په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١١\٢٠٢٦

سەرمایەی خەیاڵی و کۆمەڵگەی نمایش.‪

ئەکرەم سەعید      

- بەشی دووەم -

ڕوونکردنەوە:
لە بەشی یەکەمدا ڕوونمان کردەوە کە چۆن سەرمایەداریی ئەمرۆ گەشەی کردووە بۆ ئاستێک کە تایبەتمەندییەێکی هەیە مارکسییەکان پێی دەڵێن «داراییبوون» یان سەرمایەی خەیاڵی، واتە بازاڕە داراییەکان ‪-‬ بۆرسە، دراوە دیجیتاڵیەکان - کریپتۆ و سیستەمی قەرزی کرێدت کە بەڕێوەبەرایەتیی تریلیۆنان دۆلار دەکەن، بێ ئەوەی هاوشێوەی ئابووریی ڕاستەقینەیە بێت، کە کرێکاران کاری تێیدا دەکەن و کاڵای تێدا بەرهەم دەهێنن. ئەم دیاردەیە لە ڕووی فەلسەفی و ئابوورییەوە بە «جیهانی سێبەرەکان» دەناسرێت؛ کە تێیدا بەهای کۆمپانیاکان بە بەهای نمایشکارییان لە بۆرسەدا دەپێورێت، نەک بە توانای بەرهەمهێنانیانی ڕاستەقینە. بۆ نموونە ئیلۆن ماسک دەبێتە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، نەک لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلی زیاتر لە تۆیۆتا بەرهەم دەهێنێت (چونکە تۆیۆتا چەندین هێندەی تێسلا ئۆتۆمبێل بەرهەم دەهێنێت)، بەڵکو لەبەر ئەوەی پشکەکانی تێسلا لەسەر بنەمای خەیاڵ، سەرکێشیی دارایی و نمایشکردنی داهاتوویەکی مەحاڵ دامەزراوە.
مانای سەرمایەی خەیاڵی (Fictitious Capital) سەرمایەی وەهمی و ناڕاستەقینەیە، تەنها لەسەر کاغەز یان شاشە بوونی هەیە. وەهم بە واتای خەیاڵپڵاوی، گومان، و شتێکی ناڕاستەقینە دێت کە هیچ بنەمایەکی نییە. بەڵام سەرمایەی ئەندێشەیی (Intellectual Capital): بەشێکی نامادییە وەک زانیاری، داهێنان، خەیاڵی زانستی، تێڕامانی قووڵ؛ بەڵام بەرهەمی ڕاستەقینە و بەرجەستەی هەیە. هەندێک جار کۆمپانیاکان بەهای سەرمایە ئەندێشەییەکانیان زۆر زیاتر لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان دەخەمڵێنن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران، کە ئەمەش وا دەکات بەشێک لەو نرخە ببێتە خەیاڵی.
بە کورتی، بەرهەمەکانی سەرمایەی ئەندێشەیی کە زۆرینەییان لە شێوەی کاڵا و خزمەتی تەکنەلۆژی پێشکەوتووە، بەری بیرکرنەوە و داهێنانی بڵندی مێشکە، بەڵام سەرمایەی خەیاڵی مەبەست لێی ئەو سەرمایەیە کە لە بازاڕە داراییەکان، بۆرسە، قەواڵە داراییەکان و پشکەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەم جۆرە سەرمایەیە بەهایەکی ڕاستەوخۆی ماددیی بەرهەمهێنراوی نییە، بەڵکو بەهاکەی لەسەر بنەمای پێشبینی و ئەندێشەی قازانجی داهاتوو دیاری دەکرێت. سەرمایەی خەیاڵی لە هەر ساتێکدا ئەگەری تەقین و داڕمانی هەیە.
وەهم وشەێکی عەرەبییە بە کوردی خەیاڵ دەگەێنێ. لە ڕاستیدا من لە وتارەکاندا مەبەستم ( سەرمایەی خەیاڵی)یە، بەڵام ( سەرمایەی ئەندێشەیی) دانراوە، کە مانای (سەرمایەی خەیاڵی ‪-‬ وەهمی) ناگەێنێ. ئەندێشە بە واتای بیرکردنەوە، خەیاڵی داهێنەرانە، و تێڕامانی قووڵ دێت، وەهم بە واتای خەیاڵپڵاوی، گومان و شتێکی ناڕاستەقینە دێت کە هیچ بنەمایەکی نییە. وە بەهۆی ئەوەی هەردوو وشەکە پەیوەندییان بە مێشکەوەیە، چونکە هەردووکیان لە ناو مێشکی مرۆڤدا ڕوودەدەن و بە چاو نابینرێن، وە هەردوو جۆری سەرمایەکە لەسەردەمی ئێمەدا لە بازاڕەکانی بۆرسەدا، زۆر تێکەڵ و ئاوێتەی یەکتر بوون، سانا لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. بۆیە هەندێک کەس لە قسەکردنی ڕۆژانەدا بە هەڵە لە جێگەی یەکتر بەکاریان دەهێنن. دروستە وشەی خەیاڵ پردێکە لە نێوانیاندا؛ خەیاڵی زانستی و داهێنەرانە دەبێتە ئەندێشە، بەڵام خەیاڵی بێبنەما و پڕوپووچ دەبێتە وەهم. هەروەها هەردووکیان لە ئابووریدا هەڵگری بەهای ناڕاستەقینە و خەیاڵین و لە قەیرانەکانیاندا وەک بڵق دەتەقێنەوە و بازاڕ دووچاری داڕمان دەکەن - وەک کارەساتی داڕمانی بۆرسەی ‪”‬تەکنەلۆژیای زیرەک و کۆمپانیا ئێنڤیدیا‪”‬ لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا. بۆیە داوای لێبووردن لە خوێنەر دەکەم لەو هەڵەیە زمانەوانییە.
مەبەستی ئەم وتارە ئەوە نییە کە سەرمایەی خەیاڵی و سەرمایەی ئەندێشەیی وەک دوو سەرمایەی بەتەواوەتی لێکچوو نیشان بدات؛ چونکە سەرمایەی ئەندێشەیی ناتوانێت بە جیا لە کەتوار بوونی هەبێت و گەشە بکات، بەڵام هەردوو سەرمایەکە وەک «مشەخۆرێکی پێکهاتەیی» لەسەر ئەو زێدەباییە دەژین کە جیهانی ڕاستەقینە بەرهەمی دەهێنێت. کۆمپانیا تەکنەلۆژییە تریلیۆنییەکان نوێنەرایەتی وەهمێکی ڕەها ناکەن، چونکە ئەوان باڵادەستن بەسەر داراییە مادییە بەرجەستەکاندا؛ لە مافی داهێنان، سەنتەرە زەبەلاحەکانی داتا، و قۆرغکاریی لێشاوی داتا جیهانییەکان کە لە کۆتاییدا وەردەگێڕدرێن بۆ قازانجی ڕاستەقینە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە لەبەردەم سێ جۆری سەرمایەدا (سەرمایەی ڕاستەقینە، سەرمایەی خەیاڵی، سەرمایەی ئەندێشەیی) نین کە بەجیا هەن و لێکترازاون و کە هەرگیز یەکتر نابڕن، بەڵکو ئێمە لەنێو جیهانێکی فرە جۆری سەرمایەین کە پەیوەندییەکی ئۆرگانی و داینامیکییان پێکەوە هەیە.
بەڵگەی مارکس لێرەدا سەبارەت بە سەرمایەی خەیاڵی و زێدەبایی بەڵگەیەکی بلیمەتانەیە؛ بیرۆکەکە لەسەر ئەوە بنیاتنراوە کە سەرمایەدار سەرەتا ڕەنج و ماندووبوونی کرێکار لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەدا دەدزێت؛ بەڵام ئەوەی کە چۆن دزەکان (بانکەکان، خاوەن پشکەکان، سەرکێشە داراییەکان ‪-‬ سەرمایەی خەیاڵی) ئەم دەستکەوتە لە بەرز و نزمی نرخەکان لە ڕێڕەوەکانی بۆرسەدا لە ڕێگەی ئامرازەکانی سەرمایەی خەیاڵییەوە لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، واقیعی چەوسانەوەی بنەڕەتیی کرێکارەکە ناگۆڕێت.
لەم ڕووەوە، مارکس بۆچوونی بەو شێوەیە بوو کاتێک باندێک کێڵگەکەت دەسووتێنن، و دەست بەسەر موڵک و ماڵتدا دەگرن و خزمەکانت دەڕفێنن، ئیتر نابێت بۆت گرنگ بێت کە چۆن دزەکان ئەم دەستکەوتانە لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن. مارکس بەم جۆرە ڕاکەی خۆی ڕووندەکاتەوە: ”ئەگەر بۆرژاوزی خاوەنی ئەو سەرمایەیە بێت کە کرێکاران کاری پێدەکەن، ئەوا تەواوی زیادەباییەکە دەخاتە باخەڵی خۆیەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک بۆ کرێکار گرنگ نییە کە ئایا سەرمایەدارەکە هەموو شتێک بۆ خۆی دەهێڵێتەوە، یان ناچارە بەشێکی بداتە کەسی دوەم و سێیەم”.
بەڵام جیاوازی سەردەمەکەی ئێمە لەچاو کاتی مارکس ئەوەیە کە سەرمایەی خەیاڵی فرە پانوپۆڕبووە و پەلی کلیێشاوەتە نێو هەموو پانتایی سەرمایەی ڕاستەقینەش، بۆیەکانێ هەرچەندە زۆرینەی چینی کرێکار خاوەنی پشک نین لە بۆرسەدا یان دراوە دیجیتاڵییەکان (کریتپۆ)، و لەبەر ئەوەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ بەو داڕمانە کاریگەر نابن وەک چینی ناوەڕاست و بازرگان و دەوڵەمەندەکان کە سەرمایەگوزاری سەرکێش دەکەن، بەڵام کرێکاران گەورەترین باج بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەدەن. چونکە هەر کە ئابووریی ڕاستەقینەی جیهانی بەهۆی تەقینەوەی بڵقەکانی سەرمایەی وەهمی پێ دەنێتە قۆناغی پاشەکشە (سستبوونی ئابووری- رکود)، تەقینەوەی بڵقەکانی سەرمایەی خەیاڵی دەگۆڕێت بۆ تەنگژەیەکی بژێوی ڕاستەقینە و خنکێنەر کە بەرۆکی چینە هەژارەکان دەگرێتەوە لە ڕێگەی گرانی و بێکارییەوە.


پەیوەندیی سەرمایەی خەیاڵی بە داڕووخانی سیاسییەوە:


کۆمەڵگەی نمایش ‪-‬ چۆنیەتی گۆڕانی مرۆڤ لە بکەرێکی ڕاستەقینەوە بۆ تەماشاکەرێکی سەرقاڵکراو.


سۆسیالیستەکان لەو گرێدانە بنەماییەی (بنیادییەی) کە لە لایەک لە نێوان بانکی ناوەندی، داراییبوون و هەڵاوساندا دەیکەن تەنیا نین، و تەنها مارکسیستەکان نین کە ڕەخنە لە دۆخی ئیمپراتۆریەتی سەرمایەی خەیاڵی جیهانی سەرمایەداری هاوچەرخ دەگرن، بەڵکو لیبڕاڵەکانیش شۆکبوون بەو ئاڕاستەیەی کە سەرمایەی خەیاڵی گرتوویەتیە بەر. بۆ نموونە: جێفری تاکەری لیبڕالیست لە چاوپێکەوتنێکدا لە چەند ڕۆژ لەمەوبەرداـ(سەرمایەداریی ئەمریکی لە لێواری داڕماندایە ‪-‬ شۆکەکە گەیشت)‪-‬ ٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦- لە کەناڵی(توێژینەوەکانی بێلایەنی عەرەبی)- هەمان ڕای هەیە دەربارەی سەرمایەی خەیاڵی. تاکەر تاووتوێی پاشەکشەی متمانە بە دامەزراوە خۆرئاواییەکان دەکات، لە لایەکەوە گرێدان دەکات لە نێوان (بانکی ناوەندی، داراییبوون و هەڵاوسانی دراو - سەرمایەی خەیاڵی) و لە لایەکی تریشەوە لە نێوان نایەکسانی، شەڕەکان و ناسەقامگیریی بژێوی خەڵکی. هەروەها باسی سەرکەوتنی ئابووریی چین، سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا، و باسی ئەوەش دەکات کە ئایا دیموکراسی شکستی هێناوە یان کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی بەرژەوەندییەکانی ئۆلیگارشیاوە.


تێزی سۆسیالیستەکان دەربارەی زیادبوونی دیاردەی هەژاریی، قووڵبوونەوەی جیاوازیی چینایەتی، شەڕەکان، ناعەقڵانییەتی سیاسی و باڵادەستیی گوتاری نمایشکاریی بۆرژوازی، لەگەڵ میراتێکی تیۆریی مارکسی سەنگیندا یەکدەگرێتەوە، کە فراوانبوونی سەرمایەی خەیاڵی وەک بزوێنەرێکی بنەڕەتی بۆ قەیرانەکانی سەرمایەداریی هاوچەرخ دەبینێت.


سەرمایەداری لە قۆناغی کێبڕکێیی نێوان ساڵانی ١٨٠٠-١٩٠٠، پێشتر هەموو ئەو تایبەتمەندی و خەسڵەتانەی تێدا بوو کە ئەمڕۆ قسەیان لەسەر دەکەین (وەک: هەژارکردنی چینی کرێکار، قەیرانە ئابوورییەکان، دڕندەیی و شەڕەکان، سەرمایەی خەیاڵی، و ناعەقڵانییەتی سیاسی)، بەڵام جیاوازییەکە لە سەردەمی ئێستاماندا بەهۆی گەشەکردنی سەرمایەداری خەیاڵی لە بواری تەکنەلۆژیادا، و باڵادەستیی سەرمایەی خەیاڵی و گەشەکردنی ئاسۆیی خۆی، لەوەدایە کە قەیرانە ئابوورییەکان، دڕندەیی، شەڕەکان و ناعەقڵانییەتی سیاسی، سەرەڕای گوتاری چەواشەکارانەی دەسەڵاتە بۆرژوازییەکان، هەموویان گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز و ترسناک.


لەو چوارچێوەیەدا، نووسەری ئەم وتارە ڕای وایە کە کەرتی ژیریی دەستکرد و نیمچەگەیەنەرەکان/ چیپە ئەلیکترۆنییەکان کە لە ڕاستیدا سەرمایەی ئەندێشەیین، بەڵام بەهۆی ئاوێتە بوونیان لە بۆسەرەکاندا بوونەتە نوێترین و مەترسیدارترین بەرجەستەبوونی سەرمایەی خەیاڵی لە جیهانی ئەمڕۆماندا، و ئەو ئەڵقەیە پێکدەهێنن کە تەوەرەی گەیشتنی ئەم وەهمە بە لوتکە ڕوون دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەسفکردنی ئەم پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە بە فێڵ و تەڵەکەبازی، لەوانەیە وەک تێکەڵکردنی چەمکەکان لێی وەربگیرێت و ڕەخنەی لێبگرێ؛ بەهۆی ئەوەی گوایە جیاوازی ناکات لە نێوان سەرمایەی خەیاڵی (وەک قەرزەکان، گرێبەستە داراییەکان و پشکەکان، و دراوی کریپتۆ) و سەرمایەی ئەندێشەیی ‪-‬ سەرمایەی تەکنەلۆژیی دیجیتاڵی (وەک ژیریی دەستکرد و چیپە ئەلیکترۆنییەکان). چونکە ئەمەی دواییان، سەرەڕای هەڵاوسانە شێرپەنجەیییەکەی لە بەهای بازاڕیدا بەهۆی سەرکێشییە داراییەکانەوە، نوێنەرایەتی گەشەکردنێکی ڕاستەقینە و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ‪-‬ بازدانێکی چۆنایەتی دەکات لە هێزەکانی بەرهەمهێناندا، نەک تەنها فێڵێکی دارایی بێت. سەرەڕای ئەوەش، لۆمەکە لێرەدا ناکەوێتە سەر نووسەر؛ بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی خودی کەتواری هاوچەرخ، کە تێیدا ئاستی تێکەڵبوون و یەکگرتن لە نێوان ئەوەی ڕاستەقینە و مادییە لەگەڵ ئەوەی ئەندێشە و مەجازییە گەیشتووەتە ڕادەیەکی زۆر گەورە، کە سنوورەکانییان یەکتریان بەزاندووە و ئاوێتەی یەکتر بوون؛ کە جیاکردنەوەی میکانیکی لە نێوانیاندا قورس دەکات.


