٢٢\٥\٢٠١٠
سەرۆک
دانس دەکا.
سەلام نەجیبە خەلیل
سەرۆک چی بە ئێمە گوت؟
ئەوەی سەرۆک لە19/5/2010بە ئێمەی وت وێرای خاڵە ئەرینییەکانی(دڵگرتن لە
تاوانی تیرۆرکردنی سەردەشت...مەحکومکردنی تاوانەکە....داوای رێزگرتن لە
یاسا...کەسیش لە سەرەوەی یاسا نییە... داواکاری ئەوەی کە بەوپەڕی
تواناوە هاریکاری لیژنەی لێکۆڵینەوە بکەن)، زۆر کەمتر بوو لە
چاوەڕوانییەکانمان و هەڵگری پەیام و بۆچوونی نادرووست بوو.
بۆ نموونە وتی: بەرپرسی یەکەم لە ئاسایشی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان،
سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمە. بەرگریکردن لە ماف و پاراستنی
ژیانی هەموو کەسێک، چ ئەوانەی پاڵپشت و هاوهەڵویستن لەگەڵماندا و چ
ئەوانەی هەڵویستی پێچەوانەیان هەیە، بە ئەرکی خۆمی دەزانم و با کەس
موزایەدەمان لەسەر نەکات.)
بە بڕوای من هیچ کەس موزایەدە ناکات ئەگەر بڵێ سەرۆکایەتی و حکومەتی
هەرێم بۆ چەندین جار زۆر کورتیان هێناوە لە بەرگریکردن لە ماف و
پاراستنی ژیانی هەموو کەسێک.
- ئایا سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم ژیانی خەڵکی مەدەنی و جووتیاری
ناوچە سنوورییەکانی پشدەر و سیدەکان و حاجی ئومەرانی پاراستووە؟
- ئایا سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم ژیانی خەڵکیان لە هێرشی یەک لە دوای
یەکی سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا پاراستووە؟
- ئایا سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم ژیانی خەڵکیان لە گرانی بازاڕ کە
ژیانی زۆربەی کوردستانیانی وێرانکردووە، پاراستووە؟
- ئایا سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم ژیانی خەڵکی لە بێکاری و هەژاری
پاراستووە؟
- ئایا سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم ژیانی خەڵکی لە گەندەڵی،
فەرهودکردنی سەروەت و سامانە سروشتییەکەی پاراستووە؟
- ئایا سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم ژیانی خەڵکی لە مافی بیمەی
کۆمەڵایەتی خەڵکی پاراستووە؟
- ئایا سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم ژیانی خەڵکی لە بازرگانی و
سەوداکاری بە زەوی وخانوبەرە(خاکی پیرۆزی نیشتمان کە بە خوێنی شەهیدان
ئاودراوە)، پاراستووە؟
- ئایا سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم خەڵکی لە پاوانخوازی دەسەڵات
لەلایەن بنەماڵەی دیاریکراو، پاراستووە؟
- ئایا سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم مافی خەڵک لە دادوەری کۆمەڵایەتی
پاراستووە؟
ئێمە موزایەدە لەسەر کەس ناکەین و بە پێچەوانەوە، موزایەدە لەسەر ماف و
ژیانی خەڵکی کوردستان کە شایانی ئەوپەڕی ژیانی بە حورمەت و کەرامەتە،
دەکرێ.
- ئایا سەرۆک هەرێم و حکومەت خەڵکی لە فتوای ئەو مەلایانە پاراستووە کە
بە ئاشکرا بانگەشەی کوشتن و تۆپاندنی و تۆبەکردنی مرۆڤ دەدەن لە
هەولێرو دەربەندیخان؟
سەرۆک لە وتی: (هەست دەکرێت کە لە ئەنجامی تۆمەتبارکردنی بێ بنەما و بێ
بەڵگە و بە سیاسەتکردنی رووداوەکە بارێکی هەستیار خوڵقاوەو هەروەها
کارو کاردانەوەکانی راگەیاندنیش گەیشتووەتە ئاستێک کە نیگەرانی لێ
کەوتۆتەوە)
هەر کەس و لایەنێک بە بێ بنەما و بەڵگە تۆمەتباری هەر کەس و لایەنێک
بکات، ئەوا ئێمە یاسا و دادگاو دادوەرمان هەیەو دەبێ تۆمەببارکراوەکە
روو لە دادگا بکات و هیچ پێویستی بە نیگەرانی ناکات. هەروا بمانەوێت یا
نەمانەوێت رووداوەکە سیاسییەو چ پێویست بەوە ناکات بە"سیاسی"بکرێت!
