په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١١

سەرۆک گەلەکەت لە جەنگی گرانیی بازاڕ، هەژاریی و گەندەڵیی و ناعەداڵەتیی رزگار بکە!!


سەلام عەبدوڵا  

کابرای رۆدۆسی:
کاتێ یەکێک لە گەشتێکی دوور دەگەڕێتەوە، بۆ ناسیاوەکانی باسی بازدانێکی گەورەی خۆی دەکا کاتێ دەگاتە دوورگەی رۆدۆس و لەو کاتە کە دەیویست ناوی شایەتەکانی بڵێ، یەکێک لە گوێگرەکان پێی دەڵێ: (ئێرە رۆدۆسە، فەرموو بازەکەت بدە!).


جیهانگیر لە بەردەم دەرگای ماڵەکانمان!


ئەو جەماوەرە کە دژ بە گرانی بازاڕ، گەندەڵی، بێکاری و ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی نارەزایەتی دەردەبڕێ، هێشتا نازانێ هاوکات دژ بە سیستێمی ئابووری جیهانی خەباتدەکات؛ نازانێ ئەم بارودۆخە بەرهەمێکی لەبەرچاوی دکتاتۆرییەتی رەهای سەندوقی دراوی جیهانی و بانقی جیهانی و بۆرێە و مەنیجەرە ئابووری و سیاسی و میدیاکانیانە، بۆیە داخوازییە باڵابەرزەکانی بەشێوەیەکی هەرزەکارانە و خێرا لەبەردەم(لقی 4 ی پارتی و بارەگاکانی تریان لە کەلار و سەید سادق) دەتەقێنێتەوەو بە روونی هەندێ لایەن بە ئایەت هێنانەوەو سیاسەتی یاری بە چارەنووسیان دەکرێ!

خیانەتکردن لە داخوازی هەژارەکان...نەفرەت لە جیهادەکەتان!


مەلایەک لە بەر دەرگەی سەرا وەک مەلا کرێکار"بەشێوەیەکی ئاشتیانە"وتی(ئەمەی ئێوە دەیکەن جیهادە)!


ئیسلامییەکان یەکێک لەو هێزانەن کە هەوڵدەدەن سوود لە ناڕەزایەتییەکە وەربگرن. لێرەدا ئێمە وەکو کابرای رۆدۆسی، پێویستیمان بە شایەت نییەو با حزب یان رێکخراوێکی ئیسلامی تەنها ناوی یەک دەوڵەت و حکومەیەتی ئیسلامی بهێنن کە لەناو گەندەڵێ، ناعەداڵەتی، بێکاری و تاوان و دواکەوتوویی نغرۆ نەبێ(سعودیە؟ سودان؟ ئیران؟ ئەفغانسانەکەی جارانی قاعیدە؟ تورکیا؟!


گەرچی ئیسلامییەکان توانیان هەزاران کەس لە بەر دەرگەی سەرا بۆ نوێژەی هەینی کۆبکەنەوەو بەمە(بازوو نیشاندان)ێکی سەرکەوتوویان پیشاندا، نە ئەڵتەرناتیفن و نە بە حوکمی مێژوو دەتوانن ببن بە ئەڵتەرناتیڤ... رۆژی جومعە، بەردەرگەی سەرا بێحورمەت کرا، تەپوتۆزی ئەسپەکانی ئاین و قەومی قەعقاع و سەعدی لێهەستا.


رۆژی جومعە، رۆژێکی شووم بوو، ئەو رۆژە بوو کە زەلیلی، برسێتی، رەنگ زەردی و دەربەدەریم پێ باشتر بوو لەوەی دەنگ و رەنگی مێردەزمە بە پاڕانەوە، دوعا، وەهم بەسەر شەرەفمەندی مێژووی سەرا بەرزببێتەوە...تف لە جیهادەکەتان...تف لەوەی یاری بە هەست و سۆزی لێقەوماوانی وڵاتەکەم دەکات!


بەهەمان شێوە پرسیار لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین: ئێوەی نەتەوەیی، سۆسیالدیموکرات و لەپڕ تەکنۆکرات دەتوانن ناوی تاقە یەک حکومەتی تەکنۆکرات بهێنن کە بەرژەوەندی گەلەکەی پاراستووە؟ جەردەو چەک و تلیاق و جەنگ فرۆش و ناعادڵ و گرانفرۆش نەبێت؟ ئێوەش پێکەوە لەگەل ئەولادەکانی قەعقاق، سەوداکاری بە بەرژەوەندی رەوای خەڵک دەکەن.


هێشتا ئیسلامییەکان(بە ئیسلامییەکانی دەرەوەی پەرلەمان)یش و لەگەلیاندا خوازیارانی دەسەڵاتی تەکنۆکراتی، کاتیان هەیە بۆ موزایەدەکردن، گێلکردن و چاوبەستنی خەڵک.