لە کۆتاییدا، نابێت باڵادەستیی سەرمایەی خەیاڵی وەک دیاردەیەک تێبگەین تەنها لە وڵاتە سەرمایەدارییە ڕۆژئاواییەکاندا قەتیس مابێت، بەڵکو دیاردەیەکی جیهانگیرە و لەسەر ئاستی جیهان تەشەنەی کردووە، و لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بەپێی ئاستی ‪”‬گەشەکردنی نایەکسان‪”‬ی سەرمایەی جیهانی بەرجەستە دەبێت.
ئێمە لەم بەشەدا تیشک دەخەینە سەر پەیوەندیی نێوان (سەرمایەی خەیاڵی - ئابووریی جیهانی سێبەرەکان) بە کۆمەڵگەی نمایش و داڕووخانی سیاسیی جیهانەوە.


سۆسیالیستەکان مامەڵە لەگەڵ داڕووخانی سیاسیدا ناکەن (وەک دیاردەی ترامپ، ئیلۆن ماسک، پۆپۆلیزم، ڕەگەزپەرستی، گەڕانەوەی لاهوتی سیاسی و بێبنەمایی گوتاری سیاسیی گشتیی بۆرژوازی) وەک نیشانەیەکی ڕەوشتی یان ڕێکەوتێکی مێژوویی، بەڵکو ڕەچەڵەکەکەی دەگێڕنەوە بۆ بەرهەمێکی پێکهاتەییی حەتمیی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە قۆناغی ئێستاییدا. لە زانستە سیاسییە مارکسیستییەکاندا، سیاسەت وەک سەرخانێک دەبینرێت کە ڕەنگدانەوەی ژێرخانی ئابوورییە. کاتێک باڵادەستیی کەرتە ئابوورییە گشتییەکان لە بەرهەمهێنانی کاڵای ڕاستەقینەوە (کە پێویستی بە کرێکار، کارگە، سەندیکا، و دانوستانی بەکۆمەڵ هەیە، و لە ئەنجامدا پێویستی بە پرۆسەیەکی سیاسیی گەشەپێدەری نەریتی هەیە) دەگۆڕێت بۆ باڵادەستی سەرمایەی خەیاڵی و سەرکێشییە داراییەکان لەسەر بنەمای هاوکێشەی (دراو- دراو) کە پشت بە کۆدە دیجیتاڵییەکان و داراییەکان دەبەستێت؛ ئەوا سیاسەت بە ناچاری زیاتر دەستبەرداری عەقڵانییەتی خۆی دەبێت و بیرکردنەوەی واقیعیی خۆی لەدەست دەدات. بەم شێوەیە، سیاسەت لە سەردەمی سەرمایەی خەیاڵییدا، ئەویش دەبێتە سیاسەتێکی خەیاڵیی؛ کە بریتییە لە نمایش، گوتاری بۆرژوازی لە میدیا کلاسیكییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی جیهانی دیجیتاڵدا، بۆ ئاڕاستەکردنی هۆشی کرێکاران بەرەو جیهانێکی خەیاڵیی، و بەڵێنی پۆپۆلیستیی پووچ کە دەچنەوە سەر بەڵێنەکانی دەوڵەمەندبوونی خێرا لە ڕێگەی دراوە کریپتۆکانەوە. ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین ئەوە بسەلمێنین کە کازینۆی بۆرسە و سێرکی سیاسەتی هاوچەرخ دوو ڕووی یەک دراون.


مەبەست لە داڕووخانی سیاسیی جیهانی سەرمایەداری لە تێڕوانینی مارکسیدا، ئەو قۆناغەیە کە تێیدا دامەزراوەکانی دەوڵەتی بۆرژوازی و دیموکراسییەکەی دەگەنە بنبەست؛ کاتێک دەستەوەستان دەبن لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووریی بنەڕەتیی درێژخایەن، ئەمەش پاڵیان پێوە دەنێت دەستبەرداری بنەما دیموکراسییەکانیان ببن و پەنا بەرنە بەر ئامرازە سەرکوتکارەکان و(دەسەڵاتی ئۆلیگارشی- دەسەڵاتی دکتاتۆری گرووپێکی بچووکی دەستەبژێر) بۆ پاراستنی مانەوەی سیستەمەکە‪-‬(وەک ئەو دیمەنانەی داڕمان کە ئەمڕۆکە لە فەرەنسادا بە بەرچاومانەوە دەگوزەرێ).


مارکسیستەکان پێیان وایە کە دیموکراسیی بۆرژوازی لە بنەڕەتدا دەمامکێکە کە دەسەڵاتی سەرمایە دەشارێتەوە (دکتاتۆرییەتی شاراوەی سەرمایە)؛ لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانەکاندا، ئەم دەمامکە لادەچێت و دەوڵەت وەک ئامرازێکی سەرکوتکاری ڕاستەوخۆ دەردەکەوێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چینی باڵادەست (بۆرژوازی) دژی چینی کرێکار (پرۆلیتاریا). ئەم دیدگایە هەڵوێستی گشتیی سۆسیالیستەکان پێکدەهێنێت بەرامبەر بە سیاسەتی بۆرژوازی و ئامرازەکانی وەک دەوڵەت، بێگوێدانە قۆناغ و پلەی گەشەکردنی سەرمایەداری. بە دەربڕینێکی تر، قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری چ لە قۆناغی کێبڕکێی ئازاددا بێت کە باڵادەستی بۆ ئابووریی ڕاستەقینە و بەرهەمهێنانی کاڵاکان بوو، یان لە قۆناغی قۆرغکاریدا بێت کە سەرمایەی خەیاڵی تێیدا باڵادەستە، حەتمەن دەبێتە هۆی بەسەربازکردنی ئابووری و بەرپاکردنی شەڕەکان، لەمەشەوە، هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی کۆلۆنیالیزمی نوێ، شەڕەکان، دەستێوەردانە سەربازییەکان، و گەورەکردنی کۆمەڵگە پیشەسازییە سەربازییەکان، دەبێتە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ بەردەوامیی سیستەمی سەرمایەداری‪.‬ بەڵام هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان لە ئەمڕۆدا ئەم توانایە هێندە بەرفراوان نییە، بۆیە قەیرانەکان و ناکۆکییەکان لەناو خودی دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکاندا لە تەقینەوەدایە، و ئەمەش دەبێتە هۆی داڕووخانی سیاسی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.


بەڕای سۆسیالیستەکان داڕووخانی سیاسی هۆکارەکەی تەنها کەوتنی ڕەوشتیی سەرکردەکان نییە، بەڵکو دەرئەنجامی دژایەتیی پێکهاتەیی نێوان سروشتی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتیی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە؛ کە تێیدا سەرخانی سیاسی بە نائومێدییەوە هەوڵ دەدات پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانی قەیراناوی بپارێزێت.


ساڵانی ڕابردوو شاهیدی سەرکەوتنێکی بەرچاو بووین لە شیکارییە مارکسیستییەکاندا بۆ دۆخی سیاسیی جیهان، بەتایبەت لەگەڵ تەقینەوەی قەیرانە ئابوورییەکان و شەڕە جیۆپۆلەتیکییەکان. مارکسیستە هاوچەرخەکان دۆخی سیاسیی جیهانی ئەمڕۆ وەک قەیرانێکی پێکهاتەییی توندی سەرمایەداری دەخوێننەوە کە ڕەنگدانەوەی قۆناغی گیانەڵا یان داڕووخانی مێژوویی سەرمایەدارییە؛ کە تێیدا هەموو شێوازەکانی دەوڵەتی سەرمایەداری - چ دیموکراسییە بۆرژوازییە نەریتییەکان لە ڕۆژئاوا یان دەوڵەتە پارێزگارە ئاینی و نەتەوەییەکان لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا- دەستەوەستان دەبن لە پێشکەشکردنی چارەسەری ڕاستەقینە بۆ قەیرانەکانی بێکاری و تەنگژەی بژێوی ڕوو جەماوەری کرێکار.


لەسەر بنەمای ئەم خوێندنەوەیە، سۆسیالیستەکان دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە دۆخی سەرمایەداریی هاوچەرخ دەیسەلمێنێت کە سەرمایەداری چیتر توانای پاراستنی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگە یان دەستەبەرکردنی سەقامگیریی دیموکراسییەکەی نەماوە؛ و ئەم جەمسەرگیرییەی ئێستا حەتمەن یان بەرەو مۆدێلی دەسەڵاتخوازتر و سەرکوتکارتر بۆ پاراستنی سەرمایەمان دەبات، یان بەرەو ڕاپەڕینی بزووتنەوە کرێکاری و سۆسیالیستییە ڕێکخراوەکان کە جێگرەوەیەکی ڕیشەیی بۆ سیستەمەکە دەخەنە ڕوو.


لەبەر ئەوەی سەرمایەی خەیاڵی لە جەوهەری خۆیدا لەسەر بنەمای متمانە، پێشبینییەکان، بەڵێنەکان و ئەندێشە وەستاوە؛ لە ژێر سایەی جیهانێکدا کە بەدەست قەیرانی متمانەوە دەناڵێنێت، لێرەوە بە ناچاری پێویستی بە پیشەسازیی درۆی ڕێکخراو هەیە. ئەگەر متمانەی مەجازی پاشەکشە بکات، بۆرسە دەستبەجێ دادەڕمێت (وەک ئەوەی لە قەیرانی ٢٠٠٨دا ڕوویدا)، بۆیە ڕۆڵی سیاسییەکان و میدیا لە سەردەمی ئێستاماندا لە بەردەوامکردنی خەیاڵ و بێهۆشکردنی جەماوەردا دیاری دەکرێت؛ پۆپۆلیزمی ترامپی، گەڕانەوەی لاهوتی سیاسی و ڕەگەزپەرستییەتی بۆ کایەی سیاسەت، شۆکە یەک لە دوای یەکەکانی میدیا، و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە بە بابەتە لاوەکییەکان و ڕۆشنبیریی بەکاربردنی ڕووکەش؛ سەرقاڵ بوون و چەنەبازی زۆرینەی خەڵکی لە نێو سۆسیال میدیا بە بابەتی نائەقڵانی وەک (جەنگی هەرمەجدۆن و گەڕانەوەی مەسیح، و دەرکەوتنی مەهدی) یان باسی ژیانی تایبەتی (ئەستێرەکانی وەرزش و هونەر) و (گاڵتەوگەپی سادە و سووک بۆ کات بردنەسەر)؛ یانی داگیرکردنی کاتی ئازاد و بەتاڵی کرێکاران بە بابەتی پڕوپووچەوە، هەموویان ئامرازی وەزیفین بۆ پاراستنی ئەم سیستەمە داراییە لەرزۆکە لە تەقینەوە. سیستەمەکە بە ناچاری پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی بێئاگا هەیە کە ئەم پرسیارە جەوهەرییە نەخاتە ڕوو: ”ئەم تریلیۆنانە لە کوێوە دێن لە کاتێکدا مووچە ڕاستەقینەکانمان دەخورێن؟”.


چونکە سەرمایەی خەیاڵی بە سروشتی خۆی سەرمایەی خەیاڵی لە بەرهەم هێنانی کاڵاکاندا ڕاستەوخۆ بەشدار نییە، بەوهۆیەوە پشت بە ”متمانە و پێشبینییە دەروونییەکان” دەبەستێت. لەبەر ئەوە، پاراستنی سەقامگیرییەکەی لە ڕووی پێکهاتەییەوە پێویستی بە جبەخانەیەکی گەورە لە فێڵبازی و پیشەسازیی هۆشیاریی ساختە و درۆ هەیە (گوتاری ئایینی سیاسی و ڕەگەزپەرستی، پۆپۆلیزم، کاتبەسەربردن و شۆکەکانی میدیا). چونکە ئەگەر کرێکاران ژیرانە بیر لە جیاوازی چینایەتی نێو کۆمەڵ بکەنەوە (هەژاربوونی زۆرینەی خەڵکی و دەوڵەمندبوونی کەمینەێکی سەرمایەدار) ئەوا باوەڕبوون بە سیستەمەکە دەهەژێت و بۆرسە دادەڕمێت. بۆیە، ”بێبنەمایی سیاسەت” و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە بە بابەتە لاوەکییەکانەوە (وەک پرسی شوناسی مرۆڤەکان: ئایینی و نەتەوەیی)، میکانیزمێکی بەرگریی پێویستە بۆ پاراستنی ژێرخانی دارایی لەرزۆکی سەرمایەداری.


لێرەدا ڕۆڵی سەرمایەداریی نمایش یان ئەوەی بە ”ئابووریی نمایش” ناسراوە دەردەکەوێت، کە یەکێکە لە وردترین کلیلە تیۆرییەکان بۆ تێگەیشتن لە سەردەمی ئێستا؛ کاتێک سامان، سیاسەت، و ژیانی ڕۆژانە گۆڕاون بۆ تەنها نمایشێکی بینراو و بەبازاڕکردنی بەردەوامی ئەندێشە. ڕەچەڵەکە بنەڕەتییەکانی ئەم چەمکە دەگەڕێنەوە بۆ فەیلەسوف و کۆمەڵناسی مارکسیستی فەرەنسی ‪”‬گی دێبۆر‪”‬ لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا کە لە ساڵی ١٩٦٧دا بە ناوی "کۆمەڵگەی نمایش" بڵاوکرایەوە، و ئەمەش ئەو بیرۆکەیەیە کە دواتر لەلایەن فەیلەسوفانی تری وەک ‪”‬ژان بۆدریار‪”‬ پەرەی پێدرا. دێبۆر سەرنجی دابووە ئەوەی کە سەرمایەداریی درەنگوەخت کاڵای گۆڕیوە بۆ ”وێنە و نمایش”، لە ڕاستیدا ئیلۆن ماسک و ترامپ ئەوەندەی ”وێنەی نمایشکاری” دەفرۆشن، هێندە کاڵا یان بەرنامەی سیاسی ڕاستەقینە نافرۆشن. سیاسەتی خەیاڵی ڕووەکەی تری سەرمایەداریی نمایشە، کە تێیدا ئاڕاستەکردنی خوارزمی دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چینایەتی.


ئانسرۆپۆلۆژیای خەیاڵ (لە جادووگەری کۆشکەوە بۆ خوارزمە):


کاتێک داڕووخانی سیاسی و چەواشەکاریی نمایشکاری لە سەردەمی ئێستاماندا بەراورد دەکەین بە میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی جەماوەر و ڕاکێشانی سەرنجیان لە ڕێگەی جادووگەران و نمایشە چەواشەکارەکانیان لە سەردەمە کۆنەکاندا (وەک میسری کۆن و چینی کۆن)، دەبینین ئەم بەراوردکارییە دەست دەخاتە سەر جەوهەری فەلسەفەی سیاسی و مێژووی دەستکاریکردنی هۆشیاریی جەماوەر.


له ڕاستیدا ئێمە لە ڕووی ئامانج و ڕەفتارە دەسەڵاتخوازییەکانەوە لە سەردەمێکی تەواو نوێدا ناژین، بەڵکو لەبەردەم وەشانێکی تەکنەلۆژیی زۆر پێشکەوتووی ئەو نەریتانەداین کە هێندەی مێژووی کۆمەڵایەتی کۆنن. سیاسەت، لە بەرەبەیانی مێژووی چینایەتییەوە (لە دەوڵەتە ناوەندییە کۆنەکانی وەک میسر و چین)، هەمیشە پێویستی بە خەیاڵ بووە بۆ شەرعییەتپێدانی دەسەڵات و تاڵانکردنی زیادە بەرهەم. تەنها جیاوازیی ئەمڕۆ ئەوەیە کە جادووگەری کۆشکی پاشایەتیی میسر یان غەیبزانی ئیمپراتۆریی چینی، شوێنیان گیراوەتەوە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕاوێژکارانی پەیوەندییە گشتییەکان، و ئەستێرەکانی تەلەفزیۆن.


جادووی تەکنەلۆژیی هاوچەرخ بەرامبەر بە جادووی سەردەمە کۆنەکان:


لە سەردەمە کۆنەکاندا، هێزەکانی بەرهەمهێنان سەرەتایی بوون، و کەمیی زانیاری و تێنەگەیشتن لە دیاردە سروشتییەکان (لافاو، مانگگیران و خۆرگیران) ئەو کەرەستە خاوە بوو کە قەشەکان «شەرعییەتی خەیاڵی»یان لێ دروست دەکرد بۆ پاشا یان ئیمپراتۆر تا زیادە بەرهەمی کشتوکاڵی تاڵان بکەن. ئەمڕۆ، هێزەکانی بەرهەمهێنان گەیشتوونەتە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان، بەڵام پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانی بۆرژوازیی سەرمایەداری ئەم هێزە پێشکەوتووانە بەکاردەهێنن بۆ پیشەسازیی تێنەگەیشتن لە جۆرێکی نوێ: « گەمژەکردنی خەڵکی لە ڕێگەی جۆرەکانی پلاتفۆرم و تۆڕەکانی میدیاییەکان و پۆدکاستەکان، کە زۆرینەیان ئیش لەسەر گەوجکردنی خەڵکی دەکەن، هەر یەکەی بە بیروباوەڕێکی کۆنەپەرستی تایبەتەوە.». جادووی دیجیتاڵی (ترێند، ڤیدیۆ فۆڕجکراو/ دەستکاریکراوەکان) ڕووبەڕووی عەقڵ نابێتەوە، بەڵکو توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لای پرۆلیتاریا ئیفلیج دەکات بۆ ئەوەی ڕێگری لێ بکات لە خستنەڕووی پرسیارەەکان دەربارەی هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت هەژاری و گرانی و بێکاری.


لە میسر و چینی کۆندا فەرمانڕەواکان (پاشاکان و ئیمپراتۆرەکان) پشتیان بە قەشەکان و جادووگەران دەبەست بۆ سەرسامکردنی جەماوەر؛ کاتێک جادووگەرەکە فێڵی بینراوی بەکاردەهێنا(وەک گۆڕینی گۆچان بۆ مار، یان پێشبینیکردنی خۆرگیران لە ڕێگەی ئەستێرەناسی نهێنییەوە، یان پێشبینیکردنی لافاو و کارەساتە سروشتییەکان) بۆ قەناعەتپێکردنی گەل بەوەی کە فەرمانڕەوا خاوەنی هێزێکی سەروو سروشتییە، یان ڕاسپاردەیەکی ڕاستەوخۆی خودایی پێدراوە وەک لە چەمکی چینی کۆنی ”ڕاسپاردەی ئاسمان”دا هەیە. نمایشەکە ئامرازێکی دەسەڵات بوو بۆ بەرهەمهێنانی ترس و سەرسامی، و ئامانجەکەی ئیفلیجکردنی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بوو لای ژێردەستەکان.


لە سەردەمی ئێستاماندا، ئەو فێڵە بینراوە کۆنانە گۆڕاون بۆ جادووی دیجیتاڵی. کاتێک ترامپ یان ئیلۆن ماسک دەردەکەون، ئەوان پێویستیان بە جادووگەرێک نییە کە گۆچان بکات بە مار، بەڵکو خاوەنی سوپایەک لە دیزاینەرانی وێنە، شارەزایانی مۆنتاژ، و بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆکن کە "ترێند" لە ڕێگەی خوارزمەکانەوە دروست دەکەن. وێنەی فەبریکەکراو، ڤیدیۆی کورتکراوە و دابڕێنراو لە دەق، و بەڵێنە خەیاڵییەکانی دەوڵەمەندبوونی خێرا (وەک دراوە کریپتۆکان) تەلیسمەکانی جادووی هاوچەرخن کە جەماوەر سەرسام دەکەن و پاڵی پێوە دەنێن بە کوێرانە شوێن سەرکردەکە بکەون.


قەیرانەکان و چارەسەرە خەیاڵییەکان:


لە ڕابردوودا ئەگەر وشکەساڵی یان لافاوێک لە میسری کۆندا ڕووی بدابایە، جادووگەران و دەجالەکان ڕێوڕەسمی نمایشکاریی زەبەلاحیان ڕێکدەخست بۆ قەناعەتپێکردنی خەڵک بەوەی کە خوداوەندەکان تووڕەن، و قوربانی پێشکەشکراو (کە پاشا پێشکەشی دەکات) تەنها چارەسەرە. لە ڕێگەی ئەم ڕێوڕەسمانەوە، هۆکارە مادییە ڕاستەقینەکە (وەک خراپیی بەنداوە سەرەکییەکانی سەر ڕووبار و لقەکانی یان دیاردە سروشتییەکان) لادەدرا و خەیاڵی غەیبی دەخرایە شوێنی. لە سەردەمی نوێدا(ترامپیزم و نیولیبرالیزم، ئەحزابە سیاسییە ئایینییەکان،، هتد)، کاتێک کۆمەڵگە بەدەست قەیرانێکی ئابووریی پێکهاتەییی توندەوە دەناڵێنێت (بەهۆی هەڵاوسانی سەرمایەی خەیاڵی و کەڵەکەبوونی قەرزەکانەوە)، سیاسییە بۆرژوازییەکان چارەسەری بنیادی پێشکەش ناکەن، لەبری ئەوە، چەواشەکاریی سیاسی بەکاردێت لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی تووڕەیی چینایەتی بەرەو هۆکاری خەیاڵیی(وەک کۆچبەران، یان پیلانگێڕییە دەرەکییەکان)، یان قسەکردنی ڕووت و بازاڕی دەربارەی ”شێوەی جەستەی نیکی میناج”، یان ورووژاندنی شۆکی ڕەوشتیی هەڵبەستراو، تەنها ڕێوڕەسمی سەرقاڵکردنی هاوچەرخن ڕێک وەک ڕێوڕەسمی جادووگەرە کۆنەکان، کە ئامانجەکەی ڕێگریکردنە لە جەماوەر تا سەیری هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت کێشە ئابوورییەکان نەکەن.


نمایشکردنی هێز وەک جێگرەوەی لێهاتوویی:


لە چینی کۆندا، ئیمپراتۆر هەمیشە دەوروبەری خۆی بە شکۆ و مەزنی لە ڕێوڕەسمی ئاڵۆز، جلوبەرگی ناوازە، و نمایشە سەربازییە زەبەلاحەکان دەپۆشی تا بسەلمێنێت کە کوڕی ئاسمانە، تەنانەت ئەگەر لە ڕاستییشدا لاواز یان گەندەڵ بووبێت؛ لێرەدا نمایشکردن شوێنی نەبوونی لێهاتوویی ڕاستەقینە لە فەرمانڕەوایەتیدا دەگرتەوە. لە سەردەمی ئێستاماندا، سیاسەت گۆڕاوە بۆ براندێکی بازرگانی؛ کاتێک ترامپ وێنەی پیاوی بەهێز و بەئەزموون دەفرۆشێت، و ئیلۆن ماسکیش وێنەی ئەو بلیمەتە فریادڕەسە دەفرۆشێت کە مرۆڤایەتی ڕزگار دەکات و دەمانبات بۆ هەسارەی مەریخ. هەردووکیان پشت بە پرۆپاگەندەی نمایشکاری دەبەستن؛ کە تێیدا ئامارە ڕاستەقینەکان، مایەپوچبوونی کۆمپانیاکان، قەرزە فەلەکییەکان، گرانی و بێکاری و داڕووخانی ڕەوشتی لە پشتی پەردەوە دەشاردرێنەوە، مادام نمایشی بینراوی سەر شاشەکە بۆ بەکاربەر خۆش و سەرنجڕاکێش بێت.


سایکۆلۆژیای جەماوەر و پێویستی بوون بە خەیاڵە:


لە کاتی نەبوونی هۆشیاریی چینایەتیدا جەماوەر پێویستیی بەخەیاڵە‪.‬ خاڵی هەرە گرنگی بەیەکگەیشتن لە نێوان چەرخی کۆن و هاوچەرخدا، لەو تایبەتمەندییە مرۆییەدا کورت دەبێتەوە کە خەڵکی سانا دەکەونە ژێر کاریگەریی ئاڕاستەکردن و چەواشەکارییەوە، کەوایان لێدەکات خەیاڵ پیرۆزکەن و پەنای بۆ بەرن.


لێکۆلینەوە لەسەر هۆکاری ئەوەی کە «جەماوەر بە ئاسانی بە دوای خەیاڵ دەکەوێت»، تەنیا تێزێکی دەروونناسیی ڕاستڕەو نییە (وەک لۆبۆن)، بەڵکو چەندین دەروونناس و فەیلەسوفی چەپ و سۆسیالیست بە قووڵی شیکردنەوەیان بۆ کردووە. جیاوازیی گەورەی ئەوان لەگەڵ لۆبۆندا ئەوەیە کە دەڵێن ئەمە «سروشتێکی گەمژانە» نییە، بەڵکو ئەنجامێکی گوشاری دەروونیی سیستمی چەوسانەوەو سەرکوتکردنی کۆمەڵایەتییە‪.‬


ویلهێلم ڕایخ دەروونناسی مارکسی لە کتێبە بەناوبانگەكەیدا «دەروونناسیی جەماوەریی فاشیزم» پاش چوونە سەر کاری هێتلەر، گەورەترین پرسیاری ڕووبەڕووی خۆی کردەوە: بۆچی چینی کرێکار و جەماوەر لەبری شۆڕشی سۆسیالیستی، دوای خەیاڵی نازیەت و فاشیزم کەوتن؟


ئێریش فرۆم دەروونناسی گەورەی ئەڵمانی و یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت (چەپی ڕەخنەیی) بوو. لە کتێبی «ڕاکردن لە ئازادی» شیکارییەکی مێژوویی قووڵ بۆ دەروونی جەماوەر دەکات. بەڕای فرۆم مرۆڤی هاوچەرخ کاتێک لەژێر دەستی سیستمی سەرمایەداریدا تووشی نامۆبوون دەبێت و هەست بە تەنیایی، پووچی و بێدەسەڵاتی دەکات لە بەرامبەر هێزە ئابوورییە گەورەکاندا، ناتوانێت بەرگەی ئەم بارە دەروونییە قورسە بگرێت. لێرەدا جەماوەر «لە ئازادی ڕادەکەن» و پەنا دەبەنە بەر خەیاڵ، کۆنەپەرستی، و تەسلیمبوون بە ڕژێمە تۆتالیتار و پۆپۆلیستەکان وەک جۆرە حەشارگەیەک بۆ ڕزگاربوون لە دڵەڕاوکێی ناخیان.


ئەم دەروونناسە سۆسیالیستانە هاوڕان کە جەماوەر دەکرێت بە ئاسانی چەواشە بکرێت و دوای خەیاڵ بکەوێت، بەڵام پێیان وایە جەماوەر قوربانییە نەک تاوانبار؛ خەیاڵەکە لەلایەن دەسەڵاتەوە بنیات دەنرێت و بەسەریاندا دەسەپێنرێت. کەواتە هۆکاری دوورکەوتنەوە لە ڕاستی، پێویستییەکی دەروونییە بۆ ڕاکردن لەو دەستەوەستانبوون و چەوسانەوە مادییەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەدەست ملهوڕیی کۆمپانیاکان و سەرمایەی خەیاڵییەوە دەیچێژن. لێرەدا، سۆسیالیزمی ڕەخنەیی وا تەماشای ئەم دۆخە ناکات کە جەماوەر (کرێکاران و چەوساوەکان) بە سروشتی خۆیان گەمژە بن یان حەزیان لە خەیاڵ بێت؛ بەڵکو کاتێک هۆشیاریی چینایەتیی ڕاستەقینە و بەدیلی شۆڕشگێڕ ئامادە نابێت، ئەقڵی گشتی لەلایەن ئایدۆلۆژیای چینی دەسەڵاتدارەوە داگیر دەکرێت. دەجالە کۆنەکان چاک دەیانزانی چۆن یاری بە هەستی ترس و ئومێدی جوتیارە سادەکان بکەن، و سیاسی و سەرکێشە داراییەکانی ئەمڕۆش (لەسەر ئاستی جیهان‪:‬ ترامپ، نەتانیاهۆ، پۆتین، ڕاستڕەوەکانی ئەڵمانیاوە، تا ئیسلامی سیاسی و پۆپۆلیزمی نەتەوەیی) ڕێک بە هەمان میکانیزم کار دەکەن.


ئەوان لە ڕێگەی لۆگاریتمەکانی داتای زەبەلاح و مۆدێلەکانییەوە، نەخشەی وردی ترس و ئارەزووەکانی دەنگدەری هاوچەرخ دەزانن و هێزی کاریگەرییەکەی بە پێوەرەکانی کلیک و کارلێکی دیجیتاڵی دەپێون، تا ژەمی پێویست لەو وەهمە سیاسی و بێهۆشبوونەی پێ بدەن کە وای لێدەکات چەپڵە بۆ بێبایەخی و چەوسانەوەی خۆی لێ بدات. جەماوەر لێرەدا ڕقیان لە ڕاستی نییە، بەڵکو لەبەرامبەر قورسیی قەیرانی ئابووریی سەرمایەی خەیاڵیدا تووشی دۆخی "نامۆبوون" بوون، و لە غیابی هێزی ڕزگاریخوازدا، پەنا دەبەنە بەر سەرابی شۆڤێنی و دۆگمایی وەک ئامرازێکی بەرگریی دەروونی، کە ئەمەش گەورەترین سەرکوتکردنی هۆشیاریی مادیی مرۆڤە. گرنگترین خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو سەردەمەکە نامۆکردنی مرۆڤەکانە لە واقیع و شێواندنی هۆشیاریی چینی ڕنجدەرانە‪.‬


ئێمە لە سەردەمی سەرمایەداریی دڕندەداین، و لە کاتی دیبەیت و کەمپینە پڕوپاگەندەییە سیاسییەکاندا‪-‬ بەتایبەت لە وەرزەکانی هەڵبژاردندا لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا- شاهیدی تاقمێک لە مەهزەکەران و گەپجاڕانی باڵی ڕاستی بۆرژوازین کە فیکر و سیاسەت بەرەو بەرزترین ئاستی گالته‌جاڕی، بێبنەمایی و سووکایەتیکردن بە خودی مرۆڤ دەبەن؛ لێرەدا بە دیاریکراوی، وێنە لەگەڵ جەوهەردا یەکدەگرێت و دەرکەوتنی دەرەوە لەگەڵ ناوەڕۆکدا یەکانگیر دەبێت، چونکە جەوهەری سەرمایەی خەیاڵی بەتەواوی لەگەڵ دیمەنی نمایشکاریی مەهزەکەرانی سیاسیی بۆرژوازی لە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و ڕەگەزپەرستاندا دەگونجێت و یەکدەگرێتەوە.


کاتێک سیستەمی سەرمایەداریی هاوچەرخ دەستەوەستان دەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانە پێکهاتەیییەکانی خۆی (هەڵاوسانی قەرزە فەلەکییەکان، تەقینەوەی بڵقەکانی سەرمایەی خەیاڵی و سەرمایەی ئەندێشەیی)، ڕووبەڕووی تەنگژەیەک دەبێتەوە؛ ئەگەر کرێکاران بزانن کە سیستەمەکە خۆی هۆکارەکەیە، ئەوا ڕاپەڕین دەکەن. لێرەدا نیولیبرال و ترامپیزم دەستێوەردان دەکەن بۆ جیاکردنەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکە و گۆڕینی بە ”خەیاڵ و کولتووری کۆنەپەرستی” وەک کۆچبەران، پیلانگێڕییەکان، شۆکە ڕەوشتییەکان، و سەرنجی جەستەی ئەستێرەکان. ئەمە گۆڕینی هۆشیاری چینایەتییە بۆ شەڕە کولتوورییە لاوەکییەکان بۆ بەردەوامی مانەوەی سیستەمەکە.