سەرۆک هەڵپەڕکێ دەکات!
لەراستیدا دەبوو سەرۆک و حکومەتی هەرێم سەرباری دڵتەزێنی تاوانی
تیرۆرکردنی کاکە سەردەشت ئاهەنگ بۆ پەیرەوکردنی مافە
دیموکراسییەکان(ناڕەزایەتییەکان)، بکەن، چونکە:
1-یەکەمجارە لەسەردەمی حکومەتی هەرێم، جەماوەری کوردستان مافە
دیموکراسییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت و بەلێشاو لە سەر شەقامی شارو
شارۆچکەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن. لەسەردەمی بەعس کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدرا،
بەڵام کەس نەیدەوێرا ناڕەزایەتی دەرببڕێ.
2- یەکەمجارە پاش نزیکەی70ساڵ لە ژێردەستەیی، دژ بە کوشتنی یەک مرۆڤ
لەسایەی حکومەتی کوردستان لەسەرتاسەری وەڵات ناڕەزایەتی دەردەبڕێت.
3- یەکەمجارە بە ئاشکرا خۆپیشاندەران داوای دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری
ناوخۆ دەکەن، بەبێ ئەوەی دەزگای ناوبرا، یەک کەس لەسەر ئەو داواکارییە
دەستگیر بکات.
4- یەکەمجارە خەڵک رووبەڕوو بە حکومەت دەڵێ: ئێمە بێدەنگ نابین،
حکومەتیش لەبەرامبەریاندا فزەش ناکات.
و زۆر شتی تریش کە لەراستیدا شایانی ئەوەیە سەرۆکی هەرێم بیکات بە
بۆنەی ئاهەنگێڕانی ئازادی و دیموکراسی لە کوردستان،
ئاهەنگی دامەزراندنی لیژنەی لێکۆڵینەوەو بەدواچوونی سەربەخۆ لەبارەی
کەیسی شەهیدکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان.
ئایا سەرۆکی هەرێم خۆشحاڵ نییە بەوەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا،
خەڵک و رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان بەبێ ترس دەنگ هەڵدەبڕن
دژ بە تاوانی کوشتنی رۆژنامەنووسێک؟
ئایا سەرۆکی هەرێم خۆشحاڵ نییە بەوەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا،
رۆژنامەو نووسەرە بێلایەن و حزبییەکان ئازادانە بیروبۆچوون و چالاکی
جۆراوجۆر بڵاو و رێکدەخەن؟
ئایا سەرۆکی هەرێم خۆشحاڵ نییەوە بەوەی نووسەران و هەندێ لایەن بەبێ
ئەوەی بوار بە دادگاو لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی تاوانبار بدەن، حکومەت و
پارتی تاوانبار دەکەن لەکاتێکدا لە بڕگەی1ماددەی11ی جاڕنامەی جیهانی
مافی مرۆڤ هاتووە: (هیچ کەس تاوانیار نییە تا تاوانەکەی لەسەر ساغ
دەبێتەوە).
بەداخەوە بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
هەڵەیەکی زۆر کوشندە بوو و ئەوەندە بە پەشۆکی، هەلەشەیی و توڕەیی و
خوێندنەوەی هەڵەو چەوت و بەسەرچوو نووسرابوو، ئاهەنگەکەیان لە سەرۆک و
خۆیان و خەڵک تێکدا!
ئایا کات نەماوە بۆ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنە لە
دەقی بەیاننامەکەیان بگرن و بەشێوەیەکی نوێ مامەڵە لەگەل ئەم بارودۆخە
بکەن...؟!
سەرۆک و پاراستنی"رەوشتی کوردەواری"
سەرۆک پێمان دەڵێت: (...لەهەمان کاتیشدا رەوشتی کوردەواری و
رۆژنامەنووسی بپارێزن...)
لێرەدا دەمەوێ بە روونی پەردە لەسەر ئەوەی پێدەڵێن"رەوشتی
کوردەواری"لابدەم:
بەرهەمی رۆژانەی"رەوشتی کوردەواری"بریتییە لە توندکردنی مێینەیەکی زۆر
لە بن ماڵ و ناویان لێناوە"کچی ماڵ"و ئەوەی بڕیار لەسەر شێوەو
چارەنووسی ژیانیان دەدات، پیاوە. هەر ئەو"رەوشت"ە بە پشتیوانی ئاین وای
کردووە مارەیی کیژۆڵەی13ساڵی"حەڵاڵ"بکرێ، شیربایی وەربگیرێت، ژن بە ژن
و گەورە بە بچوک بکەن، کچ فرۆشتن بە(زێڕ)....
سەرۆک بڕوا بکە بەهۆی قەدەغەکردنی خۆشەویستی لەلایەن خاوەنەکانی"رەوشتی
کوردەواری"یەوە، هەیکەلی خانووەکان بووە بە ژووری هوتێلە گرانبەهاکان،
بە باخچەکانی پاریس و لەندەن و ستۆکهۆڵم و شیکاغۆ و روما و دەبێ کچ و
کوڕەکان بە ترس و لەرزەوە یەکتر لە باوەش بگرن و ئەگەر پۆلیس چاوی
لێیان ببێت سووکایەتیان پێدەکرێ تا رادەی دەستگیرکردن و رسواکردنیان!
سەرۆک ببوورن ئەگەر بڵێم: ئێوە ناتوانن هەرە ساکارترین مافی بەشەر کە
مافی خۆشەویستییە، بپارێزن...
بەڕێز: بیهێنە بەرچاوتان هەموو کوڕو کچەکانی کوردستان خۆشەویستی دەکەن،
بەڵام لەبەر"بەرزی رەوشتی کوردەواری" زۆر ناتوانن بە ئازادی لەسەر
شەقامەکان پیاسە بکەن، چ جا پێکەوە شەو بکەنەوە...ئەمە دەچێتە خانەی
سۆزانچێتی و بێناموسی و بێ شەرەفی!
سەرۆکی برام: "رەوشتی کوردەواری"بێ رەوشترین و ستەمترین و قیزەوەنترین
و بێویژدانترین رەوشتە لەسەر ئەم زەمینە پانوبەرینە...ئاخر ئێمە لە چ
سەردەمێکدا دەژین سەرۆک؟ بۆچی یاسایەکمان نییە بۆ سزادانی هەر کەسێک
دەخاڵەت لە مافی پاراستنی هەست و نەستی تاک بکات؟
سەرۆک نابینی چۆن ئەو"رەوشتە" ژیانی کچ و کوڕانی وەڵاتی وێران و تاڵ و
بێهۆدە کردووە؟ بۆچی و بۆ خاتری کێ داوای پاراستنی ئەو رەوشتە هەناسە
بڕە دەکەن؟ ئاخر ئەو رەوشتە زیادبوونی لەشفرۆشی، فرەژنی، کوشتن و
خۆسووتاندن و بریندارکردنی مێینە، هەڵهاتنی زۆرێک لە گەنجان، لاقەکردنی
کەرو ئاژەڵی لێکەوتووەو و ئەگەر وا بڕوات لێدەکەوێتەوە.
بەندە لەگەل بەڕەڵایی نییە، بەڵام ماف و ئازادی خۆشەویستی لە وەڵاتەکەم
بە پێچەوانەی وەڵاتانی زۆربەی دانیشتوانی سەرزەمین بەهۆی"رەوشتی
کوردەواری"وەک تاوان دەبینرێت و سزای توندی لەسەرەو ئاشقەکان رووبەڕووی
سوکایەتی و رسوایی و شکاندنی کەسایەتیان دەبنەوە.
سەرۆک بڕوا بکە کارەساتەکە زۆر گەورەترو وەڕسکەرترەو داوای لێبوردن لە
هیچ کەس ناکەم بۆ نەفرەت و نەعلەتکردن لەو رەوشتە باوکسالارە سەرتاپا
تاوانبارو هەمەجییە کە راستەوڕاست مرۆڤی شیزۆڤرین و شکست و تۆڵەسەن و
رقیناوی و لادەری درووستکردووەو دەکات، بە ئاشکرا هەموو"رەوشتی
کوردەواری"یان هەیەو هەر خودی خۆشیان ژێر بە ژێر هەموو
ئەوەی"نەهی"لێدەکرێ و رێپێدراو نییە، دەیکەن، بۆیە نەدەبوو بەرێزتان
داوای پاراستنی بکەن یان هیچ نەبێت دەکرا ئاماژەی بۆ نەکەن.
سەرۆک هەڵپەرکێی نەکردو چاوەڕوانین تیرۆرکەرانی کاکە سەردەشت ئاشکرا
بکرێن، بانگەشەکەرانی"تۆپاندنی" مرۆڤ و تۆبەکردن، سزابدرێن و ئێمەش تا
ئەو کاتە هەر کار دەکەین بۆ نوقمکردنی کوردستان لەناو ئازادی و
خۆشبەختی و ئاشتی و ئاسایش و ئارامی...دەبێ ئەزموونەکەمان بۆ پێشەوە
ببرێت!
خانەقین
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|