١\٩\٢٠١٠
سهرۆکه
بهڕێزەکانى کورد بوهستن!
هیوا رهش
لە 31ى ئازارى ساڵى
1981، 47ەمین ساڵیادى حیزبى
شیوعى عێراق ، ئەوێ دەمێ بڕیارمان دابوو بەو بۆنەیەوە کار و چالاکى
ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەى بە دوژمنان بڵێین ئێمە هەین و ماوین،
بەرنامەڕێژیمان کرد :-
1- لە قوتابخانەکاندا بڵاوکراوە هەڵواسین و دیوارەکانى بە دروشم و
ئامانجەکانى حیزب بنووسین ، ئەوەى لە بازنەى چالاکى ئێمەدا بوو ، ئەم
قوتابخانانەم لەیاد ماون ( عەبدولمەلیک بن مەروان - کوردستان - ،
فیدائی فەلەستین ، سریان ، جمهوریە و ئیبن توفەیل - خەبات - - - ) .
2- دروشمەکانى حیزب لە چکلێتا بپێچینەوە و بە کوچە و شەقامەکانى شاردا
بڵاویان بکەینەوە .
3- دیوارى گەڕەکەکان بە دروشمى دژ بە ڕژێم بنووسین .
4- هەندێک پەڕۆى سوور ، هێما بۆ ئاڵاى حیزب لە شوێناندا بچەقێنین .
5- لە ژێر دەرگاوە زەرفى نامەى بڵاو کراوە تێکراو فڕێ بدەینە ماڵانەوە
، ماڵى
پیاوانى ڕژێم لەگەڵ بڵاوکراوەکاندا هەڕەشە و ئامۆژگارییان بۆ بنێرین .
6- بەر لە دەست پێکردنى کارنامەکەمان ئەوەى توانیمان کردمان لە شکاندنى
گڵۆپى ناو کۆڵان و بەر دەرگاى ماڵان .
7- لە یادمە دوو شت هەبوون ، یەکێکیان ویسترا لە بەرنامەکەدا دابنرێت
ڕەت کرایەوە و ئەوى تریان لە بەرنامەدا نەبوو کەچى ئەنجام درا ، دواى
مشتومڕێکى گەرم لە نێوان خۆماندا ، بڕیار لەسەر ئەوە نەدرا کە (سوق
المرکزی) کەرکوک بسووتێنین گوایە موڵکى گشتییە و ئابورى وڵات زیانمەند
ئەبێت کە بەندە لەگەڵ ئەوەدا بووم بسووتێنرێت ، بەوە وەڵام درامەوە کە
نابێت هەرزەکارانە ڕەفتار بکەین ، ئەوى تریان کە لە بەرنامەدا لەبەرچاو
نەگیرابوو بەڵام ئەنجام درا، شێواندن و ناشرین کردنى وێنە زل و
زەبەلاحەکانى دیکتاتۆرى خوێنڕێژ - سەدام حوسێن - بوو کە هەمیشە
وەکو مڵۆزم بە بەرچاوى هاوڵاتییانەوە بوو .
هەڵواسینى ئەو وێنانەى کە چەندین کەسى لە سەر زیندانى کرا و لە سێدارە
درا ، سەدام خۆى وێنەکانى نەکێشابوو ، خۆشى هەڵی نەواسیبوو ، خودى خۆى
ڕاستەوخۆ کەسى لە سەریان سزا نەدابوو ، ئەوەى ئەو کارانەى ئەنجام ئەدا
کەسانى ( نەفسنزم ، کەسایەتى دۆڕاو ، بەدڕەووشت ، ماستاوچى ، خۆفرۆش،
کاسەلێس ، بێشەرەف ، شانتەکێن و بوودەڵە بوون ) ، تا ئێرە گەڕانەوە بوو
بۆ ڕابردوو ، بەڵام هایهوو کێ ڕابردوو ئەخوێنێتەوە ؟ ! ئەگەر ڕابردوو
لەبەرچاو بگیرایە ئێستا هەمان ئەو کەسایەتییانەى ڕابردوو کاربەدەست و
متمانەپێکراوى دەسەڵاتداران نابوون و ئێمەش وەکو جاران بێزار و ناڕازى
ناهاتینە گۆ !
ئەو کەسایەتییە خۆفرۆش و دۆڕاو و خودکەمزان و ماستاوچى و کوشتەى
پلەوپایە و پێڵاوچى و سفرەچى و ناکەسبەچانە لە هەموو ئان و ساتێکدا
دەرئەکەون و ڕۆڵى نەگریسى خۆیان ئەگێڕن و سەرۆک و سەرکردەکانمان لێ
ئەکەن بە خوا و ئەیانەوێ ئێمەش وەکو کۆیلەیەکى تاکپەرست بەوان بناسێنن
.
لە سلێمانى بە وێنەى زل هەڵواسین نەوەستاون و ئەڵێن : هەموومان بۆ تۆ و
تۆش بۆ هەموومان ، لە هەولێریش ئەم دروشمە بێڕەواجەى ماستاوچییەکان
گشتگیر ئەکرێت و هەموومان بۆ سەرۆکین و سەرۆکیش بۆ هەموومان ، هەر ئەم
هاوجۆرە کەسانەش سەدامى خوێنمژیان لێمان کردە زلە دیکتاتۆرى سەردەم و
دەسەڵاتیان نایە مستى بنەماڵە و دیموکراتیەتیشیان لە قوژبنێکى مردوودا
قەتیس و داماو کرد ! پیاوەچڵێسەکانى ماستاو ، دەزگاکانى ڕاگەیاندنیان
کردبووە سەکۆیەک بۆ بە خوا شوبهاندنى سەرۆک و لە هەموو هەواڵەکاندا -
سهرۆکی بهڕێز - یان کردبووە بەتەڵى شاشە و قسە ناحەکیمەکانیان لێ
ئەکردین بە فەلسەفە و پێکەنینەکانیشیان لێمان ئەکرد بە سیحر و جادوو ،
هەتا کوشتارگەکانیشیان بە داهێنان ئەچواند !