جادووگەرە نوێیەکانی سۆشیاڵ میدیا و ئەندازیاریکردنی سەرکەوتن:


لەکاتێکدا کە سەرمایەی خەیاڵی و ئۆلیگارشیی تەکنەلۆژی پێویستی بنياتی بە پاراستنی سیاسیی ڕاستەوخۆ هەیە، ستراتیژیی میدیایی ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا لەسەر گۆڕانکاریی توند لە نەزم و شێوازی پڕوپاگەندەدا بونیاد نرا. ترامپ چیتر پێویستی بە ڕاگەیاندنی نەریتی نەبوو، بەڵکو پشتی بە دەنگی ئەستێرە کاریگەرەکانی سۆشیاڵ میدیا، یوتیوبەرەکان و پێشکەشکارانی پۆدکاست بەست؛ ئەوانەی وەک (جۆو ڕۆگان، تاکەر کارلسۆن، و شۆن ڕاین - ئەمڕۆکە ئەم کاهینانە سەنگەری خۆیان گۆڕیوەو ڕەخنە لە ترامپ دەگرن)، کە لە ڕاستیدا ‪”‬کاهینە هاوچەرخەکانی جیهانی دیجیتاڵین‪”‬.


ئەم کارەکتەرانە وەک نوێنەری "عەقڵانییەتی نوێ" یان بەرگریکاری ئازادی دەردەکەون، بەڵام لە واقیعدا هێزی گەورەی ئامێری سڕکردنی هۆشیاریی گشتین. ئەوان لە ڕێگەی پۆدکاست و گفتوگۆ درێژە خافڵێنەرەکانیانەوە، توانیویانە ئاڕاستەی تووڕەیی چینایەتیی کرێکاران و دەنگدەران لە هۆکارە مادی و بنیاتگەرییەکانی قەیرانی ئابووری (وەک جەوری کۆمپانیاکان و بڵقەکانی سەرمایەی خەیاڵی) بە تەواوی لابدەن، و بیگۆڕن بۆ شەڕی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لاوەکی. ئەم جادووگەرە دیجیتاڵییانە بە بەکارهێنانی وروژاندنی بەردەوام، مێشکی جەماوەریان (لەسەر هێڵی ٢٤ کاتژمێری مۆبایلەکان) داگیر کردووە؛ بەمەش بوونە باڵە میدیاییە سووکەکانی دیدالۆس کە سەرکەوتنی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەویان لەسەر بنەمای بەڵێنی درۆزنانە و تراویلکەی دارایی ئەندازیاری کرد، تا جارێکی تر کلیلەکانی دەسەڵات ڕادەستی ئۆلیگارشیی ملیاردێرەکان بکرێتەوە.


لە کۆندا، قەشە و جادووگەرەکانی پەرستگا وەبەرهێنانیان لە دەستەوەستانیی مرۆڤ لە بەردەم سروشتدا دەکرد؛ ”خۆرگیران و لافاو” کەرەستەی خاوی دروستکردنی شەرعیەتێکی غەیبی بوون، تا تالانی زیادەبەرهەمی کشتوکاڵی لەبەرژەوەندیی دەسەڵات پاساو بدەن. بەڵام دۆخەکە ئەمڕۆ، لە هاودژییەکی مێژوویی ترسناکدا، چیتر پشت بە نەبوونی زانست نابەستێت، بەڵکو لەسەر بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیانەی باڵاترین بەرهەمەکانی زانست دەژی. قەشە و جادووگەرەکە گۆڕاوە بۆ ئەندازیاری لۆگاریتمەکان، وەرد و نزا کۆنەکانیش جێگەیان دراوە بە ترێند و ڤیدیۆ دەستکاریکراوەکانی تەکنەلۆژیای فێڵکردنی قووڵ. ئەم جادووە دیجیتاڵییە ڕێ بە گەشەی ئەقڵ و وشیاربوونەوە نادات، بەڵکو پەکی دەخات؛ جۆرە نەزانییەکی بەرهەمێنراوی لۆگاریتمی بڵاو دەکاتەوە کە پرۆلیتاریای هاوچەرخ لە دەریایەکی پڕ لە وروژاندن و نمایشدا نوقم دەکات، تا ڕوانینی بنیاتگەرییانەی ئەوان لە گەوهەری ڕاستەقینەی چەوسانەوەکەیان بشارێتەوە و ڕێگرییان لێ بکات لە ڕابەرایەتیکردنی خەباتی چینایەتیی ڕاستەقینە.


گوتاری پۆپۆلیستی و زاراوە ورووژێنەرەکان:


ورووژاندن لە سیاسەتدا، لە دیارترین ئەو ئامرازانەن کە بۆ ڕاکێشانی سەرنج، ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی، و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دۆخی سیاسی بەکاردێن. لە سەردەمی دیجیتاڵیی ئێستاماندا، ئەم ڕێگایانە لە تەنها تاکتیکێکی لاوەکییەوە گۆڕاون بۆ ستراتیژیی بنەڕەتی کە پارتەکان و سەرکردە سیاسییەکان پشتی پێ دەبەستن.


ورووژاندنی سیاسیی ئامانجی ئەوەیە کە وا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و نەیارەکانی بکات هەمیشە باسی ئەو و بابەتە مشتومڕاوییەکانی بکەن، ئەمەش ڕکابەرەکانی بێبەش دەکات لە دەرفەتی خستنەڕووی بەرنامە سیاسی یان ئابوورییە لێبڕاوەکانیان. پێشێلکاری بەشدارە لە دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ دوو بەرە (لە گەڵمان یان دژمان). ئەم دابەشبوونە دڵسۆزیی بنکە جەماوەرییەکان و یەکگرتووییان لە پشت سەرکردە سیاسییەکەوە زیاتر دەکات. دروستکردنی ورووژاندن وەک بۆمبێکی دوکەڵاوی بەکاردێت بۆ سەرقاڵکردنی سەرنجی ڕای گشتی لە ئابڕووچوونێکی سیاسی، یان شکستێکی ئابووری، یاخود بڕیارێکی ناپەسند. هەروەها پێشێلکاریی سیاسی وا لە کەسایەتییەکە دەکات وەک یاخیبوو یان پیاوی توند دەربکەوێت کە تەحەدای سیستەمی سیاسیی نەریتی دەکات، ئەمەش سەرنجی ئەو دەنگدەرانە ڕادەکێشێت کە تووڕەن یان بێهیوان.


بەکارهێنانی زمانێکی زبر و پڕ لە تەشەر و سوکایەتی پێکردن، هێرشبەرانە، و بە قۆستنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شکاندنی پرۆتۆکۆلەکانی شیاوێتیی سیاسیی باو‪.‬ پلاتفۆرمەکانی وەک (ئێکس/ تویتەری پێشوو، تیک تۆک، فەیسبووک) پاداشتی ئەو ناوەڕۆکانە دەکەن کە تووڕەیی یان شۆک دروست دەکەن، ئەمەش وادەکات پۆست یان لێدوانە پێشێلکار و ورووژێنەرەکان بە خێراییەکی متمانەپێنەکراو بڵاوببنەوە. هەروەها هەوڵی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناسنامە و هەڕەشەکان چڕدەبێتەوە لەسەر بابەتەکانی ناسنامە، ئایین، کۆچبەران، یان ”دوژمنانی ناوخۆ و دەرەوە”، بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، کە ئەمانەش ئەو هەستانەن پاڵ بە خەڵکەوە دەنێن بۆ گرتنی هەڵوێستی سیاسیی توند. و باوترین شێوەی ناشرین لە لێدوان و دیالۆگەکاندا هێرشکردنە سەر ژیانی تایبەتی تاکەکەسەکانە؛ وەک سووکایەتیی ڕاستەوخۆ بە نەیارەکان لەبری گفتوگۆکردن لەسەر بیرۆکەکانیان، ئەمەش گفتوگۆی سیاسی دەگۆڕێت بۆ نمایشێکی کاتبەسەربردن یان درامایەک کە سەرنجی بینەران ڕادەکێشێت.


