن و
راوەدونانی هاوڕەگەزخوازان و لەشفرۆشان پەیوەندیی بە خەڵکە
ئازادیخوازەکانی دەڤەری سلێمانییەوە نییە بەڵکە ئەوە سیاسەتی
نێرسالاریی و کۆنەپارێزیی دەسەڵاتە مافیایی و گەندەڵکارەکەی ئەنجوومەنی
پارێزگایەکەیە و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەرهەنگەی کە (بابی
هەژاران!) لە پاش راپەڕینی ١٩٩١ بە کوشتنی ژنان بە بیانووی لەشفرۆشیی
دەستیپێکرد و (شازادە قوباد تالەبانی) بە دروشمی (پیاو بە توندوتیژیی
بەرانبەر ژنان رابگرە!) و پەرلەمانتار (هاوڕێ مەلا ستار) بە
پێناسەکردنی حکومەت بە (حکومەتی مێینە!) درێژەی پێدەدەن! دیارە
دەسەڵاتە داپلۆسێنەرەکەی هەولێریش هەر لە چوارچێوەی هەمان ئەو فەرهەنگە
دەخولێتەوە و بە هەردوو لایان هەموو خەڵکی کوردستانیان لە نێو گێژاوی
کۆنەپەرستیی دینیی و نێرسالاریی و دابونەریتە داڕزیوەکان نوقم کردوە..
ئەوە سەرەڕای برسیەتی و خراپیی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی ژیان و
گوزەرانێکی شایستە بە مرۆڤ.
هەرچەندە وەک ئەوەی لە هەر دیاردەیەکی نوێی نێو کۆمەڵ کە سیستەمێکی
گەندەڵکار بەڕێوەیدەبا خراپ بەکارهێنان هەیە.. لە نێو
هاوڕەگەزخوازانییش خەڵکانێک هەن خراپەکاریی دەکەن و دەستدڕێژیی سێکسیی
ئەنجامدەدەن تەنانەت هاوڕەگەزبازانێکیش کە بەرپرسن و پێگەی بەهێزیان لە
نێو دەسەڵات و حیزبەکان هەیە بە زەبری هێز و ئەو پارەیەی لە
گەندەڵکاریی وەدەستیانهێناوە دیاردەی هاوڕەگەزخوازیی لە پێناو حەزە
سێکسییە چڵێسەکانیان بەکاردەبەن و لەکەداری دەکەن، کەچی بەداخەوە ئەو
خراپەکاریی و لادانانە پەردەپۆش دەکرێن و (رۆشنبیران و میدکار و
رێکخراوە) بە ناو ئازادییخوازەکانیش زۆر بە کەمیی خۆ لە قەرەی ئەو
پێشێلکاریانە دەدەن یان هەر سەرکوتدەکرێن و ناوێرن هەڵوێستی راست و
دروست دەرببڕن.. لەولاشەوە میدیای سیێبەر و دەرباری دەسەڵات و حیزبەکان
پرسەکە بە پێی بەرژەوەندییە چەوسێنەرییەکانی خۆیان دەجوولێنن و
بەکاریدەهێنن.
بەڵام ئەوانە هیچیان ناتوانن لە مافە رەوایەکانی هاوڕەگەزخوازان کەم
بکەنەوە و دەستگیرکردن و هەر جۆرە توندوتیژییەکیش لە بەرانبەریان تەنیا
نیشانەی ستەمگەریی دەسەڵاتداران دەردەخا.. ئاخر ئەوان هیچ زیانێکیان بۆ
ئاسایش و رەوتی ژیانی خێزانیی و رەوشت و بەهای کۆمەڵایەتی نییە و تەنیا
دەیانەوێ لە ماف و ئازادییەکانی خۆیان بەهرەمەند بن.. بەڵکە ئەوە
سیستەمەکە و پارتیەکانن بە دەسەڵاتداران و بەرهەڵستکارەکانیانەوە هەرچی
ئاکار و رەوشتی جوان و چاک و پاکی خەڵکی کوردستان و مرۆڤایەتی هەبوون
هەموویان لەنێوبردن!
ئازادیی بۆ هاوڕەگەزخوازان و سەرجەم خەڵکی کوردستان کە رۆژانە بە شێوە
و شێوازی جۆراوجۆر ماف و ئازادییەکانیان پێشێلدەکرێن.
ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین
٦\٤\٢٠٢١
rojnamen@yahoo.com
|