بە داخەوە ئێستا خەریکە هەمان سیناریۆ باڵى ڕەشى خۆى بە سەرماندا
ئەکێشێ ، هیچ فەرمانگەیەک نەماوە بە وێنەى جووت سەرۆکەکانمان پڕ
نەکرابێتەوە، شەقامەکانیشمان بەوان ڕەش کراوەتەوە ، هەواڵەکان بەوان
دەست پێ ئەکات ، لەبەر ڕۆشنایى قسەکانى ئەواندا ئاییندەى گەلێک دیارى
ئەکرێت ، هەموو دەمێک هەر ئەوان سەرۆکن و بە سەرۆکى ئەمێننەوە ،
ئەفرادەکانى بنەماڵە کایەکانى حیزب و حکومەت قۆرخ ئەکەن ، بازرگانى و
ئابورى و بودجە و داهاتى وڵات تەخشان و پەخشان ئەکەن ، پیاوە
لاوازەکانى خۆیان باڵادەست ئەکەن ، تاک ملکەچى حیزب و حیزبیش ملکەچى
سەرکردایەتى و سەرکردایەتیش ملکەچى بنەماڵە و بنەماڵەش ملکەچى سەرۆک
ئەکەن .
لەم ماوەیەى ڕابردوودا ڕێمان کەوتە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى سلێمانى ،
ئەو شوێنەى کارمانى لێى ڕایى ئەکرا قەرەباڵغ بوو ، لەبەر گەرماى
پڕووکێنەرى خۆرەتاوەکەدا وەڕس و ئارەقاوى جارجارە بە فایلەکانى دەستمان
سێبەرمان لە خۆمان ئەکرد بە هێمنى نۆرەمان گرتبوو ، کابرایەکى عەرەب بە
دیسداشەیەکەوە بە پڕتاو و بێ سڕە گرتن بە خۆى و ئەوراقەکانى دەستیەوە
بە بێ ڕەچاو کردنى سڕەکە بەرەو پەنجەرەکە تەکانى دا ، بە غەڵبە غەڵبى
ناڕەزایى گلیان دایەوە ، کابرا بە مۆڕەیەکەوە بە عەرەبى تێى گەیاندین
کە (سهرۆکی بهڕێز) خوا بیپارێزێ مۆنیکایەکى بە دیارى پێشکەش کردووە و
ئەیەوێ مامەڵەکەى تەواو بکات ، وەستاوەکان ئەوەى بە دەمیانا هات وتیان
و نەیانگێڕایەوە : هێشتا باوى سید الرئیس هەر ماوە ؟ !
بە پێویستم زانى لەم نووسینەمدا ڕووى دەم لە سهرۆکه بهڕێزهکانمان
بکەم.
و پێیان بڵێم چى تر شورایەک لە هەلپەرستان لە نێوان خۆیان و خەڵکدا
هەڵنەچنن ، چونکە دڵنیا بن لە تەنگانە و سەغڵەتیدا ئەوان فریایان
ناکەون و مێژوو سەلماندویەتى کە ئەوانەى پشت لە گەل ئەکەن ڕوو لە
سەرەنوێلکى مێژوو ئەکەن ، داوایان لێ ئەکەم نیو ئەوەندەى خۆیان بە
بۆندە بازرگانى و ئابورییەکان و هەواڵ درۆیینەکانى خۆڕەپێشخەران سەرقاڵ
ئەکەن کەمێکیش بە خۆیاندا بچنەوە و بۆ ناو غەمى هاوڵاتییان شۆڕ ببنەوە
، چونکە تەخت و تاراجى تەمەن هەزار ساڵەش بەرگەى چرکەساتێکى هێزى گەل
ناگرێ ، ئەگەر چى تا ئێستا ئەو هێزە خەفە بووبێت بەڵام هەر کاتێک هەست
بکرێت کە مەترسى دوژمنانى دەرەکى بۆ سەر ئاییندە و ئاساییشى
نەتەوایەتیمان کەم بۆتەوە ئەوسا مستەکۆڵەى دیکتاتۆریەت لە بەرامبەر
کوتەکى جەماوەر ئەبێت بە ئاو .
ئەگەر سەرۆکەکان متمانەیان بە خۆیان و خەڵکەکەیان هەبێت پێویست ناکات
لە وێنەکانیانەوە چاودێریمان بکەن و ئەگەر ئەوان ئێمە بە پشتیوانى
خۆیان نەزانن ڕۆژێک دێت ئێمەش پشتیان لێ ئەکەین ، کە پشتیشمان لێ کردن
پەشیمانیى ( لامحل لها من الاعراب ) ،ئەوسا ئەوان و خۆشمان زیانمان پێ
ئەگات، ڕێگایەکى سەخت و دوور لە هەنگاوێکەوە دەست پێ بکەن و لاسایى
دیکاتۆرەکانى دەوروبەر مەکەنەوە و وێنەکانتان لە شەقام و
فەرمانگەکانمانەوە بپێچنەوە بۆ ژوورى بارەگاکانتان --- زۆر وتن قورئان
خۆشە ، ئەوەى ڕووى دا دوێنێکە بوو ، ئەبو تەحسین وێنەى گەورەترین
دیکتاتۆرى دایە بەر نەعل و تا دیکتاتۆرێک مابێت هەزارەها ئەبو تەحسینیش
ئەمێنن .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|