له ئەڵمانیا، سوید،، هتد، باڵی ڕاستڕەو بە ئاشکراو بە شێوازێکی ڕەگەزپەرستانەی نوێ، هێرشی دڕندە دەکاتە سەر پەنابەران لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست و چاویان. لە ئەمریکاشدا، ترامپ لە گوتارەکانیدا هێرش دەکاتە سەر ئەو کۆچبەرانەی کە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، سۆماڵ، لیبیا و هایتییەوە هاتوون. تەنانەت ترامپ لە گەرمەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیدا، لە جیاتی ئەوەی باسی بەرزبوونەوەی شێتانەی تێچووی بژێوی و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک بکات، ئاستی گوتارەکەی دادەبەزێنێت بۆ نمایشکردنی بابەتە بازاڕی و نزمەکان دەربارەی جەستەی ژنێک. ئەمەش نزمترین ئاستی داڕمان و بێبنەمایی هزر و گوتاری سیاسیی بۆرژوازی پیشان دەدات کە مەبەستدارە لە سڕکردنی جەماوەر و نامۆکردنیان لە ڕاستی‪.‬


خاوەن دەسەڵات و سیاسییەکانی ڕابردوو لە سەردەمە کۆنەکاندا (لە میسر و چین) گوتاری ڕقئامێزیان پەیڕەو دەکرد. فەرمانڕەواکان و سیاسییەکان لە کۆندا گوتاری ڕق، بەشەیتانکردن و هاندانیان بە شێوازێکی بەرفراوان و سیستماتیک پەیڕەو دەکرد. لە ڕاستیدا، لەو سەردەمەدا پێی نەدەگوترا گوتاری ڕق، بەڵکو وەک بەشێکی بنەڕەتی لە پڕوپاگەندەی سیاسی، نەخشێنراوە شاهانەییەکان و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار پۆلێن دەکرا، بە ئامانجی جێگیرکردنی دەسەڵات، شەرعییەتپێدانی شەڕەکان، سەرکوتکردنی نەیاران و داماڵینی مرۆڤایەتی لە نەیارەکان. نموونەی زیندوو و بەڵگەدارکراوی مێژوویی لە هەردوو شارستانییەتی میسری و چینی کۆن هەن کە پیشانی دەدەن چۆن ئەم گوتارە لە میسری کۆندا بەکارهاتووە (بەشەیتانکردنی بیانییەکان و داماڵینی مرۆڤایەتی لە نەیارەکان). گوتاری سیاسی و ئاینی لە میسری کۆندا لەسەر بنەمای دووانییەکی ناوەندی وەستابوو: «ماعت» ‪-‬ سیستەم، دادپەروەری و سەقامگیری لە بەرامبەر «ئیسفت» ‪-‬ ئاژاوە و شێواوی، شەڕ و وێرانکاری. لە میسری کۆندا هەر نەیارێکی دەرەکی یان ئۆپۆزسیۆنێکی ناوخۆییان وەک بەشێک لە «ئیسفت» پۆلێن دەکرد کە پێویستە سەرکوت بکرێت.


مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە بەڵام بە ئامرازی کارامەتر و دڵڕەقانەتر. لە کۆندا، فێڵبازی و چەواشەکاری تەنها لە پەرستگا یان کۆشکی پاشایەتیدا قەتیس مابوو و لە وەرزی دیاریکراودا دەگەیشتە خەڵک؛ بەڵام ئەمڕۆ، بە یارمەتیی مۆبایلە زیرەکەکان و سەرمایەداریی نمایش، فێڵبازەکان و جادووگەرەکانی خزمەتکار بە چینی بۆرژوازی لەسەر مدارای بیست و چوار کاتژمێردا لە ناو گیرفانماندان.


ئەو داڕووخانە سیاسییەی ئەمڕۆ شاهیدی دەبین، و قسەکردن لەسەر جەستەی ئەستێرەکان، و کورتکردنەوەی بابەتە چارەنووسسازەکانی مرۆڤایەتی لە قسەبازی و تانە کۆمیدییەکاندا، هاوتای هاوچەرخی یارییەکانی سێرک و زۆرانبازەکانە لە ڕۆمای کۆندا، یان فێڵی جادووگەرەکانە لە میسر و چین؛ ئەمە بەرهەمی سیستەمێکە کە بە باش درک بەوە دەکات کە لە ناو قەیرانێکی پێکهاتەییی کوشندەدا دەژیت (سەرمایەیەکی خەیاڵی کە چۆڵە لە هەر بەهایەکی ڕاستەقینە)، بۆیە پەنا دەباتە بەر بەرزترین ئاستی سەرسامکردن و سووکایەتیی بینراو بۆ دەستەبەرکردنی هێشتنەوەی جەماوەر لە دۆخی بێهۆشیی بەردەوامدا. سەردەمی سەرمایەداریی دڕندە ئەو بۆچوونە تێکدەشکێنێت کە دەڵێت ”سەردەمی تەکنەلۆژیا سەردەمێکی عەقڵانی و ڕۆشنگەرییە”، و دەری دەخات چۆن تەکنەلۆژیای باڵا لە ژێر سایەی سەرمایەداریی دڕەنگوەختدا گۆڕاوە بۆ تەنها ”پەرستگایەکی دیجیتاڵی” بۆ پەیڕەکردنی فێڵبازی و جادووگەری بە مەبەستی پاراستنی چینی بۆرژوازی.
____________________________________________

تێبینی:
* بەشی یەکەمی ئەم وتارە لە ماڵپەڕی (ئەمڕۆ)دا لە بەرواری ٥\١١\٢٠٢٦دا بڵاوکراوەتەوە.
* جیاوازی نێوان سەرمایەی خەیاڵی و سەرمایەی ڕاستەقینە‪:‬
سەرمایەی ڕاستەقینە (Real Capital)؛ بریتییە لەو سەرمایەیەی کە ڕاستەوخۆ لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بەکاردێت، وەک کارگە، ئامێر، کەرەستەی خاو و هێزی کار.
سەرمایەی خەیاڵی (Fictitious Capital)؛ بریتییە لە سوود - مافی کاغەزی یان دیجیتاڵی بەسەر داهاتی داهاتوودا. کاتێک کارگەیەک دروست دەکرێت، ئەوە سەرمایەی ڕاستەقینەیە، بەڵام کاتێک پشکەکانی ئەو کارگەیە لە بۆرسەدا دەفرۆشرێن، ئەو پشکانە دەبنە سەرمایەی خەیاڵی.

____________________________________________
سەرچاوەکان:
(١) Fictional Capital and Crisis Theory - Michael Perelman/2008.
(٢) From Marx to Goldman Sachs: The Fictions of Fictitious Capital
By Michael Friday, July 30, 2010.
(٣) Value, Fictitious Capital and Finance. The Timeless of Karl Marx’s Capital. - John Milios / November 6, 2021.
(٤) Maat in Egyptian Autobiographies and Religious Texts - Vincent Arieh Tobin
(٥) The Concept of Maat in Ancient Egypt Anna Mancini
(٦) Conceptions of God in Ancient Egypt: The One and the Many - Erik Hornung
(٧) The Pharaoh: Life and Death of a God - Thomas Logan
(٨) موسوعة مصر القديمة - عالم الآثار المصري: سليم حسن (خاصة المجلدات التي تتناول الدولة الحديثة، معارك رمسيس الثاني، ورمسيس الثالث، حيث يشرح بالتفصيل نقوش المعابد وتصوير الأعداء).
(٩) الديانة المصرية القديمة - الكاتب: ياروسلاف تشرني (ترجمة د. أحمد قدري)، يوضح الصراع الكوني بين الخير والشر والنظام والفوضى في العقيدة المصرية‪.‬

 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک