په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٠\٢٠١٥

سەرمایەداریی ترسناکترین هێرشە بۆ سەر مرۆڤایەتی.
- وەڵامی ستیفن هاوکینگ بە پرسیارێک دەربارەی مەترسییەکان بۆ سەر ژیان لەسەر زەوی -

عەبدولڕەحمان محەمەد 

ستیڤن هاوکینگ:

ئێمە باشترە زیاتر بترسین لە سەرمایەداریی

بەراورد بە رۆبۆتە دەستکردەکان لە دواڕۆژدا.

 

 

سەرمایەداریی، لە زۆر کۆمەڵگادا، بە تایبەتی لە کۆمەڵگا مەزهەبیەکاندا کە ئایین دەسەڵاتدارە و سەرچاوەی یاسا و بڕیاردانە، بۆیە شتێکی تر نیە بێجگە لە یاسا ئاسمانیەکان کە ژیانی مرۆڤەکانی دیاری کردبێت، هەروەها زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکەشی دیاری کردووە، تا ئێستاش ئەم وشەیە یا دەستەواژەیە (سەرمایەداریی) کە تەمەنی دەگاتە نزیکەی ٢٠٠ ساڵ، بە هەند وەرنەگیراوەو بە شێوەیەکی بەرفراوان نەکەوتۆتە بواری جەدەل و گفتوگۆی کۆڕو کۆمەڵەکان، بۆیە کێشمەکێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان تا ئێستاش بە شێوە زانستیانەکەی تەماشا ناکرێن و زۆر جار دەستە و وەستان لە بەرامبەر ئەم کێشانەدا چۆک دا دەدەین و ڕوو لە ئاسمان دەکەین، دەست دەکەین بە پاڕانەوە بۆ ئەوەی هێزێک بێت بە هانامانەوە!، لە کاتێکدا هۆکار و دروستکەرانی قەیرانەکان لە سەر زەوین کە پێیان دەگوترێت (سەرمایەدار). کاتێک کە ئەم چەند دێڕەی ئەم زانا فیزیایە ئەستێرە ناسە دەکەم بە کوردی، شارو شارۆچکەکانی کوردستان بە عەمەلی یا پراکتیک تەجروبەی ئەم زانایە دەکەن، بە ڕاستی ژیان لەوەدایە بوەستێت، چوار مانگە دەسەڵاتی سەرمایەداریی موچەی نەداوە بە موچەخۆرانی کوردستان، ئەو داهاتانە وەک هەمومان دەزانین سەرچاوەی دەسەڵاتە لە کڕینی چەک و تەقەمەنی و بە کرێگرتنی کەسان و کردنەوەی میدیای زەبەلاح بۆ پڕوپاگەندە و چەواشەکاری، بۆیە بابەتەکە دەقاو دەق لە گەڵ ئەم وەزعەی خۆماندا دێتەوە، با درێژەی پێ نەدەم و فەرموون ئەمیش دەقی چاوپێکەوتنەکەی ستیڤن هاوکینگ:

وەڵامێکی ڕەشبینانەی ستیڤن هاوکینگ لە سەر دواڕۆژی بەشەرییەت دەڵێت: یەکسانی داهات یا دەرامەت قەیراناوی دەبێت و ناتوانرێت هاوسەنگی بە خۆیەوە ببینێت بۆنەوەکانی داهاتومان، لە کاتێکدا کە زۆربەی کارە دەستیەکان ئەوانەی کە هێزی کاری مرۆڤ تیایاندا ڕۆڵ دەبینێت، دەگۆڕێت بۆ ئامێری پێشکەوتوو و کۆمپیوتەر جێگایان دەگرێتەوە، دواتر ئەو کەسانەی کە خاوەنی ئەم ئامێرە پێشکەوتوانەن، یا بڵێین خاوەنی هۆکارەکانی بەرهەم هێنانن، ئەو دەوڵەمەندانەن کە لە دواڕۆژدا ڕەتی دەکەنەوە یاخود رازی نابن لە سەر دوبارە دابەش کردنەوەی داهاتەکانیان.

هەروەها لە پرسیارێکی دیکەدا؛ پرسیاری لێ دەکرێت، ئەگەر تۆ پێت وایە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا دەبێتە هۆی بێکاریەکی ڕادەبەدەر، لەوەیە بەشەریەت بەردەوام بێت لە هێنانە کایەوەی زۆر جۆری کاری نوێ کە فرسەتی کارکردن هەر بمێنێت، یاخود دەگەینە خاڵێک کە زۆربەی کارەکانی کۆمەڵگا لە لایەن ئامێرە ئۆتۆماتیکەکانەوە یاخود تەکنۆلۆجیاوە ڕابپەڕێنریت کە هێزی کاری مرۆڤ کەمتر بەشداری تیادا دەکات، ئەو کاتە پێویست بە کرێ ناکات، یاخود کرێ یا پارە ئەو ڕۆڵەی نامێنێت لە ژیانماندا؟

وەڵامی ستیڤن هاوکینگ ' ئەگەر هەموو پێداویستیەکانمان لە لایەن ئامێرەکانەوە بەرهەم هێنرا، ئەو کاتە بەرئەنجامەکەی دەکەوێتە سەر یا بەند دەبێت بە شێوازی دوبارە دابەش کردنەکەیەوە، بە مانایەکی تر چۆن دابەش دەکرێت بە سەر ئەندامانی کۆمەڵگادا. لێرەدا دوو هەڵبژاردەمان هەیە، یەکەم: هەموو کەسێک دەتوانێت ژیانێکی ئیسراحەتی شاهانەی زۆر خۆش بژێت ئەگەر بەرهەمی ئامێرەکان دابەش کرا بە سەرماندا بە یەکسانی. دووهەم یاخود زۆربەی خەڵکی ژیانیان لەوپەڕی ناخۆشی و چەرمەسەری و هەژاریدا دەبێت ئەگەر خاوەن ئامێرەکان توانیان سەرکەوتن بە دەست بهێنن و دەسەڵات دار بن لە بەرامبەر دوبارە دابەش کردنەوەی داهاتەکان یاخود بەرهەمی ئامێرەکان. بەڵام تا ئێستا وا دیارە ڕەوتەکە بەرەو لای هەڵبژاردەی دووهەمە، کە خاوەن ئامێرەکان یا سەرمایەدارەکان بەرهەمەکانیان دابەش ناکەن بەسەر ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگادا و نایەکسانیەکان هەر بەرەو سەرەوە دەچێت.

بۆیە لە ئێستاوە ئەو چینەی کە خاوەنی ئامێر یا هۆکارەکانیبەرهەم هێنان نیە و تەنها هێزو بازوو بە کار دێنێت دەبێت بۆ زامن کردنی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی بیرێک بکاتەوە لەو داهاتووە کە ستیڤن هاوکینگ پێشبینی دەکات.

ئەوەی من سەرنجم دابێت پرسیارەکە زیاتر بۆ ئەوە بووە کە چ ئەستێرەیەک یاخود نەیزەکیک لە دواڕۆژدا خۆی بە زەویدا دەکێشێت، چونکە ئەم زانایە زیاتر لە بواری ئەستێرەناسی و ئاسماندا شارەزایی هەیە، بەڵام بەراوردی کردووە سەرمایەداریی ترسی زیاترە تا ئەستێرەو نەیزەک و ڕۆبۆتەکان.


١٣\١٠\٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڕه‌حمان محه‌مه‌د

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک