په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە کەرکوک

باوکێک "تاقە" کوڕەکەی لە خەودا دەکووژێت؟!

  
ستار محەمەد قادر

 
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ رێکەوتی 9/4/2009 باوکێک بە ناوی "عەدنان محەمەد کەریم" کە دانیشتووی گەڕەکی رزگاری شاری کەرکوکەو خاوەنی یەک تاقە کوڕێکی لاوە بە ناوی (سۆران)، لە نێو خەودا کاتژمێر نێزیکەی پێش حەوتی بەیانی بە چوار گوللەى کڵاشینکۆف کۆتایی بە ژیانی کوڕە تاقانەکەی دەهێنێت و پاشان هەڵدێت بۆ ئەو فەرمانگەیەی کە ئەو لێی کارمەندەو پێیان رادەگەیەنێت کە کوڕەکەی خۆی کوشتووەو لێیشی پەشیمان نییە!


ئەمە ئەو کارەساتە تراژیدییایانەیە کە کۆمەڵگەی کوردی لە حاڵی حازردا ژیانی تێدا دەکات، کلتووری تووندوو تیژی تەنها لە ئاستێکدا درکی پێناکرێت، بەڵکو سەر لە بەر جەستەی کۆمەڵگەی کوردی قۆرخ کردووە و کووشتن بووە بە ئەلتەرناتیڤی لێکگەیشتن و وەکو چارەسەرییەکی بنەڕەتی لێی دەنواڕدرێت!


ماوەیەکە قسە لە سەر کووشتنی کچان یان ژنان دەکرێت، بەبێ ئاوڕ دانەوە لەو کلتوورەی کە لە بارتەقایدایە تووندوو تیژی بەرانبەر بە رەگەزێک بنوێنێت ئامادەیی ئەوەی تێدایە کە هەر هەمان تووندوو تیژی بەرانبەر بە رەگەزی بەرهەمهێنی ئەو تووندوو تیژییە بەکار بهێنێت!
کووشتنی "سۆران" ی لاو نە پەیوەندی بە شەرەفەوە هەیەو نەش بە کردەوەیەک کە دژ بە نۆرم و ئەو کلتوورە بێت کە لە نێو ئەم کۆمەڵگەیەدا قابیلی قبووڵ نییە، بەڵکو هۆکاری کووشتنەکەی تەنها پەیوەندی بە لێکنەگەیشتنەوە هەبووە لە نێوان ئەو و باوک و دایکیدا، "سۆران"ی جوانە مەرگ بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێت کە هەڵقەی هاوسەرێتی لە گەڵ کچێکی دانیشتووی شاری سلێمانیدا ئاڵ و گۆڕ کردووەو لە چاوەڕوانی هیمەتی باوکیدا بووە کە نەفرەت لە هێندێک پووڵ بکاو بڕیاری گواستنەوەی دەسگیرانەکەی بدات، بە واتایەکی دی شایی بۆ ساز بکات، لێ ئەو باوکە دڵ رەقەی ئامادەیی ئەوەی تێدا بووە کە کۆتایی بە ژیانی "سۆران" بهێنێ و خێزانێک سەرگەردان بکات، بەڵام لە دڵی نەهاتووە لە پێناو خۆشنوود کردنی بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی خۆی قووربانی بە پوول بدات!


ئەوەی ئەمڕۆ بە چاوانی خۆم بینیم تراژیدیایەک بوو کە ئاماژەی بە گووتارێکی ترسناک دەکرد، گووتارێک هێندەی هێمای بۆ مەرگ دۆستی دەکرد، ژیانی نەفی دەکردو دەیسڕیەوە، هێندەی ئەوەی بە گوێماندا دەدا کە کۆمەڵگەی کوردی لە دووای رووخاندنی بەعسەوە لە هەوڵی رووخاندنی بوونیادی سەرەکی خۆیەتی کە کاراکتە رو خودی مرۆڤە، ئەوە ناخوێنینەوە کە لە هەوڵی بوونیادی کەسێتی مرۆڤدایە، ئەمڕۆ لە ژێر پەرچەمی ئەو دیمۆکراسییە هەڵتۆقیوەی ژێر پەرچەمی داگیرکاریدا جۆرەها تاوان لە چرکەیەکدا ئەنجام دەدرێن و کەسیش نە لە هەوڵی خوێندنەوەو نەش لە هەوڵی دۆزینەوەی میکانیزمی چارەسەرکردنیاندان!


"سۆران" دەبووایە ئەمڕۆ پێش ئەوەی ماڵ ئاوایی لە ژیان بکات، بگەڕێتەوە بۆ فەرماندەیی، چونکە مۆڵەتی تەواو بوو بوو، لێ ئەو باوکە دڵ رەقەی کە هەڵگری هیچ جۆرە مۆراڵێک نییە، لە نێو خەوندا کۆتایی بە ژیانی پاکیزەیی بەهەشتی خەون و خەیاڵی ئەو پەروانەیە دێنێ و نایەڵێت بۆ چرکەیەکیش چاوانی بکاتەوە تا لەوە بە ئاگا بێت ئەوە چ قارەمانێکە وا لە خەوندا بە سەر کوڕی خۆیەوە بە چەکەوە راوێستاوەو دەیەوێت بە فیشەک لەو خەونە قووڵە بە مەرگ ئاشنای بکات!


ئەمڕۆ سەر تاپای ئەو خەڵکانەی ئەو کوڕە لاوەیان دەناسی هەموویان ئەسرینییان بۆی دەڕژاند، "سۆران" لە ژیاندا تەنها باوکی هەبوو، مامی لە ساڵی 1991دا لە شاری کەرکوک شەهید بوو، ئەو پێویستی بەوە بوو کە باوکی پەنجەکانی بگووشێت لە بەر ئەوەی لە نێو خەڵکدا خۆشەویست بوو، لێ مەخابن لە شوێن دەستی یارمەتی پەنجە گووشین و لە بەختی ئەودا، باوک ئەو جەللادە بوو کە ئەوی لاوی کرد بە قووربانی و لە بچووکترین مافە سرووشتییەکانی خۆی کە ژییانە مەحروومی کرد، بۆیە "سۆران" و هاوشێوەکانی شەهیدی دەستی کلتوورێکی چەقیوو کۆمەڵگەیەکی دۆگمان، بۆیە لە ژیوواری کۆمەڵگەیەکی هاوشێوەی ئەوەی ئێمەدا دەبێت هەمیشە لە چاوەڕوانی مەرگی "سۆران"ەکان و "دۆعا"کاندا ببین؟!!
 

 

star_qadr@yahoo.com