بەرتەسککردنی سەقفی داخوازییەکان بۆ هێرشکردن بۆ بارەگاکانی پارتی خەیانەتە بە داخوازییە جەماوەرییەکان و بردنیان بەرەو ئاقاری کردەوەیەک کە زەرەو زیانی گەورەی بە بزووتنەکە گەیاندو حکومەتیش بە بەهێزکردنی کەشوهەوای میلیتاریستی و بە بەکارهێنانی چەکی بکوژ و دەستگیرکردن و تۆقاندن و هەڕەشەکردن، بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە:


ئەقڵ و فکری راستڕەو باڵادەستی هەیەو بوون بە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشبردنی ئەزموونەکە.

تارمایی شوعییەت!


نزیکەی50ساڵە بەسەر بەرنامە و یاسای ئەمریکی دژ بە سۆسیالیزم تێدەپەڕێ، بەڵام(دەزگای راسموسن)لە9/4/2009 سەرئەنجامی راپرسییەکەی(سەرمایەداری یا سۆسیالیزم پێباشە)بڵاودەکاتەوە، جیهان تووشی سەرسوڕمان دەبێت:20%ی هاوڵاتیان سۆسیالیزمیان هەڵبژاردو وڵامی 27%"دڵنیانین"، 33%لەوانەی خوار تەمەنی30ساڵن سۆسیالیزمیان هەڵبژاردووە و30% یان"دڵنیانین". لەلایەکیترەوە ئەگەر راگەیاندنی ئەمریکا رووی تری وڵاتەکەیان پیشانمان بدەن، ئەوا وێنەی ملیونان هاوڵاتیان لەسەر شەقام و بن پرد و ژێرزەمین لانەوازن، رێژەی بێکاری بەرفراوانتر بووەو بیمە تەندرووستی بە گرێبەستی کار بەستراوەتەوە، واتە قەیرانەکە بەتوندی بەرۆکی ئەمریکایشی گرتووەو ناتوانن چارەسەری بکەن. ئەمە لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین لەلایەن حزبە چەپەکانەوە حوکمڕانی دەکرێن و بەرنامەی سۆسیالیستیان گرتووەتەبەر.

کورد هەموو برانە.


ئەگەر ده‌تانەوێ خۆڵ نەکەنە چاوی خەڵک.
ئەگەر ده‌تانەوێ بە کردەوە بیسەلمێنین کە"کورد هەموو برانە - ئەی مێینەمان هەیە-؟!"
ئەگەر دەتانەوێ ببن بە چرای رۆژهەڵاتی ناوین ئەوا تاقە وڵام بەم قەیرانە تەنها و تەنها: ئابووری هەرەوەزییە، بە کورتییەکەی واتە:


- ئەم خاک و ئەزموونە کە خۆتان دەڵێن بە خوێنی شەهیدان ئاودراوە، نابێ لە دەڵاڵخانەکانی زەوی، بازرگانی پێوە بکرێت. هەر هاوڵاتییەک پارچە زەوی نییە، بە خۆڕایی ئەم مافەی پێ بەڕەوا بزانرێت و بە خۆڕایی و بە حورمەت خانوو بۆ خێزانە هەژارەکان درووست بکەن!
- نابێ کوردستانیان بە دوو شێوەی جیاواز رەفتاریان لەگەل بکرێت، واتە نابێ چاوچنۆکی و ئەقڵییەتی قازانجی کەرتی تایبەت لەسەر حیسابی خەڵک بمێنێ!
ئەوەی ئیمڕۆ هەیە دژ بە برایەتی و هاونیشتمانیبوونمانەو کۆمەڵگەی بۆ دوو بەرەو چین و بەرژەوەندی جیاواز دابەشکراوە.

ئاشتی و ئاشتی و سێ بارە ئاشتی.


ئەوەی ئاشتی دەوێت، دەبێت:


جەنگی بەرفراوانی چەندین ساڵەی حکومڕانی دژ بە کوردستانیان کە قوربانی و ئاژاوەو بشێوی کۆمەڵایەتی زۆری لێکەوتۆتەوە(بێکاری، تەڵاق، هەڵهاتن، خۆکوشتن، نەخۆشی دەروونی، ئەعتیاد، مردنی پێشوەخت) کە لە تەنیشتیاندا دەوڵەمەندی کەمایەتییەکی چاچنۆک، بێ ویژدان و رەوشت و کەرامەت، رابگرێت...ئاشتی چەوسێندەران بکەن بە ئاشتی چەوساوەکان!


ئەم هاوارو ناڕەزایەتییە ئیمڕۆ لە سەر شەقامەکان ئەنجام دەدرێ، رەنگدانەوەی باری قورسی زۆربەی دانیشتوانی وڵاتەکەیە کە دەیەوێت بەر بە جەنگی هەژاری، بێکاری، گەندەڵی و ناعەدالەتی بگرێت و تۆش ئەی سەرۆک: کات زۆر گرنگەو تا زووە بڕیار بدە...هەر من نیم وا دەڵێم!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک